١٣\٤\٢٠١٤
(ئەی ڕەقیب) و (دەوڵەتی
كوردی) و
بانگەشەی
هەڵبژاردنی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی؟!

شەمال
عادل سەلیم
شاعیری گەورەی گەلەکەمان یونس ڕەئووف ناسراو بە( دڵدار) ، ناوی تەواوی
یونسی کوڕی مەلا ڕەئوفی کوڕی مەحموودی کوڕی مەلا سەعدی خادم ئەلسجادەیە
و لە ڕۆژی ٢٠ی شوباتی ساڵی ١٩١٨ دا لە شاری کۆیە ھاتۆتە ژیانەوە ،
هەروەک دەزانین کە (ئەی ڕەقیب) بەناوبانگترین شیعری دڵدارە کەلە
سەرەتاکەیدا دەڵێ :
ئەی ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زوبان
نای ڕمێنێ دانەیی تۆپی زەمان
ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشین
سەیریکە خوێناویە ڕابووردومان
ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەی خوسرەوین
دینمان ئاینمانە هەر نیشتمان
کەس نەڵێ کورد مردوە کورد زیندووە
زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان.
با بێمەوە سەر ئەسلی باسەکەم ، دیارە وەک هەموو لایەک دەزانین کە
دڵداری بڵیمەت دژی ئاینی ئیسلام نەبووە و نەشیگوتووە کە نیشتیمان ببێتە
بەدیلی دین، و سوکایەتیشی بە بنەماکانی ئاینی ئیسلام نەکردووە و ئەی
ڕەقیبیشی بۆ دژایەتی کردنی ئیسلام نەنووسیوە ،شیعرە نیشتمانییەکانیشی
کە رۆڵێکی گەورەیان بینی لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاکی
کورد بەگشتی باشترین بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەم راستیە.
دڵداری گەورە لە سەرەتای ژیانیەوە هەموو تواناو کۆشش و هەوڵەکانی خۆی
خستۆتە گەڕ لە پێناو داکۆکی کردن لە قەومی کورد و نیشتمانە لە خاچ
دراوەکەی کە بەدەستی داگیرکەران لەت کراوەو دووچاری گرانی و قاتوقڕی
وفەرهود وئەنفال و کاوڵکاری بۆتەوە.
لەو کاتەی کوردستان گیرۆدەی دەستی شەڕ و وێرانی وکاوڵکاری وداگیرکردن
بووە ، دڵسۆزی و ئێنتیمابوون بۆ نیشتمان وای لە دڵداری شاعیر کردووە کە
بە قەڵەم بەرەنگاری داگیرکەران ببێتەوەو بە شیعری(ئەی رەقیب) کە ئەمرۆ
بۆتە مارشی نیشتمانی لەهەر چوار پارچەی کوردستان وەڵامیان بداتەوە...
خوێنەری بەرێز، دەبڵ موڕاڵی عەلی باپیر ،ئەمیری
کۆمەڵی ئیسلامی وای لێم کرد کە ئەم بابەتە بوروژێنم ، لەوکاتەی کە
بەرێزیان لەبەرچاوی میدیاکانەوە دوێنی ٩ نیسان / ئەپریل لە شاری هەولێر
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پڕۆژەی نەخشەڕێگای (دەوڵەتی كوردی)
راگەیاند و گوتی: كوردستان بە هەموو پێوەرێك مافی خۆیەتی ببێتە
دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی تەواو...!! هەروەها ئاماژەی
بەوەکرد كە کۆمەڵی ئیسلامی لە هەموو قۆناخەكاندا باوەڕی بە سەربەخۆیی
كوردستان هەبووەو گوتی : لەم قۆناخەشدا هەلێكی گونجاوە بۆ كاركردن و
زەمینەسازی بۆ درووستكردنی دەوڵەتی كوردی، بۆیە كۆمەڵی ئیسلامی ئەم
پرسە دەكاتە كارێكی ستراتیژی خۆی و هەموو هەوڵە دیبلۆماسی و سیاسیی و
مرۆییەكانی خۆی بەكاردەهێنێت.
جێگای ئاماژەیە كەپڕۆژەی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لە سێ تەوەری سەرەكی
پێكهاتووە:
١- بەربەستەكانی بەردەم دەوڵەتی سەربەخۆی
كوردی و چۆنێتی لادانیان.
٢- دید و تێڕوانینی كۆمەڵی ئیسلامی و
ئیسلامییەكانە بەگشتی سەبارەت بە مافی چارەنووس بۆ خەڵكی كوردستان.
٣- میكانیزمی هێنانەدی ئەو ئامانجە.
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی گوتیشی: پڕۆژەی دەوڵەتی کوردی وردەكاری خۆی هەیە
و دواتر دەیخەینە بەردەم سەرۆكی هەرێم و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی
دیكە لە هەرێمی کوردستان ، هەروەک چۆن مەلا هەورامان ،پەرلەمانتاری
کۆمەڵی ئیسلامی لەلێدوانێکیدا گوتی کە سروودی ئەی ڕەقیب لەگەڵ واقیعی
ئێستای هەرێمی کوردستان ناگونجێ ،بۆیە ئەوان وەک کۆمەڵی ئیسلامی (پڕۆژە
یاسایەکیان) دەبێ و (لە کاتی خۆیدا) پێشکەشی دەکەن بۆ ئەوەی مارشێکی
نوێ بۆ کورد دەستنیشان بکەن و هەموو میللەت پێیەوە پابەند بن!!
بەڵێ... وا دیارە ئەم جارە (عەلی باپیر) لەبری گێڕانەوەی خەون و
بەسەرهاتە سەیروسەمەرەکانی ،ریکلامی هەڵبژاردن بۆ خۆی وئەندامانی
کۆمەلەکەی دەکات و لە بەرچاوی خەڵکی کوردستان بانگەشە بۆ بە دەوڵەت
بوونی کوردستان دەکات و هێرش دەکاتە سەر حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی
بەتەمای خوا و دەڵێ : ئەگەر ئێمە خاوەنی دەوڵەت و قەوارەی سیاسی خۆمان
بووینایە ،ئەوا حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان وەزارەتەكانی سامانە
سرووشتییەكان، دارایی و وەزارتەكانی دیكەی هەرێمیان قۆرخ نەدەکردو
هێزی پێشمەرگەش دەبوو هێزێکی نیشتمان نەک حیزبی؟!
لێرەدا دەمەوێ بە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بڵێم ، ئەرێ بەڕاست ئەگەر ئێمە
خاوەنی دەوڵەت و قەوارەی سیاسی خۆمان بووینایە ، هەر ئەم گەندەڵانەی
کە جەنابت باسیان دەکەی هەموو پۆستی باڵاو هەستیار لە جومگە گرنگەكانی
دەوڵەتیان قۆرخ نەدەکرد وەک چۆن ئێستا کردوویانە ؟ ئەرێ بەراست لەم
گەندەڵانەی ئەمرۆی هەرێم زیاتر ،کێ کاروباری دەوڵەتی کوردی بەرێوە
دەبرد ؟ کێ دەبووە سەرۆک کۆماری کوردستان ؟ کێ دەبوە جێگری سەرۆک کۆمار
یان باشتر وایە بڵێم کێ دەکرا بە (رێگری سەرۆک کۆمار) ؟ کێ نەفت و گازی
هەناردەی دەرەوە وڵات دەکرد ؟ لەم دوو حیزبە باڵادەستەی ئەمرۆ زیاتر کێ
وزارەتە گرینگەکانی (دەولەتی کوردی) بەڕێوەدەبرد؟ کێ جومگە کارگێڕی و
ئابوری و ڕامیاریی وسەربازی دەوڵەتی کوردی بەرێوەدەبرد؟ کێ دەبووە
سەرۆک وەزیران ؟ کێ شەڕەپەڕۆی دەکرد؟!
ئەرێ بەراست مامۆستا گیان ،ئەوەی ڕێز لە ئاڵاو مارشی پیرۆزی نیشتمانی
خۆی نەگرێت و بەکوفرو ئیلحادی دابنێت و پێی وابێت کە سروودی ئەی رەقیب،
"نیشتیمانی نییە،چونکە بەخوا دەڵێ ناتوانێ مییللەتی کورد بشکێنێ!!،
ئاخۆ چۆن دەتوانێت پرۆژەی دەوڵەتی کوردی بخاتە روو ؟ ، بەڵێ مامۆستا
عەلی، بە چ روویەکەوە باس لە سەربەخۆییی دەوڵەتی کوردی دەکەیت کە
جەنابت بە سیخوری و فایلداری و نۆکەری تۆمەتباری وهەر هەموومان باش
دەزانین کە بە نزاوتکای سەرۆکی هەرێم لە زیندانی ئۆردوگای رەزوانیە لە
بەغدا ئازادکرای؟
ئەرێ بۆ نوێنەرانی حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان بەگشتی و کۆمەڵی
ئیسلامی بەتایبەتی لە بۆنەو یادەکاندا بێ رێزی و سووكایەتی بە مارشی
نەتەوەیی"ئەی رەقیب"دەکەن و بە کوفری دادەنێن ودەلێن کوردستان دین و
ئاین نییە و (ئەی رەقیب) یش پێچەوانەی بڕوای خەڵكە، چونکە "بە هەزاران
خەڵک لە کوردستان لەگەڵ ئەو کوفرانە نین!
ئەرێ بەراست ئەوەی جەژنی نەورۆز و ئاگری نەورۆز حەرام دەکات ، چۆن
دەتوانێ باس لە سەربەخۆییی و ئازادی و مافی چارەی خۆنوسینی میللەتەکەی
بکات؟ ئاخۆ جگە لە ئیسلام کەس هەیە بە (برا) ناوی داگیر کەری وڵاتەکەی
هێنابێ؟
ئەرێ دەبێ خەڵکی هەرێمی بەتەمای خوا نەزانن کە فەلسەفەی ئیسلام کە دەڵێ
(گشت مرۆڤەكان بەندەی خوان) رێگری سەرەکی دەوڵەتی كوردی بووە؟
لەکۆتایدا هەرئەوەندە ماوە بڵێم ، ئاخۆ دەبێ خەڵکی ئەو دەڤەرەی ئێمە بە
بانگەشەی هەڵبژاردنی عەلی باپیر ،ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی باوەڕ بکات و
دەنگی پێ بدات؟
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|