په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٩\٢٠١٠

ئەى خائینان و بەکرێگیراوان یەکگرن!!


حەسەن سەیدباقى 


ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاى مێژوو، مێژووى کۆمەڵگاکان بە زۆرانبازى نێوان چینەکان و زۆدار و زۆرلێکراو دەستى پێکردووە، لە پێناو مانەوە و بەردەوامى ژیاندا، لەم نێوەندەشدا نەتەوەو رەگەزە ژێردەستەکان لە خەبات دا بوون بۆ رزگارى و بەردەوامى ژیانیان. بە درێژایى مێژوو لە هەموو راپەرین و شۆڕشەکاندا خائین و بەکرێگیراو هەبوون و دژى گەلى خۆیان وشۆرشەکەیان لە خیانەت کردندا بوون. گەلى کوردیش وەک هەموو گەلانى دنیا لە خەبات و بەرخۆداندا بووە بۆ رزگاریى و سەربەخۆیى وە بەدیهێنانى گەلێکى ئازادو بەختەوەر، بەڵام زۆر جار توشى شکستى و نسکۆ بووە لە نەبوونى رابەرێکى کارامەو هزرێکى شۆڕشگێرى لەلایەک وە بوونى دەستى داگیرکەران و خائینانى ناو ڕاپەڕین و شۆڕشەکان لەلایەکى تر، کە کارکەرى یارمەتى دەر بووە بۆ ئەوەى خێراتر خامۆش بکرێت.


ئەوەى ئەمڕۆ کە لە کوردستان بەدەست هاتووە، ئەو ئەزموونەى باشوورى کوردستان، بۆتە چقلێکى چاوى دوژمنانى کوردو دۆزە ڕەواکەى، بۆیە لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکرێتە سەرى بەکرێگیراو خائینان خەم سارد نین لەدژایەتى ئەزموونەکەو خەڵکە بەشمەینەتەکەى، لەژێرناوى جیاوازدا و هێنانەوەى بروبیانوو. ئەوەى کە لە ماڵپەڕو سایتە ئەلەکترۆنیەکانداو ژوورەکانى پالتاکدایە، بەناوى کوردایەتى ڕەسەن و خەمخۆرو پێشکەوتنخوازەوە هێرش دەکەنەسەر ئەزموونەکە بە بەکار هێنانى ئەو گەندەڵیەى کەهەیە هەموو مێژووى کورد لەکەدار دەکەن. دەبینین کەسانێک بەناوى کوردى ڕەسەن و نەتەوەییەوە دێت چاووپێکەوتن لەگەڵ خائین و خۆفرۆشێکدا سازدەکەن کە مێژووى تەڵخیان هەیە بەرامبەر کورد و کوردستان، کەسێک بەناوى رووناکبیرە وە چاوپێکەوتن ساز دەکات لەگەڵ (بروسک) ناوێک، دەیخاتە ناو یوتوبەو لە روماڵى سایتەکان دەینەخشێنێت وەک ئەوەى هەنگوینى لە کلۆرەداردا بینیبێتەوە. ئەو خائین و خۆفرۆشەى هەمیشە نۆکەرى داگیرکەران و دەزگا جاسوسیەکان بووە، کە بەشێوەیەک لەشێوەکان دان بەو خیانەتەدا دەنێت، وە شانازى بە کوشتى پێشمەرگەى پەکەکەوە دەکات لە کاتێکدا کەسێ (تە) بەناو نووسەر و روناکبیرى نەتەوەیى بە خۆشحاڵیەوە گفتوگۆى لەگەڵدا ساز دەکات.لەڕێگەى ئەو مێژووە تەڵخەى ئەو ناپاک و، جاش و یەکرێگیراوەى گورگە بۆرەکانەوە، دەیەوێت مەرامى گەندەڵى و سۆزدارى خۆى بۆ دوژمنان نیشانبدات. مێژوو بەو و بەسەدانى ترى خائین ڕەش نابێتەوە. یاخود کەسانێکى تر لە سایتەکانى _بوختانپۆست و رۆژنامەى هاوکارى... و تاد، و لە ژوورەکانى پاڵتالک هێرش دەکەن، پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەمانە بەراستى کورد پەروەرو پێشکەوتنخوازن؟ ئایا ئەڵتەرنتیڤى ئەمانە کێییە؟ چ ووڵاتێکى داگیرکەر لە پشتیانەوەن؟ کە هەیانە پەیوەندیان کردوە بە هەردوو دەزگاى زانیارى و پاراستنەوە. بەڵام بێ وەلام ماونەتەوە بۆیە تووشى هستریا بوون؟ ئەگەر ئەو دەزگایانە وەک ئێوە باسى دەکەن دژى خەڵکە، ئەدى بۆ هەوڵتانداوە کارى تێدا بکەن، بۆ بەدەستهێنانى مەرامە گڵاوەکانتان. ئەمەش بە بەڵگەوە دەڵێم!! ئێستاش نەڕەنەڕتانە لە ژوورى بەناو ئۆپۆزیسیۆن. بۆ خەڵک چەواشە دەکەن، ئەى نۆکەران، ئێستا سەر بە کام دەزگاى بەدناوى دەگیرکەرانن.


ئەوەى لەم دوایانەدا سەرى هەڵداوە کەسانێکى تر بەناوى گەڕان بەناو دیکۆمێنتەکاندا دەستى تاوان بۆ هەموو سەرکردایەتى کورد درێژ دەکەن! پرسیار ئەوەیە، بۆ سەرکردایەتى هەردوو حیزب بە دیداریان شاد دەبن؟ ئایا کێ لەپشتیانەوەیە، ئەو هەلەیان بۆدەبینێتەوە کە سەرکردایەتى حیزبەکەیان ببینن، وە کەسێکى وەک قانعى فەرد بەرێتە لاى بەڕێز مەسعود بارزانى!! بەڵام پاش دەرکەوتنى راو بۆچوون ئەوکەسە واتە (فەرد)، لە ئاماژە پێدانى بە رۆڵى خیانەتکارى سەرکردایەتى، ئەوجا بڵێن قانعى خائینەو خۆفرۆش!! لێرەدا ئەوە دەخوێنریتەوە لەناو ریزەکانى ئەو دوو حیزبە بەتایبەت لوتکەکانیان کەسانێک هەن دەستیان لەگەڵ داگیرکەران و پلاندانەراندا تێکەڵە، ئەگەر وانەبێت واتە سەرکردایەتى خۆى تاوانبارو دەست تێکەڵە، بۆیە دەکرێت بڵێن بەسە چیتر گەندەڵى ماستاو سارد کردنەوە، بەسە رێگەدان بە خائین و بەکرێگیراوان وە بەربەست دروستکردن لەبەر دەم خەباتکەران و پێشمەرگەى کۆن و ئەوانەى گیانیان لەسەر دەست بوو دژى داگیرکەران.


من پێموایە ئەگەر قانعى فەردەکان یەکجار خائین و کرێگرتە بن ئەوا ئەوانەى راوێژکارو لە پێشن لاى ئەو سەرکردایەتیە وە رێگە خۆشکەرن لەبەر دەم ئەوخائینانەدا،چاووپێکەوتن ساز دەکەن دووجار خائینن. بۆ پێشتر ئەو کەسەیان هەڵنەسەنگاندووە،ئەى ڕۆڵى دەزگاکانى ئاسایشى هەرێم لەو نێوەندەدا دەبێت چى بێت، چۆن ئەو کەلێنە هەیە کەسانى خائین برۆنە سەرێ. ئەدى بۆ کاک بەمەسعود رازى دەبێت بەو شێوازى کارکردنە؟ ئایا ئەوە سیاسەتە، یان شتێکى شاروە هەیە کە ئێمە نایزانین. رەخنە لە بەڕێز مام جەلال دەگرن، بۆ دەبێت رەخنەى لێ بگرن! گوایە واژۆى لەسەر کتێبى ئەو(قانعى) هەیە. دەبوو کاک نێچیرڤان ئەو پرسیارەى لە بەرپرسەکانى خۆیان بکردایە، چى واى کرد ئەو کەسە ئەگەر خائینە بەرنە لاى کاک مەسعود! یان هەرچى جنێو فرۆش و بەکرێگیراو هەیە رۆڵى هەیە بە کەمترین کات بەرێزیان و کاک مەسعود و کاکە کانى تر دەبینن، بــۆ؟ لەکاتێکدا بۆ ئازدادیخوازان و ئەوانەى دڵسۆزى خەڵک و کوردستانن بڤەیە بینینیان!! با ئەوانە بۆ میللەت، خەڵکى ستەمدیدە روونبکەنەوە، تا ڕووى ڕاستیەکان ئاشکرا دەبێت، هەرچى خائین و بەکرێگیراوى داگیرکەرانە لەناو حیزبەکان و دەرەوەیان یەکگرن و بەرەى گەلیش بەرامبەریان بن، تا چیتر نەتوانن ئەزموونى خەبات و بەرخۆدانى ئەو گەلە لەکەدار بکەن.

 


28\8\2010 - ئەڵمانیا
ali_ahma33@yahoo.de