١١\٢\٢٠١١
فاکتی سەرۆکە
دیکتاتۆرەکان؟!

ستار محەمەد قادر
بۆ دوا جار گەلی میسر وەکو وەفایەک بۆ گیان و رۆحی پاک و بێ گەردی ئەو
گەنجەی کە گەلی تونسی لە خەونێکی قووڵ فراژوو کردوو بە جەستەی گڕگرتووی
ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاندو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا شۆڕشی گەلانی دژی
دیکتاتۆریەت هەڵگیرساند، بڕیاریاندا لە دەروازەی وڵاتی تونسەوە لە
پێناو گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ میسرییەکان تێبپەڕن؟!
ئەوەی ئەمڕۆ لە وڵاتی میسر روو دەدات، ئەوە نیە وا لە ماوەی سی ساڵی
سەرۆکایەتی موبارەکدا روویان دەدا، جاران تاکە کەسێک قسەی دەکردو هەموو
گەلی میسر گوێیان لێی دەگرد، ئەو بڕیاری دەداو ئەوان جێبەجێیان دەکرد.
ئەوەی ئێستا دەیبینین، گەلێک قسە دەکات، ئەو ئینسانە ماسکدارە ئامادە
نیە گوێیان لێ بگرێت، گەلێک بڕیار دەدات، ئەو لە بەرنامەیدا نیە
بچوکترین داوایان بۆ جێبەجێ بکات؟!
ئەمە فاکتی ئەو سەرۆکانەیە وا هەمیشە لەڕێی درووشمی بریقەدارەوە
بازرگانی بە چارەنووسی گەلانەوە دەکەن. ئەمە مۆڕاڵی ئەو سەرکردانەیە وا
لە هەموو بۆنەکاندا قسەو باس لە پێشکەوتن و دادپەروەری و دیمۆکراسی و
مافی مرۆڤ و مافی گەلان دەکەن. ئەمە حەقیقەتی ئەو سەرۆکانەیە وا ساڵی
جارێک بە ناچاری لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا بە شان و باڵی گەل
و نەتەوەدا هەڵدەدەن. ئەمە ئازایەتی و میهرەبانی و ویژدانی ئەو
بوونەوەرە سەیرو سەمەرانەیە کە راستەو خۆ لە شاشەی کەناڵە
ئاسمانیەکانەوە هەڵوێستی نا مرۆڤانەیان دەبینین، چۆن ئامادەیی ئەوەیان
تێدایە لەڕێی بەکارهێنانی هێزەوە ئەگەر بۆیان بکرێت، یان تاکتیک و
نیەتە پەنهانەکانی ناخیانەوە، بەرەی گەل پەرت بکەن، بۆ ئەوەی ئیرادەیان
تەسلیم بە تاکە ئینسانێکی کۆیلەی کورسی بکەن؟!
ئەوەی لە میسر روو دەدات، ئەوەمان پێ دەڵێت: لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
کەم سەرۆک هەن ماسکدار نەبن، ئەوان تا خۆیان دەرهێنەرو سیناریستی شانۆ
گەریەکان ببن، وێنەیان وەکو جەنگاوەرێک هەموو ژیانی لە پێناو
بەرگریکردن لە میللەت و خاک و نەتەوە سەرف کردبێت، پێشان بە کۆمەڵانی
خەڵکی بەستە زوبان دەدات. ئەوان تا لە هەرەمی دەسەڵاتدان، بە شێوەیەک
باسی سیرەی حەیاتیان دەکەن، دادپەوەر، دیمۆکرات، راستگۆ، پاڵەوان،
بیرمەند، بەخشندە، خاوەن مۆڕاڵ، بە شێوەیەک فێڵ و ساختە بازییان بەو
خەڵکە هەژارە دەفرۆشن، وەکو ئەوەی ئەگەر ئەوان نەبن، ئیتر ژیانیش لەو
ووڵاتەدا نابێت؟!
دیکتاتۆرەکان لەئاست ئەم واقیعە نوێیەی دونیا خۆیان لەگێلی دەدەن،
لەکاتێکدا لە هەمووان باشتر ئەو راستییە دەزانن، سەردەمی دەوڵەتی
نەتەوەو دروشمە قەبەو فوتێکراوەکانی ئەمنی قەومی سەدەی رابردوو بەسەر
چوون، چونکە هەموو ئەوانە لە رابردوودا ئەو مادە هۆشبەرانە بوون وا
دەسەڵاتداران گەلانیان پێی بێ هۆش دەکرد، ئاخر هاوڵاتی چی لە وڵاتێک
بکات بۆ دەسەڵاتداران وێنەی بەهەشت و بۆ ئەویش هاوشێوەی دۆزەخ بێت، چی
لەو دروشمە قەبەو فوتێکراوو ئەو وەعدە درۆزنانە بکات، وا لە رابردوودا
ئەوی پێ لە خشتە دەبردرا؟!
سەددەی بیست و یەک، سەردەمی جیهانگیریی و شۆڕشی تەکنۆلۆژیاو بچووک
بوونەوەی دونیایە بۆ ئاستی گوندێک، بۆیە گەلان باشتر لە ماهییەتی
حکومات و حکومڕانی و دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ و هاوڵاتی و دادپەروەری و
سەروەری یاسا دەگەن، باش ئەو راستییە دەزانن، سەرۆکەکان لە فەزای
دیمۆکراسی هەڵخەڵەتاندن و فریو دانی کۆمەڵانی خەڵک بە هونەر نازانن،
ئەوەندەی مەبەستییانە خزمەتی ووڵاتەکەیان بکەن و بە حەقیقەت خزمەتکاری
ئەو خەڵکە ببن، ناتوانن بۆ تەنها ساتێکیش پێگەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان
قۆرخ بکەن، لەو ووڵاتانە هەموو کاتێک، خەڵک قسە دەکاو دەسەڵات گوێ
دەگرێت، لەوێ سەرۆک ئیش بۆ ئەوە ناکات لە پێناو ئیبراز کردنی ناوو
وێنەی خۆی و بنەماڵەکەی، هەموو لایەک کەڕەتی سفر بکات؟!
بەڵێ ئەم رووداوانەی ئەم دواییە لەسەر ئەرزی واقیع ئەوەیان سەلماند،
بێدەنگی چ پەتایەکی کووشندەو چ جۆرە پاڵەوانێکی درۆزن بەرهەم دەهێنێت،
قسە کردنیش چۆن حەقیقەتی ئەو مرۆڤە ماسکدارانە کەشف دەکات. بێدەنگی چی
فەوزایەک لەسەر دەستی ئەو دەسەڵاتە پاوان خوازانە درووست دەکات، قسە
کردنیش چۆن کۆتایی بەو فەوزایە دەهێنێ و فەزایەکی جیاواز بەرهەمدەهێنێت؟!
بەڵێ ئەوەی لە میسرو تونس دەیبینین، چیرۆکی دوو پیاوی نەخۆشن، دوو پیاو
ساڵانێکە ئەوان هەڵە دەکەن و هاوڵاتییان باجەکەی دەدەن. چیرۆکی دوو
پیاو، بۆ ساڵانێک دەڕوات وەکو دوو سەرۆک وێنا دەکران، بەڵام بە داخەوە
دوای کەشف بوونی حەقیقەتیان و پاشۆڵ پیسییان، ئەوەیان سەلماند، خەسڵەتی
نەک سەرۆک، بەڵکو شایانی ئەوەیش نین، وەکو هاوڵاتییەکی بە روومەت لێیان
بنواڕدرێت؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|