په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١\٢٠٢٥

   فارگۆنی چاوەڕوانی.

ئەرسەلان مەحمود

وەک
شەمەندەفەرێک
لە وێستگەی خەیاڵدا دێت و دەچێت،
منیش مسافیرێک بێبلیت، لە فارگۆنی
چاوەڕوانی ڕۆژدا
ون!

وشەکان
وەک خۆریان لێکردووم
وێل بە جادەی شیعردا،
من لەوسەری دنیا و تۆ
لە بنی دەریای خەیاڵدا
شەکەت.

تۆ درزێک
دەخەیتە دیواری ماندوویی و
پەنجەرەی ئاسمانی بە ئومێد
دادەخەیت دەنا زەمەنم لێرە
دەکوشت!

ژیان بۆشایی
ناشادییەکانی خۆی
بە وشەکانی من پڕ
دەکاتەوە و خۆشم
بە باران.

لە نێوان
هەورەکانی بێدەنگی
دەنگی من دەبێتە تریفەی مانگەشەو
شەوێک دێت و.. خەونەکانم دەکاتە
باڵندەی کۆچەری
رۆژان.

ئەستێرەکان
چاویان لە پەنجەرەی تەنیاییەوە
وەک فرمێسکەکانی شەوە باران
دەدرەوشێنەوە.


کۆتا ڕۆژەکانی ٢٠٢٤ - رانیە

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک