په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٩\٢٠١٤

ئەزموون و یاد، ئەزموونێکى سەخت و یادێکى تاڵ!


سەدیق سەعید     

 

بێگومان، مەحاڵە بتوانین لە فەزاى نێو زیندان و دیمەنە ترسێنەرەکانى و فۆبیا و تێهەڵدانوشکانى ڕۆحى مرۆڤەکان لە زیندان تێبگەین،گەر خۆمان زیندانمان نەبینیبێت و ئەو ژیانە سەختەو تراژیدیەمان، ئەزموون نەکردبێت.بۆ ئەوەى لە ئازارە قوڵەکانى مرۆڤێکى زیندانیکراو بگەین،دەبێ ئەو مرۆڤە خۆمان بین.ئەو سات تێدەگەین، کەزیندان چۆن مرۆڤەکان دەگۆڕێت بە بوونەوەرێکى تر.کە تەواوى ئاراستەو ڕوانین و تێگەیشتنیان بۆ هەموو شتێک،پاش ئازادبوونیان لە زیندان، دەگۆڕدرێت. نووسین چەنێ قوڵیش بێت، چەنێ کاریگەروپڕماناش بێت، هەرگیز ناتوانێ وەکو خۆی،دیمەنەکانى نێو گرتووخانەمان، بۆ بگوازێتەوە زەمینەى واقیعو هزری خوێنەر. ئەوە بە تەنیا ئەوانەن، کە فەزاى زیندانیان بینیوە، دەتوانن گوزارشت لەو دۆزە خە بکەن، کە لە هەندێ کاتدا،تا مردنیشیان کاریگەریەتی بە سەر بوون و ژیانیانەوە دەمینێتو ناتوانن، لەو فۆبیایە دەرچن، کە زیندانیکردنى ئەوان بۆیان دروستدەکات. ڕەنگە، قوڵترین و خەماویترین چرکەساتى زیندان ئەو ساتە بێت، کە بەر لە جەستە، ڕوح بریندار دەکرێت. من پێم وایە، هەموو برینەکانى ژیانى مرۆڤ،ساڕێژدەبن، بە تەنیا برینى ڕۆح نەبێت.هەموو ئازار و نەهامەتیەکانى ژیان، مرۆڤ دەتوانێ لە بیریان بکات، بەتەنیا یادەوەری و ئازارەکانى زیندان نەبێًت. ئەو یادەوەریانەى لە زۆرکاتدا، زمانو نووسینیش ناتوانێ، وەکو خۆیان گوزارشتیان لێبکات.

 

(محمد ماغوتى) شاعیری دیاری عەرەب، کەساڵانێکى زۆر زیندانیکراوە لە سەر بیرو ڕاى سیاسی، لە دیمانەیەکدا دەڵێت: (لە زینداندا هەستمکرد شتێک لە ناخم شکا، تاکو ئێستاو تا دەشمرم، ناتوانم پارچە شکاوەکانى کۆبکەمەوە.لە گەڵ بیستنى وشەى زیندان دەتۆقێمودەگەڕێمەوە ئەو ساتانە).ڕەنگە ئەم ڕستەیە بەتەنها بەس بێت، بۆ ئەوەى بزانین، زیندان چی بە سەرمرۆڤەکان دێنێت.لێرەوەش، کاتێ کتێبی (ئەزموونو یاد)ی نووسەروشاعیر کاک(پشکۆ نجم الدین)دەخوێنینەوە،بەر هەمان ئەو ئازارە دەکەوین، کە لە زیندان هەیە. ئەم کتێبە، سەرگوزشتەى لاوێکى خوێنگەرمان بۆ باسدەکات،کە لە وەرزى بەهارولە ڕۆژێکى مانگى نیسانى ساڵی هەفتاو هەشت، بە کۆڵێک هیوودنیایەک خەونى ڕەنگاو ڕەنگەوە،بە ئاواتى جێهێشتنى زیندانى شاروژێر دەسەڵاتى بە عس،ملی بناری شاخی شنڕوێ دەگرێتو دەبێتە پێشمەرگە.بێ ئاگا لەوەى ئەو دنیا ڕەنگاو ڕەنگەى ئەو لە خەیاڵی خۆی بە رلە چوونى بۆ شاخ وێناى کردوە،ئەو بەهەشتە ئا زادیخوازە نییە، بگرە دواجار بۆ ئەو دەبێتە دۆزەخوزیندانیش. ئەو دەچێتە سەر زەمینێک، کە مرۆڤەکان ڕۆژانە دەستیان دەچێتە خوێنى یەکتر.بەبێ ئەوەى بزانن بۆ ؟یاخود ڕەوایەتیەک هەبێت بۆ ئەو خوێن ڕشتنە.

 

ڕەنگە جیاوازى ئەزموون و یاد، لەگەڵ بیرەوەریە کانى دیکەى سیاسیەکان، کە من بڕێکى زۆریانم خوێندۆتەوە ئەوەبێت، کە ئەزموونویاد،دیوە شاراوو ناشرینەکەى دیکەى شۆرشی کوردیشمان پێ ئاشنا دەکات. بەو مانایەى، شۆڕش هەر تەنها خەباتو تێکۆشان و قوربانیدان و خوێن ڕشتن و شەهید بوون نییە لە پێناو ئازادى بە تەنها، بەڵکو دەشێ لە هەناوى ئەو شۆڕشەدا، چەوسانەوەو ستەم و جەلاد و ئەو پەڕی نادادپەروەریوشکاندنى شکۆی بە شێک لە مرۆڤەکانیش هەبێت. ئەوانەى شۆڕش بە تەنیا وەک فریادرەسێک دەبینن،بە تایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتدا، لە بێ ئاگایەکى گەورە دەژین. شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتدا، هیچ نییە جگە لە گۆڕینى جەلاد بە جەلادێکى تروزیادکردنى ژمارەى خوێنو قوربانیەکان. جگە لە گۆڕینى کەسەکان و هێشتنەوەى ئە قڵیەتیان وەکو خۆی. بۆیە ئەزموونویاد پەنجە دەخاتە سەر بەشێکى زۆری ئەو برینو خوێنەى شۆرشی کورد لە هەناوى خۆیدا هەڵیگرتوەو بەردەوام سیاسیەکان، لێمانى دەشارنەوەو بە تەنها وێنەیەکى چەسپاوى شۆرشمان پیشان دەدەن،کە ئاماژەیەک بێ بۆ قارەمانیەتى خۆیان.بۆیە ئێمە بەردەوام پێویستیمان بەوەیە کە بزانین. کە لەو دیو قوربانیدانیشەوە، ستەم و چەوسانەوەش هەبوە. لەو دیو ئازایەتىو قارەمانیەتیەوە، بڕێکى زۆر لە جەلادیبوونیش هەبوە. ڕووبەرێکى گەورەى نادادپەروەری و خوێن ڕشتنیش هەبوە. بۆیە دواى خوێنەوەى ئەزموونویاد، من وەک کوردێک و خوێنەرێکیش، بەر وێنەیەکى دیکەى شۆرشی کورد کەوتم. من تا ئەو کتێبەم نەخوێندەوە، ماهیەتى ڕاستەقینەى بەشێکى زۆری شۆرشی شاخم بۆ دەرنەکەوت. کە بەرلە خوێنەوەى ئەو کتێبە لای من وێنەیەکی دیکەى هەبوو، دواى خوێنەوەى کتێبەکەش وێنەیەکى تریان لە هزری من نەخشاند.

 

ئەزموونو یاد هەر تەنها گێڕانەوەى مێژووێکى سیاسی، یاخود ڵاپەڕەى یادەوەریەکانى تێکۆشەرێک نییە، کە لە ڕێگاى ئازادى نەتەوەکەى،خەباتى کردوەو ماندوەتى زۆری بینیوە. بە پێچەوانەوە، بەڵکو ئەم کتێبە، دەرخەری بڕێکى زۆری ڕووبەرە شاراوەکەى شۆرشی کوردیشە،لە قۆناغێکى دیاریکراو هەڵومەرجێکى سەختدا. هەرخوێنەرێک وەک یادەوەری ئەم کتێبە بخوێنێتەوە،بە بۆچوونى من ناتوانێت لە کۆی ناوەڕۆکى ئەو کتێبە نایابە بگات.ڕاستە لە خوێنەوەى ئەم کتێبەدا، زمانێکى شیعری جوانو وەسفێکى هونەریانەى وردی ڕووداوە خۆشو دڵتە زێنە کانیش دەبینین، کە لە ژیانى پێشمەرگەیەکدا، ڕوویانداوەو دواتر وەک یادەوەریەک بۆ ئێمەیان دەگێڕێتەوە.وەلێ لەگەڵ ئەمەشدا،خوێنەوەیەکى سیاسیو هەڵسەنگاندنێکى فیکریانەى ڕووداوەکانیشە. لە پەراوێزى خوێنەوەى ئەو کتێبەدا،ململانێوژیانى زیندانو شەڕی نەگریسی براکانو ستەم چەوسانەوەو چەندین دیمەنوخەسڵەتى دیکەى شۆڕشی کوردیش لە شاخدا دەبینین، کە ڕەنگە پێشتر بۆ ئێمە شاراوەبووبن.لێرەوەش ڕەنگە ئەزموونو یاد وەک کتێبێک، نەچێتە چوارچێوەى هیچ ژانڕێکى ئەدەبیەوە.بگرە کۆی ژانرەکانى نووسینیشی تیادا بەرجەستە کراوە. ئەم کتێبە بەبڕواى من وەک خوێنەرێک لە یەک کاتدا،کتێبێکى مێژوویی،یادەوەری، ئەدەبی، سیاسیو فیکریشە. چونکە خوێنەر لە کاتى خوێنەوەی ئەم کتێبەدا،هەموو ئەو بابەتانەى دەکەوێتەبەرچاو.


دیارە زیندان و سەرگوزشتەى مرۆڤى زیندانیکراو، بەشێکى کتێبەکەى ئەزموون و یادى کاک (پشکۆ نجمالدین)ە. ئەم بەشەی کتێبەکە، گەرچی بەشێکى بچووکە، وەلێ جوانترین و پڕ چێژترین و هاوکات، خەماویترین و غەمگینترین، بەشی کتێبەکەشە. کەهەر خوێنەرێک بیخوێنێتەوە، ئەستەمە نەکەوێتە ژێر ئەو کاریگەریەتیەى، ئەو بارودۆخەى شاعیر لە زینداندا بینیویەتى. هەموو زیندانیکردنێک (ئەوانەى بێتاوانن)،ستەمێکى گەورەیە لە مرۆڤەکان و ئازارێکى قوڵە.ئەو ئازارە قوڵتر و بە سوێتر دەبێتەوە، کاتێ ستەمکارەکان و ئەوانەى زیندانیت دەکەن، هاوخەبات و هاورێو هاوڕێگەى تێکۆشانى خۆتن. یانیش ئەو زیندانیکردنە، زیندانى دەستى براکان بێت. لەبەر هیچ تاوانێکیش نا، تەنها لەبەر بیڕوڕاى جیاواز و ڕێگەیەکى دیکەى خەبات.چۆن دەبێ هاوڕێکان و هاوسەنگەرانی مرۆڤ، ئەوەندە بێ باکوبێ ویژدانبن، لەبەرامبەر هاوڕێکانیان، کە پێشتر لەیەک سەنگەرو بۆیەک ئامانج تێکۆشاون و خەباتیان کردوە؟ ئایا نەدەکرا، بەڕێگەیەکى دیکە و بە شێوازێکى دیکە، لەبڕی زمانی ڕقوزیندانیکردن، کێشەکان بەلادا خرابان؟ بەداخەوە ئێمەى کورد تا زمانى ڕق و تۆڵە و توندوتیژی هەبێت، پەنا نابەینە بەر زمانى گفتوگۆ و لە یەکتر تێگەیشتن. ئەمەش جگە لە کارەسات و نەهامەتى، هیچی تری لێناکەوێتەوە.


بێگومان جوانترین لایەنى ئەو کتێبە، بە بۆچوونى من وەک خوێنەرێک ئەوەیە،کە نووسەر بەزمانێک ئەو یادەوەریانەى نێو زیندان دەگێڕێتەوە، خاڵی لە هەموو ڕقوکینە و ڕۆحى تۆڵە سەنەوەیەک. نووسەر تەنانەت لە ناوهێنانى نەیارەکانیشیدا،لە باسکردنى کەسیەتى و هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتى و تایبەتیەکانیشیاندا، بەوپەڕی لێبوردەیی و میهرەبانی و دوور لە هەموو جۆرە هێڕش و زمانى زبر و شکانەوەیەک، بەڕێزەوە باسیان دەکات. دەگمەنن ئەو مرۆڤانەى لە دواى ستەم لێکردنیان، بیرلە تۆلە سەندنەوەى نەیارەکانیان ناکەنەوە،چ بە ڕەفتار، چ بە گوفتار. هەموو کەسێک ناتوانێ نەیارانى، بەتایبەتیش نەیارە سیاسى و فیکریەکانى، ببەخشێت لەو ستەمانەى بەرامبەریان کردوە. مەگەر کەسانێکی ژیاندۆست و مرۆڤدۆست و دەروون خاڵی لە هەموو کینەوە ڕۆحى تۆڵە سەنەوە یەک نەبێت. لێرەدا قسەیەکى (ئۆسکار وایلد)ی شاعیرم بیر هاتەوە کاتێ دەڵێ: (هەمیشە نەیارانت ببەخشە، چونکە هیچ شتێک وەکو بە خشین ئەوان ئازار نادات). کاک پشکۆ بەو هەڵوێستە نیان و مرۆڤدۆستانەى خۆی، پەیڕەوەى هەمان ئەو قسەیەى کردوە. ئەویش بەو لێبوردەیەى خۆیەوە، پێدەچێت نەیارەکانى خۆی شەرمەزار کردبێت. دەنا ئەو لەسەردەمێکى دیکەى جیاواز و لە قۆناغێکى دیکە، ئەو یادەوەریانەى خۆی دەگێرێتەوە کە دەیتوانى چی هەڵسوکەوتى خراپ و وێنەى ناشرین و دزێو هەیە، بیداتە پاڵ نەیارەکانى و هەموو ئەوانەى لە کاتى زیندانیکردنیدا، بە کردەوەیەک یاخود بە قسە و بە هەڵوێستێک، هەست و نەستى ئەویان بریندار کردوە. بەڵام کە نەیکردوە نیشانەى لێبوردەیی و مرۆڤدۆستى ئەوە. بێگومان سەرەنجامیش لە ژیاندا، ئەوەى بۆ مرۆڤ دەمێنێتەوە، کار و کردەوەى چاکە. بە مەش مێژووێکى جوان بۆ خۆی تۆمار دەکات. ئەم هەڵوێستەى نووسەر، جێگەى هەڵوەستەو نرخاندنە، یەکێکیشە لە لایەنە هەرە جوانەکانى کتێبەکە کە سەرنجى منى وەک خوێنەرێک ڕاکێشا. چونکە نووسەر وێراى ئەوەى بە دەست براکانى زیندانیکراوە و نەهامەتى و سەختى زۆری لە نێوان زیندان بینیوە، کەچی هەست بە گەردێک ڕق و هەستى تۆلەسەنەوە لە هزرو بیری نووسەر، بەرامبەر بە نەیارەکانى ناکەین. ئەگەرچی خوێنەر لە کاتى خوێنەوەى کتێبەکەدا، بە بەر دەیان دیمەنى تراژیدی و دڵتەزێن دەکەوێت کە نووسەر لە سەروبەندى زیندانیکردنەکەى بە دەستى هاوسەنگەرانى لە شاخدا بینیویەتى. کەچی وەڵامى نووسەر بۆ هەموو نەیارانى، ئەو قسەیەی (حەزرەتى مەسیح)ە کاتێ وتویەتى (خودایە بیانبەخشە ئەمانە گوناهن) لە کۆتاییدا دەڵێم ئەزموون و یاد کتێبێکە بە نووسین وەسف ناکرێت تا خوێنەران بە خۆیان نەیخوێننەوە.

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک