په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٥\٢٠١٠

    ئەی خودای خۆشەویست گلەیی بێت !*

هێمن ڕەئووف

ئەی خودای خۆشەویست:
ئێمە هەموومان تۆمان خۆشدەوێت و تۆ بەم عەشقە پیرۆزە نازانیت
دروستت کردووین و تێکماندەشکێنی
برسیماندەکەیت و ماڵەکانمان بەسەردا دەڕوخێنی
ئاگر دەکەیت بە گژماندا و لە ئاوەکاندا دەمانخنکێنی

ئەی خودایە
بە وێرانی درووستت کردووین
وەستایەکی دەستڕەنگین و زانایەکی لێزان نەبوویت
هەژارت کردووین و دەهێڵی هەستکردن هەناومان داغان بکات
ناشرین درووستت کردووین و دەهێڵیت جوانەکان بە شەڕی خۆپەرستییان بمان تاسێنن
بێهێز خەڵق بووین و ڕێگا دەدەیت بەهێزەکان لەناومان بەرن

بێئەزموون بوویت لە پەروەردگارییتدا
دڕندەتکردووین و زیندەوارانی تر دەخۆین
ناکۆکیت لەگەڵماندا هێنایە دنیاوە و یەکتر دەکوژین
درۆ دەکەین و بەهۆیەوە هەزاران تاوان پەردەپۆش دەکەین
بە ئارەزووی خۆت دەمانهێنیت و دەمانبەیت

ئێمە تۆمان خۆشدەوێت و تۆ بگرە بێزاری لە بوونمان
ئازارمان دەدەیت
چارەنوسمان دەشێوێنیت
جەرگسوتاومان دەکەیت
جوانەمەرگمان دەکەیت
پڕت کردووین لە دڵشکان
لێوانلێوت کردووین لە خەم
خاڵی خاڵی لە میهر و سۆز

چاودێرێکی بەویژدان نەبوویت
لەژێر سێبەری تاقیکردنەوەکانتدا هەزار تاوانت فێر کردین
لە یەکەم دایکەوە دزی فێر بووین
بەقابیلدا براکوژیت بۆ ناردین
لە مەسیحەوە ترست تیا ناشتین
لە دینەوە دووبەرەکیت فێر کردین
لە قوڕەیشەوە زیندەبەچاڵی مێینە
لە قورئانەوە ئەنفال
لە زانستەوە چەکە کۆکوژەکانت پێدروست کردین

ئەی خودا گیان
ئەهریمەنێکت کردوە بە هاوشانی خۆت
ئەو دەتبەزێنێت و ئێمە دەچەوسێنیتەوە
ئەو یاری بە ئەستێرەکانت دەکات و تۆ ئەم زەویە بچوکەی ئێمە دەهەژێنی
ئەو لە دەریاچەی بەردەم کۆشکەکەتدا خۆی دەشوات و تۆ باران لە ئێمە دەگریتەوە

بەم شێوەیە خەڵقت کردووین و بەمجۆرە خوایەتی دەکەیت
گوێ لە کەسمان ناگریت
هیواکانمانت بۆ گرنگ نیە
دوعای هەزاران دایکت خستە ژێرپێڵاوەکانت
ملیۆنەها خۆشەویستت لێک کرد
هەزارەها ئاهەنگت شێواند
ملیاردەها منداڵت هەتیو کرد
ئەوەی دەیەوێت بمرێ دەژی
ئەوەی پڕە لە ئومێد دەیکوژی

داوای خۆشەویستیشمان لێدەکەیت
دەتەوێت شەڕت بۆ بکەین
دەتەوێت بتپەرستین
دەتەوێت بتناسین
دەتەوێت تۆمان لە هەمووکەس خۆشتر بوێت

یاریەکی شێتانەت درووستکردووە بۆ نایەکسانژیان، بۆ نائارامی، بۆ ماڵوێرانی
هەر یەکە لە ڕەنگێ
هەریەکە لە ئاوازێ
هەر یەکە لە پلەیەک
دابەشتکردووین
پلانی شەڕەکان دادەرێژیت
هەر ڕۆژە لەگەڵ لایەکمانی
هەر ڕۆژە دژی یەکێکمانی

ئەی خودایە دەبڵێ تاوانمان چییە؟ ئاوا بەم دەردەمان دەبەیت
خۆ هێشتا هیچکەس لە ئێمە تۆی نەدیوە تا تانەیەکت لێبدات
کەس ناگاتە بەر دەروازەی کۆشەکەکەی تۆ تا پیسی کات، یان بەرد گرێتە پەنجەرەی کۆشکەکەی تۆ
ئەی خودایە
لەم هەموو کوفرەم ببورە
لەم گلەییانەم مەڕەنجێ
غەزەبم لێمەبارێنە
خۆت دەزانیت، گلەیی هەر لە دۆست دەکرێت.

کۆتایی ٢٠٠٨

______________________________________________
تێبینی: لەم ڕۆژانەدا شاعیری بەڕێز عومەر جەلال نووسینێکی بڵاوکردەوە بەناونیشانی(نووسەر و کوفر) هەندێک لەیەکچوونم بینی لە تێڕوانینی هەندێ لەو نووسەرانەی ناویان دەهێنێ و له‌م شیعرەدا، بۆیە پێـم خۆشبوو ئەم دەقە بخەم®#1600;م خۆشبوو ئەم دەقە بخەمە بەرچاوی خوێنەری کورد.
 

ماڵپه‌ڕی هێمن ره‌ئووف