په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٤\٢٠١١

عەزیز مەلاى رەش:
رۆمانەکانی من بۆ سەرچاوەى مێژوویى باشن.


دیمانە: فەرەیدوون سامان


عەزیز مەلای رەش ناوێکی دیاری کۆتایی هەفتاکان و هەشتاکانی (سەدەی رابردوو) نێو دنیای رۆمانی کوردییە، خاک و چەوسانەوە (سێ بەرگ)، (کوێخا سێوێ)، (غەوارە)، (لێ قەومان)، (پل)، (گورگ و بزن)، ئەمانە هەموویان لە بەرهەمە بە پێزەکانی مامۆستان، دوای ماوەیەک بێدەنگی و قسەنەکردن لە سەرخۆی، لەسەردانێکی بۆ بارەگای گۆڤاری کاروان بە فێڵێکی هونەریی دواندمان، هەڵبەت دوای تۆمارکردنی گفتوگۆیەکە رەزامەندیی نیشاندا لەسەر بڵاوکردنەوەی.
 

 

فه‌ره‌یدوون سامان: ئێستا لەگەڵ نووسیندا چۆنى؟
عەزیز مەلاى رەش: ماوەى 5 ساڵە خەریکى رۆمانى( پل) م ، بەڵام 250 لاپەڕەم پێ تەواو نەکرا، نازانم هۆکارەکەى چییە، پێشتر ئومێدم هەبوو ، بەڵام ئێستاکە ئەو ئومێدەم نەماوە، ئەوەى پێشتر نووسیومە پێم چاک ناکرێتەوە، رۆمانى (خاک و کێشەى مان) ، لاوازترین رۆمانمە، چونکە کاغەزم نەبوو چاکى کەمەوە، بڵاوم کردەوە ، کەچی 500 لاپەڕەیە. دەزگاى ئاراس چاپی کرد، بەرگى دووەمی لاوازە ، بەرگى یەکەم باشە، بەڵام بەرگى سێیەم کە هەوەسم لێی نییە وەک ئەو بەرگى دووەم لاوازە. بەڵام بۆ دوا رۆژ وەک مێژوو و سەرچاوەى میژووى باشە، ئەگینا بە رۆمان ناژمێردرێن.


فه‌ره‌یدوون سامان: مامۆستا ماوەیەکە بێدەنگی و نووسینەکانت نابینین ، بۆچی بێدەنگى؟
عەزیز مەلاى رەش: دوو رۆمانی نوێم ئامادەیە بۆ چاپ، یەکەمیان بەرگى سێیەمی رۆمانی (خاک و هەڵدێر) ، دووەمیشیان بەناوى( پل)ه‌.


فه‌ره‌یدوون سامان: ئەمجارە ناواخن و رووداوی رۆمانەکانت باسی چی دەکەن؟
عەزیزی مەلاى رەش: باسی کارەساتەکانى ئەمڕۆی کوردستان دەکەن وەک لایەنی سیاسی و وەک ئەوەى کەبەرپرسانی ئەمڕۆ پارە و جنسیان پێ باشترە لە نیشتیمان...


فه‌ره‌یدوون سامان: ئامادەى چاپن؟
عەزیزی مەلاى رەش: ئامادەى چاپن ، بەڵام تا کتێبکەى باوکم بە ناوی (مەلای رەش) دەرنەچێت ، جارێ چاپیان ناکەم .


فه‌ره‌یدوون سامان: ئەو کتێبەی لەسەر مەلای رەشی باوکتان نووسیوە باسی چى دەکات؟
عەزیزی مەلاى رەش: باسی ئەوە دەکات کە مەلا رەش چی کردووە و چی نەکردووە و هەڵوێستى چی بووە و چۆن خزمەتى ئایینى ئیسلام ونیشتمان و میللەتی کردووە....


فه‌ره‌یدوون سامان: بەنیاز نیت بەو زووانە رۆمانەکانت چاپ بکەى؟
عەزیزی مەلاى رەش: بە هیوام ساڵی 2011 چاپیان دەکەم.


فه‌ره‌یدوون سامان: باشە وەک شێوازى جاران نووسیوتە، وەک ئەوەى بایەخ بە زمانە میللیەکە دەدەی ، واتە کەمتر لایەنی هونەرى نووسینی رۆمان دەگریتە بەر؟
عەزیزی مەلاى رەش: لە زماندا نەخێر ، بەڵام لە تەکنیکدا رۆمانی (پل) لەوانى پێشترمدا رەتى داوە ، وەک شێوازى رۆمانی هونەری ئێستایە، خەیاڵ و فەنتازیاى تێدایە.


فه‌ره‌یدوون سامان:
تا چەند بۆدەوڵەمەندکردنی رۆمانەکەت پەنات بردۆتەوە بەر داستان و ئەفسانە کوردییەکان ؟
عەزیزی مەلاى رەش: نەخێر، تەنها بە رەمز باسی عەرەب و تورک و فارسان دەکەم.

 
فه‌ره‌یدوون سامان: ئەو خوێنەرانەى کە رۆمانى تۆ دەخوێننەوە بەراستى فەرهەنگێکى وشەو زاراوەی رەسەنی کوردیان دێتە بەرچاو ، داخۆ لەو رۆمانەشدا کۆمەڵێک وشە و زاراوەى تازەى هەن؟
عەزیزی مەلاى رەش: بەڵێ هێناومە.


فه‌ره‌یدوون سامان: فەرهەنگۆکى تێدایە؟
عەزیزی مەلاى رەش: نەخێر،....


فه‌ره‌یدوون سامان: ئێستاش لەسەر خوێندنەوە بەردەوامى؟
عەزیزی مەلاى رەش: ماوەیەکە نەمخوێندۆتەوە ، بەڵام ئیستا ئامادەى خوێندەنەوەم.


فه‌ره‌یدوون سامان: رۆمانەکانى بەختیار عەلیت خوێندۆتەوە؟
عەزیزی مەلاى رەش: یەکەم رۆمانیم خوێندۆتەوە.

 
فه‌ره‌یدوون سامان: ئەی رۆمانەکانی جەبار جەمال غەریب ؟
عەزیز مەلاى رەش: بەڵێ.


فه‌ره‌یدوون سامان: شێرزاد حەسەن؟
عەزیز مەلاى رەش: بەڵێ ئەویش هەموو بەرهەمەکانیم خوێندۆتەوە.


فه‌ره‌یدوون سامان: هیچ بەرهەمى رۆماننووسی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک عەتا نهاییت خوێندۆتەوە؟
عەزیز مەلاى رەش: بەڵێ.


فه‌ره‌یدوون سامان: پێت وانییە بزاڤى رۆمانى کوردى لەچاو ساڵانى هەشتاکان لە کورتى داوە؟
عەزیزی مەلاى رەش: بەڵێ وایە ... بەڵام ئەوە ئەنتەرنێت کوشتى، حەفتاو هەشتاکان و نەوەدەکان لە ئێستا باشتر بوو ، خەمساردیشی لەوێوە دەست پێدەکات.


فه‌ره‌یدوون سامان: چەند چیرۆک و رۆمانت نووسیوە؟
عەزیز مەلاى رەش: خاک و چەوسانەوە سێ بەرگ ، کوێخا سێوێ، غەوارە، لێ قەومان، پل، گورگ و بزن.


فه‌ره‌یدوون سامان: لە رابردوودا ماوەیەک بایەخت بە ئەدەبی منداڵان دەدا ، بەڵام ئێستا دەڵێی وازتان لێ هێناوە، بۆچی؟
عەزیزی مەلاى رەش: لە دواى راپەڕین کە ئەو هەڵوێستەى کاربەدەستانم دیت، سارد بوومەوە، چونکە هەموو رۆژێک لە رێگاى قوتابخانە چیرۆکێک یان شیعرێکم بۆ دەهات، لە قوتابخانە بۆ منداڵەکانم دەگوت، ئەگەر سبەى بیان گوتایە مامۆستا بۆمان بڵێوە ئەوا بەتەواوى تۆمارم دەکرد، ئەگەر وایان نەگوتایە ئەوا دەمدڕاند. بەڵام ئێستا ئەو زەوقەم نەماوە.


فه‌ره‌یدوون سامان: چەند ساڵ مامۆستابووى؟
عەزیزی مەلاى رەش: نزیکەی 44ساڵ.


فه‌ره‌یدوون سامان: ئێستا بە بەراورد لەگەڵ جاران ئاستى پەروەردەو قوتابیان چۆنە؟
عەزیزی مەلاى رەش: زۆر نزمە ، چونکە ناوەندییەکان بەقەد سەرەتاییەکان نازانن، و هۆکارە سەرەکییەکەش ، پارەیە... چونکە پارە زۆرە، و بە پارە بڕوانامە دەکڕدرێت.


فه‌ره‌یدوون سامان: گەشبینى بە بزاڤى رۆشنیرى کوردى؟
عەزیز مەلاى رەش: کەمێک گەشبینم، ئەگەر مەبەستیشیان خزمەت بوایە دەبوونە یەک شێوە.


فه‌ره‌یدوون سامان: باشە بەرای تۆ لەو چەند ساڵەى رابردوو خزمەتى کەلەپوورى کوردى کراوە؟
عەزیز مەلاى رەش: وەک پێویست نەکراوە، خەڵکی بەرپرسی نەزان ئیهانەى دەکردم کە کە گوایە هەر ئەو شارەزاى کەلەپوورى کوردییە.

 

ماڵپه‌ڕی فه‌ره‌یدوون سامان

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک