٢٥\٨\٢٠١٦
فانتازیای کۆنەپەرستیی.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
لە کۆمەڵگای تەندروستدا فیکر و کلتور لەسەر بنەمای گەشەکردنی ناوەڕۆکی
مەعریفی و ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژی پێشدەکەوێت،
مەعریفە بە ھۆی پێشکەوتنی زانست، ئایدیۆلۆژیا بەھۆی گەشەی
کۆمەڵایەتییەوە... کەچی لە کۆمەڵگای دواکەوتوودا مەعریفەی فیکری ھەر
ئەوەیە کە ھەیە، ئەوەی کە دەگۆڕێت ئایدیۆلۆژیایە، بەپێی
بەرژەوەندییەکانی خۆی و بۆشاییەکانەوە دەست بەسەر کلتور و مەعریفەدا
دەگرێت. کەواتە ئەوەی کە لە فیکری کۆمەڵگای بنبەستوودا گرنگە مەعریفە و
داھێنان و تازەگەری نییە، بەڵکو ئەوەیە کە ھەوڵ بدرێت (رابردوو و
کەلەپور) زیندوو بکرێتەوە، ھەوڵ بدرێت وێناکردنی (کۆن و تەقلیدی)
لەلایەن عەقڵەوە بە پەسەند بزانرێت، ھەوڵ بدرێت تەسەوری عەقڵی رەوایەتی
خۆی لە بۆچوونی (رابردوو و کەلەپور و سوننەتگەراییەوە) وەربگرێت. ئەگەر
ئەو شێوەیە لە عەقڵانیەت زاڵبوونی شێوەیەکی ئایدیۆلۆجیا بێ بەسەر
ژیاندا، ھەژموونی دابونەریتی بنبەستووی کۆمەڵایەتی بێ بەسەر زانستدا،
ئەوە پێویستە کۆمەڵگای کوردی بە کۆی دەزگا مەعریفی و کلتوری و
ئایدیۆلۆژییەکانییەوە وەک دروستکەری فانتازیای کۆنەپەرستی بخوێنینەوە.
رەسەنایەتی/ داھێنان.
بە کورتی ئەمڕۆ قسەکردن لە بارەی رەسەنایەتی و بڕوابوون و ناسنامە و
ستایل و ناسیونالیزم، قسەکردن لە گەڕانەوە بۆ ئەسڵێکی کۆن و رووداوی
یەکەم و کەلەپور و یادەوەری نەتەوە... قسەکردنێکی سیاسییانەی
پۆپۆلیستییە بۆ مەسرەفی رۆژانە، ھەرگیز پرسیارێکی گرنگی ھەڵنەگرتووە،
ئەو شێوەیە لە قسەکردن چوارچێوەیەکی فانتازیی لە نێو کلتور و پانتاییە
ئەدەبی و ھونەری و میدیاکانی کوردی بۆ خۆی بردووە، لە رێگای تێگەیشتن و
خۆناسینەوە نا، بەڵکو وەک سروتی گەڕانەوە و ئامادەکردنەوەی رووداوە
سەرەتایی و دامەزرێنەرەکان، وەک ئەوەی کۆمەڵگای کوردی بە یەک رۆژ لە
دایک بووبێت و یەک رەنگ و دەنگی ھەبێت... لە رێگای پەیوەندیکردن بە
مەعریفەی ئەویدیکەوە نا، بەڵکو وەک ئەوەی کۆمەڵگای کوردی خاوەنی خودێکی
پڕ داھێنان و تۆکمە و جێگیر بێت؟! بەڵام بەشێکی گەورەی گەڕانەوە بۆ
رابردوو لە نزیکترین پێناسەیدا پەیوەندی بە فەرامۆشکردنی فیکر و
نەبوونی جیھانبینی سەردەمەوە ھەیە، وەک چۆن پەیوەندی بە نەبوونی
بابەتبووندایە.
لە پانتایی کلتوری کوردیدا سۆزی گەڕانەوە بۆ رابردوو، زار
قەرەباڵغییەکی گەورەی نەوەیەکی بنبەستووی (رۆشنبیریی/سیاسی) کوردی
بەدوای خۆیدا کێش کردووە، نەوەیەک کە ھیچ ئامادەییەکی فیکری و مەعریفی
لەمڕۆی پڕ لە جیاوازیدا نیشان نەداوە، بۆیە لەبری ئەوەی وەک بکەر
دەربکەوێت، دەیەوێ وەک رەمز (رەمزی دەسەڵاتی رابردوو) ئامادەی
زەمەنەکان بێت، ھەموو ئامادەییەکی رەمزیانەش خۆی لە سەرووی واقیع
دادەنێت و ھێز ء توندوتیژی نەبێت، مەعریفە و گفتوگۆ و بیروڕای جیاواز و
دنیابینی جیاواز ناناسێت... دەمەوێ بڵێم دەشێ کۆی ئەو پەڕگیری و
توندوتیژی و (قسەکردن لەبری ھەمووان) شێوازێکی نادروستانەی دەسەڵاتی
سیاسی شکستخواردووی کوردی بێت و بەرەو پانتاییەکانی دیکەی کلتوری دزەی
پێکرا بێت! لێرەدا ھەوڵدەدەم لە رێگای راڤەکردنی دووری و نزیکی لە (مەرجەع
- سەرچاوە -
coming back) بڵێم کۆمەڵگای
پەرێزخواز و داھێنان پێچەوانەی یەکتر بیر دەکەنەوە، خودێک کە سیستم بە
خواستی خۆی لە قالبی دەدا و خۆناسی (خوێندنەوەی خودە بە پێوەری خود)
پێچەوانەی یەکتر دەکەونەوە، یەکەمیان داخران بەرھەمدەھێنێ و دووەمیان
روو لە کرانەوەیە.
داھێنان لە دۆزینەوە و نوێکاری و بەرھەمھێنانەوەی بێ سنور بەرجەستە
دەبێت، ھەمیشە دنیایەکی نوێ و روانینێکی جیاواز و مەعریفەیەکی دیکە
دەخاتەوە، بەشێکی گەورەی داھێنان پەیوەندی بە خۆناسین و خەیاڵێکەوە
ھەیە، کە لە حاڵەتی کرانەوە و جیاوازی و دەرککردندایە، عەقڵێک کە
پەیوەندی راستەوخۆی بە ئەویدیکە و زمان و ژینگەی دەرەکییەوە دەکات، بەو
مانایەش پەیوەندی داھێنان بە جیھانەوە پەیوەندییەکی دینامکییە و لەسەر
گۆڕانکاری و قبوڵکردنی ئەویدیکەی جیاواز و بێ سنوری وەستاوە. داھێنان
ھەمیشە دەکەوێتە ئەودیوو سنورەکان و چوارچێوەکان و بە شێوەیەکی ستوونی
دادەبەزێ و لە قوڵایی فیکر و ئەزموون و دنیابینیدا خۆی واز دەکات،
دنیای داھێنان دنیای بەیەکەوە ھەڵکردن و ھاوژیانی و شیعرییەت و چێژە،
دنیای رەنگە جیاوازەکان و ھەست و نەستە جیاوازەکان و مرۆڤە جیاوازەکانە،
داھێنان بەردەوام دنیا بە شێوەیەکی کتوپڕ بەرھەم دەھێنێتەوە... چەمکی
داھێنان بە چەمکی (ئازادی)یەوە بەندە، بەو مانایەی کە سنورەکان ناناسین.
چەمکی داھێنان بە چەمکی (خۆشەویستی)یەوە بەندە، بەو مانایەی کە ئەو
کاتەی خۆشەویستی دادەھێنرێت، خود بوونی نییە، خود بە توانای دەربڕن و
ئەزموونەوە دەلکێ، داھێنان بە زەین و کاری کردەی لە ناکاو، ساتی
داھێنان دەکەوێتە دەرەوەی تێگەیشتنی فیکر و ئەزموون و بیرەوەرییەوە.
داھێنان بەردەوام کار لەسەر ھەڵوەشانەوە و دووبارە بونیادنانەوە دەکات،
کار لەسەر پرسیار و ئیقاعە نوێیەکانی سەردەم دەکات، ھەر لەوێشەوە دژی
پەڕگیری و جێگیر بوون و بیرکردنەوەی بنبەستوو رادەوەستێت، وەک چۆن نە
بڕوای بە سێنتەر ھەیە نە بە پەراوێز، نە لە رێگای شتە مەزنەکانەوە راست
دەبێتەوە، نە بە ھۆی شتە بچووکەکانەوە سۆزی ئەویدیکە بۆخۆی رادەکێشێت.
لە داھێناندا (رابردوو و ئێستا و ئایندە) لە تاکە جولەیەکی ھەنووکەییدا
بەیەکدەگەن، جولەیەکی لەپڕی ئیبداعی، بەرەو کردەیەکی ترسناکی
داھاتوومان دەکاتەوە... بۆیە ئەو رستەیە لای زۆربە دووبارە دەبێتەوە کە
دەڵێین: داھێنان زەمەنی تایبەت بەخۆی کەشف دەکات. بەڵام رەسەنایەتی لە
تێربوونی خۆیدا دەژی، (تێربوونی خود) و (کەشفکردنی ژیان) ئەگەرچی
دووانەیی دژ بەیەکیش نەسازێنن، ھەڵگری دوو راڤەکردنی جیاوازن، چونکە
لەلایەک ناتوانین رەگەزە زیندووەکانی رەسەنایەتی، ئەوەی لەگەڵماندا
ھەناسە دەدات، لە کەشفکردنی ژیان و کرانەوە و ئازادی و فرە رەنگی دوور
بخەینەوە، واتە ناتوانین کۆی کەلەپور بە ھاوشانی کۆن و رەسەنایەتی لە
قەڵەم بدەین و تازەگەری بە ھاوچەرخ و داھێنان بناسێنین. نە یەکەمیان
رەمزی دواکەوتنە و نە دووەمیان پێشکەوتن، رەسەنایەتی لە رەگەزی
دواکەوتوو و مردوو بەتاڵ نییە... تازەگەریش مەرج نییە ھەمیشە
ساتەوەختێکی مەعریفی دامەزرێنێت، تازەگەری دەشێ لە دەمارگیری بەتاڵ
نەبێت! داھێنان مەرجی گەڕانەوە بۆ رابردوو ناسەپێنێت، وەک چۆن ھەموو
تازەگەرییەکیش داھێنان نییە.
ئەمڕۆ (زیندووکردنەوەی کەلەپور) وەک مۆدیلی فیکری خۆرھەڵاتی، بەشێکی
زۆری کلتوری کوردی و دەسەڵاتی سیاسی کوردی لەگەڵ خۆی دەبات، ئەو جۆرە
بیرکردنەوەیە (سەلەفی و تەقلیدییەکان) نوێنەرایەتی دەکەن، جگە لە فۆرم
گۆڕین، لە رووی مەعریفییەوە لەسەر ھیچ نەگوتن وەستاوە! لە بەرانبەر
ئەوە (سروش وەرگرتن لە کەلەپور) بژاردەیەکی دروستکراوە و دەکەوێتە
نێوان (کەلەپورخوازان و ھاوچەرخخوازانەوە)، ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە
تەنھا دووڕوویی سیاسی و بەتاڵی رۆشنبیریی نیشان نادات، بەڵکو دەکەوێتە
دەرەوەی بوێری و بڕوابوون بەخۆوە، مەبەستم لە بڕوابوون ئەوەیە کە کار
ئاکامی کردەوەیە, کردەوەش مەعریفە بەرھەم دەھێنێ، بە دیوەکەی دیکەش
بوێری بە روونی بە تاکەوە بەستراوەتەوە و تاک بە مەعریفەوە، مەعریفەش
بە ئازادییەوە! عەقڵ لەسەر بەرھەمھێنانەوەی بەردەوامی مەعریفە کار
دەکات و بیرکردنەوە لەسەر بەرھەمھێنانەوەی بەردەوامی ئازادییەوە
وەستاوە... ئاراستەی سێیەم لەسەر (دووبارە خوێندنەوەی کەلەپور) خۆی
بونیاد دەنێت و (ئازادیخوازەکان) نوێنەرایەتی دەکەن.
بەڵام کۆمەڵگای کوردی نە خاوەنی دابڕانێکی مەعریفییە تاکو پارێزگاری
لەو سەربەخۆییەی بکات و نەھێڵێ خودی پڕ لە داھێنانی شێلو ببێت، نە
توانیوویەتی لەخۆی بێتەوە و بونیادێکی ھەنووکەیی لەبەر رۆشنایی
مەعریفەی ئەویدیکە فەراھەم بکات؟!
باوەڕ/ ترس لە بۆشایی.
باوەڕ لە بارەی راستییەوە دەکرێ حاشای لێبکرێت، بەڵام حاشا لە راستی
ناکرێت. بەو مانایەش وەک (کریشنا مۆرتی) لە کتێبی "یەکەمین و دوایین
رزگاری"دا دەڵێت دەتوانین بێ پشت بەستن بە باوەڕ کار بکەین، بە دیوەکەی
دیکە لە کۆی بەرھەمەکانیدا ھەمیشە ھانماندەدا بە دوای خۆناسین و
مەعریفەوە بین! ئەوە بەو مانایە نایەت، کە باوەڕ خاوەنی مەعریفەی خۆی
نییە؟! باوەڕی سیاسی، ئایدیالۆژی، باوەڕ بە خوا، بە ئایین، بە ئایینزا،
بە مەزھەب، بە دابونەریت، بە کەس... بەڵکو بەو مانایە دێت، کە راستی
دەبێ لە رێگای تێگەیشتن و راڤەکردنەوە، لە رێگای دید و مەعریفەی
جیاوازەوە کەشف بکرێت، راستی شتێک نییە کە لە رێگای فیکرەوە بناسرێت،
لە رێگای عەقڵەوە دیاری بکرێت، چونکە عەقڵ بەرھەمی ناسراوەکانە،
بەرھەمی یادەوەرییە، عەقڵ بەرھەمی پێداچوونەوە و تەتەڵەکردن و
رێکخستنەوەی رابردووە، عەقڵ بە زەرورەت مانای ئەو شتانە نییە کە فیکرە،
بەڵکو ئاماژە بە (کار) دەکات، عەقڵ تەنھا رووییەکی راستی ناس دەکات،
عەقڵ و بیرکردنەوە راستی کەشف ناکەن، بیرکردنەوە بەرھەمی ئازادییە...
پرۆسەی کەشفکردن، ھەنگاونانە بەرەو نادیاری، بەرەو نەناسراوی، بەرەو
تاریکی... تێگەیشتن و راڤەکردن واتە رێگادان بە راستی بۆ ئەوەی بدوێت،
یان بۆ ئەوەی لە رێگای پەردەپۆشین و پەردەنەپۆشین بە کردەی کەشفکردن
رابێتەوە، بەڵام راستی لای کەس نییە، راستی دەبێ ھەوڵی کەشفکردنی بدرێت،
راستی بە بیرکردنەوە و یادەوەری کەشف ناکرێ، عەقڵ و بیرکردنەوە و
یادەوەری بەرھەمی رابردوون، عەقڵ و بیرکردنەوە دەشێ رووییەکی راستی
بناسێنن، بەڵام راستی رەھا بوونی نییە! بەشێکی گەورەی راستی دەکەوێتە
نادیارەوە، عەقڵ و بیرکردنەوە رێگا بۆ راستی خۆش دەکەن بە ئازادی کار
بکات، عەقڵ و بیرکردنەوە پۆشین و نەپۆشین وەک مەعریفە لێکجیا دەکەنەوە...
لێرەوە دکتۆر (محەمەد کەمال) لە کتێبی ((فەلسەفەی بوون- لێکۆڵینەوەیەک
لە ھزری پاش میتافیزیک، ل٩-١٠)دا دەڵێت: بڕوا لەسەر جۆرێک لە مەعریفە
دروست دەبێت، بەڵام لەگەڵ جێگیربوونی دەبێت بە دۆگما و لە ئاستی ئەگەری
جیاوازدا دەبێ بە رێگر، چونکە بڕوا بانگەشەی دوا راستی و دوا قۆناغی
بیرکردنەوە دەکات... کۆی ئەو قسانەش ئەوە دەسەلمێنێ کە "نفێری" دەڵێت
زانینی نەگۆڕ و جەھلی نەگۆڕ یەک شتن.
بەڵام مرۆڤ چۆن (باوەڕ) قبوڵ دەکات، چۆن بە دەستی دەھێنێ، چۆن دەکەوێتە
ناو سنورە دیاریکراوەکانی باوەڕەوە؟ ئایا تەماشاکردنی مرۆڤ وەک (بوونەوەرێکی
کۆمەڵایەتی) سەرەتای بڕواھێنان نییە... یەکێک لە ھۆکارەکانی ئارەزوو بۆ
قبوڵکردنی باوەڕێک، ترسە. چوونە نێو کۆمەڵ جگە لە خۆشاردنەوە لە ھەرێمە
تاریکەکانی ئەویدیکە، شتێکی دیکە نییە، سنورە نادیارەکان زۆر لە سنورە
دیارەکان گەورەترن، رووبەرە نھێنییەکان زۆر لە پانتاییە کەشفکراوەکان
بەرفرەوانترن.... بۆیە ئەگەر مرۆڤ باوەڕ نەھێنێ چی بەسەر دێت، ئەگەر
مرۆڤ خۆی نەداتە پاڵ کۆمەڵ، چۆن دەتوانێ بەو ھەموو لاوازییەوە خۆی
بپارێزێت، ئایا نابێت لەو شتەی کە لەوانەیە رووبدات بە تووندی بترسێت؟
مرۆڤ ھەر لە تەماشاکردنی وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی عادەتی بە
باوەڕەوە گرتووە، ئەگینا خۆمان بە گومبوو دەزانین! کەواتە قبوڵکردنی
باوەڕ جگە لە راکردن لە ترس، جگە لە خۆشاردنەوە، جگە لە بڕوابوونێکی
سەرەتاییانە، جگە لە خۆخستنە پاڵ دیار... شتێکی دیکە نییە، مرۆڤی
باوەڕدار مرۆڤی عوسابییە، مرۆڤی نیرۆسی، ھەست بە ھێز ناکات، دەترسێ و
دەسەوەسانە، مرۆڤی نیرۆسی ھوشیار نییە و خۆی ناناسێ... مرۆڤی عوسابی
پێویستی بە بوونی خۆناسی نییە، تەنھا باوەڕھێنان بۆ ئەو بەسە.
لە بیرمان نەچێت عەقڵ بەرھەمی رابردووە، عەقڵێک کە بە باوەڕەوە سیخناخە،
عەقڵێکە لەسەر دووبارەبوونەوە کار دەکات، عەقڵێکە سنوردار، مرۆڤی
بنبەستبوو بۆ ئەوەی لە ترس رابکات، بۆ ئەوەی لە خاڵیبوون رابکات، بۆ
ئەوەی لە نھێنی ئەویدیکە رابکات، ھەوڵی تێپەڕاندن نادات، بەڵکو خۆی بە
باوەڕێکەوە کۆت و بەند دەکات، ھەوڵی ئازادی نادات، خۆی دەخاتە نێو
بڕوابوونێکی سنوردارەوە... ترسی مرۆڤ لە تەنیایی، گۆشەگیری، ترسی مرۆڤ
لە مەندبوون، لە نەکران، لە نەگەیشتن بە شتێک یان شوێنێک، ترسی مرۆڤ لە
سەرنەکەوتن، ئەوە پرسیارەکە نییە، پرسیار ئەوەیە ئایا لە رێگای
باوەڕەوە بە خۆناسین دەگەیین، ئایا لە رێگای باوەڕەوە بە ئازادی
دەگەیین؟
بەھای مرۆڤ نەبەستراوەتەوە بە سەرکەوتنەکانی، بە چەندێتی شتومەک کڕینی
لە بازاردا، بەوەندە سەرمایەی ھەیەتی، بە موڵک و ماڵی، ئادەمیزاد لە
گۆشەنیگای ھێزی تایبەتی خۆی و توانای خۆشەویستییەوە ھەڵدەسەنگێنرێت ...
ھەمیشە مەعریفە کرانەوەیە و نەزانین داخران، ھەمیشە خۆشەویستی
قبوڵکردنی جیاوازییە و ھەمیشە ھەوڵدان بۆ مەعریفەی جیاواز گۆڕان دروست
دەکات و باوەڕ وەستان، بۆیە ھەر چەندە سنورەکانی ھوشیاریمان بەرفرەوان
بێت، باوەڕبوون کەمتر دەبێتەوە، چونکە باوەڕ سنوری مەعریفەی دیارە،
بەڵام توانای مرۆڤ بێ سنورە، مرۆڤ بوونەوەرێکی نەگۆڕ نییە و ھەمیشە لە
گۆڕاندایە، مادام ئێمە بە دوای مرۆڤایەتی و خۆشەویستی و ئازادییەوەین،
بۆ دەبێ باوەڕ بکەینە ھۆکاری دژ بە یەکبوونمان، رق لە یەکبوونمان، بۆ
دەبێ باوەڕ بکەینە پەردەی لێکجیابوونەوەمان، بۆ دەبێ لەسەر باوەڕ بە گژ
یەکدا بچینەوە، بۆ خۆمان بە باوەڕێکەوە دەبەستینەوە، بۆ خۆمان لە کونجی
باوەڕێکەوە گۆشەگیر دەکەین، بۆ ئازادی و خۆشەویستی خۆمان بۆ دنیا بەیان
ناکەین، بۆ خۆمان بە باوەڕێکەوە کۆتوبەند دەکەین... فیلمی (کۆنفۆ پاندا)
ئیزدیواجیەتی خۆناسین و بیڕوابوونمان بۆ روون دەکاتەوە، فیلمی (کۆنفۆ
پاندا) گوزارشت لە دیسپلینی سەربازی رۆژھەڵاتی دەکات و مەبەستی
گەیاندنی جەوھەری عیرفانی رۆژھەڵاتییە، لە ھەمان کاتدا بە پێی قسەی (سلاڤۆ
ژیژەک) ئایرۆنییە و گاڵتە بە باوەڕەکەی خۆی دەکات، ئەوەی زۆری سەرنجی
ژیژەک رادەکێشێ لەو فیلمەدا گاڵتەکردنە بە ئایدیۆلۆژیا، بەڵام
ئایدیۆلۆژیا ھەر دەمێنێ! ژیژەک لە تەماشاکردنی بۆ ئەو فیلمە رەنگە
مەبەستی ئەوە بێت کە: "ئایدیۆلۆژیا لەمڕۆدا بڕوایەکە بە ھەمان شێوەی
ئیمانی رۆژھەڵاتی کار دەکات." ئەو خوێندنەوەیە (وەک ئەوەی من بیری
لێدەکەمەوە) ھەم ئایدیۆلۆژیا ھەڵدەسەنگێنێ، ھەم دیدی رۆژھەڵاتی بۆ
ئیمان دەخاتە روو. دواجار ئەو خوێندنەوەیە پێمان دەڵێت: ھەرگیز کەسی
باوەڕدار (وەک بانگەشەکەری دوا راستی) کەسی ئاشتیخواز نییە، ھەرگیز
کەسی باوەڕدار کەسی ئازاد نییە، ھەرگیز کەسی باوەڕدار کەسی خۆشەویست
نییە، لە پرۆسەی خۆشەویستیدا دووچاری رێگری دەبینەوە، لە پرۆسەی
خۆشەویستیدا جیاوازی جوانییەکانی خۆی دەنەخشێنێت، بەڵام لە نێو
باوەڕداران و ئایدیۆلۆژکاراندا رق بوونەوە لە یەکتر، نکۆڵیکردنی یەکتر،
قبوڵنەکردنی یەکتر... ھەڵگری یەک ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕن و یەکتری
قبوڵ ناکەن، دژ بە یەکتر کار دەکەن، چونکە ھەریەک دەیەوێ سنوری
نەزانینی خۆی بپارێزێ و بەرگری لە نەگۆڕی و کۆتوبەندی خۆی بکات، ھەر
کەس دەیەوێ خۆی زێتر لە بەندایەتی ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕەکەی نزیک
بکاتەوە، خۆشتر خۆی رادەستی پەڕگیری بکات... ئەی ئازادی و خۆشەویستی و
جیاوازی دەکەوێتە کوێی مرۆڤایەتییەوە؟
لە شەڕی حەوتەمی سەلیبیدا کە(سانت لویس) سەرکردایەتی دەکرد، (ئیڤۆ
لوبرۆتۆن) دەگێڕێتەوە: رۆژێک لە سەرەڕێیەکدا تووشی پیرێژنێک بووم، کە
دەفرێکی ئاگر بە دەستی راستییەوە و کاسەیەک ئاویش بە دەستی چەپییەوە
بوو. لە وەڵامی ئەوەی کە ئەو دووانەی بۆچی ھەڵگرتووە پیرێژنەکە گوتی:
دەمەوێ بە ئاگرەکە وەھا بەھەشت بسوتێنم ھیچی لێ نەمێنێتەوە و بە
ئاوەکەش وا ئاگری جەخەنەم خامۆش بکەم گڕێکی لێ جێنەمێنێ: چونکە دەمەوێت
کەس نە بۆ پاداشتی بەھەشت چاکە بکا و نە لە ترسی ئاگری دۆزەخ. بەڵکو
تەنھا بۆ خۆشەویستی خودا بیکات.
ناسنامە/ پەڕگیری.
رەنگە وشەی (ناسنامە) وشەیەک نەبێ ھاوشانی (یەکگرتنەوە لەگەڵ خود)
ھەنگاو بھاوێژێت، بەڵام دەشێ پێکھاتەی ئەو وشەیە لە زۆر رووەوە
تێگەیشتنێک لە بارەی ناسینەوە وێنا بکات! ناسنامە وشەیەکی ئاوێتەیە و
لە (ناسین) و (نامە) پێکھاتووە، نامەی ناسین ئەگەرچی حەقیقەتێکی رەھای
بۆ نموونە وەک زمان و خەسڵەتە جەوھەری و ھاوشێوەکانی ناسین و ئاراستەی
ناسین دیاری ناکات، بەڵام بە گشتی شتێکمان لە بارەی ناسینەوە بە
شێوەیەکی بێلایەنانە پێڕادەگەیەنێت، کەواتە ناسنامە وەک ئەوەی دەلالەتی
ناسینی لەخۆدا ھەڵگرتووە، شیاوی فرە جۆری تێگەیشتنی تێدا دەبێتەوە،
ناسنامە نامەیەکی کراوەیە لە بارەی ناسینەوە، بەو مانایەش زمانی کوردی
بەشدارییەکی بێلایەنانەی لە بارەی ناسینەوە ھەیە.
ناسنامە وەک زاراوە پەیوەندی تاک بە کۆمەڵگاوە دیاری دەکات و خەسڵەتە
جەوھەری و جیاواز و ھاوشێوەکانی تاک و کۆمەڵگا دەکێشێت، ھیچ کۆمەڵگایەک
بێ ناسنامە وێنا ناکرێت، بەڵام بەو مانایەی کە پێکھاتەکانی ناسنامە
جێگیر نییە و بەپێی بارودۆخ گۆڕانی بەسەردا دێت: ناسنامەی کەسی،
ناسنامەی کۆمەڵایەتی. رۆشنبیریی، نەتەوەیی... لە کۆمەڵگای سێیەمدا
ھەژموونی کۆ بەسەر تاکدا ھەژموومێکی گەورەیە و لە رەفتاردا دەردەکەوێت،
ئەوەش تەواو پێچەوانەی کۆمەڵگا تاکخوازەکانی خۆرئاواییە، کە بە
شێوەیەکی گشتی تاکێتی زاڵە بەسەر رەفتاری رۆژانە و جۆری ھاوبەشیکردن لە
نەخشە و پرۆژەکانی کۆمەڵدا... لە کۆمەڵگای سێیەمدا ناسنامەی کۆمەڵ
ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی و رۆشنبیریی بە شێوەی سیاسی و دەروونی
ھەژموونی ھەیە، بەڵام لە کۆمەڵگا تەکنۆلۆژی و سیاسییە پێشکەوتووەکاندا
چەمکی ناسنامە بە تاک و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانەوە دەلکێت، یەکەمیان
دەشێ بە قەیرانی ناسنامە ناوی بەرین، کە(داریوشی شایگان) لە کتێبی (وەھمەکانی
ناسنامە) وەک (وێنەی سەپێنراو بەسەر خود) قسەی لێدەکات. قەیرانی
ناسنامەش بە تێگەیشتن و ھۆشیاریی کۆمەڵگاوە بەندە. چونکە ناسنامە
گوزارشت لە ماھیەتی تێگەیشتن و ھوشیاری دەکات، گوزارشت لە ماھیەتی فیکر
و رۆشنبیریی و ژیاری مرۆڤ دەکات.
پێشکەوتنی کۆمەڵگا لە رووی تێگەیشتن و زانیاری و تەکنۆلۆژیا و میدیاوە
ناسنامەیەکی گەردوونی لەخۆدا ھەڵگرتووە، ئەو ناسنامەیە بەرگری لە
تاکێتی و رێژەگەرایی و ونبوونی سەرچاوە ئایدیۆلۆجی و تەقلیدییەکان
دەکات و بۆ پرۆژە گۆڕانکارییە گەورەکانی نێو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی
دەگەڕێتەوە. ئەو جۆرە لە ناسنامە لەسەر کرانەوە و پلەی سفری
ئایدیۆلۆجیا و لێکبوردەیی بێ سنور و قبوڵکردنی جیاواز وەستاوە و ماف بە
تاک دەدات ھەڵبژاردنی تایبەتی خۆی ھەبێت. داریوشی شایگان پسپۆر لە
مێژووی ژیارییەکاندا پێیوایە ئەوەی ئەمڕۆ دنیا بەڕێوە دەبات ژیارییەکی
گەردوونی تازەیە، ئەوەی ناسنامەی تاکیش بەڕێوە دەبات توانای عەقڵییە،
کە ھەموو پابەندبوونە رۆشنبیریی و ئیتنی و ئایینییەکان وەک
پابەندبوونێکی رووت دەبینێت.
بەڵام چەمکی (پەڕگیری) پەیوەندیەکی راستەوخۆی بە رەگەزپەرستی و
دۆگماتیزمیەوە ھەیە، پەڕگیری واتە پەیوەستبوون بە فیکرێک یان چەند
بیرکردنەوەیەکی دیاریکراو و قبوڵنەکردنی دیباتە و چاوپێداخشانەوە و
پەرستنی ئەو فیکر و بیرکردنەوەیە وەک ئەوەی چەسپاو و رەھا بێت، لە
بەرانبەر ئەوەشدا رەتکردنەوەی ھەموو بیرکردنەوە و بیروڕایەکی دیکەی
جیاواز... بەو مانایەش دەشێ کوردبوون وەک ناسنامە بنبەستبوون و پەڕگیری
و داخران بنوێنێ... دەشێ تەواوی فەزا جیاوازەکانی ژیانی کوردی لە خۆیدا
کورت بکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا تاکی کوردی لە دەرەوەی
بیرکردنەوە چەسپاو و رەھاکان و دامەزراوە سنوردارەکانی ئایدۆلۆژیاوە لە
ھەوڵی خۆی بەردەوامە، داھێنان ھەمیشە لە ئازادییەوەیە، لە خۆناسییەوەیە!
(سارتەر) دەڵێت: دوژمنی سەرسەختی رۆشنبیری راستەقینە خودی رۆشنبیری
ساختە یان خۆفرۆشە، کە ھەمیشە بەرگری لە ئایدۆلۆژیا دەکات.
کەواتە ناسنامە چەشنی پەڕگیری بە تەنگژەی کرانەوە بە رووی دنیا و
ئەویدیکەی جیاوازەوە ناو دەبرێت، چونکە مرۆڤ لە پەڕگیری و
ئاراستەکردنەوە، پەیوەندی بە دنیا و ئەویدیکەوە دەپچڕێت... مرۆڤ لە
رێگای ناسنامەی داخراوەوە پەیوەندی بە ئەویدیکەی جیاوازەوە سنوردار
دەکات، بەڵام لە رێگای خۆناسی و ھوشیاری و پەیوەندییەوە بەشێوەیەکی
جیاواز بەشداری لە تێگەیشتنی دنیا و مەعریفەی دنیادا دەکات، مەرج نییە
لە رێگای حەقیقەتەوە بێت، دەشێ لە رێگا بیرکردنەوەی جیاواز و تێڕوانین
و چێژ و جوانییەوە بێت! ھەمیشە پەیوەندی مرۆڤ بە مرۆڤ و پەیوەندی مرۆڤ
بە دنیاوە چارەسەری بەشێکی گەورەی ھوشیاری و خۆناسیمان دەکات، بە
دیوەکەی دیکەش ناسنامەی داخراو و سنوردار وەک شێوازێکی دیکەی
بنبەستبوون و پەڕگیری و توندوتیژی تەماشا دەکرێت، پەیوەندیکردن بە
ئەویدیکەی جیاواز، توانایەکە بۆ گەیشتن و راڤەکردن و داھێنان،
توانایەکە بۆ گەیشتن بە مەعریفە و جوانی حەقیقەتێکی دیکەی جیاواز...
مەرج نییە ئاسۆکانی پەیوەندی و کرانەوە بەرەو حەقیقەتمان ببات، بەڵام
بێگومان بەرەو خۆناسی و خۆشەویستی و داھێنان و ئازادیمان دەبات،
جوانترین شێوەی پەیوەندیکردنی مرۆیانە کار و داھێنانە، بەو مانایەی کە
عەقڵ کار بەڕێوە دەبات و داھێنان لە ئازادیدایە، بەو مانایەی کە عەقڵ
لە تێگەیشتن و راڤەکردنی بەردەوامەوە دێتە بەرھەم و داھێنان لە رێگای
خۆناسی و ئازادییەوە! بەڵام ناسنامەی داخراو و سنوردار و گۆشەگیری
دەکەوێتە دەرەوەی پەیوەندیکردن و داھێنانەوە، دەکەوێتە دەرەوەی
تێگەیشتن و راڤەکردنەوە، دەکەوێتە دەرەوەی خۆناسی و ئازادییەوە،
ناسنامەی داخراو ھوشیارییمان سڕ دەکات، ھەمیشە ئاراستەمان دەکات...
تێگەیشتن لە مرۆڤبوون، تێگەیشتن لە مرۆڤایەتی تێگەیشتنە لە پەیوەندییەک
کە بەرەو ھوشیاری و مەعریفە و ئازادی و چێژ و جوانیمان دەکاتەوە، نەک
ناسنامەی داخراو...
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|