٢٩\٧\٢٠٢١
"فایەق محەمەدی"
ئەکتەری فیلمەکانی "بەھمەن قوبادی" کۆچی دوایی کرد.
مەنسوور جیھانی
"فایەق
محەمەدی" گۆرانیبێژی ناوداری کورد و ژەنیاری بەتوانای ئامێرەکانی نایە
و و زوڕنا و ئەکتەری فیلمەکانی سینەماکاری ناوداری کورد "بەھمەن قوبادی"
کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا "فایەق محەمەدی" گۆرانیبێژی ناوداری کورد و ژەنیاری بەتوانای
ئامێرەکانی نایە و دووزەلە و زوڕنا و ئەکتەری فیلمەکانی سینەماکاری بە
ئەزموونی کورد "بەھمەن قوبادی" لەوانە: فیلمی سینەمایی "گۆرانییەکانی
وڵاتی دایکیم"، فیلمی سینەمایی "نیوە مانگ" و بەڵگەفیلمی "دەف"، دوای
ماوەیەک ململانێی لەگەڵ نەخۆشی؛ بەداخەوە ڕۆژی دووشەمە ٢٦ی جوولای ٢٠٢١
بە ھۆی جەڵتەی مێشک لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" دوای وێنەگرتنی فیلمەکانی بەردەوام
پەیوەندیی نزیک و گەرم و گوڕیی خۆی لەگەڵ ئەکتەریی فیلمەکانی ڕادەگرێت
و ھەمیشە بەسەریان دەکاتەوە و ئەو کاتەی کە زانیشی خوالێخۆشبوو
ھونەرمەندی نەتەوەیی کورد کاک "فایەق محەمەدی" بە دەست نەخۆشییەوە
دەناڵێنێت، بە دەستنیشانکردنی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەکەی خۆی، بەردەوام
پێوشوێنی دەگرت و ئەم دوو ساڵە زۆر ئاگاداریی لێدەکرد تاکوو چاکبێتەوە
و ژیانی ئاسایی و ھونەریی خۆی دەستپێبکاتەوە.
قوبادی تەنانەت خەرجەکانی نەخۆشخانەی ئەم گۆرانیبێژەشی لە ئەستۆ گرت،
تاکوو بتوانێت بەشێکی بچووک لە زامەکانی ئەم ئەکتەرەی فیلمەکانی کەم
بکاتەوە، کە بەداخەوە ئەجەل مۆڵەتی نەدا و ماڵئاوایی لە جیھانی مۆسیقا
و ھونەریی سینەما کرد.
ڕەوانشاد "فایەق محەمەدی" لە فیلمی سینەمایی "نیوە مانگ" چوارەمین
بەرھەمی بڵیندی "بەھمەن قوبادی" و بە ڕێنوێنی ئەم دەرھێنەرە بەئەزموونە
کوردە لەگەڵ ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، لەوانە: "ھەدیە
تێھرانی"، "گوڵشیفتە فەراھانی"، "حەسەن پوورشیرازی"، ئەکتەری ناوداری
کورد "فەرزین سابوونی"، گۆرانیبێژی ناوداری کورد و ژەنیاری پەنجەزێڕینی
تار مامۆستا "محەمەد ناھید" لە خەزێنە ڕەسەنەکانی مۆسیقای کوردستان،
ڕەوانشاد "ئیسماعیل غەفاری" (مامۆ) و ھونەرمەند "ئەڵڵاموراد ڕەشتیانی"
و ھەروەھا لە فیلمی سینەمایی "گۆرانییەکانی وڵاتی دایکیم" لەگەڵ
ئەکتەرەکانی ئەم بەرھەمە، لەوانە: "ئێران قوبادی"، "شەھاب ئیبڕاھیمی"،
"شیلان ڕەحمانی"، "ڕۆژان حسەینی" و ھەروەھا لەگەڵ ئەکتەرە
بەناوبانگەکانی سینەمای کوردستان ڕۆڵی بینیوە.
مامۆستا "فایەق محەمەدی" بە دەنگە بەسۆزەکەی و ژەنینی شارەزایانەی
ئامێرەکانی نایە و دووزەلە و زوڕنا لە بەشی پسپۆڕانەی مۆسیقای شایی و
خۆشیی کوردستاندا؛ پێگەیەکی تایبەت، گرینگ و کاریگەریی ھەبوو و لە کۆڕ
و کۆبوونەوەکانی ئەم ناوچە پڕ لە خەزێنەی مۆسیقای ڕەسەنی کوردەواریی،
بە پێشکەش کردنی ھونەرمەندانەی خۆی ساتەوەختێکی ھەرمانی بۆ خەڵکی
دەخوڵقاند، شایی دەخستە دڵەکانیانەوە و بزە و پێکەنینی دەخستە سەر
لێوەکانیان.
سینەماکاری بەئەوموونی کورد "بەھمەن قوبادی" بە بۆنەی کۆچی دوایی
ڕەوانشاد "فایەق محەمەدی" ھونەرمەندی نەتەوەیی مۆسیقای کوردستان،
سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو، کەسووکاریی و ھەروەھا
کۆمەڵگای ھونەریی و بەتایبەت موزیکی کوردستان دەکات.
لاپەڕەی فەرمی "بەھمەن قوبادی" لە "ئینستاگڕام":
https://www.instagram.com/p/CRzbBv٠nI٠٤/?utm_medium=copy_link
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|