٢٨\١٢\٢٠١١
فاروق
رەفیق و فەرید شەوقى؟!

هیوا رەش
کاتێک لە شاشەوە کاک فاروق دەبینم منداڵیم دێتەوە یاد ، لەو
سەردەمانەدا هەموومان زۆربەى شەوان لە ماڵێکدا کۆ دەبووینەوە تا
تەماشاى تەلەفزیۆن بکەین ، لەبەر ئەوەى لە گەڕەکێکدا ماڵێک یان دوان
تەلەفزیۆنیان هەبوو بۆیە لەو شوێنەى تەلەفزیۆنى لێبوو ئێمەش جەم
دەبووین ، جارى وا هەبوو خاوەن ماڵمان بێزار دەکرد و نان و ئیسراحەتمان
لێ تێک دەدان ، هەر لە فلیمى کارتۆنەوە تا فلیمى شەو لەبەردەم شاشەى
تیڤییەکەیان دادەنیشتین و درەنگانى شەو خەو بردوومانیەتیەوە و
ناردویانە بە دواى دایک و خوشکماندا و بە باوەش بردوومانیانەتەوە بۆ
ماڵ ، ئێمەى منداڵى بەستەزمان بە خۆشییەوە لەچاوەڕوانى فلیمى شەودا
خەوەکورکێمان تێدەکەوت و چەند جارێک دەموچاومان دەشۆرى تا بەرگەى خەوى
دواى شەڕەشەقى کۆڵان بگرین ، بیرمە زیاتر حەزمان لە فلیمى شەڕى بیانى
بوو ، کەچى پێچەوانەى خواستەکەى ئێمە زۆربەى جار فلیمەکان عەرەبى
دەردەچوون و لە عەرەبییەکانیش - فەرید شەوقى - کە بە - بەتەڵى شاشە -
ناسراو بوو خەونەکەمانى سەراوبن دەکرد ، ئێستاش لەگەڵ ڕێزمدا بۆ کاک
فاروق ، جێگەى بە - فەرید شەوقى - لێژ کردووە و هەر ڕۆژەى بە شێوازێک
دەورەکە دەبینێ و دەبێتە میوانمان ، لە کتێبەوە بۆ مایکى سەراى ئازادى
و لەوێشەوە بۆ شاشەى تیڤى ، لە توێژەرى فەلسەفییەوە بۆ تێکەڵبوون بە
جیهادچى و لەولاتریشەوە خۆیمان لێدەکات بە فریادڕەسى سیاسیى و ئینجا
بەرنامە پێشکەش کردن ، ئەمانەش خەسڵەتى - خۆدەرخستن - ى ئەو بەڕێزەمان
دەردەخات ، هەرچەندە لە هەموو قسەکانیدا دەیان جار (ئەزانى) واژەیەکە
بەردەوام بەکارى دەهێنێ ، کە دەلالەتى بە کەم تەماشا کردنى
بەرامبەرەکەى دەدات بە دەستەوە ، لە هەمان کاتیشدا بە بارتەقاى (ئەزانى)
بە (وانیە) قسەکانى دەڕازێنێتەوە ، دیارە ئەمەش بەڵگەى بێمتمانەیى
خۆیەتى بە قسەکانى!
نەک بە وردى ، بەڵکو سەرپێیى و هەڕەمەکیش لە قسەکانى ڕا بمێنین ، مارکس
وەکو دەرۆزەکەرى بیرمەندایەتیى خۆى چاو لێدەکات ، لینین دیکتاتۆرە،
ستالین و نازیزم هاوتاى یەک دەکات ، گاڵتە بە ماوتسى تۆنگ دەکات ، کیم
ئیل سۆنگ توتالیتارە و کاسترۆش هەر مەپرسە ! کەسێک ناهێڵێتەوە تروسکایى
تێدا بێت ، خودا ڕەحمى کردووە گیڤارا نەماوە ئەگینا بەویشدا هەڵدەشاخا
، ئیستیهزا بە مێژوو دەکات و واقیع بەتاڵ دەکاتەوە و ڕەخنەگرانە لە
ڕابردوو ناڕوانێت ، حیزبى شیوعى ؟؟؟ پارتى دیموکراتى کوردستان ؟؟؟
کۆمەڵەى ڕەنجدەران و تەواوى حیزب و گروپەکان هیچ نەبوون و هیچ نین و
هیچ نابن و زەڕبى هیچن! بۆ ئەمەشیان سەردەمى هەرزەکاریى خۆمم
دەهێنێتەوە یاد کە لە قۆناغى ناوەندیدا خوێندکار بووم ، هەموو جار
مامۆستا - حەسەن جاف - کە وانەى جوگرافیاى پێدەوتینەوە ئەم گۆرانییەى
لەبەر خۆیەوە دەوت : (بەهارێ نەمرم کچێ خەجێ شایى و سەیرانە ، هاوینێ
نەمرم کچێ خەجێ خەلە و خەرمانە ، پاییزێ نەمرم کچێ خەجێ گەڵاڕێزانە ،
زستانێ نەمرم کچێ خەجێ بەفر و بارانە) ! ، لە دواییدا دەیووت : ئەى
باشە ئاخر پێم ناڵێى بە تەماى کەى بمریت؟! بۆیە ئێستاش هەمان پرسیار لە
مێشکمدایە ، کاک فاروقیش ئایدیۆلۆژیایەک ، فەلسەفەیەک ، حیزبێک و
ئاراستەیەکى سیاسیى نامێنێ هەجووى نەکاتە سەر؟ بە بێ لەبەرچاو گرتنى
دیالیکتیک ، ئەوەى خۆى لەگەڵیدا وێک نەیاتەوە ، دەبێت مەسخەرەى پێبکات
! جا خۆى و خوداى خۆى دەزانێت کێى بە دڵە و نەشتەرى لێنادات؟!
تەنها و تەنها یەکجار بۆ خوێى چێشت ، دواى لەتوپەت کردنى مونەزیر و
موفەکیر و ئەنکیر و مونکیرەکان ، گوێبیستى بوومە و دەستى خێرى بەسەر
یەک کەسدا هێناوە و وتەیەکى ئەوى بە نمونە هێناوەتەوە ، نەک ئەنجومەنى
سەراى ئازادى ، ئەویش بەڕێز خاتو - ناسکە - ى هاوسەرى بوو ، بە هیوام
بۆ جارێکیش بێت ، وەکو خێزانەکەى لە یەکێک لە خاوەن شاکار و
فەیلەسوفەکان بڕوانێ و بۆ جارێک و بەس ! دانى خێر بەویشدا بهێنێت و
بیخاتە ژێر ڕەحمەتى تیئۆرى فاروقیزمى بنەماڵەگەرییەوە ، چونکە ئەو لە
باتى کورسیى دەسەڵات تەنها مایکێک هەبوو زەوتى بکات ، بەردەوام لە
دەستى نەدەکەوتە خوارەوە ، وەکو بنەماڵەش ڕۆڵى هاوسەرەکەى لەبەر
چاواندا دیار و ئاشکرا بوو لەو سەرایەى خۆى کردبووە دەمڕاستى جەماوەر
بە دەنگدەرانى یەکێتى و پارتیشەوە ، لەو بڕوایەدام ئەو جورئەتەى ئەو ،
زلحیزبەکانیش پەى پێنابەن و ڕێگەکەى پێنازانن زەفەرى پێنابەن.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|