په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١٦

ئەزموون وەک ئاخاوتنێک لە ناو ژیان.

سەباح رەنجدەر     

نوێبەخشی.


لەناو کۆمەڵگای کوردیدا ھیچ سەرچاوە و وزەیەکی ئەدەبی بە ئاستی شیعر نەبووەتە، بنەمای پەیوەندی و مایەی بەرھەمھێنانی بیرکردنەوەی چالاک. واتە: ئەندێشەی چاک، کرداری چاک، گوتاری چاک. ھەروەھا بەو پایە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەش پەسند نەکراوە و نەدرەوشاوەتەوە.


گیانی زمانی دەربڕینی کوردیش، تا ئێستا ھەر بە تەنیا لەناو پرۆژە شیعرییەکاندا زیندووە، کوردیش ویستی شیعر نووسین و ھەستیاریی شیعری زۆر بەھێزە، تواناکانی خۆی تێدا تاقی دەکاتەوە، ھەڵکەوتە کۆمەڵایەتییەکەشی وەری دەگرێت و ڕەوایی بە بەردەوامبوون و پەرەسەندنی دەدات، داھێنان بە وەرگرتنی قووڵایییەکانی ژیان بەرھەم دآ، لەم بەرھەمھێنانەشیدا ژیان دەخاتە ناو پرۆژەی دۆزینەوەوە.


ئەگەر دەربڕینێکیش لە فۆرمی ئاستدار و تیشکۆی خۆماڵییەوە دانەچۆڕابێتە ناو بوون و زەمینەی تەواوی دەربڕینەوە، بەھیچ شێوە و کەشوھەوایەک ناتوانێت نوێبەخش بێت و بێتە ناو پرۆژەی دۆزینەوەوە.


بۆ شاعیری نوێبەخش وەرگرتنی قووڵایییەکانی ژیان زیندووبوونەوەی زمانە، زمانی دۆزینەوەش زمانێکی یەک ئاراستەیی نییە، بەپرسیاری زۆرەوە لە ئاستە ھەمەچەشنەکانی خۆی دەکۆڵێتەوە، قووڵایییەکان ھێزی وشە و ئەزموونی تێدا نووستووە، لە دەربڕیندا ئەم ھێزە تاقی دەکرێتەوە و دێتە ناو پرۆژەی دۆزینەوەوە.


بەشێوەیەکی سەرەتایی نوێبەخشی لە ژیان و بیر و بیرکردنەوەی کۆمەڵگا دەرکەوتووە و ھەنگاوی بۆ نراوە، بنەماکانی گۆڕان بەرەو پێداویستییە ھاوچەرخەکان ء ھۆشیاری دەبێتە پێوەری دۆزینەوەی ئەدەبی، ھەروەھا نوێبەخشی ھۆ ء ئامانجە بۆ پەیوەندیکردن بە چالاکییەکانی ژیانەوە، بەشێکیش نییە لە ژیان. ڕاستەوخۆ ژیانە، مرۆڤ لەباری بەختەوەریدا وەک خوداوەند دەژێنێت، ئەفسوونێکی واشی تێدایە گیان و جەستە لە بڵندی بحەوێنێتەوە.


بابەت ورووژاندن و شێوازی شاعیر ھەستکردنە بە جوانییەکانی ژیان ء شۆڕبوونەوە بۆ ناو ناواخنی سروشت ء لەدایکبوونی وەرزەکان و گونجان و تەبایی نێوانیان. واش بەرانبەر ڕابھێنآ ھەست بەم شۆڕبوونەوە و گونجان و تەبایییەی نێوانیان بکات.


ھەستی نووسینیش بە ساتەوەختی زۆر ناسک، یان زۆر دژوار تێدەپەڕآ. تێڕوانینەکان ئاڵوگۆڕیان تآ دەکەوآ ء دەڕسکێن.


شیعری ڕاستەقینەی خاوەن جیھانبینی، کە خودی مرۆڤ دابڕێژێتەوە، لە ژیریی و پەند و سۆز ء خەونی ڕۆمانسییانە بەدەر نییە، ئەگەر شیعریش ڕووت کرایەوە لە ژیریی و پەند و سۆز و خەونی ڕۆمانسییانە بە ھیچ جۆرێک ڕاستەقینە ء خاوەن جیھانبینی نییە، کە خودی مرۆڤ دابڕێژێتەوە.


شاعیری نوێبەخش ھیچ کاتێک چاوەڕوانی ھاندان ء ستایش ناکات، ھەر کاتێکیش چاوەڕوانی ھاندان و ستایشی کرد، ئەوە بڕوای بەوە نییە ئەوەی، کە نووسیویەتی خۆبوونی و داھێنان بێت. دەربڕینی نایاب بەھۆی کرداری گەیاندن و ھۆشیاریی زمانەوە لە ئاستی ئاسایی دەپەڕێتەوە بۆ ئاستی ئێستێتیکا و خۆبوونی، دەبێتە خاوەن پرسیار لە نێوان وریاییی زمان و وریاییی ئاخاوتن.


زمانی ئێستێتیکا، شێواز و ئەدگاری خۆی لە دەربڕینکردن ء دەربڕینەوە وەردەگرێت. لە ئەزەلەوەش گیان، گیانی جەستەیەکە شێوەیەکی دیاریکراوی بۆ ژیان و نەشونما دۆزیوەتەوە، شێوازیش ناوەند ء گیانی نووسەرە، ھیچ گیانێکیش بۆ جەستەیەکی دیکە وەرناگیرێت.


شێواز ء شیعرییەت ء زمان، ئەزموون بۆ ئایندە پێشنیازیان دەکات، ئایندەش پەیوەندی بە ھەموویانەوە ھەیە، بەشدارین لە چالاککردن ء بەڕێوەبردنی، پەیامی ھونەریی مرۆڤگەلێکە، کە ھەوڵی سڕینەوە و لەبەین بردنی ئەو شتانە نادات، کە ژیان دەخەنە بارێک بەرگری لە بە ژیانبوون ء ئازاری خۆی دەکات.


ژیان ء بوون ء دنیاش لەناو شیعری نایاب ء ئێستێتیکی و خۆبوونیدا نوێن، لەناو ڕۆشنبیریی کوردیدا نوێبەخشی ھێشتان بە ڕوونی شوێنی شیاوی بۆ نەکراوەتەوە، ئاخاوتن لەبارەیەوە دەبێتە ھەرا و زەنا، پێویستە ئەو بڕیارانەی لەم بارەیەوە بوونەتە مایەی سەرنج، بە ئاستێکی دیکەوە بخرێنە ناو ئاخاوتنەوە.


ئایە ئاخاوتنەکانمان لە خودی نوێبەخشیی دەقەوە دەرچوونە، یان لە دەرەوەی دەقەوە وەرگیراون و لە جەستەی تەنک و ناسکی دەق پراوەی پآ دەکەین، کە جەستەی تەنک و ناسکی دەق ھیچ پراوەیەک وەرناگرێت جگە لە پراوەی گیان نەبێت.


نووسینێک گەیشتبێت بە ئاستی دەق، پەیوەندیی ئاستداری چارەنووسسازی بە ئێستێتیکا و خۆبوونییەوە ھەیە، کە ھەمیشە وەک سەرچاوەیەکی ڕوون، ھێزێکە بۆ بەرھەمھێنانی سەرچاوەی دیکە، بەرەنجامی خودێکی ھەژاو ء ھۆشمەند ء وریایە. بەشێکیش لە خودی ھەژاو ء ھۆشمەند ء وریا گەیشتوون بەو ھەقیقەتە، کە شیعر بگەڕێتەوە ناو سۆز ء ھەست ء ڕوونی ء ئاشکرایی لە دەربڕیندا، ئەمەش وەک دیاردەیەک پێویستە بخرێتە ناو ئاخاوتنەوە. زۆر جاران گۆڕانکارییە ڕەچاونەکراوەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر چۆنیەتیی بیرکردنەوەی کۆمەڵگا ء بیر ء دەربڕینی تاکی نووسەرەوە ھەیە. دەبێتە بابەتی نووسینەکانیان، بەڵام نابێتە مانای ڕوون ء دیار، بگرە لە چێژدا دەبێتە سرووشی مانا ء چالاکیی وێنە، سرووشی مانا و چالاکیی وێنەش شاعیر لەوە نزیک دەخەنەوە بچێتە ناو جیھانبینی تەسەوفەوە.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.


جیایی.


پانتایی جیاکارم لە بەرھەمەکانمدا خوڵقاندووە، لە پانتایییەکدا دەستنیشان ناکرێم. ئەرآ لە پانتایییە شیعرییەکاندا، دەچمەوە سەر چ پانتایییەکی خۆ تایبەتیکردن. تایبەتکار بۆی ھەیە تەواوی ھەبووەکانی، کە توانای کاریگەرییان تێدا دەرکەوتووە، ڕاکێشێتە ناو بیرکردنەوەی چالاکی، کە بەردەوام ھێما و ھێماپێکراو بەرھەم دەھێنێت. لە یەک کاتیش لەناو ھەموو پانتایییەکاندا کار بکات و دەستیان بۆ ببات.


بەرانبەر بە ئاگایی خۆم جەنگاوەرێکی مەشقکردوو و ئەھلی زیندووێتی دڵ ء یەکێـتی ئەشقم، پانتایی ئێستێتیکا و ڕێبازی وردبوونەوەم لە ژیانمدا ھەڵبژاردووە، دەمەوێت بە ڕاناوی نادیار زمانی تێدا ھەستیار بکەم، ھەستیاریی تەواوی زمانی کوردی لە شیعری کلاسیکیماندا تواوەتەوە و دەرکەوتووەتەوە. کاتێک شیعری کلاسیکی دەخوێنمەوە ھەست دەکەم تەواوی زمانی کوردی ڕووبەڕووم وەستاوەتەوە. دەمباتە ناو جیھانێک، کە قسەی لەبارەی دۆزینەوە و بوون کردووە، نەک گێڕانەوە. خەون و ناوەندی وشە ھەوڵدانن بۆ خۆناسین. لە ماڵی گەورەی شیعردا ھەموومان پێکەوە داوای شیعرییەت دەکەین، ئەو داوایە وزەی گەشەکردنی جوانی ء بەرزکردنەوەی ئاستی ھەقیقەتی گیانی و درامای ژیانە. جوانیی زمان لە جوانیی ئەو کەرەستەوە دێت، کە دەربڕینی لێ دەکات، زمان شانەیەکی زیندووی زۆر قووڵە لە جەستە و پێکھاتەی مرۆڤ لە گۆڕانی دید و پەیوەندییەکاندا.


جیاییی تاقیکردنەوەی من ئەوەیە: جیھانی پارچە پارچە دەخوڵقێنم و پەیوەندیی ھێما و ھێماپێکراویش دەپچڕێنم و دەستنیشانیان ناکەم. سەرچاوەکانی نووسین و ئاستەکانی دەنگ ء تێبینیکردن ء سەرنجدانم لە جوانیی بێگەرد و بآ ھاوتای ژیان وەردەگرم، دەگمەن و تاقانە دەبن بە ھێما ء ھێماپێکراو.


شیعر چەند بچێـتە ناو ژیان ء دنیای خودایی و ھەقیقەتی ڕۆژگار، ھێندەی دیکە گیانی تا ھەتایە پەروەردە دەکا ء دەیپارێزێت و ئەفسانە لەخودی خۆیەوە برەو پێدەدا.


شتێک لە نووسین، کە وەک ئەزموونێک پێشکێشم کردبێـت، بەکاربردنی زمانی خەونە بۆ زمانی نووسین ء ڕاچەناندن و چالاککردنی ناخی پڕ توانایی ء یادەوەری. دواجار تواندنەوەی چالاکییەکانی بیر لە ھەستیاریی نووسیندا.


چامەی درێژی فرە دەنگ و ئاستدار، پڕۆژەیەکی کامڵە و لەسەر ئاستی بوون و کرانەوەی بەردەوام ڕادەوەستێت، سروشتی دایکی ھەستەکانمە، ئاسۆیەکی ئەفسانە ئاسایییە، ناتوانم لێی دەربازبم بە کامڵترین فۆرمی شیعریی دەزانم و پەیڕەوی دەکەم، لە ڕایەڵی ڕستەکانیدا توانای جووڵاندنی فرە دەنگی و فرە پەیوەندی دەڕسکێت. مانا و زمان دەگەڕێتەوە ئەو ئاستدارییەی ھێزی نووسین ئاشکرای دەکات ء دەیھێنێتە گۆڕآ. واتە: قووڵبوونەوە بە ناخی بیندراو ء شەپۆلی شوێن و سیمای بوون.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.

فرە دەنگیی.


ڕوانینی گەردوونی بار ء بوار بۆ گەشەسەندنی شیعر دەڕەخسێنێت، ببڕای ببڕ پەیوەندیی بە شۆڕشی گەیاندن و فۆرمەکانییەوە نییە. خەیاڵ ء ئەو ئاسۆیەی جیھانی بەھۆیەوە وێنا دەکەیت، لە دەرەوەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کاری شیعرییەت بەڕێوە دەبەن، لە کەڵک وەرگرتن: دەست واڵا ء دیموکراسین، سەرسامیی خۆشیان بە نەشونمای نوێبەخشیی گیانی ژیان ناشارنەوە.


دەتوانین لەوە دڵنیابین، کە شیعر ھەموو سەنگایی ساتە وردەکانی بە تەنیا خستە سەر ھەڵقوڵانی خەیاڵ، وەک بەرزایی و ناوەندی کاریگەر چووە ناوی و کرۆکی ژیانی بە ھۆیەوە وێنا کرد. بێگومان لەبارێک نزیک دەبینەوە، شیعری تاک دەنگی دەبێتە خۆنیشاندانێک و دەربڕین لەو بارە بێھێزەدا.


دەکرآ لە بچووکبوونەوەی دنیا لە بینینی شاشەدا، یان ھەر فۆرمەکی گەیاندنەوە، شیعری فرە دەنگ لە چنین و ڕایەڵی توند و تۆڵی ببێـتە جێگرەوەی خەیاڵ وەک بەرزایی ء ناوەندی کاریگەر.


لە شیعری فرە دەنگیدا خەیاڵ ڕەگەزی سوودبینینە، بەرزایی و ناوەندی کاریگەر نییە. نیشاندانی باوەڕ و گیانی کراوە و دەوڵەمەندیی ئەم شێوازە، بەئەندازەیەک لە چیرۆک و شانۆنامە ء ڕۆمان و ئەدەبی پەخشاندا بە ئاشکرایی دەگاتە لووتکەی بینین و تێگەیشتنی ڕوون.


لە شیعری درامیدا گفتوگۆ لەگەڵ ھەست و ئەقڵی خوێنەر و شاکەس ء کەسایەتییە جۆراوجۆرەکان دادەمەزرێنێت، ھاوتایییەک دەدۆزێتەوە لەباری نووسیندا پەیڕەوی دەکات. لە پێکھاتە و بنەمای منی شیعریدا پێکدێت و دەبیندرێت، خۆی لە منی تاکە کەسی شاعیر دەکشێتەوە، ڕۆڵ و ئاستی شاکەس و کەسایەتییە جۆرا و جۆرەکان و چێژێک دەگەیەنن، چێژی ئاراستەکراوی شاکەس و کەسایەتییە جۆراوجۆرەکان و واتاناسی.


زۆرێک لە شیعری ئیمڕۆمان لەسەر سیستمی تاکدەنگی منی شاعیر وەک ڕەگەزێکی کارپێکەر بەڕێوە دەچێت، ئەم شێوازەش وەک ھونەر ھەرچی پێبوو بەخشی، چاوەڕوان ناکرێت ھونەرێکی کاریگەریی پآ مابێت بۆ بەخشین و سەرسامی، چونکە ھیچ شتێک ڕوونادات قسەکەر یەک قسەکەرە ء پانتایی نووسینەکەی داگیرکردووە، ھەروەھا بوونی شیعریش وەک شێواز و شێوە دەخاتە مەترسییەوە. لە کارایی و زیندوویی و ھێز دووری دەخاتەوە، کە کارایی و زیندوویی ء ھێز بارێکن ھەمیشە زیندوومان دەکەنەوە و سەرچاوەی سەرسوڕھێنەرن.


یەکەمین کردەی ھەستیارکردنی زمانە، ڕستەکان درێژ دەکاتەوە بە مەبەستی گەیشتن بە چاوگە دەنگییەکان، چاوگە دەنگییەکانیش ھەمیشە ئاگایی زمان تێیدا دەبێتە باری ڕاستەقینەی نووسین و وزەی ترپە و ئاواز، لەم بارەیەوە ڕوو دەدات. چەند ترپە و ئاوازێکی لێ دەبێتەوە، جۆراوجۆریی ترپە و ئاواز: خەسڵەت و مۆرک و ئاماژەی ناسینی ئەم ژانرەن، پشت بە وێنەھێنانەوەی یەک لە دوای یەکیش نابەستێت، زیاتر گێڕانەوە دەکاتە خۆبووژانەوە و دەرکەوتن و ئاراستە وەرگرتن.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.

دەستکاریکردن.


دەقەکانم، ئەوانەی چاپم کردوون و ئەوانەی چاپیشم نەکردوون، ھەمیشە لەسەر مێزی کارکردن دەستیان بۆ دەبەم، ھەر چەند ڕستەیەکیان دەستکاری دەکەم و چەند لاپەڕەیەکیان دەخەمە سەر و چەند لاپەڕەیەکیشیان لێ لادەدەم. تا ئێستاش نەگەیشتووم بەدوا داڕشتنیان. ئەو ھونەر و دڵەڕاوکێیەی دەستکاریکردنەش لە کارکردنی بآ وچانی کاتژمێر، گواسترایەوە ناو باری دەروونیی شاعیریەتیی من.


کاتژمێر تەکان دەدا بەرەو ناو دەقی کات. دەقی کاتیش ھەمیشە ئەو چرکەیەی جوانە تێیدا چاوەڕوانیت، کە ھێز دەخاتە ئەو چرکەیەی بۆی دەڕوات، ڕۆیشتنی منیش ھەمیشە بەرەو دەقی شیعرییە. ھەموو شتەکانی کاریگەرییان بە نەشونمای ژیانەوە ھەیە. لە زەینمدا ئامادەیان دەکەم و دەیانکەم بە بەشێک لە چالاکییەکانی بیرکردنەوەم. دەستکاریی بەردەوامیش کارێکی دروستە بۆ نووسەری پڕ توانای پەڕینەوە، بۆ ناو پرسیارەکانی، کە بوون بەیەک جۆر دەستنیشان ناکەن، بەرگری و دەربڕین لە داھێنان دەکەن، چونکە ھەر جارێک، کە دەستکاریی دەکات، بەو نیازە بە تەواوی ژیان لەناو دەقەکەیدا ببینێت، یان ژیان بە تەواوی بھێنێـتە ناو دەقەکەیەوە و بیگەیەنێت بە ئاستی خەونی نووسین. ئەویش یەک لە مەحاڵەکانی نووسینە، نووسین ھەوڵدەدات بۆ مەحاڵ، مانەوەش لەناو ئەو مەحاڵە سووربوونی نووسەرە بۆ بینینی ژیان بە تەواوی لەناو دەقی بێگەرددا.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.

شاعیر.


شاعیر، سەر گەرمییەکانی خۆی لە سنووری بیرکردنەوە و جیھانبینییەوە دەست پێدەکات و گیانی چالاکە بەگشت جوانییە ھاوبەشەکان. ئاراستەی ئاڵۆزکردنی جوانییە ھاوبەشەکان نییە. سادەکردنەوەیەتی، بەرپرسە بەرانبەر بەرزبوونەوە و ڕسکاندنی ڕوانینی پڕ شیعرییەت و جووڵەی ئاخاوتن لە زماندا، پەیوەستیشە بەوەی پەیوەندییەکانی نێوان جوانی و فۆرمەکانی کۆمەڵگا وەک پرۆژەیەکی پەرەپێدان وەربگرێت.


کاری گوتار دامەزراندنیش لە پەیوەندییەکانەوە بکاتە وێنەیەکی ڕاستەقینەی ئەزموونکراوی ھەقیقەتی مرۆڤ. لە ھەمان کاتدا لە تواناکانی دەربڕیندا بەرزیان بکاتەوە ناو ڕایەڵ و تانوپۆی ڕستە و ترپە و ئاوازی ویژدانیان، لێیەوە وەک نیشان و نیشانە پیشانیان بدات، ھەروەھا دەسەڵاتی ھەستیاریشی بەسەر ئاشکراکردنی چارەنووسی جوانی لە شێوازی نادیاردا پاڵپشت لە بەرزبوونەوەکەی بکات.


تەوەرەکانی ھەست و سۆز و خەون بخاتە گەڕ بۆ ھێشتنەوەی بەردەوامیی چێژی گیانی. جوانی وەک ڕەگەزێکی چالاک و بنیادنەر لە پێکھاتەی دەقدا بکاتە ناوەندی بە یەکگەیشتنی پەیوەندییەکان و باوەڕھێنان بە ھەقیقەت و تواناکانی ژیان. بۆ واتای ڕاستەقینەی لەناو دەوروبەرێکی بآ ھێز لە ھۆشیاریی فیکریدا، ئاکار دابڕێژێت. بەدواداچوونی مێژووی گیان و ئەوانی دیکە و چاونەترسیش بەرەو ڕووی ئەم ئاکار داڕشتنە بکاتە ماڵی ھەر ھەموومان و گەوھەر و ناوکی ھونەری مانا دەرنەکەوتووەکان ھەڵداتەوە.


کردەی نووسین وەک سەرەتایەکی ھەمیشەیی و خاڵە یەکتربڕەکانی کات بپارێزێت. بە فراوانییەکی ئاستدار و کاریگەریش بانگەوازی لایەنداریی تەواوی ڕابگەیەنێت، دواجار بە ئاستی بەھای مرۆڤ بیناسێنێت، بپرسێت ئەرآ ئاستدارییەکانی شیعر و مرۆڤ چین، لە واقیعدا جێبەجێیان بکات و جێی پەسندی بن. تا چەند توانیویەتی جوانی و ھونەر بگەیەنێتە ئاستی ژیان و درکاندن.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.

فەرھەنگ.


وشە لەناو فەرھەنگدا بە یەک مانایی سنووردارە، لەسەر ئاستێکی جێگیر و نەگۆڕیش پەیوەندی بۆ دەستنیشان کراوە. واتە: لەناو ژیان و بزووتنەوەی بەرەو پێشچوون کار ء چالاکیی لێ وەرگیراوەتەوە و خانەنشین و لا کەنارە.


شیعر، ھێز لە خودی زمان وەردەگرێت، بەزمانی ناو ژیانیش شیعرییەتی دەڕژێتآ و پەیوەندییەکانی بە جیھان دەبەستێتەوە، کار ء چالاکیی وشە گەرمەکانی ناو ژیان، وشە بآ ھێزەکانی ناو فەرھەنگیان لە خەیاڵگەی نووسەری خود وریا دەربەدەر کردووە. ھەست بە نائومێدییەکی ترسناک دەکەم لەو وشانەی لەناو فەرھەنگاندا وەنەوز دەدەن. دوای گواستنەوەیان بۆ ناو ڕستەی شیعریی کتوپڕ خەوی دووبارەکردنەوەی لێ دەکەوێت. لەباری دووبارەکردنەوەشیاندا، بچووکتر دەبنەوە. دەستەواژە لەناو فەرھەنگدا خۆشباوەڕ ء بآ ئومێدە، بەیەک مانایی دڵی داکەوتووە ء فۆرمەکانی کۆتایی پێھێناوە.


شاعیریش لەناو فەرھەنگدا سڕ دەبێت، نەک سەرسام. لە وشەکانی بەردەست و زەینی خۆیەوە دەست پێدەکات. ڕۆشنبیرانی ئەکادیمی و فەرھەنگنووس و زمانەوان لە وشەکانی ناو فەرھەنگدا کار و چالاکییەکانیان بەرھەم دێنن. لە فەرھەنگدا ئاستی جیاکاری زمان نییە. ھەموو داھێنانێکی زمان لە ئەدەبدا لە دەرەوەی فەرھەنگ ڕوودەدات، دەقی نایابیش لە کرۆکدا لە پەیوەندیی زمانەوە سەرکەوتن وەردەگرێت.


لەناو مێژووی ئەدەبدا، ئەدەبێک نییە لە وشەکانی ناو فەرھەنگەوە سەرکەوتنی بە دەست ھێنابێت، بۆیە فەرھەنگ لای من بووە تەلیسمێکی بکوژ، زوو خۆم لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی دەرھێنا. ژیان فەرھەنگی شیعرە، ھەر شاعیرێکیش ھانا بۆ وشەکانی ناو فەرھەنگ ببات، نامۆیی و دەستەپاچەی خۆی بە شیعر ئاشکرا دەکات. مامەڵەی لەگەڵ وشەی ئامادەکراوە، بایەخی ساتە ھۆشیارییەکانی ناوەوەی خۆی لە دەست داوە، ئەگەر نووسینێکی ئەدەبیش ساتە ھۆشیارییەکانی ناوەوەی نووسەر، خرۆشانی تواناکان و چالاکیی نەبووبێت. دەقێکی بەتاڵە لە ئەفسوون و ھۆشیاریی نووسین.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.


مانیفێست.


وەک پرۆژەیەک مانیفێستی شیعریی خۆم ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی ئەم ڕاگەیاندنە ببێتە پاڵپشت و تیشکۆ بۆ ئەزموونی شیعریم. مانیفێست و خۆڕوونکردنەوە، پەنجەمۆر و ڕوانینی تایبەتیی نووسەرن، بە کەرەستەیەکی خەمڵیو و ئەزموونێکی ڕاستەقینە بەرانبەر نووسین. بۆ نووسین و گەڵاڵەکردنی، بە قووڵی سەرجەم دەقەکانی خۆم بە توانای گۆڕان لە ژیان و ھونەر ھێنایەوە ناو زەینم. لە مەودای خاڵی لاوازی، تا خاڵە سەرسوڕھێنەکانی ئەزموونم وەرگرت، بەوپەڕی ھۆشمەندی جیاکاریی ھەستکردن لە مەوداکانی مامەوە و تآ فکریم، تا بووە پرۆژەی باش بیرکردنەوە و گفتوگۆیەکی ڕۆشن. بنەماکانیم لە شەوق و کاکڵە و ناخی ئەو مەودایانە دۆزییەوە، کە لە واقیعی نووسیندا ھێناومەتە گۆڕآ. ئەو واقیعەی چۆنیشی بیر لێ دەکەمەوە و دەیجووڵێنم.


پێش نووسین بیر لە مانا ناکەمەوە، دوای نووسین مانا دەدۆزرێتەوە، ھەروەھا بیر و ڕاکانی ڕامگەیاندوون، ھەموویان لە دەقەکاندا شوێنی ژیربێژی و ئەو ئاماژە ء نیشانانەی تێیدا بەرھەم ھاتوون، ئاشکران. چارەسەری ھەندێک لە ھەستە ڕۆمانسییە سەرەتایییەکانیشم کردوون، ھێڵم بە ژێر دێڕِە لاواز و سەرسوڕھێنەکانی کێشاون. خەونم کردووە بە فۆرمی دەستپێکردن و دووبارە گەڕانەوە بۆ واقیعێکی دامەزراوی خەونی.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.

قۆناخ.


شیعر وەک درێژبووەوەی قۆناخی پێشتری وەرناگیرێت، لە ھەندێک ڕەگەز یەک دەگرنەوە، لە زۆر ڕەگەزیش تەواو ئاستیان دەکەوێـتە نێوان، دژی قۆناخ و ڕێباز و قوتابخانە و دابەشکردنم، دەقی داھێندراو بەسەر تەواوی ژیاندا دابەش دەبێت.


ژیان و خوێندنەوەی ڕووداو و دیاردەکان بەیەک ئاراستە نایەن، بە جیاکاری بیری یاخی و کەرەستەکانی شیعری لە کەشی شێوە گۆڕیندان، ئاستیش بەرەو گۆڕان و تێکەڵاوبوون وەردەگرن. ھیچ قۆناخێکیش ناتوانێت قۆناخی پێشەخۆی تەواو لەناو خۆیدا ون بکات، داھێنانەکانی لە گۆشەیەکی تەنگەبەر گەمارۆ بدات. جیاکارییەکان سروشتین. جیاکارییەکانی ئەو قۆناخ و ئەزموونانەی لە داھاتووشدا دەبنە ھۆ و مایەی گفتوگۆی گۆڕانکاری ھەمدیس ھەر سروشتی دەبن.


شیعر لە زماندا ڕەونەقی شیعرییەت بەدەست دەھێنێت، زمانیش بە ئاراستەی ھاتنی، ئاستی گۆڕان و تێکەڵاوبوون وەردەگرێت.


ئایە زمانی قۆناخەکانی ژیان درێژەپێدەر و دووبارەکردنەوەی یەکن. بە جیاکاریی ئەو دەستکەوتە ھونەرییانەی لە ئاکامی پەرەسەندنی بیر و پێویستییە کۆمەڵایەتی و شارستانییەکان ئەزموون کراون و دامەزراون، یان بابەت و مەبەستەکان شێوازیان دەگۆڕێن و نیشانەکانی ھەست پێدەکرێن. زمانی شیعر، شیعرییەت لە زمانی قۆناخێکی دیاریکراو وەرناگرێت. واتە: زمانی شاعیرێک، لە زمانی شاعیرێکی ترەوە دەستپێناکان، ھەموو سەردەم و مەوداکان ڕادەکێشێتە ناو بازنەی بەڕێوەچوونی خۆی، ھێز دەڕژێنێتە ناو تەکانەکانی بۆ بەکاربردن و ئاماژە ژیربێژییەکان.


ھیچ قۆناخێک نابیندرێت، داھێنان تاجی لەسەر ھێمایەکی دلێری نەنابێت و ئەستێرەیەکی بەرھەم نەھێنابێت. نموونە: قۆناخی کلاسیکی تاجی داھێنانی خستە سەری (نالی). قۆناخی یەکەمی نوێبەخشی، تاجی داھێنانی خستە سەری (گۆران). لە قۆناخی دووەمی نوێبەخشیدا، ئاستێکی تر دێتە گۆڕێ و ناتواندرێت داھێنەرێک وەک تاک و ئەستێرە دەستنیشان بکرێت و ھەموو ھونەرەکانی تێدا کۆببووبێتەوە.


نموونە: ھەندێک فۆرم و شێواز و گوتاری شیعریی لای: (لەتیف ھەڵمەت) ھەیە. لای: (ئەنوەر قادر محەمەد) نییە. ھەندێک فۆرم و شێواز و گوتاری شیعرییش لای: (شێرکۆ بێکەس) ھەیە. لای ئەوانی تر نییە، یان ھەندێک فۆرم و شێواز و گوتاری شیعریی لای : (فەرھاد شاکەلی) ھەیە. لای ھیچێکیان نییە. کەواتە: لەم قۆناغەدا فۆرم و شێواز و گوتاری شیعریی پەرەی سەندووە و ئاستی کۆی وەرگرتووە، تاک وەک ئەستێرە و ھێمایەک وەرناگیرێت. فرە ھێمایی ھاتووەتە ناو داھێنانی شیعری کوردییەوە، بەڵام لە قۆناخی کلاسیکی و قۆناخی یەکەمی نوێبەخشیدا، ھەموو ھونەرەکان لە ھەریەک لە (نالی و گۆران)دا کۆببوونەوە. بۆیە تواندرا وەک تاک و ئەستێرە دەستنیشان بکرێن. لەگەڵ ئەمەش قوتابخانە و قۆناخ و ڕێباز و تەوژم.....تاد، لەناو دەچن. تەنیا شیعر، شیعری بێگەرد. بە پلەی یەکەم دەمێنێتەوە. درێژەپێدان و مێژوویی نین. ھەندآ باری قووڵی سەرسامی تەسەوف لە شیعری ئەمڕۆ دەبیندرێن و دەڕبڕین لە ژیان دەکەن.


سیماکانی لە قۆناخی کلاسیکی ڕەونەقیان بیندراوە، وەک پێویستییەک لەمڕۆدا ئەزموون دەکرێنەوە، ئەو پێویستییە ونبوونی نوێبەخشی نییە لەناو کلاسیکدا، ئەو شتانەی لە ڕۆژ و ڕۆژگاری خۆیاندا بەرەو بە ئەدەببوون دەچن، شتەکانی لەناو کۆمەڵگادا ئەدەبن و ئەوانی تواناشیان تێدایە ببنە ئەدەب، دەقئاوێزان بە جیاکاریی، بنیادی دامەزراندنە. ھێڵی ڕوونی ڕوانینەکان بخاتە باری قووڵبوونەوە و سیما ھاوبەشەکان بناسێنێت. زمانی جیاکار، ترپە و ئاوازی جیاکاری لێ دەبێتەوە. شێوەکانی دەربڕینیش لە ترپە و ئاواز وەردەگرێت. وەک فۆرم و پێکھاتەی ڕستە بەندیش جیاکارییەکان بەرەو چەندان ئاراستەی جیاکار ڕاماندەکێشن و بە کارامەیی بە گەڕمان دەخەنەوە بۆ دوانەخستنی ژیان، کە ژیان خۆی کردەیەکی دواخراوە. خاوەن فۆرم و توانایەکی سەرسوڕھێنیشە.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.

پێویستی.


من چێژ لە سەردەمی خۆم. واتە: ئێستا وەردەگرم و بە ئاسۆ و دوورییەکی گەرم و ئاسوودەی دەزانم، خۆم فریو نادەم بە ڕابردوو و داھاتووەوە، ئەمە منی دوورخستەوە لەوەی شیعری خۆسوورکردنەوە و ھەڵوێستی دروستکراو بنووسم. ئەدەبێکی بە کاکڵ و زیندوو لە گومانی ناڕوونی ڕابردوو و داھاتووەوە بەرھەم نایەت. لەم لێوردبوونەوەوە ھەستم بۆ ژیان و ھەڵبژاردنی شتەکانی دەوروبەر ھەڵوێستی وەرگرت. شەپۆلی ھۆشیاری لە ناخمدا خۆی ھەڵاوێشت و بەڵگەی ئەوەی پیشان دا، لە ناختدا پەیامبەرێک خوڵقاوە پێویستی بە دەربڕین و نووسینی کتێبێکە بۆ ھەمووان.


لەو خرۆشانەی خەون و واقیع و ژیان داوایان لە گیانم کرد، پێویستە کۆمان بکەیتەوە، خاڵی بەیەکگەیشتنمان شیعرە. فەزای زیندووی پەیامبەریەتی لە بوونم ڕسکا. گۆڕانێکی ڕیشەیی لە ڕوانینە سەرەتایییەکانم بەرپا بوو، بەڵام لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گیانیی یەکەمین ئامادەبوونی نووسین لە سەلیقە و چێژمدا چەخماخەی دا. خۆی وەک کاتێکی بەرجەستە لە بینین و نووسین پیشان دا. ژیان و مەرگم لەناودا کردە سەرمەشقی پایەداربوون.


سروشتی دەربڕینیش دەگۆڕێن، ھەندآ جار واقیع و ژیان جێدەھێڵم و دەچمە ناو خەون. ھەندآ جاری دیکەش خەون جێدەھێڵم و دەچمە ناو جوانییەکانی واقیع و ژیان. ئەم جێگۆڕکێکردنە بیرکردنەوە و گفتوگۆ و بینین و دەروونم ئازاد دەکەن و دەچمە ناو کەشی نووسین. واتە: دۆزینەوەی واقیعی نووسین. نووسینیش لە ھەموو شوێنێکدا ھەیە. تا لە بۆشایییەکانیش پێویستە شاعیربم، لە مردنیشدا وەڵامی پێداویستییە شیعرییەکان بدەمەوە. سوپاس بۆ خودا چارەنووسی لەدایکبوونم لە وڵاتێکدا بووە، شیعری تێدا خۆشەویستە.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.


ڕەخنە.


نووسین لەبارەی دەقەکانم ڕێکخراون، ئایە بوونەتە ھۆیەک لە دید و دیدگایانەوە بە خۆمدا بچمەوە، ڕەخنە ئامرازێکە بۆ باش تێگەیشتن لە ئەدەب، جۆرە سەرلێشێوانێک بۆ خوێنەر بەدی ناھێنێت. سەربەخۆیی دەق و خوێنەر گرینگە، کردەیەکی شارستانی و زانستییە، ڕۆشنبیر سەداسەد خۆشحاڵە پێی، بەڵام لەو ڕەخنانەی وەک مەبەست ڕایدەکێشمە ناو ئەو نووسینەوە یەکێکیانم بۆ دەستنیشان نەکرا پسپۆڕانە لەناو دەقێکم بە پرۆگرامێکی ئەکادیمی، یان خەیاڵێکی داھێنەرانە کاری کردبێت و بەشێک لە کردەی ڕەخنەییی لەناو خۆیدا ھەڵگرتبێت. کەم ئەزموونی و کەم و کورتیی دەقی منی خستبێتە بەردەم کۆمەڵێک نیشانە، یان خوێنەری خستبێتە خوێندنەوەیەکی تایبەتییەوە، کە پشت بە میتۆدەکانی ڕەخنەگر ببەستێت.


ئەو دیاردانە وامان لێ دەکەن بپرسین، ئەرآ ئەم نووسینانە بۆ ڕێکدەخرێن. ھەقیقەت لە کوێیە. ئایە ھیچ لەو نووسەرانەی، کە ڕۆشنبیریی خۆیان ئامادەیی لە نووسینە ڕێکخراوەکەدا نەبینیوە، توانیویانە پەیوەندییەکانی نێوان دەقەکانم بخوێننەوە و خۆیان تێیدا ئامادە بکەن بۆ کارێکی زانستییانە، کە توانای مانەوەی ھەبێت، خاڵێک، یان چەند خاڵێکی قەناعەت پێکەر بخاتە ناو گفتوگۆوە، کە مەترسی بێت بۆ ئەو بیروڕا ھونەرییانەی من پێشکێشم کردوون، ئاراستە و بڕوای ئەدەبی منیان پێکھێناوە.


ڕەخنەگرانی ئەکادیمی و خەیاڵ ساغیش، توانیویانە پانتایییەکی ھەمیشە ئامادەی ئەزموونم پیشان بدەن. ھەستیارییەکی قووڵی تێدابێت لەناوی ئاسوودە بیر بکەمەوە و پەیوەست بم بە خەونی نووسین. ھەمیشە بڕوایەکی پتەویشم بە جیھانی منداڵییەوە ھەیە. ئەو ھەستە پاکەی لە گیانی منداڵیەتی پەروەردە کراوە. ھەمان ھەستی پاکیش لە سروشتدا دەجووڵێت. منداڵی و سروشت ناوەندێکن لە ھەموو لایەکەوە بۆیان دەچم.


لە پەیوەندییە برادەرییەکانم بە ھەموو ھەستەکانمەوە ڕێز لەبەرانبەر دەگرم، کەچی زوو لەوە حاڵی دەبم بەرانبەر پێویستە وەک گوێزێکی پووچ لە لێژاییدا فڕآ بدرێت. چۆلەکە پشت و پێش و تەنیشتی خۆی دەبینێت. خاوەنی بینین و مەودایەکی بێشوماریشە. بە پێچەوانەی چۆلەکە یەک ئاراستەی بینینم بۆ ژیان ھەیە. ئاراستەی بینینی ھەقیقەت و بەرزایی ڕۆشنبیری و داھێنان، پەیڕەویشی دەکەم. چ زیانێکیش بەو ھۆیەوە پێم بگات پێی زەرەرمەند نابم.


دیاردەی بێزراو لە ئەزموونی شاعیریەتیی من بیندراوە، ھەبووە بە نووسینێک بردوومیەتە کەشکەڵان، دوای ماوەیەکی ئێجگار کورتیش ھەر خودی ھەمان کەسی خاوەن ئاراستەی کەشکەڵان، بوونی ئەدەبیمی ڕەت کردووەتەوە، کە ئەو ماوە ئێجگار کورتە ناتواندرێت وەک گۆڕان و ئەزموون لە دید و دیدگا تەماشا بکرێت.


ئەگەر نووسەر خۆی لە ئەنجامی ئەزموون و کارکردنی لەناو ئاماژە ئەدەبییەکاندا گەیشتبێت بەو دوو ئاراستەیەی کارکردنە و ھاتبێتە سەر ڕۆشنایی باوەڕێک، وەک ئاکامی وەرچەرخانێک بیر لە ئاستەکان دەکەمەوە و پێی خۆشحاڵ دەبم. ئەگەر مایەی سوودوەرگرتن بێت، سوودیشی لێ وەردەگرم، بەڵام ئەگەر لەژێر چاوڕوونی و ڕازیکردنی دژەکانم ئەو ھەڵگەڕانەوەیەی کردبێتە داو و ھێڵێک و کردەی نووسینی بەدوادا ببات، لەوانەیە بتوانێت لە ماوەیەکی ئێجگار کورتدا بە چەند ئاراستەیەکی دیکەشدا کێش و نیشانە و ئاراستەکردن وەربگرێت. کاری ڕەخنەگر لەسەر ئەم پایە دەوەستێت سەنگی ئەدەب لە ڕۆشنبیریی کوردیدا دەربخات. ھەندێک نووسین لە ئاستی ھەرە بەرز ڕایانگرتووم. بێگومان ئەمەیان زێدەڕۆیی تێدایە. ھەشە بە شێوەیەک دایپڵۆسیوم لە نزمترین ئاستی ئەدەبی دیاریکراوی کردووم. ئەمەشیان بێگومان ونکردنی ڕۆشنبیریی تێدایە.


خۆشم لەو دوو بەرەی دژ بەیەکە باش حاڵیم، داھێنان لەو پاداشتە نییە، کە لە ڕەخنەگر، یان ھێزی باڵادەستی سیاسی وەردەگیرێت. خورپەی دڵ فەرمانڕەوایی بەردەوامیی داھێنانە. دیارییەکە خودا و زمان ئەو خورپەی دڵەمان دەدەنآ و ئاشکرای دەکەن.


ھیچ ڕستەیەک لەبارەی نووسینێک نامدرەوشێنێتەوە، ئەگەر ھەست و دەروونی نووسەرەکەی تێیدا ئازاد نەبێت تا سەر ئێسکان گیر بخوات لە خوڵقاندنی دوو دیوی و کلکایەتی، لەگەڵ ھەموو نووسینێکدام، تەنیا لەگەڵ ئەو نووسینەدا نیم ڕک و بوغز و تاکتیکی سیاسەت تێیدا دەستەڵاتدار بێت. ئەو نووسینانە ھۆشیاریی ڕەخنەیان تێدا بەکار نایەت. زیاتر چاودێری نووسین و ھەڵکووتانە سەر و پەلاماردانن. ئەمجۆرە ڕەتکردنەوانەش تەنیا شکست بۆ خاوەنەکەی تۆمار دەکەن. شکستییەکەش دەبێتە بابەتی لادانی ڕەخنە لە میتۆدە ڕەخنەیییەکان و ئەم و ئەو ڕازیکردن لەسەر ڕەنجی ئەو دەقانەی خاوەنی ھەقیقیترین بنەمای شیعرییەتن.


ھەندێک لە نووسینی بێزراو بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە ئاماژەیان بەو وێنە شیعرییە: (شەمەندەفەر گوڵەبەڕۆژەی مێژوو دەکرتێنێت) داوە.


لە ئایندەشدا گاڵتەکردن بە ئەزموونی سەرکێشان بەردەوام دەبێت. پێش منیش گاڵتە بە ئەزموونی سەرکێشانی دی کراون، دواتریش بوونەتە ھێمایەکی ڕوون و زۆر درەوشاوە. نموونە: گۆران، کە توانیویەتی سیمای داھێنانی تاقانەی خۆی دەربخات، چووەتە ناو ھەندێک کۆڕ و کۆمەڵ، نیمچە ڕۆشنبیری کەم ئەزموون و ناڕۆشن بە: (ھەلوور بەلوور تەکامە - زەرد و سوور و شەمامە) تانەیان لێداوە. لەبەر ئەوەی شیعری لە دەرەوەی ژیان دەرھێنا و کردی بە ژیان، ئاسۆ و دووری و پانتاییەکیشی بۆ خوێنەری نموونەیی جێھێتشت. ئەم دەربڕینەیان وەک بەھانەیەک دەھێنایەوە، کە لەسەر ئەم کێشە خۆماڵییە سیماکانی شیعری کوردی دەرخستووە و بە کارامەیی و وردی ھەوڵی تێگەیشتنی کێشە خۆماڵییەکانی داوە، من لێرەدا سەرنجەکانم دەرخستووە و لێم نەکۆڵیوەتەوە. واتە: ئەم دەڕبڕینەم تەنیا بۆ ڕوونکردنەوەیە . بەھەرحاڵ ئەرآ ئەو ڕێزدارانە کآ بوون و لە مێژوودا چییان پآ کرا. لەمڕۆدا ئێمەمانان چەندیان دەناسین، وەک ڕەگ و سەرچاوەی چێژبەخش پەیوەندییە نادیارەکانی خەیاڵکردن و بیرکردنەوەمان لێک ئاشکرا بکەن. لە لێکجیابوونەوە و پێکەوەبوونیانیش ھاوگونجانێک نیشان بدەن، یان لە پانۆرامای داھێنان لە کوێندەر دەستنیشانیان بکەین. ئەوانەی ھەقیقەتی داھێنانی مەزنیان زانیوە ئەوە دەزانن، کە (گۆران) توانی دیوانی نوێبەخشی شیعری کوردی بنووسێت، لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگار پێگە و ناوبانگ و شاعیرییەتی زیاتر بدرەوشێتەوە لەوەی، کە خۆی لە ژیاندا مابوو، ھەیبوو. کەواتە: بەرھەمھێنانی شیعری بێگەرد ئەفسوونی ھەموو سەردەمەکان و بەگەڕخەری ھێزی ژیانە. لێکدانەوەی شیعر، یەک لەو گوناھانەیە، کە لێخۆشبوونی بۆ نییە، لە لەدەستدانی ئەزموونی ئێستێتیکای بەشێک لە نووسینی کوردی، لە لێکدانەوەی ئەم وێنە شیعرییەم داوای بووردن لە گیانی بەھێزی ئەم گوناھە دەکەم، ڕەنگە خوێنەر ھەندێک جار تێگەیشتنی بۆ دەق بگاتە ئاستی تێگەیشتنی نووسەرەکە و قووڵتریش بچێت.


دەقی من کەم تا زۆرێک ھۆشیارییەکی جیاکاری ھێناوەتە گۆڕآ و لەناو کولتووری کوردییەوە ھاتووەتە بەرھەم، ڕەنگە ھۆیەکەشی ئەوەبێت ویستبێتم لەناو ئەم کولتوورەدا ھەوڵ بۆ خۆبوونی خۆم بدەم. ئەم وێنەیەش بەرھەمی بیری گەرمی منە، خەیاڵی شاعیرییەتیم لە ھێنانە پێشەوەی منداڵی تاقی کردووەتەوە.


یەک لە جەژنەکانی ھەفتایەکان، جەژنانەکانم پەنجا فلس بوو، لەگەڵ یەک لە کوڕەکانی مامم چووین پەنجا فلسەکەمان خستە سەر ھێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر بەو نیازەی، کە بەسەریدا بڕوات پەنجا فلسەکە گەورە دەبێت و فۆرمی سەد فلسی وەردەگرێت. بە ئەنجامی ئەو کردارە دەتوانین چێژ زیاتر لە جەژن وەربگرین.

 

کەچی بە شێوەیەکی وا ھەردوو دیوی پەنجا فلسەکەی سڕییەوە شوێنەواری پارەی پێوە دیار نەما. جا شەمەندەفەر لە چێژی جەژنێک بێبەشی کردووم و چێژی ساتێک لە منداڵیی کوشتووم و نەفەسبڕ دنیای ئەفسووناوی دەستکاری کردم.


لەم وێنەیەدا سڕینەوەکەم وەک کاردانەوەیەک کار پێکردووە و جووڵاندوومە. بەلای زۆرێک شەمەندەفەر ھۆی گەیاندن و گەشت و خۆشحاڵیی و بڵاچەی ئاواتە، بەڵام لە دید و دیدگای ئەو کاتی من وەک دڕندەیەکی ترسناک تەماشا دەکرا، ھەروەھا وەک وێنەیەکی ڕووبەڕووبوونەوە و گرژبوون بەکار براوە. شەمەندەفەر ھاوتا کراوە بە کەسایەتیی دیکتاتۆر و جووڵێندراوە، کە ھۆی نەشونماکردنی ژیان و زمان و نیشانە دەسڕێتەوە و دەوروبەرێکی نالەبار و بەربەستە بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن.


ھێزی خود لەم وێنەیەدا دەسەڵاتدارە، دەقئاوێزانییەکی نیشانە ناسیشم لە نێوان ھێزی نووسین و ھۆشمەندیی کۆمەڵگادا دۆزیوەتەوە. دۆزینەوەی ئەم دەقئاوێزانییە لە کێشی ڕەخنەنووسێک نییە، کە خاوەنی پرۆژەی دۆزینەوە نەبێت.


شوێن و ھێما و ھێزی خودی چالاک لە دەربڕینەکانمدا وێنەیان زۆرە، بەڵام تا بڵێی پڕ سرووشی ھەمەچەشنی مرۆڤ و شێوە و شێوازی تەقینەوەی خێرا.


لەبارخراپیی کێشە و گرفتی ڕەخنەی ئەدەبی کوردیدا، ھەندێک لە نەوەی پێش خۆم و نەوەی دوای خۆمی گوێڕایەڵیان، بەھەوڵی گرووپێکی لێک نزیک، نووسینم لەبارە ڕێکدەخەن. بە ئاشکراش کار بۆ ئەم ھاوکارییەیان دەکەن. گرووپ دووبارەکردنەوەی ڕەفتاری خێڵایەتییە، بەھەمان جۆر و دەستووری سەلەفییانە بەڕێوە دەچێت. ھەر خەوندیدەیەک ئەفسانە و ناوەندێکی زاڵ و کاریگەرە لە نووسیندا، ئەو ئەقڵییەتە کۆنخوازانەی بڕوایان بە بیرکردنەوەی ئەوی دی نییە. ترسی ھەڵوەشانەوە وەک عەلیشیشی گیڤبووەوە دەیانباتەوە ناو قەبارەی سروشتیی خۆیان. کەواتە: دژایەتیکردنەکە بە سروشتی و تۆمارکردنی ناکۆکیی ئەوی دی وەردەگرم. نووسەر بینینی ژیان و سەیری دنیاکردنی، بووە کۆنترۆڵکردنی ئەوی دی، لەگەڵ دەروون و بیرکردنەوەی خۆی گەییوەتە کۆتایییەکی بێزراو. نووسەرێکیش لەگەڵ خودی خۆی گەیشتە کۆتایی، گوڕنەتەڵە و مردۆخە، پێویستە بچێت داوا بکات لە خانەی پیر و پەککەوتووەکان ناونووس بکرێت. بگرەوبەردەم لەگەڵ ئەوی دی نییە، بینینی ژیان و سەیری دنیاکردنم لەگەڵ دەروون و بیرکردنەوەی خۆمدا، ھەمیشە لە ئەزموون و نیشانە ناسیدایە. گرووپ دەستکردی دەسەڵات و ھێزی باڵا دەستی سیاسییە. کار پێکردنیشی بە نیازی ڕآ پآ بزرکردن و دووچاری گرفتکردنی ئەوی دی، خۆی ترسێکی کەمەرشکێنە لە ئەزموونی پڕ شایەن بە ئاماژە، باوەڕ پتەویشم بەھێزی خەونبینیم بۆ نوێبەخشی، وا دەبینم یەک یەک دەگلێن و ڕووبەڕووی داھێنان شەرمەزار و چاو بەرەوژێر دەبن. خاوەن پرۆژەش دەبێت بە خاوەنی ئەو سەروەرییە بێدەنگەی کە دەقە، ھەروەھا جیاکاریی نەوە جیاکارەکانیش بە دیاردەیەکی تەندروست دەزانم و ڕێزی لێ دەنێم، بەڵام بێز لەو بارە ناسروشتییە دەکەمەوە لەسەر بنیادی ڕوانین دروستی ناکەن و ئیرەیی و حوکمی پێشینەی بآ سوود بەڕێوەی دەبات. بە ھیچ جۆرێکیش بیرم لەوە نەکردووەتەوە ھێڵی ھاوبەشی خۆم لە شیعری کوردیدا جیا بکەمەوە، بەڵام ھەردەم ئەو بیرکردنەوەیە دەمخواتەوە، کە ھەنگاوێکی چوست و بنچینەیی دیکەبم لە ئەزموونی قەناعەت پێھاتووی خۆم. لە ھەموو ناوەندێکی بە گێچەڵیش دوور دەکەومەوە، سەرگەرمی بەدیھێنانی خەونی نووسین دەبم، جۆشێکی خۆڕسک و لەخۆوە و باشم بۆ خوێندنەوە و نووسین لا پەیدا بووە. لەگەڵ ئەمەش: سەرجەم ئەزموونی ھیچ شاعیرێکی کوردم بەدڵ نەبووە، بەڵام شیعری تاک تاک و ھەڵبژاردەم بەدڵ بووە و ماچم کردووە. ئەم بارەی خۆم بۆ ئەزموونی ئەوانی دی، بەھەمان چەشنیش لای ئەوانی دی بۆ ئەزموونی خۆم بە ڕەوا دەزانم.


لە سەرجەم دەقەکانیشدا ئاراستەیەکی خەونیم دەربڕیوە، خەون سرووش و سروشتی پێغەمبەرانە خودا دەیدات بە کەسی پەیامدار. من وەک کەسایەتی، خەونێکم لە شیعرەوە بەرھەمھاتووم، خەونیش ڕادەگەیەنم. نادیارییەک لە خەوندا ھەموو گەمارۆکانی شکاندووە، نووسین ڕاوی ئەو نادیارییەیە. خەون درەوشانەوەی واقیعە، زمان لە دەقی خەونیدا ئامرازی گەیاندن نییە، ئامرازی سرووش و چالاکیی وێنە و ناسینی ڕەنگەکانە. ئاسانە بگەیت بە ئەوی دی، بەڵام ئاسان نییە بگەیت بە خودی وریای خۆت، کە گەیشتی بە خودی وریای خۆت، دەرەوە و ئەوی دی بەلاتەوە دەبنە شتێکی لاوەکی، یان زۆر لاوەکی. گەیشتووم بەو قەناعەتە ڕەھایە، تەمەن و کات ھەر ھێندە بار و بوار و ماوەم دەدەن بزانم من چیم لە ژیان دەوێت، بە گرینگیشی نازانم، بزانم دەرەوە و ئەوی دی چییان لە من دەوێت.
ئیلتیزامم بە بڕوا ھونەرییەکانی خۆمەوە ھەیە، کولتووری تایبەت بە خۆشم ھەڵبژاردووە و کاری پێدەکەم. ھەستیش دەکەم کۆمەڵگای ئێمە چووەتە ناو نەریت و ڕابردوووەوە، پێویستە دەربھێندرێت، مانەوەی توانای ھەڵدەبزڕکێنێت و زیان بە گەشەسەندنی دەگەیەنێ و خەمڵینی دوا دەخات.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.


خوێندنەوە.


شێوازی خوێندنەوە بەشێک لە بەھای چێژی لەناو خۆیدا ھەڵگرتووە، سەرەنجام ئەم گواستنەوەی چێژەش دەبێتە بەشێک لە ڕۆشنبیریی گوێگر.


شیعر وەک دەق، شیعر وەک شێوازی خوێندنەوە. دوو یەکەن لە یەک سەرچاوەوە پەرەیان نەگرتووە.


وەک دەق دەسەڵاتی جوانی و بیرکردنەوە لە چێژدا دروست دەکات.


وەک شێوازی خوێندنەوەش، دەنگ و جووڵە و ھێماکانی دەست و ڕوخسار ڕۆڵی جوانی و بیرکردنەوە دەگێڕن و دروستی دەکەن.


ئەزموونی شیعر خوێندنەوەی ناو ھۆڵ و بەر میکرۆفۆنم ھەیە، بەڵام شێوازی خوێندنەوە و دەنگ و جووڵە و ھێماکانی دەست و ڕوخسارم پەیوەندیی خۆی لەگەڵ گوێگر نادۆزێتەوە، نەتوانینی گواستنەوەی مانا و جوانی لە نائاگاییم دەجووڵێت و مەوداکانی بیرکردنەوەی خۆم لەگەڵ مەوداکانی چێژی گوێگر سەرچاوەکانیان تا ڕادە و ئاستی ڕژانە ناویەک لێک نزیک نابێتەوە.


شیعر شوێنی ڕاستەقینەی گرتووە. چڕبوونەوەی چێژی کۆمەڵگای کوردیش لە شیعردا بووەتە ناوەند. ھیچ ھونەرێکی دی ھێندەی ئەم بەشە پەروەردەی چێژی کۆمەڵگای نەکردووە. ھەندێک خورپەی بزربووی ناخ ھەن، ڕەگەزەکانی دیکەی ئەدەبی نایدۆزنەوە. تەنیا شیعر لەباری درەوشانەوەیدا دەتوانێت بیاندۆزێتەوە. نووسین و ھونەر ئاراستەیان بەرەو ژیان و چێژە، بەڵام کردەی داھێنانی پەتی، ستایشی ژیان نییە لە پێناوی چێژدا، تێڕوانینی نوآ لەبارەی ژیان و چێژ دەخوڵقێنآ و دەیکاتە قەناعەتی مرۆڤ، مرۆڤی نوێبەخش و بەخشندەش ڕازەکان دەدۆزێتەوە.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.

تێپەڕاندن.


بە ھیچ شێوەیەک بڕوام بە تێپەڕاندن نییە، بگرە بڕوام بەگۆڕان و جیھانبینیی جیاکار ھەیە. تا ئێستاش نەمتوانیوە بڕوا بەوە بھێنم (نالی)، (باباتاھیر)ی تێپەڕ کردووە، ھەروەھا (گۆران) جەستەی شیعری کلاسیکی بەتەواوی جآ ھێڵاوە. ئێمەمانانیش خاڵی جیابوونەوەی ڕەھامان لەگەڵ نەوەی پێش خۆماندا نابێت. دەقئاوێزانییەکی بەھێز لە نێوان ھەموو نەوەکاندا ئاشکرایە و لەوانەی دوای ئێمەمانانیش بەردەوامی دەمێنێت. وا دەبینم ھەر ڕۆژ و ڕۆژگارێک جیھانبینیی خۆی بەسەر کەسی خاوەن جیھانبینیی ڕۆشنکەر و ھێمای ھەمەچەشن دەسەپێنآ. وەک چۆن ھەموو وەرزێک بە فراوانی سەیری ئاو و ھەوای تایبەت بەخۆی دەکات و دەیسەپێنێتیش، ئەم ئاو و ھەوایەش کەم و زۆرێک کاریگەری بە بارستی خۆی بەسەر نەشونمای درەختەکان جآ دەھێڵێت. ئەوەی تێبینیم کردووە نەوەی پێش ئێمە ستوونی ژیانیان ھێنایە ناو شیعر و ئەزموونیان کرد. ئێمە ستوونی و ئاسۆیی و بازنەیی ژیان و خەیاڵ و خەونمان ھێنایە ناو شیعر و فراوانتر ئەزموونمان کرد و درەوشاوە و دەوڵەمەندتر ناساندمان.


نەوەی دوای ئێمەش کۆمەڵێک جیھانبینیی زیاد دەکەنە سەر قۆناخی شیعری ئێمە. ئەمە یاسای ژیانە و دەبێت قبووڵمان بێت. قبووڵکردنی ئەم ھەقیقەتە ناوەندێکی چەسپاوە لە بڕوابەخۆبوون و ھەقیقەت بینین و دیاردەکانی پەیوەندیدار بە چییەتی بوونەوە.


پرۆژەی تێپەڕاندنم نییە، زیاتر خەوندیدەی پێکھێنانی ھێڵ و ھێماکانی خۆمم، شیعرییەت سیمای ڕوونی گشت نەوەکانە و شانەیەکی زیندووی زۆر قووڵە لە جەستە و پێکھاتەی مرۆڤدا.


دەقئاوێزانی دەتگەیەنێت بە فۆرمی ڕۆشنبیری و بیرکردنەوەی چالاک و دەتدرەوشێنێتەوە. ئەگەر ڕۆشنبیرییەک دەقئاوێزانی لەگەڵ گیانی بەھێزی ڕۆشنبیریی دنیا نەھێنێتە ئاستی ھەست پێکردن، نەیتوانیوە لە پەیوەندی و گفتوگۆ و بیرکردنەوەی ئەوانی دیکەدا، ببێتە کەسایەتییەک بتوانێت زانستی ژیان کۆ بکاتەوە.

 

ڕۆشنبیرییەکیش نەتوانێت ببێتە کەسایەتییەک. زانستی ژیان کۆ بکاتەوە، لەناو ڕۆشنبیریی دنیا خەیاڵی باش بەڕێوە نەچووە.


لە بەرزبوونەوەی ھێڵی ھونەری دەتوانێت لەناو ڕۆشنبیریی دنیا نیشتەجآ بێت و لە گەڕان بۆ بنەڕەتیش چالاک و بەرھەمدار بێت، خەسڵەت و ئاسۆی خۆبوونی بدۆزێتەوە. چرکەساتی ئاسۆی خۆبوونیش، چرکەساتێکی گەرم و ئاسوودە و چڕە لە ژیاندا.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.


بەھرە.


لە دامێنی ھەر دەقێکم، مێژوویەک تۆمارکراوە، بڵێی بڕوام بەوە ھەبێت نووسین ھەڵچوون و کاتی تایبەتییە، یان بەھرە و سرووش ماوەیەکی دوور و درێژ بەردەوام بەشدار و ھاوکارم بن لە نووسینی بەشە پێکھێنەرەکانی دەق. لەو تەمەنەی نووسینمدا، کە نزیکە چارەگە سەدەیەکە بەکامی دڵ لەناو سنوورەکانی لە ھاتوچۆدام. ڕاوی چەند دەقێکم کردوون، ئەوانەی نووسیویشمن ھێشتان لە نووسینیان تەواو نەبوویمە و نەگەیشتووم بەدوا داڕشتنیان. بڕواشم وایە بەھرە و سرووش کار لە ئامادەبوونی نووسەر دەکەن بۆ کەشی خرۆشان، بەڵام وەک ھاندەر و خورپەیەکی شاراوە نەک شتێکی بنەڕەتی و تەواوکەری بنیادی بەردەوامیی نووسین، لە نووسیندا زیاتر تێڕامان و خەون و ئێستێتیکای ویژدانی بە پلەی یەکەم کاریگەری و بەشداریی بەردەوامیم دەدەنآ. ناخی وریام ئامادەی بنیادی بەردەوامیی نووسین دەکەن.


سەرەتاکانی نووسین لە ھۆشیاری و یاداشت و خەونمدا ئامادە دەبێت. چاوەڕوانی کەشی نووسین دەکات. لەوانەیە ئەم کەشە چێژبەخشە شکۆ و بەھرە و سرووشی نووسین بێت و بنەماکانی بەڕێوە ببات. تا ڕادەیەکی زۆر باش نووسین پێویستی بە ژیری ھەیە، تا دەستت بەسەر ئامرازە ھونەرییەکاندا بشکێت و ئەفسوونی نووسین بەھۆی بەھرەیەکی پەروەردەکراودا بەجآ بھێنێت.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.

خوێنەر.


لەناوەوەی خۆم بە بۆچوون و تێگەیشتنی زاھیدێک ژیانم ھەڵبژاردووە و بە چاوی دەمار و خوێن و پشت سەیری شیعری کوردی دەکەم و شیعری: زمان و ئێستێتیکی و مرۆڤدۆستانەشم خۆشدەوێت، شیعر ھەڵگری وزەی ژیانە. لەناو شیعریشدا ژیان دووچاری نەسرەوتن و ھەندێک جەنگی پێویستی کردووم. بوێرییەکانی ڕووبەڕووبوونەوە بەرانبەر ئەو مەترسییانەی لە لەناوچووندا دەبن بە ھەست، کتێبی دەگمەنن ھەوڵ دەدەم تێیان بگەم، دواجاریش بیاننووسمەوە، ئەو ژیانەم لا جوان و پەسندە، ھەست و خەون لەناو دەقی شیعریدا دەیکەنە ئاماژە و ئاخاوتن. لە ئاخاوتندا لە خاڵی ھاوبەش نزیک دەبینەوە، یان دەگەین بە وەڵامێک بۆ ئاخاوتن. خەون و یادەوەری لە سێبەریدا بە یەکتری دەگەن و دەبن بە واقیعێک لە واقیعەکانی بوون. لە نێوان پەسندکردن و ڕەتکردنەوەی خوێنەرانی ھۆشیار و خوێنەرانی ئاساییدا نووسین لەکوآ خۆی دەدۆزێتەوە. جیاکاریی نێوان خوێنەری زۆر و جەماوەر ئاشکرایە. قۆناخی شیعری کلاسیکی کوردی پڕ خوێنەرە، بەڵام جەماوەری نییە.


ئەو مشتومڕە لە نھێنیی ئەو دەقانەدا بە دەست دەکەوێت، وەک سەرچاوەی چێژبەخش پێویستمان بە خوێندنەوەیانە. پەیوەندییەکی دڵخۆشکەریان لەگەڵ مووچڕک و تەزوو و خورپەی شاراوەی ناخ پێکھێناوە.


من یەک بەباری خۆم، کە پەستی دامدەگرێت و لە ھەموو دنیا بآ ئومێد دەبم پەنا بۆ دیوانی: مەحوی، یان دیوانی: حاجی قادری کۆیی، یان دیوانی: گۆران، یان دیوانی: دیلان.....تاد، دەبەم، ئامادەم دەکەنەوە بۆ گرینگیدان بە ھەموو بوارەکانی ژیان، یان دەگەمە فۆرمی گەیشتن بە ھەموو شتەکان و ناخی خۆم. ھەر ھەموو ئاستێکیش ڕێز لە ژیان دەنێـت و ھەوڵی بەرەو پێشەوەی و ئایندەی باشتر دەدات، ھەریەکیش بە تێگەیشتنی خۆی چێژی لێ وەردەگرێت. نووسەریش لەسەر بنەما و فراوانبوونی مەوداکانی زمان و ھێشتنەوەی بە زیندووێتی ئەو متمانەیەی دەبێتە خەونێکی بەدیھاتوو، لە خەونەوەش دەست پێدەکاتەوە. من خەونم ھەیە، لە خەونەکانمدا دەست پێدەکەمەوە و دەچمە ناو مەوداکانی بیرکردنەوە و نووسین.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.

وشە.


وشەی: خەون و منداڵی و مردن، بێئاگاییم دەجووڵێنن و لام دووبارە دەبنەوە، دەبێت لە پەرەسەندنی خۆیاندا قسەم لەبارەیانەوە ھەبێت و چوارچێوەیەکیان بۆ بگرم، فەزا و ڕەگەزی ئەم وشانە دیدگای منیان دیل نەکردووە، زیاتر بەلای خۆیاندا بەکێشیان کردووم. لەناو مندا ڕەگیان وریایە و بەگەشەکردنم ناساندوون، کەشوھەوان بۆ ئەزموونی خەونیم، لە شیعردا ئیلتیزامم بە فەزای بوونەوە ھەیە، نەک فەزا و ڕەگەزی وشە. بوون لە دەقدا دەبێتە شەپۆلی مانا و جوانی و شیعرییەت. شیعری من مەبەستی مێژوویی تێدا نییە. داڕشتنێکی بوونی و خەونییە. کار لەناو خەون دەکەم بۆ دروستکردنی جیھانبینی، خەون و منداڵی و مردن پرسیاری ئەزەلین، نەکراوە وەڵامێکی ڕەھا بۆ پرسیارەکانی ئەزەلییەت بدرێنەوە، ھەر وەڵامێکی دەبێتەوە کۆمەڵێک پرسیاری دیکە. دووبارە نیاز و کەڵکەڵەی گەڕان و دۆزینەوە گەرم دەکەنەوە، دەمانخاتە بەردەم ئازادیی دەربڕین، خەون و خەیاڵمان دەجووڵێنێت، دەکرێت ئەم پرسیارە دوابخرێت بۆ دوای کۆتایی زەوی، یان دوای دۆزینەوەی بزەی مۆنالیزا و بەختیاری تا ھەتایی، بڕوا بە بەختیاری تا ھەتایە، کاریگەرترین و بەپیتترین ناوەرۆکی مێژووی گیانی پێکھێناوە.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.

لایەنگر.


بەلامەوە گرینگە ھەموو ئاستێک ببێتە لایەنگری دەقەکانم، یان نا. بەھای سەربەستی شوێنی نووسینی لە جیھان دۆزیوەتەوە، بە تەواوی مانای سەربەستی، سەربەستیم لە جۆری بیرکردنەوە و ھونەرە جوانەکان و چێژی نووسین بۆ خۆم دابین کردووە، سەربەستی لەناو ھەستیاریی نووسین دەتوێنمەوە، کەسی دووەمیش بەھەمان سەربەستی بەڕێوە دەچێت. منی وەک نووسین بەلاوە گرینگە، یان نا. ئەو قەناعەتەشی لا وێنا دەکەم بە ھەموو توانای گیانی و ھێزی ئەقڵیمەوە ئاماژەکان بە دەربڕین و ناوەندی بەرھەمھێنان دەگەیەنم، بارێکی گیانیش لەناوەندی نووسین چێژی ھاندانم دەگەیەنێتە پلەی توانەوە و تێکەڵاوبوون بە زۆرێک لە شتەکان. ھەوڵیش دەدەم ژیانی چێژدار و بەجوانی پەیوەست بخزێنمە گیانی ئادەمیزادەوە. ئادەمیزادیش بگەڕێنمەوە باری یەکەمین فڕین. ئێستێتیکای ھاوبەش و ڕۆشنایییەکانی ناو دەق دەکەمە ھونەری لێکدانەوە و تێگەیشتن بۆ پەخشکردنەوەی ڕۆشنایییەکانی خەیاڵ و ئەندێشەی وەرگر. وابەستەی کولتووری پڕ چالاکیی کوردیم، ئەو کولتوورەی پەیوەندیی بەھەر ھەموو کۆمەڵگاوە ھەیە. بەرھەمی ھۆشمەندییەتی، کەواتە ئێمە ناوەرۆکی گشتیی کولتوورین. تێکۆشانێکی سەخت دەکەم، ناوەرۆکێکی دەوڵەمەند و بە پیت و فەڕ بم.


کولتوور بەو بارە زیندووەی خوڵقاندوویەتی، بەناوبانگترین جۆری دەربڕینی ڕۆشنبیرییە. تا پاشەڕۆژێکی دووریش ھەر بەو شێوە چالاکەی دەمێنێتەوە. مامەڵەی من لەگەڵ نووسیندا مامەڵەی ئیماندارە لەگەڵ خودا و سەرچاوە. خودا و سەرچاوەش دەبنە پرسیار و گفتوگۆ، پرسیار لە چییەتی بوون و نەبوون و شوێنەزا. دواجاریش دەمەوێت بزانم ئەو دۆزینەوانە چین، کە پێیان گەیشتووم، پرسیار و گفتوگۆمان چۆن بوونەتە یەکانگیربوونەوەی ئاسۆکانی ناوەند و نووسینیان لێوە درێژ بووەتەوە.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.


شێواز.


جوانی لە سادەیی و قووڵبینییەوە دەخوڵقێت. لێڵیش شتە سادەکان لەناو دەبا و دڵی جوانی تێدا ھێور ناکرێتەوە. لە بەشێک لە بەرھەمی ھەشتایەکانم لە بنیادی قووڵی تەمومژدا کارم کردووە، تەمومژ لە ئەنجامی جوانیی زمان دروست دەبێت، لێڵیش لە ئەنجامی بنیادی ڕووکەش و ھەڵەی زمانەوە.


نموونە: بێزمانێک دەچێتە لای مرۆڤێک، داوایەک دەخاتە ڕوو. بێزمانەکە لای خۆی مانا و لێکدانەوەیەکی بۆ داواکەی ھەیە و دەزانێت چی دەوێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕوونیی زمانی نییە. ناتوانێت داواکەی لە بەرانبەر بگەیەنێت.


شاعیر ھەن ڕوونیی زمان و جیھانبینییان نییە. لە دەروون و ھەستی یەکئاستیی خۆیان مانایەکیان بۆ نووسینەکەیان داناوە، بەڵام ناتوانن ئەم مانایەیان بە شێوازێکی ڕوون لە بەرانبەر بگەیەنن، لێڵی ئەم نەگەیشتنەیە. ژیان خۆی پڕە لە شێوازی گۆڕان و جموجووڵ، تەنانەت ڕەنگی سروشتیش گۆڕان لە خودی خۆی پەروەردە دەکات. درەخت لە پارچە زەوییەکی بچووکدا کەشوھەوای نەشونما وەردەگرێت، ھەموو ساڵێکیش گەڵاکانی خۆی لەناو دەدا و ھێمای ڕوون و شێوازی گەڵا نوێیەکانی دەکاتە کردەیەکی ڕاست. یەک شێوازیش لە ئەزموونی خەوندیدە و وێڵی دۆزینەوەی ژیانی بە پیت و دەسەڵاتدار نابێت. مانەوە و کارکردنیش لەناو شێوازێک ڕایەڵ و تانوپۆی داھێنان ھەڵدەوەشێنێتەوە، ھەموو سەربەخۆیی و دەسەڵاتێکی کەلکێشیش زەوت دەکات، گیانی بەردەوامبوونیش دادەڕزێنێت. ئەو شێوازەی لەناوەڕاستی ھەشتایەکانەوە ئەزموونم کرد، ھەوڵم دا لەو ئەزموونەدا کار لەناو مانای زمان بکەم و مانای بابەت بمرێنم.


ئەزموونێک بوو، ویستە ھونەری و کەلکێشییە زمانەوانییەکانم تێیدا پێشکێش کرد. دوای ئەم پێشکێشکردنەش خواستی گۆڕان لەناوەوە ھەژاندمی، ھەستم کرد کارێکی دیکە ھەیە بۆ کردن، دنیایەکی دیکە ھەیە بۆ بینین و شێوازی ژیان. کاتێک ڕێگا بەخۆم دەدەم ئەزموونێک واز لێ بێنم و سەرگەرمی ئەزموونێکی دیکە بم، دیارە وەک ئەزموون گەیشتوومەتە دوا ئاستی و لام تەواو بووە، ئەگەر لەناویشیدا بمێنمەوە دووچاری خۆدووبارەکردنەوە و پێکوتە دێم، خۆدووبارەکردنەوە و پێکوتەش کەشی نووسینم لەبەرچاو دادەخەن، لەو بار و بوارەدا ھێزی خود و ڕستە کاریگەرەکانی مرۆڤی نوێبەخشیش بۆ جوانی و ژیان بآ کاریگەر دەبن.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.


ڕاگەیاندن.


ڕاگەیاندن کەناڵ و ناوەندێکی خزمەتگوزارە بۆ کردەی ڕۆشنبیری. لەناو ڕۆژنامەوانیی کوردیدا گەیشتووم بە ئەزموونی بەپیتی زۆرێک لە نووسەرانی کورد و سوودمەند بوویمە بە بیر و بۆچوون و فۆرمەکانیان. لەلایەکی دیکەشەوە ھێندەی لە بەشێک لە ڕۆژنامەوانی بە ناھەق لەبارەی منەوە نووسراوە، ھێندە بەھەق لەبارەی ئەھریمەنەوە نەنووسراوە. سەرەڕای ئەمانەش بەبآ ھیچ ھۆیەک بە مەبەست و ھەڵەی ئەنقەست ناوم لە لێکۆڵینەوە و چاوپێکەوتنە ئەدەبییەکان دەسڕنەوە. بەشێک لە ڕۆژنامەوانیی کوردی ھەوڵی تێدا دراوە ھەقیقەتی شیعری من بشێوێنێت. لە ڕۆژگاری ژیاندا ئەوانەی لە چێژی باوخوازەوە تەماشای ڕستە کاریگەرییەکانی ژیان دەکەن تاوانکارن، نوێبەخشەکانیش قوربانیی ئەو ھێزە باڵادەستانەن، کە تاوانکاران دەجووڵێنن و ئامادەیان دەکەن بۆ بەجێھێنانی مەرام و تاکتیکە سیاسی و شکستە ئەدەبییەکانیان، دیمەنە سادە و کاریگەرەکانی ژیان وەردەگرم بە تێکەڵاوکردنی فۆرمەکانی گەیاندن چەند ئاستێکی زمانەوانیی شیعرییەتی تێدا دەکەمە ستوونی تایبەتکردن و درەوشانەوە. وەک دەقی بە ئەدەببوو دەیخەمە بەردەم کۆمەڵێک نیشان و پرسیار، شتە سادەکانیش بەردەوام لە سرووتی تایبەتی و دانایی لەناو خوڵقاندنی نووسین زانیاریی ویژدانی و گەرمایی ھەستەکانن. بوونمان لەناو خۆیاندا لەپێناو ژیان و جیھانبینییەکی باشتر بەرجەستە دەکەن، تا لە ژیان کاریگەری و کردەوەی خۆیان نیشان بدەن.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.

تێڕامان.


بێدەنگی لە قووڵایی نەزاندراودا پەیوەندیی دیکە لەگەڵ ژیان دەدۆزێتەوە، پەیوەندییە ساردبووەکانیشی لەگەڵ واقیع زیندوو دەکاتەوە. ھەندێک شت لە واقیع وەردەگرێت، لە بیرکردنەوەی ڕێکی دەخاتەوە و ئامادەی گوتنی دەکات. پێکھاتەی سرووتی کەسایەتیم لە نیشتەجێبوون لەسەر زەمین بۆ خۆ گونجاندن لەناو سەرچاوەکانی ژیان وا ھەڵکەوتووە. ئاخاوتن لەناو دەق دروست دەکەم. لە قسەکردن خودی ئامادەکراو دێتە پێشەوە، لە ئاخاوتنی ناو دەقیش ئەفسوونی خودی وریا و ھۆشمەند. ئەگەر زۆر بدوێم، تێڕامانی ناوەوەم دەکوژێت و بنیادی ئامادەبوونی بەردەوامیی نووسینم دەشڵەژآ، ئەفسوونی خودیشم بەتاڵ دەبێت. زۆر دوان تەنیا بۆ کەسی سیاسی گونجاوە، بار و بوار بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەوی دی دروست بکات، نووسەریش بار و بوار بۆ تێڕامانی تاکییەتی و ھەستەکانی خۆی دەستەبەر دەکات. خۆم بە تێگەیشتن لە کرۆکی ڕۆژگار و بێباکی گرتووە، پرۆژەکانم بەھۆی زمانەوە پەرە پێدەدەم، نازانم ئەوەی نووسیومە باشە، یان نا. بەڵام بەو ڕاستییە گەیشتووم پێویستە لە ھەوڵی تێڕامان و بێدەنگی بەردەوامبم.


بێدەنگی لای من مانا قووڵەکانی خەون ئاگادار دەکاتەوە و پرسیاری ژیان و بوونی ھەیە.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.

گفتوگۆ.


ھەمیشە خۆم لە گفتوگۆ و دیمانە ڕۆژنامەوانییەکان بەدوور گرتووە، ئەو دەسکەوتانەی لە بار و بواری شیعرەوە بە دەستم ھێناون، دەکرآ بکرێـنە جێگرەوەی ھەموو گوتن و نووسینێکی دیکە. ھیچ نیازێکی گوتنیشم نییە لە دیمانە ڕۆژنامەوانییەکان بیکەم بە ناوەندی دەربڕین و درکاندن. ھەموو ساتە ھۆشیاری و نھێنی و ھەستکردنەکانی ڕایەڵ و تانوپۆی نووسینیان چنیوم لە ھەناوم خۆیان ڕاپسکاندووەتە دەرەوە و لە دەقەکانم درکاندوومن. خۆ تەرخانکردنیشم بۆ بەرھەمھێنانی دەق بەلاوە گرینگ و ناوەندە. دەق بنەمای پەیوەندییەکان جوان و فراوان دەکات، فۆرمەکانی دەروونیش دەگۆڕێت. سەرەتا شتە گشتییەکان دەدۆزمەوە. دواتر گیانی بزێوی شتەکان دەنووسمەوە و ھەستی تێدا دەخوڵقێنم.


نووسین و قسەکردن لەبارەی شیعر بە کردەی دۆزینەوە تآ ناگەم، زیاتر گواستنەوە و گەیاندنە. ھەوڵ دەدەم خۆمی لێ بپارێزم، لەگەڵ ئەوەش لە ھەموو بابەتێک پتر، تامەزرۆی خوێندنەوەی دیمانە ڕۆژنامەوانییەکانی شاعیرانی بە ئەزموون و ژیننامەی کەسایەتییانم.


تێڕوانین و زۆر وردبوونەوەش لە شیعر دەمانباتەوە بۆ سەردەمی لەدایکبوونی یەکەمین مرۆڤ. نووسین ناتوانێت لەبارەی یەکەمین مرۆڤ ڕستەیەک، تەنیا ڕستەیەک بەھێز بکات، تەنیا لەرزەی گیان دەتوانێت لەناویدا وردبێتەوە و بگات بەباری تێڕامانی یەکەمین مرۆڤ.


زەبرێک ھەیە ناوی مێژوو، ھەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان ھەوێن دەبین و چەندیشمان ھەڵدەبزڕکێین.

 

ماڵپه‌ڕی سەباح رەنجدەر


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک