په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٢\٢٠١١

ئەزموونی تونس و میسر لە بنگوێی هەموو دەسەڵاتێکی هاوشێوەدایە!


غەفور ساڵح عەبدوڵا


هەنە دەپرسن بۆچی ماوەی سی ساڵە لە 1981بۆ 2011 حوسنی موبارەک فەرمانڕەوای میسرە؟ وەڵامەکەیش هەموو هاوڵاتیەکی عەرەبی و بەتایبەتی میسری دەیزانێ، ئەویش ئەوەیە کە میسر پێی دەڵێن فەرماندەی دەوڵەتە عەرەبەکان و دڵی لێدەری عەرەب، زۆربەی کێشە نەتەوەییەکانی عەرەبی گرتوەتە ئەستۆی خۆی، لە سەروی هەمویانە کێشە موزمینەکەی فەلەستین . بۆیە میللەتی میسر ماوەی سی ساڵە چاوپۆشی لە ڕاوڕوت وگەندەڵیی ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتارە کردوە، ئامادەیە لە زبڵدان پاشماوەی خۆاردنی خواپێداوەکان هەڵبگرێت و بیخوات، گەرچی خواپێداوەکان لەسەر حیسابی هەژاریی ئەوان، کە بوونەتە گوربە قەڵەوەکان - وەکو نەجیب مەحفوز ناوی لێناون-، کێشە نەتەوەیەکەیان بەلاوە گرنگتر بووە، لەوەی کە دەست بکەن بە لێپێچینەوە لە دەسەڵات لەسەر گەندەڵی ئیداریی و مەحسوبیەت و برسی کردنی، میللەتێک کە خۆی لە بنەڕەتدا برسییە. لەمەوپێش خەڵکی میسر خۆپیشاندانی کردوە، بەڵام لە سەر کێشە نەتەوەییەکانی عەرەب بووە، بۆ نموونە خۆپیشاندانەکانی 1967 دژ بە جەمال عبدولناسر دوای شکستی 5 ی حوزەیران بەرامبەر بە ئیسرائیل ، یان دژ بە رێکەوتنی کامپ دێڤد لە گەڵ ئیسرائیلدا لەسەردەمی سادات . تەنها خۆپیشاندانەکەی 1977 خۆپیشاندانی نان بوو کە ئەوەیش لەسەردەمی سادات بوو. گەلی میسر هەمیشە کێشە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی لەبەرچاو بووە، بۆیە برسێتَی بەلاوە گرنگ نەبووە ، هەژاریی هەڵبژاردوە لەبەرامبەر سازش نەکردن لەسەر ئەو کێشانە. بەڵام دوای یەکلابوونەوەی کێشەی فەلەستین و کێشەی لوبنان، بە دروستبوونی ئیدارەیەکی فەلەستینی و جێگیربوونی کێشەی لوبنان لە هەندێ رووەوەو، تەشەنەکردنی گەندەڵی و مەحسوبیەت و داگیرکردنی هەموو جمگەکانی ژیانی ئابووریی و سیاسی و رۆشنبیریی، لەلایەن حیزبی دەسەڵاتەوە، ئیدی کاسەکە پڕبوو، کاسەیش پڕ بوو دەڕژێت.. گەرچی بەلای زۆر لە شیکەرە سیاسیەکانەوە وابوو کە ئەوەی لە تونس روویدا دەبووایە زووتر لە میسر روویدابایە! چونکە پیێانوابو کە زەمینەکەی تونس وەکو میسر زۆر لەبار نەبو بۆ راپەڕین. ئەوەی ئاشکرایشە کەبارۆدۆخی زۆربەی وڵاتانی عەرەب و رۆژهەڵاتی ناوین ، یاری دۆمینۆیان بەسەردا پراکتیزە دەبێت، کە ئەگەر پولی ئەوسەری دۆمینۆکە رابکێشت هەمو پولەکان هەرەسدێنن، چونکە لەبنەرەتدا ئەو دەسەڵاتانە لە سەر بنەمای یاری دۆمێنۆ دامەزراون. واشپێدەچێت کە ئەم شۆڕشەی تونس و میسر هەموو سنوورەکان دەبەزێنێت و، ئەم ئاگرەیش بەم زووە ناکوژێتەوە تا دەسەڵاتە هاوشێوەکانیان نەسوتێنێ. روداوەکان دەریانخست کە میللەتانی ناوچەکە میللەتانی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابردو نین، بە تایبەتی گەنجان لە کوڕانی ئەنتەرنێت و فەیسبوکن، ئەوانەی ئەمڕۆیش دێنە سەر شەقامەکان گەنجانی بەشخواروی ئەو وڵاتانەن. زۆربەی دەسەڵاتە گەندەڵەکانی ناوچەکەیش وەکو کوڕی دایک و باوکێک بن، لە خەسڵەتە جینیەکاندا وەکو یەک وان: کردنی دەسەڵات بە بنەماڵەیی و بە ویراسەکردنی سەرۆکایەتی وڵات، وەکو سوریا ومیسر ، دابەشکردنی پۆستەکانی دەسەڵات بەسەر کوڕ و خزم و کەسوکار و خێڵ و ئەندامانی حیزبی دەسەڵاتدا، تەنانەت دامەزراندنی خەڵک لە فەرمانگەکان بە تەزکیەی حیزبی و خێڵەکیی، بێدەسەڵاتیی پەرلەمانەکانیان و بێ پلانی حکوومەتەکانیان بۆ پەرەسەندن و پێشکەوتنی وڵات ، تەشەنەکردنی بێکاریی بەتایبەتی لە ناو گەنجانی دەرچووی زانکۆکاندا. محەمەد بو عەزیزی بۆ نمونە دەرچوی زانکۆ بو، لەسەر عارەبانە تەڕەی دەفرۆشت ، هێشتا دەسەڵات ئەوەیشی پێڕەوا نەبینی و عارەبانەکەیان زەوت کرد ، بۆیە ئەویش گڕی لەخۆی بەردا و، ئەوەتا ئەو گڕە خەریکە ناوچەکە دەتەنێ و، بوە سونبولێک بۆ گەنجانی ناوچەکە بە هەموو نەتەوەکانیەوە، بە سیاسیکردنی هێزە چەکدارەکان و، قۆرخکردنیان لەلایەنی حیزبی دەسەڵاتەوە، تەزویرکردن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆکایەکاندا ، وەکو ئەوەی موبارەک و ئەحمەدی نەجادو سەدام وعومەر بەشیرو بەشار ئەسەدو زۆریتر کردیان، کە ئێستا ناویان چووەتە لیستی غەزەبی جەماوەرو رووخانەوە. گەرچی ئەم جۆرە دەسەڵاتانە هێزی پۆلیس وزەبروزەنگ ناتوانێ بیانپارێزێت، نەخوازەڵا قەڵەمە لەرزۆک و هەلپەرست و پارەپەرستەکان!. گەرچی دەبێ رۆشنبیر و قەڵەم بەدەست و هونەرمەندی راستەقینە ، لە گەڵ ئەو قوڕگانە بێت کە لەشەقامەکاندا داوای ئازادی دەکەن بۆ گەلەکانیان، نەک بۆ سڕینەوە قەمچیە خوێناویەکانی دەسەڵات بە خوێنی رۆڵەی گەلەکانیان!!.


نوسەری سەر بەمیللەت وەکو رۆمانوسی میسری (محەمەد سەلماوی)ە، کە لە دوا رۆمانیدا (باڵی پەپولە) پێشبینی ئەم راپەڕینەی میسری کردوەو خۆیش لە خۆپیشاندانەکانی قاهیرە بەشداربووە. رۆمانەکەی باسی گۆڕان دەکات لە رێگەی هێزێکی ناتەقلیدیەوە نەک لە رێگەی حیزبەکان و سوپاوە، بگرە لە رێگای جەماوەرەوە بە ئامێرە جۆراوجۆرەکانی خۆیەوە بۆ گۆڕینی باودۆخی سیاسی. لاوانێک کە دیجتاڵن جیهانی خۆیان دەژین و، لەنێوان خۆیاندا پەیوەندی دەکەن و رادەپەڕن دژ بە دەسەڵات، چونکە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی تەقلیدیە، یەکسەر راپەرێنەکە بە پیلانێک لە قەڵەم دەدەن لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، بۆیە هەمو سەکردەکانی دەستگیر دەکرێن، بەڵام تۆپە بەفرەکە خل دەبێتەوەو ئۆپۆزسیۆنیش بەردەوام دەبێت، هەموان لە راپەرینەکە بەشدار دەبن، تا بارودۆخی میللەت دەشێوێ و پەنادەبەنە بەر سوپا بۆ کپ کردنی ، بەڵام سوپا ئەوە رەتدەکاتەوە کە بەشدار بێت، هەروەها پۆلیسیش ناتوانێ راپەرێنەکە سەرکوت بکات، تا میللەت و دەسەڵات لەیەک جیادەبنەوە .. مەبەست لەم نمونەیە کە نوسەری راستەقینە خەون بەکێشەکانی گەلەکەیەوە دەبینێ ، نەک کاسەلێسی بۆ چەوسینەرەکانی بکات.. هەرچەنێ دیکتاتۆرێک تەمەنی درێژ بێت، یان رژێمێکی تۆتالیتار بەزەبرو زەنگ بێ، چارەنوسی لە شای ئێران و زەینەڵعابدین و چاوچیسکۆ و حوسنی موبارەک وجەعفەر نومەیری و عیدی ئەمین باشتر نابێت، بۆیە ئەو دەسەڵاتانەی کە لەو شێوەیەن نابێ بەکەماڵی ئیسراحەت پاڵی لێبدەنەوە و حیساب بۆ میللەتەکانیان نەکەن و بڵێن دنیا شامی شەریفە. هەمو کەسیش دەزانێ کە حوسنی موبارەک هاوڕێی عەبدلناسر و ئەندامی چالاکی ئەفسەرە ئازادەکانی میسر بوو، کە رژێمی پاشایەتی فاروقیان رووخاند و، رژێمی کۆماریان دەمەزراند و سیستمی سۆشیالیزمیان دامەزراند . کەچی ئەمرۆ ئەو مێژووە دادی موبارەک نادات و، سەرجەم گەلی میسر پێی دەڵێ: (ئەی ترسنۆک بڕۆ)..
 

 

gaforsalih@yahoo.com