په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٦\٢٠١٦

  ئەزموون.

نەژاد عەزیز سورمێ

 

(ئەم ھۆنراوانە دەگونجێ لەگەڵ تاقیکردنەوەی دی وەک (پۆستەرە شیعر) و شێوازی وەک (ھایکۆ - HAIKU)ەوە پێڵوز بکرێن.. من بۆ ڕوونکردنەوە دەڵێم: ھیچ کامیان نین، بەقەد ئەوەی ھەوڵدانێکە لە کێشانی چەند تابلۆیێک بەھۆیێکی دیکەی دەربڕین..).


• ھێللانە.
شەباقەی برینە،
یا چاڵە خوێنە،
یادەمی بورکان.


• (....).
کڵاوڕۆژنەیەکی شیشبەند
چەند تاڵە تیشکێ
مرۆڤێ دەستی بە قاچییەوە گرتووەو
سەری بە دیوار ھەڵپەساردووە.


• ئاواز.
پۆلێ گەڵای سەوز
بە ھەوادا دەفڕن.
باران نم نم دەبارێ
دنیا بەرگی سپێدەی لەبەردایە.


• ستیڵ لایف.
درەختێ ڕاقەناو
کەلاوەی خانوو
باوڵێ تەنەکە و
لێفەی شڕی لەبیرکراو..
ئاژاڕی چەند چرۆیەک
بەسەریانەوە بایەقۆش
گۆرانی شێوێندراوی
چاخی تیخبەند دچڕێ.


• (....).
چاوی سەرسام
چاوی زەق
چاوی نوقاو
چاوی نەرم و
چاوی تیژ
کۆمەڵێ چاو
کۆتکێ لەسەر ڕژاوە..


• برسیەتی.
گوڵەگەنمێ
پەیژەیەکی پێوەنراو
گورگێکی پێ ھەڵدەگەرێ.


• شەوق.
نیشانەی پرسیار
بەدەوری دڵێ خوێنی لێ دەتکێ.
ئاسمان گەشە
دەستێ ڕەگی دەرکردووە..

• سووتان.
دووکەڵێکە
چاو چاو نابینێ
کەویە بەفرێک دەسووتێ.


• ڕوانین.
(١)
کۆڵکەدارێکی قەراخ ڕووبار
ژنێکی ڕاکشاوە.

(٢)
ئاگرێ دێ.
ئاگرێ دەڕوا
بەدوو ئاگر
دنیا تاریک داھاتووە.

(٣)
مێزێک.
چایەک
پاکەتێ بەغدا
ھەندێ شوێن پێی بچووک و
ھەندێکی دی زەبەللاح..


• دڵنەوایی.
کچێ ڕەشپۆش
لەسەر پانیژە وەستاوە
تریفەی مانگ و
ورشەی ئەستێرەی ئاوابوو
کۆ دەکاتەوە.

• دیوارەکان.
دیوارێ.. دوو دیوار.. دە دیوار
چیمەنتۆبەندەکان ڕووخان
تەنیا دیوارێ قور ماوە
نەڕووخاوە..


• ئێش.
ئاسمان دڕکی لێ دەبارێ
زەوی دڕکی لێ شین دەبێ
خۆرێ دڕکاوی ھەڵاتووە.
دڕک.. دڕک
لەھەر چوار لاوە دڕک.


• (....).
لەناو ئەو ھەموو قەڵشت و بۆشاییەدا
کە دەگونجێ بوومەلەرزەیێ
پێکی ھێنابێ
پنتێ سەرەنجت ڕادەکێشێ.


• بروسکە.
دوو دەرگا
دەرگایێ داخراو
یەکێ کراوە
تارمایی مرۆڤێکی سەرگەردان.


• گومان.
سێبەری ئەژدیھا
پەڵیەکە، ڕەش و ناڕێک
بەسەر چەقی دووڕیانەوە.


• سەنگەر.
بانێک
بێ کۆڵەگە، بێ دیوار
بانێک ئاسمانیشی بەسەرەوە نییە.


• زەنگ.
ڕەوە مەلێکی بەرزەفڕ
لەشکارتەیێکی ژەنگگرتووی
ئاسمان دەکا.


• (....).
چیایێک خەریکە دەڕمێ
چەند دەستێ سنگی خۆیان داوەتەبەرو
ناھێڵن..
چەند دەستێ ناھێڵن چیایەک بڕمێ.


• تونێڵ.
چوار بازنەی بچووک
بەدەمی گورگەوە.
چوار بازنەی بچووکی
نێو بازنەیێکی گەورە.
زریزەیێکی ژەنگاوی
لەو ناوە لوولی خواردووە..


• ڕوانین.
ھێڵێک ئاسۆی لەباوەشی خۆی گرتووە.
ڕووبارێکە
دەشێ ڕەگی درەختێ بێ
یاھەر سەراب و ھیچی تر.


• پۆرترێت.
کۆمەڵێ جۆگە
دوو کانی وشک
تیشە بەردێک
سیمایێ ماندوو، دوو باڵی
لەڕاست و چەپدا ڕواوە.


• مانەوە.
کۆخێکی بە پێوە ماوی
نێو دڕاڵەی شاخ
شوورەیێکی گڵکۆیینی
بەدەوردا کێشراوە.

• (....).
تەرمێک لەسەر دەم کەوتووە
چرایێک کوژاوەتەوە
درەختێک بەلادا ھاتووە
زەوی و ئاسمان لەیەک نزیک بوونەتەوە.
بارانێ سوور دای کردووە.

____________________________
ئەم قەسیدەیە کاتی خۆی ساڵی ١٩٨٦ بۆ یەکەمین جار لە گۆڤاری (ڕۆژی کوردستان)دا بڵاوکراوەتەوە.


١٩٨٥ - ١٩٨٦

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک