په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٩\٢٠١٧

عەزیز محەمەد وەک خۆی.


عەلی مەحمود محەمەد    

 

لە ژیانمدا دوو جار بە رێکەوت چومەتە خزمەتی، ھەردوو جارەکەش لەگەڵ برادەران بە رێکەوت بە خزمەتی گەیشتووم، چونکە لە رووی سیاسییەوە زۆر لە بۆچوونەکانیم رەت دەکردەوە، ئەوەی پێی دەوترا سازانی سیاسی کە پێی ناسرابوو تا ئاستی خاڵی کردنەوەی حشع لە یاخی بونەوەو شۆڕشگێری لە بەرامبەر نەیارانی بەشی شێری لە ئەستۆی ئەو بوو، سازان بۆ رێکخستنی ناو ماڵەکەی خۆت گرنگە، وەلێ نەک لەسەر حیسابی خەباتی چینایەتی لەگەڵ بەرامبەرەکانت پیادەی بکەیت، ئاخر سازان بێ ململانێی چینایەتی یانی کۆتایی ھێنان بە خەبات و داخستنی دەرگا دێت بۆ حیزبێکی چەپ و سۆسیالست و کۆمۆنیست، سازانەکەی ھاوڕێ عەزیز تەنھا بۆ دەرەوەی حشع بەبەرھەم بوو، تەنھا بۆ سازشی چینایەتی و کردنی حشع لە حیزبێکی ھەرە شۆرشگێڕی نەک عێراق بگرە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانەوە بۆ حیزبێکی ریفۆرمیست، حیزبێک لە شۆڕشگێڕیدا جیابوو لە ھەمووان، کردنی بە حیزبێکی ریفۆرمیست دیسانەوە جیا لە ھەمووان، لە چەپی ھەمووانەوە بۆ راستی ھەمووان، کەچی سازانەکەی ھاوڕێ عەزیز لە ناوەوە نەیتوانی ئینشقاقی قیادەی مەرکەزی و بەرەی داکۆکی لە نیشتمانی ھەشتاکان و پارتی کار لە جیابونەوە رابگرێت، ھەرچەندە ھەردوو جیابونەوەکەی دووەم و سێیەم لە ژێر کاریگەری ناسیۆنالستی عەرەبی و کوردیدا بوو، بەرگرتن پێی ئەستەم بوو، سازان بۆ رێکخستنی ناو ماڵی خۆت گرنگترە لە دەرەوە، ئەو لە سازانی دەرەوە سەرکەوتووتر تر بوو لە سازانی ناوەوە، راستە ئەو لە رۆژە ناخۆشەکانی دوای نسکۆ گەورەکە لە عیراق لە دوای قەسابخانەکەی ٨ی شوبات و سەردەمی پاشەکشەی کۆمۆنزمی روسی سەرکردایەتی گرتە دەست، وەلێ دەیتوانی زۆر نا بکات، ئاخر خەڵک لە کوردستان و عێراقیش پێویستیان بە ناکەی ئەو بوو، نەک سازانە بەردەوامەکانی کە بێ کۆتایی بوون تەنانەت لە گەڵ دوژمنە چینایەتییەکانیشدا.

ھەرچەندە رەخنەکەم پێش خست، وەلێ ھاوڕێ عەزیز دیوێکی دیکە لە ژیانیشی ھەیە کە جیای دەکاتەوە لە ھەمووانی تر، جوانییەک نەمرییەک ئەبەدی پێ دەبەخشێت، دوای کۆچی ھاوڕێ عەزیز محەمەد بە دواداچوون کرا بۆ ئەو خانووەی تێیدا نیشتەجێ بوو لە دوای راپەڕینەوە لە خانووەکانی مەجلس تەشریعی و تەنفیزی شاری ھەولێر، کە تەواوی ئەو خانوانە کرابونە سەر ناوی ئەوانەی تێیدا نیشتەجێ بوون، زۆریشیان چەندین جار فرۆشرابونەوە، وەلێ خانووەکەی ئەو نەکرابووە ناو کەسەوە، تەنانەت ھاوسەرەکەشی کە پێشتر مامۆستا بوو بەھۆی راوەدونانی سیاسییەوە دابڕابوو لە کارەکەی خانەنشین نەکرابوو، لەدوای خۆی یەک سانتیمەتر زەوی بەجێ نەھێشت، مانگانە ژیانێکی سادە وەلێ شاھانەی بەو موچەیە دەبردە سەر کە وەری دەگرت، شاھانە مەبەست لەو ھەیبەت و ویقارە شەخسی و سیاسییە بوو ھەیبوو، مەجلسی لە مەجلسی گەورە سیاسیانی ئەم وڵاتە ھەیبەتی کەمتر نەبوو، تا وای لێھاتبوو ماڵەکەی وەک مەزارگەی سیاسییەکانی لێھاتبوو، ھەمیشە جمەی دەھات .

عەزیز محەمەد سەردەماننێک کەسی یەکەمی سیاسەت بوو لە کوردستان، ئاخر ئەوکاتەی ئەو سەرۆکی لقی کوردستانی حیزبی شیوعی و مەکتەبی سیاسی حشع بوو، حیزبەکەی حیزبی یەکەم بوو لەم وڵاتە بە کوردستانیشەوە" لە کوردستان تا ساڵی ١٩٦١"،١٥ ساڵیش لە ١٩٦٤ بۆ ١٩٧٩ حیزبی کاریگەری ھەموو عێراق بوو، کەچی ھەر نەبوو خاوەند مەترێک زەوی و دوو فلس لە بانکەکانی جیھان وەک ھەموو ئەوانی دی، نەبوو بە خاوەند بازاڕو کارگەیەک،یەک دانە خزمیشی نە لە حیزبەکەی و نە لە حکومەت نەبردە پێشەوە،یەک مەتر زەوی و یەک پرۆژەو و یەک عانەی حیزبەکشی بە ناوەوە نەبوو، رۆژێکیش نەیووت شەریکم لەم داھاتە، دوای ئەوەی پارتەکەی لە کوردستان بچوک بوەوە لە حیزبی زۆرینەی موتڵەقەوە بووە حیزبێکی بچووکی یەک کورسی، رۆژێک نەیووت من لەم حیزبە گەورەترم، لە کۆبونەوە و کۆنگرەکانیدا دادەنیشت بەرپرسیارانە قسەی دەکرد، گفتوگۆی جدی دەکرد و خۆی بە خاوەندی دەزانی، حەربا ئاسا باوەڕی نەگۆڕی، ھەر بە ئومێدی یەکسانییەوە ژیا .

عەزیز محەمەد وەک ئەمیر حەسەن پور مردنێکی مادیانە نەمرد، قورئانی بۆ خوێندرا و پرسەی بۆ داندر، گۆڕی بۆ ھەڵکەنرا، ئەو سیاسییەکی دەگمەنی بێ نەیار بوو، پەیامنێری ئاشتی بوو بۆ گەلەکەی لە ھەستیارترین کاتدا نەگریسترین شەڕی راگرت، وەلێ تاکە سەرکردەی کوردە لە کوردستان لە نەخۆشخانەیەکی گشتی بە بەرچاوی کامیراکانەوە سەردەنێتەوە، ژیان و مردنە سادەکەی مانایەکی دیکەی بەخشی بە تێکۆشان سیاسی و بەرپرسیارێتییەکەی رابردووی، لە دوای خۆی ھیچی بۆ مناڵەکانی جێ نەھێشت، ھیچ بە مانا مادییەکەی، وەلێ میراتێکی گەورەی کەسایەتی بۆیان جێ ھێشت، ھەرچەندە رۆژگارێکی زۆر لە کەسە یەکەمەکانی سیاسەت بوو نەک لەسەر ئاستی شارێک بگرە ھەرێمەکەو وڵاتەکە و ناوچەکەو جیھان.

دوای مردنی لە گۆڕستانی ھاوڕێکانی ناشتیان، لە پاڵ ئەوان، بە یەکسانی، بەرزی کێلەکەی ، زەوی گۆڕەکەی وەک ئەوانی ترە، ئەگەر لە جیھاندا نەیتوانی یەکسانی بەدی بھێنێت، لە مردندا لەگەڵ ھاوڕێکانی یەکسان بوو، ئاخر خۆشی قەبوڵ ناکات کێلی گۆڕەکەی بەرزتر بێت لە کێلی کێلە بێ گۆڕەکەی جەمال حەیدەری و ھاوڕێکانی کە لە تەنیشتییەوەن.

 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک