په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٦\٢٠١٥

(ئەی رەقیب) ئامادەیی شۆڕشگێرانە و نائامادەیی ھونەریی.


عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

 

(دڵدار)ی شاعیر لە ساڵی ١٩٣٨ دەچێتە پاڵ حیزبی ھیوا، بە ھۆی زرنگی و لێھاتووییەوە لە ماوەیەکی کەمدا دەبێتە سکرتێری ئەو حیزبە.


ئەو رستەیەم بۆ ئەوە وەرگرتووە، کە بڵێم: (ئەی رەقیب) لەو ماوەیەدا نووسراوە. (واتە ئەگەرچی مێژووی نووسینی وەک پێویست دیار نییە، بەڵام زێتر لەگەڵ ئەو دەقانە دێت، کە لە شاری کەرکوک  و بەر لە ساڵی ١٩٤٠ نووسراون) پێش ئەوەی (دڵداری شاعیر) قۆناغی سانەوییە تەواو بکات، دەمەوێت ھەر ئەو رستەیەش وەک بنەڕەتێک بۆ بەدواداچوونی دەق بە کار بھێنم  و لەوێشەوە ئاماژ بە واقیع  و ھەستی ناسیونالی و ستەمی بەرانبەر و ژیانی خودی شاعیر لە شاری (کەرکوک) بکەم.


کەواتە ئەگەر بۆ رستەی ناوبراو بگەڕێینەوە کەمەکێک لە پرۆسەی نووسینی نزیک بکەینەوە، وەک لە (ماوەی نووسین) بۆمان ئاشکرا بوو: دەشێ بەشێکی زۆری ئەو دەقە لەلایەک بە سەردەمی نەشونماکردنی (ھەستی ناسیونالی کوردی) و لەلایەکی دیکە بە (قۆناغی گەنجی دڵدار) و ھەردووکیشیان بە چەمکی شۆڕشگێرییەوە پەیوەست بکەین؟! بەو مانایەش شۆڕشی دڵدار بۆ بەرجەستەکردنی ھەستی ناسیونالی لە رێگای زمانەوەیە، دڵدار دەیەوێت لە (رێگای زمانەوە) ئاڵای کوردایەتی بەرز بکاتەوە و لە رێگای زمانەوە بە دژی ئەویدیکەی نەیاردا بچێتەوە؟! بەڵام دڵدار لەو بە گژدا چوونەوەیەدا وەک چۆن وێنەی خۆی (وەک شاعیر) دەکاتە قوربانی نەتەوە، نەک وەک شۆڕشگێر! لە ھەمان کاتدا زمانیش لە خزمەت ئاڵای نەتەوە بە کار دەھێنێ، نەک شیعرییەت؟! بەڵام لە بەرانبەر ئەوەشدا دەشێ بەشێکی ئەی رەقیب بە ھەستی ناوەوەی دڵدار و شۆڕشی (فیزیۆلۆجی)یانەی جەستەی دڵدارەوە ببەستینەوە؟!


کەواتە ئەوەی لە (ئەی رەقیب) راستەوخۆ دەیبینین و زۆر بە جوانی ھەستی پێدەکەین ئەوەیە، کە بەر لەوەی (ئەی رەقیب) وەک (جەستەی شیعر) خۆی لەبەردەم خوێنەر بکاتەوە، وەک (جەستەی نەتەوە) لە ئاڵای کوردایەتیدا دەشەکێتەوە!! لە نێوان جەستەی شیعر و جەستەی نەتەوە، دوو جیاوازی سەرەکی ھەیە: یەکەمیان پەیوەندی بە ماناکانی واقیعی کوردی و تووندوتیژی و پەڕگیری و سنوری دیاریکراوەوە ھەیە، دووەمیان پەیوەندی بە ماناکانی خەیاڵ و نەرمی و ئیستێتیکا و مەجاز و بێ سنورییەوە دەکات! وەک دیارە ئەوەی ئەو دوو جەستەیە بە یەکەوە دەلکێنێ، خودی مانایە؟! بەڵام لە بیرمان نەچێ (رەھەندەکانی مانا) دوو شێوە لە کارکردنمان بۆ دیاری دەکەن: یەکەمیان لە مانای حازربەدەست پێکھاتووە، واتە شاعیر لەنێو مانای حازربەدەست کار دەکات، ئەویدیکە لەسەر بەرھەمھێنانی مانا وەستاوە، ھەمیشە مانای حازربەدەست سنورەکانی (چێژ) و (بیرکردنەوە) و (جیاوازی) تەسک دەکاتەوە، بەڵام بەرھەمھێنانی مانا لەسەر (وزەی خوێنەر) و بەشداریکردنی ئەویدیکەی خوێنەر وەستاوە و سنوری دیاریکراو ناس ناکات. مانای حازربەدەست رەھەندەکانی چێژ دادەخات، بەڵام بەرھەمھێنانی مانا رەھەندەکانی چێژ دەکاتەوە.. قسە کردن لەو بابەتە، ھەر تەنھا قسە کردن نییە لەسەر چەمکی جیاوازی، بەڵکو قسە کردنیشە لەسەر دنیابینی!! بۆ ئەوەی زێتر ئەو دنیابینییە روون بکەینەوە، (دڵدار)ی شاعیر لە نووسینێکدا بە ناونیشانی (ئەدەب بە خواری تەماشا دەکرێت) دەڵێت: ئەدەب زۆر لە تیشکی رۆژ دەکات، کە تیشکی رۆژ بە تایبەتی چ رەنگێکی مەعلومی نییە، بەڵکو لەچەند رەنگێکی زانراوەوە پێکھاتووە، ئەو رەنگە زانراوانەش تا تیشکی رۆژ نەدەیتە بەر بەللور بۆمان دەرناکەوێت.


جوانی ئەو رستەیە وەک دنیابینی لە بە یەکچوواندنی (ئەدەب) بە (تیشک) خۆی ھەڵدەگرێتەوە، بەڵام بەیەکچوواندنی ئەدەب بە (تیشکی خۆر) لەلایەک جۆرێک لە سەرچاوەداری وێنا دەکات، لەلایەکی دیکە ئاڕاستەکانی ئەدەب دەسنیشان دەکات! چونکە ئەگەر بۆ تیشکی رۆژ خودی (رۆژ سەرچاوە) بێت، ئەوە بۆ ئەدەب نووسەر دەبێتە سەرچاوە، کەواتە ئەگەر (بەللور) رەنگی زانراوی خۆر دەسنیشان بکات، ئەوە دەشآ بۆ نووسەر پەیوەندی بە واقیعەوە بکەین! لەو قسانەدا دەمەوێت بڵێم لای دڵدار دەق بە واقیع و واقیعبینییەوە بەندە؟!


دەشآ لەو راڤەکردنەی سەرەوە بەشێکی زۆری مەبەستی (دڵدار)مان پێکابێت، بەڵام ھەوڵدەدەم روویەکی دیکەی ئەو رستەیە، یان جوانی ئەو رستەیە، لە پەیوەندی بە (پرشنگی خۆر) و (پرشنگی نووسین)ەوە بخوێنمەوە، بەو مانایەش تیشک دەبێتە ھەڵگری جوانی و فرە مانایی، یان لەوێوە جوانییە، کە خودی درەوشانەوە جیاوازیگەلێگی لەخۆدا ھەڵگرتووە، بەڵام دڵدار جارێکی دیکە لەوێوە بە بنبەستبوونی دەگەیەنێت، کە نامەعلوم بە مەعلوم دەبەستێتەوە، ئەو بەیەکگەیاندنە دواجار تەواوی راڤەکان دەکوژێت، وەک چۆن لە سنوری واقیعێکی دیاریکراو قەتیسی دەکات، بەو مانایەش بیروڕای (دڵدار) دەکەوێتە دوتوێی (سنورەکان) و (مانا حازربەدەستەکانەوە)  و ناتوانێت تەجاوزیان بکات  و تێکیانبشکێنێت.


ئەگەر کارکردنی (دڵدار) لە دەقی (ئەی رەقیب) بە کارکردن لە نێو مانای حازربەدەست بچوێنین، ئەوە ھەڵوێستی (دڵدار) لەگەڵ زانراوەکان و ئاماژە بۆکراوەکان یەکدەگرێتەوە، ئەو یەکگرتنەوەیەش ھەر تەنھا رەھەندەکانی مانا دووچاری بنبەستبوون ناکات، بەڵکو ھیچ ئەرزشێک بۆ (گومانی شیعری) و (پرس) و (دۆزینەوە) ناھێلێتەوە، ھەر تەنھا ھەنگاونان بەرەو نادیار دووچاری لەنگی ناکات، بەڵکو جوانی دەسڕێتەوە!! لەو خاڵەوە دەکرێت سنورەکانی ھەڵوێستی (دڵدار) بە واقیع  و ئاماژە بۆکراوەکان پەیوەست بکەین، کاتێکیش واقیع سنورەکانی نووسینی شیعر دیاری دەکات ئیتر زمان دەبێتە وەسیلەیەک بۆ گەیاندن. دەقی شیعری لەگەڵ ئاماژە بۆکراوەکان یەکناگرێتەوە، بەڵکو بەردەوام بەرەو پرسیار راماندەکێشێت کە لەگەڵ پرسیارێکی دیکە دایە.


لێرەوە دەتوانین بڵێین (ئەی رەقیب) وەک (شێوەی داڕشتن-پەیکەر)  و وەک (مانا-بابەت) لەیەکدەچن، یان جیاوازیان نییە، بە مانایەکی دیکە بە قەد ئەوەی زمانی (ئەی رەقیب) لە بەرژەوەندی ئاماژە بۆ کردنی (جەستەی نەتەوە) و ئاڵای کوردی دایە، ئەوەندە لە بەرژەوەندی (جەستەی شیعر) و شیعرییەت وزەکانی بەکار ناخات.. بۆ ئەو بۆچوونەشمان پشت بە دوو لایەنی (مانا) و (پەیکەر) دەبەستین، ئەو پشتبەستنەش لەوێوە دێت کە دەقی (ئەی رەقیب) وەک پەیکەر-شێوەی داڕشتن، ھەڵگری جەستەیەکی سەخت  و تووند و تۆڵە و تا ئەندازەیەکی زۆر خاوەنی شورەیەکی پتەوی داخراوە، وەک چۆن وەک مانا-بابەت، ھەڵگری چاونەترسی و ئازایی و سەرفرازیی میللەتی کوردە.


ئەگەر لە سەر ئەو بنەمایە (ئەی رەقیب) وەک (پەیکەر) جەستەیەکی داخراو بێت، یان شێوەیەکی داخراو بنوێنێت، ئەوە وەک ماناش (دڵدار) لەبری ئەوەی مانا بەرھەم بھێنێت لە سەر مانای حازربەدەست وەستاوە، یان لەبری ئەوەی وزەی زمان لە پێناو شیعرییەت کار پێبکات، لە ئاماژە بۆ کردنی واقیع کورتی دەکاتەوە، دواجار ھەر ئەو رووەی ماناشە لە بونیادی پەیکەری دەق رەنگدەداتەوە و وێنەی پەیکەری دەق بەو شێوەیەی کە ھەیە دەکێشێت. لێرەوە ئەگەر بمانەوێت بۆ مانای حازربەدەست پەیوەندی بە دەقەوە بکەین، دەشآ دەستەواژەی (ئەی رەقیب) لە دەسپێکدا بێتە سەرەتایەکی بەڵگە نەویست، جگە لە (ئێمە، میدیا، کەیخوسرەو) وەک رەمز و ئینجا دەستەواژە پەڕگیر  و تۆتالیتێرەکانی دیکەی وەک (زیندووە-زیندووە) (قەت نامرێ) (جانفیدایە جانفیدایە)...


‌لە کۆکردنەوەی نەتەوە لە نێو جەستەیەکی سنور بۆ دارێژراو، لە کۆی ئەو ھەموو دیسپلین و گوێڕایەڵییە، لە ناخی ئەو ھەموو قوربانیدانە.. جگە لە گوتارێکی نەتەوەیی پەڕگیر، جگە لە ئەمرکردن و بیرکردنەوەی تۆتۆلۆژیانە.. دەقی ئەی رەقیب تەواوی زمان وەک ھەل و ئەگەرێک بۆ بە ھێزکردن و دەرکەوتنی جەستەی نەتەوە نیشان دەدات، بە دیوەکەی دیکەش بەشێکی زۆری جوانی دەق  و جوانی ژیان دەسڕێتەوە، وەک چۆن دەشآ خودی ئەو تۆتالیتێرییە و تووند و تیژییە لە ناوەوەی دەق  و پەیکەری دەق، نەک ھەر بە شێوەی داڕشتن  و وێنەکردنەوە پەیوەست بکەین، بەڵکو دەکرێت لە دەرەوەی دەق بە قۆناغی منداڵی شاعیریشەوە بیبەستینەوە.


بە مانایەکی دیکە لە کاتێکدا کە زمان ھەوڵی بەرجەستەکردن  و جوانکردنی یەک رووی مانای بابەت دەدات، لەو کاتەدا بابەتخوازی دەبێتە تاکە رەھەندی دیارو بەرچاوی دەق، لەو حاڵەتەشدا مانا ھەموو رووەکانی دیکەی خۆی لەناو دەبات، سەرەڕای ئەوەش (دڵدار) نەیتوانیووە بە شێوەیەکی نەرم مامەڵە لەگەڵ مانادا بکات  و مانا بدوێنێت: بڕوانە ئەو تووندو تیژییەی کە دەق بەرامبەر ئەویدیکە دەینوێنێت. ئەوەش وەک چۆن جۆرێک لە ئیشکالییەتی ھونەری  و پشتگوێخستنی وزەی زمان  و خەیاڵ و جوانی زمانە، بە ھەمان شێوەش کارکردن لە نێو مانای حازربەدەستی بنبەست، ھەرگیز کارکردن نییە لە نێو پرس  و گومان  و دڵەڕاوکێی شیعریی، بەڵکو کارکردنە لە نێو دنیابینییەکی بەرتەسک، کەواتە (ئەی رەقیب) لە جولە  و جوانکاری ناوکۆییەوە لە دایک نەبووە، لە گەڕان و پرس  و گومان ھەڵنەقوڵاوە، بەڵکو لە پرۆسیسەکردنی جۆرێک لە ئەخلاق دێت، کە ھەستی نەتەوایەتی دەیخاتە پێش (رەقیب)، وەک جەستەیەکی ئامادەکراو ھەستی نەتەوایەتی دروستی کردووە.


لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە بەر لەوەی (دڵدار) بە کردەی شیعری ھەڵبسێت بیری لە جەستەی نەتەوە کردۆتەوە، بەر لەوەی ئاڵای شیعرییەت بەرز بکاتەوە، ئاڵای ناسیونالییەت ھەڵدەکات، کەواتە لای (دڵدار) دەق پەیوەندی نێوان شاعیر و نەتەوەیە، نەک پەیوەندی ناپەیوەستیانەی نێوان وشە و شتەکان، مرۆڤ  و دنیا.. کە وشەی ناپەیوەست بەکار دەبەین، بەو مانایە دێت کە پەیوەندییەکان نە دەقی شیعری دەیسەپێنێت نە شاعیر بەڵکو راستەخۆ بە ساتەوەختی پرۆسەی نووسینی شیعرەوە بەندە، دەکەوێتە دوتوێی پرۆسیسەکردنێکی ھونەری  و خەیاڵی ئیستێتیکییەوە.


بە مانایەکی دیکەش دەشآ لە بری وشەی (سەپاندن) وشەی نزیکایەتی بەکار بەرین، ئەگەر وشەی نزیکایەتی بەکار بھێنین، ئەوە لە بری بەکارھێنانی پەیوەندی ناپەیوەستانە، دەتوانین بە نزیکایەتیکردنی نھێنی وشەکان  و شتەکان، نھێنی مرۆڤ  و دنیا.. تەعبیر لە رستەی پێشوو بکەین! پەیوەندی ناپەیوەستانە یان نزیکایەتیکردنی نێوان وشەکان  و شتەکان، مرۆڤ  و دنیا.. پەیوەندیەکی گوماناوی  و نادیارە بە جیاوازی خوێندنەوەکانەوە بەندە، جیاوازی خوێندنەوەکانیش بە دنیابینی  و ئاگایی خوێنەرەکانەوە دەلکێت. بەو مانایەش کوشتنی وەسف  و رووە جیاوازەکان، لەلایەک داخرانی رەھەندەکانی بیرکردنەوە و دڵەڕاوکێی مەعریفی لەخۆدا ھەڵگرتووە، لە لایەکی دیکە کوشتنی جوانی  و شیعرییەتی لێدەبێتەوە، لەنێوانی کوشتنی جوانی داخرانی رووە جیاوازەکان (ئەی رەقیب) لە لایەک دەبێتە ھەڵگری ویژدانی نەتەوە، لە لایەکی دیکە دەبێتە ھەڵگری جەستەی داخراوی دەق.


ئەگەر ھەڵگری ویژدانی نەتەوە بە بیرکردنەوەی ناسیونالیانە پەیوەست بکەین، ئەوە ھەڵگری جەستەی شیعر بە داخران  و داخرانی پەیوەندییەکانی ناوەوەی دەقەوە بەندە. مەبەستمە بڵێم (دڵدار) لە بری ئەوەی ھەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر زمان دیاری بکات، راستەوخۆ لە واقیع راستدەبێتەوە، لە بری ئەوەی بەرەو ھونەر بچێت لە ئاکاردا کورتی دەکاتەوە، کاتێک ویژدان بەرەو واقیع دەچێت چێژی شیعری بوونی نامێنێت، کاتێکیش بەرەو ئاکار دەچێت ھەستی دەروونی رقمان نیشان دەدات، کەواتە ویژدانی کوردانەی (دڵدار) یان ھەستی ئاکارخوازانەی (دڵدار) لە رووە دیارەکەی (ئەی رەقیب) تووندو تیژی، یان رقێکە بەرامبەر رەقیب، ئەو رقەش لە حەز و ئارەزووە ناسیونالیستەکەیەوە بەرھەم ھاتووە.


لێرەوە خوێنەر لە خوێندنەوەی ئەو دەقە دەکەوێتە نێوان ئامادەیی شۆڕشگێڕانە و نائامادەیی ھونەرییەوە، ئەگەر ئامادەیی شۆڕشگێرانە راستەخۆ لەدەرکەوتنی دەسەڵاتی بابەتەوە بێت، ئەوە نائامادەیی ھونەریی لە دەرنەکەوتنی دەسەڵاتی ئیستێتیکییەوە خۆی دەبینێتەوە، یان بە مانایەکی دیکە ئەگەر دەرکەوتنی بابەت خۆی بە عەقڵەوە پەیوەست بکات، حاڵەتێکی دیار بخاتەوە ، ئەوە دەرنەکەوتنی ھونەری لە لایەک بە داخرانی ئاسۆکانی جەستەی دەقەوە بەندە و لە لایەکی دیکەش نەیتوانیوە حاڵەتە مەجاز و نادیارەکە بکێشێت.


ئەوەی ئامادەیی دەرکەوتنی بابەت بەرجەستە دەکات مانایە، ئەوەی کە جیاوازی نێوان ماناکانیش رەشدەکاتەوە لێکچوونە، ئەو لێکچوونەی کە دەکەوێتە نێوان جەستەی دەق  و جەستەی نەتەوە، یان ئەو لێکچوونەی کە دەکەوێتە نێوان تۆکمەیی پەیکەری داخراوی دەق  و تۆکمەیی تاک ماناییەوە.


کەواتە ئەگەر بمانەوێت لەو دەقەدا بەدوای دەرکەوتنی مانا-بابەتدا بڕۆین بەشێکی زۆری شیعرییەت لە دەست دەدەین، چونکە دەقی شیعری ھەر تەنھا تەعبیرکردن نییە، یان راڤەکردنی واقیعێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو نھێنی دەقی شیعری لە مەجازدایە، زمانی مەجازیش زمانی سیحرە و ھەتا ھەتایە وێنەکانی نوێیە و زۆرترین مانا بەکەمترین واژە دەگەیەنێت، لە مەجازدا (دیار) قسە ناکات، بەڵکو (نادیارە) دێتە گۆ، یان بە مانایەکی دیکە زمانی مەجازی ئەوەیە کە گومان دەخاتەوە، دەقیش لەوێوە سیحرە، کە مەجاز لە رێگای وێنە و رەمزەوە دنیا راڤە دەکاتەوە، ھەر لەوێشەوە دەچێتە فەزای خەیاڵ  و ئازادییەوە، خەیاڵیش بە چاوی خەیاڵەوە درک دەکرێت، نەک ھەست، ئازادی دەقیش لەوێوە دێت کە سەرسامبوون دەست پێدەکات، ئازادی دەقی بە روانینی ئازادانەوە بەندە، نەک حوکمی عەقڵ.. بەڵام ئەگەر بە دوای ھەستی ناسیونالیانە بکەوین بە ئامانجێکەوە پەیوەست دەبین کە بەرەو سیاسەت  و شتی دیکەمان دەبات، بەمجۆرەش وەک ئەدۆنیس دەڵێت: بە ھۆی وەزیفەکەی لە مردن نزیک دەبێتەوە چونکە بە پێی چالاکی وەزیفەکەی مامەڵە دەکات-.
________________________________
تێبینی: لە ٣/٢/٢٠١٤ دەسکاری کراوە و دووبارە دارێِژراوەتەوە.
سەرچاوە و پەراوێزەکان:

- عەبدولخالق علائەدین ، دڵدار شاعیری شۆڕشگێری کورد، چ١/بغداد-١٩٨٥-.ل ٨٨.
- بۆ نموونە (لاوی کورد). ە.س.پ. ل٦٠.
- (واتە تەواوی رەھەندەکانی زمان لە مانا حازربەدەستەکانی مێژووەوە بەرەو گوتاری ناسیونالی کێش دەکات و دواتر لە کێشانی ئاڵای کوردایەتیدا کورتی دەکاتەوە).
- فیزیولوجیا (
Physiology) یان ناسینی وەزیفەی ئەندامەکان، فیزیولوجیا لە وەزیفە زیندەگیەکانی بوونەوەرە زیندووەکان دەکۆڵێتەوە، جا چ شێوە کیمیاوییەکانی بێ، یان فیزیاوی و میکانیکییەکان بێت.
المێدر : منتدی الدعم العربی: http://hadir١6.ahlamontada.com/t116-topic#ixzz2t2Dnh1AU

- کانت وای دەبینی کە ئیستێتیکا بەو خەسڵەتانەوە دەنازێت کە دەکەوێتە نێوان دەسەڵاتی عەقڵ ء دەسەڵاتی سروشتی. دەسەڵاتی ئیستێتیکا لە چێژەوە ھەڵدەقوڵێت، چێژیش لە رازیبوونێکەوەیە کە پشت بە سوودمەندی نابەستێت، واتە چێژی ھونەری گرنگی بە راستی بابەت نادات، ئەوەش پێچەوانەی چێژی ھەستییە، کە داوای خاوەندارێتی دەکات، بە پێچەوانەی رازیبوونی سروشت، کە داوای سەپاندنی بابەتەکەی دەکات، بۆ نموونە نیگارکێش بە (میوە) یان وێنەی میوە سەرسام دەبێت، بەڵام رەنگە ئارەزووی خواردنی نەکات، یان وەک ھونەرمەندێک ئارەزووی فرۆشتنی نەکات، ئیستێتیکا ناکەوێتە دوتوێی سوودمەندیەوە، بەڵکو وەک ئەو سروشتە رووتە تەماشا دەکرێت، کە چێژ دەبەخشێت، بآ ئەوەی ھیچ سوودێک بگەیەنێت، بەو مانایەش ئەدەب تەنھا بۆ چێژ وەرگرتنە لە جوانی، نەک بۆ ئاماژە کردن بە چاوگە دەرەکیەکان.. بڕوانە:_ محمد غنیمی ھلال: النقد الادبی الحدیپ, دار العودە- بیروت-١٩٧٢,ل٣٠٠).
- (ئیمبرتۆ ئیکۆ) دەڵێت: ئەوەی لە شیعر بە گرنگ دەکەوێتەوە ھەڵوێستی شاعیر و خوێنەر نییە بەرامبەر واقیع، بەڵکو ھەڵوێستی شاعیرە بەرامبەر بە زمان، ئەو زمانەی کە خوێنەر ھوشیار دەکاتەوە و لەوێشەوە خوێنەر وەک ھۆیەک بۆ گەیاندن بەکاری دەھێنێت ء دەتوانێت لە نوێوە سەیری بونیادی زمانەکە و بونیادی دنیای پێ بکات.. جان کوھین، البنیە اللغە الشعریە-ل ٦٥.
- شاعیر لە یادەوەریەکانیدا دەنووسێت: دایکم نەیھێشت بچمە کۆڵاَََن ء لەگەلڕ منداڵان یاری بکەم بۆ ئەوەی کە لە ماڵەوە عاجز نەبم دایکم ئافرەتێکی بە خێو دەکرد دوو کوڕی پارچەڵەی ھەبوو یەکیان ناوی (خدر) بوو ئەویتریان ناوی (عەزیز) بوو، ئەو دوو کوڕە لە حەوشەدا یارییان لەگەلڕدا دەکردم ئەغڵب یاریمان عیبارەت بوو لە تەمسیلی ئاغا و نۆکەر، منیان دەکردە (ئاغا) و خۆشیان دەبوون بە (نۆکەر) ئیتر ئەمرم دەکرد.. بڕوانە دڵدار- ە.س.پ. ل.١٧.
- ادونیس/ النێ القرانی و افاق الکتابە- دار الاداب-بیروت/١٩٩٣ ل١١٤).

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌ران