په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٣\٢٠١٣

فێڵێکى مەزن لە مەزنێتى ژنان، ئەوەى ژن داواى دەکا جیهان ونى کردووە.


پەیوەند ئەنوەر     


لە هەموو ساڵێک لە رۆژى 8ى مارس جیهان بە گشتى خۆى ئامادە دەکات بۆ ئەوەى پیرۆزبایى یان چەپکێک گوڵ یان هەندێ زەردەخەنە یانـ.... هتد، بدەن بەژنان، لەم رۆژەدا جیهان بەگشتى و پیاو بە تایبەتى بە هەستیاریەوە نزیکى هەستەکانى ژنان دەکەونەوە، ئەمەش لەبەرئەوەیە، کە ١٠٥ ساڵ پێشى ئەمرۆ کۆمەڵێک ژن لە ئەنجامى هێنانە زمانى مافێکى رەواى خۆیان بە شێوەیەکى زۆر درندانە سوتێنران و کوژران، ژنان لەم رۆژە تورەن و بەمەش یاسا قالبیەکانى کۆمەڵگا پرەنسیپەکانى کەلتور و دابونەریت دەشکێنن، سنورە سورەکان لەم رۆژەدا سپى دەبنەوە، ئەوەى هەرگیز پیاو بۆى ناگریێ ئەویش کەسایەتى کۆیلەیى ژنە لەم رۆژەدا نەرمى دەکات و فرمێسکى تیمساحى یان شیرینى بۆ دەرێژێ، ئەوەى پیاو هەرگیز بۆى ناڵوێ و بۆى ناکرێ بەرامبەر بە ژنان میانرەوێتى بنوێنێ لەم رۆژەدا دەیکات، بەڵام پاش تێپەربوونى چەند کاتژمێرێک هەموو هێڵەکان وەکو خۆى لێدێتەوە.واتە پاش رۆژى 8ى مارس ژن ئەو خۆشەویستەى ئەم رۆژە نیە و حیساب بۆ هاواریشى ناکرێ، ئەمە بە شانازی یەوە ناخەمە زمان، بەڵکو پێم وایە ئەمە "فێلێکى مەزنە لە مەزنێتى ژنان"دەکرێ. ژن کۆیلەترین توێژى کۆمەڵگایە، لەگەڵ ئەو کۆیلەبوونەى ژن هەموو کۆیلە بوونەکانى تر ئافراوە، واتە کۆیلەبوونى ژن بووەتە هۆى کۆیلەبوونى تەواوى کۆیلایەتیەکانى تر، چونکە ژن دایکە و ئافرێنەرى ژیانە، کەواتە دایکێکى کۆیلە و بێ ئیرادە نەوەیەکى کۆیلە و بێ ئیرادەى لێ دەکەوێتەوە، لێرەوە دەرکەوت کە بناغەى کۆمەڵگا کە لە ساواکانەوە دەست پێ دەکات سپێرمەکەى بە کۆیلەبوون دەستى بە چالاک بوونى کردووە لە ناو منداڵدانى دایکەوە.هەموو چەمکەکانى کە بۆ بە سیستەم بوونى کۆمەڵگاش دەخرێنەروو لە راستیدا دەبنە بەربەستێک لەبەردەم رزگاربوونى ژن لەم کۆیلایەتیە، فیمینیزم بە هەموو توندرەوى و حەقکارى خۆیەوە نەیتوانى بەرەنگارى سیستەمەکانى کە باوکسالارى دروستى کردوون ببێتەوە لەسەدەکانى ناوەراست و هەتاوەکو ئێستایش، جا بەم هۆیە کۆمەڵێک بیانوییان بۆ فیمینیزمێتى هێنایەوە گوایە چەندین جۆرى هەیە، من ئەمە بە بیانو لە قەڵەم دەدەم، چونکە ئەگەر بگەرێینەوە سەر فەرهەنگى هەموو چەمک و بیروراکان حەقیقەتێکى روون و جەوهەرى هەیە، بەڵام لەپاشان دەگۆردرێن، ئەمەش دەستێکى زاناى لە پشتەوە دەبێت، مەنتقیش گوێى لە راستینەى فەرهەنگى چەمک و بیروراکانە، مرۆڤیش دەبێ چۆک لەبەردەم مەنتقدا دابدا.


ژن لە 8ى مارسدا تەنها لە رۆژێکى ١٤ سەعاتیدا بچوک دەکرێتەوە، ئەوە نەک رێز بەڵکو هەڵخەڵەتاندنێکى فێڵزانانەیە لە دژى ژنان. ١٠٥ هەشت مارسەکان بەسەردا رۆیشتوون تائێستا جگە لە کۆیلەبوونى زیاتر ژن چ سودێکى لە جیهانى مۆدێرن و جیهانى پاش هەشتى مارس وەرگرتووە؟ مەبەستم ئەوەیە پرسەکە لە رۆژێک گەورەترە و رۆژێک نەک تەنها ناتوانێ بگاتە چارەسەرى بەڵکو دەبێتە خەڵەتاندنى بیرى چارەسەرى، دەرکەوتووە و واقیعیش شاهێدى ئەم قسەیەمە تا ئێستا 8ى مارس نەبۆتە هۆى دروست بوونى شۆرشێکى سەرتاپاگیرى نەک بۆ مرۆڤ تەنانەت بۆ ژنانیش، بە چەمکى فشە و فشەیزمەوە ژنان لە داخوازیەکانیان دوور دەخرێنەوە، تا واى لێدێ مرۆڤ لەم رۆژە دا پێکەنینیان بە تورەیى ژنان دێت، نزیک بوونى هەستیاریش بۆ ژنان لەم رۆژەدا، پێم وانیە لە ترسى عەقلیەتى ئازادیخوازانەى ژن بێت، بەڵکو لەبەر پێکهێنانى چەمکى خەڵەتێنەرانەیە. مەبەستم ئەوەنیە با رۆژێکى تایبەت نەبێ بۆ ژنان، بەڵکو 8ى مارس لاى من رۆژێکى پیرۆزە، بەڵام رەخنەم لە تەواوى سیستەمەکانى جیهان هەیە کە لە رووى پراکتیکیەوە هەریەکەیان فاکتەرێکى دەستدرێژی کارانەیان هەیە بۆ سەر ژنان، تەنانەت ئەو سیستەمانەى کە خۆیان بە داکۆکیکار دەزانن بۆ مافى ژن، لە راستیدا ئەوان هۆکارێکى بناغەیى توندوتیژیەکانن، سیستەمى بێ رۆحى و بێ کۆمەڵبوونى رۆژئاواگەرى نمونەیەکى زیندووە، لەوێ ژن تا سەر ئێسقانەکانى لە کۆیلایەتیدا دەژى و ئەگەر ژنانى جیهان هەموو لەشیان بەسترابێ تەنیا چاویان نەبێ، بەڵام ژنانى رۆژئاوا چاویشیان بەستراوە.


ئەم کۆیلە بوونەى ژن نمونەیەکى کۆیلایەتى گەردوونى یە، چونکە شیکارێکى تیۆرى و پراکتیکى بۆ رزگارى ژن نەبووە. ئەوەى ژن داواى دەکات جیهان ونى کردووە، ئەوەى ژنیش دەیەوێت جیهان لە ئێستادا بەدواى وێڵ نیە، جیهان مەبەستم جیهانى باوکسالارى یە. هەڵبەتە لەکوێدا ئەو چارەسەریە دەدۆزرێتەوە مێژووش بەدواى بگەڕێ نایدۆزێتەوە، چونکە کۆیلایەتى ژن مێژووش چۆکى بەبەرداداوە، مرۆڤایەتیش بۆى بگەرێ لە شەقامەکانى گوماندا وێڵ و سەرگەردان دەبێ، چونکە نەجیهانى مێژوو نەجیهانى هەنوکە چارەسەرییان بۆ کۆیلایەتى ژن پێ نەبووە و ئەمەش تائێستا دیارى نەکراوە!.

شۆرشى ژن، شۆرشێکى یەکلایى کەرەوەى سیستەمەکانیشە، نەک تەنها رەگەزى.


لەناو ئەو هەموو گومرایى و ونبونەى مرۆڤایەتیدا کە وێلن بە دواى چارەسەرى بۆ پرسى ژن، ئیدى تورەیى دۆزگەران لەم دواییەدا گەیشتۆتە ئاستێکى رژان. شۆرشەکان تەواو دەبوون ژنان دەبوونە باجدەر، شۆرش دەستى پێدەکرد ژنان دەبوونە باجدەر، لەناو شۆرشدا ژنان باجدەرى یەکەم بوونە، لەسەردەمى بونیادناندا دیسانەوە ژنان دوورن لە سەربەستى و هەرچەندى بونیاد و بونیاد نزیکتردەکرانەوە لە کۆیلەبوون، ئەم هەموو گۆرانکاریە سیستەماتیکەى کە بەسەر جیهاندا هات هیچیان نەبوونە چارەسەرى بۆ پرسى ژن، ئیدى ژن لە هەموو سیستەمێک یاخى و بە گومانە!. ژنان داواى زۆر دەکەن بەڵام داواکانیان بە پێچەوانەوە وەڵامدەدەرێتەوە، ئەوان دەیانەوێ بگەرێنەوە بۆ پیرۆزى کەسایەتى خۆیان بەڵام پیرۆزى لەناو سیستەمى باوکسالارى نامەنتق بینینە، هەرچى دەیکەن ناتوانن، بگەن بە چارەسەرى. ژنان بەشدارییان لە مێژووى شەرانگێزى کرد و نەبووە هۆى چارەسەرى، بەشدارییان لە قۆناغى شوعیەت کرد و تەنانەت لە پێشەوەش بە رێگاوە بوون ئەنجام بە لاى ئەوانەوە نەشکایەوەو نەیانتوانى بە خواستەکانیان بگەن، بەشدارییان لە سیستەمى سۆسیالەکان کرد ئەویش شکستى نەشونوماکردنى بە ژنان دا، بەشدارییان لە دەرەبەگ و پاشایەتى و مۆدیرن و پۆست مۆدێرنیزم کرد هەموویان بوونە هۆى زیاتر و زیاتر بوونى کۆیلایەتى ژنان، مۆدێرنیتەى سەرمایەداریش ژمارەى پێوانەیى تۆمارکردووە لە شکاندنى زۆرترین بە کۆیلە بوونى مرۆڤ لەناویدا ژن بەتایبەتى، لە مێژوودا کۆیلەبوون بەم رەنگە دروست نەبووە. لە شۆرشى رۆژهەڵاتى ناوەراستیشدا کە بەناوى (بەهارى عەرەبى)ناونراوە و بەرێز ئۆجەلانیش ناوێکى مەنتقی تری لێناوە بەراى من ئەویش (شۆرشى گەلان)ە، نەیتوانیوە بۆ زۆر مەسەلەى چارەنوسساز ببێتە چارەسەرى، راستە لە زۆر وڵاتدا هەندێ سەرکردەى دیکتاتۆر لابران، بەڵام کەسێکى تر لە شوێنى دانرایەوە رەنگە کەمێک لەو باشتر یان وەکو ئەو بەڵام لە رووکارێکى جیاواز، دانراوە. بۆ پرسى ژنیش هیچ لایەنێکى پۆزەتیڤى بە خۆیەوە نەبینیوە، بەڵکو خراپتر بووە، چونکە لە رێگاى ئەم سەرهەڵدانانەوە دەستى رۆژئاوا ئەم جارە بە ئاسانى دەگاتە ناو رۆژهەڵات و کۆمەڵگاکانى رۆژهەڵاتى وەکو هى خۆیان لێ دەکەن،ئەمە یەک لە خاڵە نێگەتیڤەکانە بۆ پرسى ژن لە رۆژهەلاتى ناوەراستدا، بێجگە لە دەییانى تر کە ئێرە شوێنى باسکردنى ئەو خاڵە نێگەتیڤانە نیە. مرۆڤ دەتوانێ بیخاتە ناو رۆژەڤى بابەتێکى تر. کەواتە ئەمانەش چارەسەرى نین، ئەم جیهانە چارەسەرى ریشەیى پێویستە بۆ دەربازکردنى ئەو هەموو قەیرانانە، بەتایبەت بۆ دۆزى ژن، کەئێستاکە باسەکەمان لەسەر ئەوە. ئەم هەموو داخوازیە بە بنەما گرتنى قالبى و بەربەست دانان لەبەردەم ژنان لەبەرچى؟!. من پێم وایە ژن شۆرشێکى گەورەى لە پێشە یان دەبێ ئەو شۆرشە ئەنجام بدات یانیش بۆ هەتایە لەم رەوشەى ئێستاى دەربازى نابێت. ئەم شۆرشە من ناوى لێ دەنێم شۆرشى رزگارى،چونکە شۆرشى ژن لە سەرکەوتنیدا گەرانەوەیە بۆ حەقیقەتى کەسایەتى ژن و ئازادبوونى تاکى ژن، هەڵبەتە لەمە بە هەڵە تێنەگەین ئەوەى رەوشێکى توند و شەرانى و سانسۆرى رووکارى و ...هتد، لەسەر نەبێ گوایە ئەو ئازادە!، من ناکۆکم لەگەڵ ئەوەو پێم وایە کەسانى لەمجۆرە دوورن لە ئازادى، مرۆڤى ئازاد ئەو مرۆڤەیە کە وەکو ئاگر بە پروشکەکانى دەوروبەرى رووناک دەکاتەوە، جا لەناوەندى شەر بێ یان لەناوەندى ئەو شوێنانەى کە پریەتى لە کۆت و بەند و سانسۆر و قالبى و دابونەریتى داسەپێنراو یان ئەو شوێنانەى کە مرۆڤ جگە لە چوار دیوار شتێکى تر نابینێ، ئەوەندە دەزانم ئازادى بە هیچ شتێک ناگیرێت، بە پێچەوانەوە ئەوەى دەڵێ: توانرا ئازادى لێ بگیردرێت ئەوە هەوڵدانێکى لاواز بووە بۆ ئازادى. شۆرشى ژن شۆرشێکى گەورە دەبێت کە من پێم وایە ژنان خەریکى ئەنجامدانى شۆرشێکى سەربەخۆن،بۆ ئازادى ژنان، ئەمەش لەمەوە دەست پێدەکات کە ژنان لە دەستپێکدا ئایدیۆلۆژیایەکى تایبەت دابرێژن و لەسەر ئەم ئایدیۆلۆژیایە کارى یەکانگیرى رێکخراوەیى بکەن و دەست بە شۆرش بکەن، من ئەم هەڵوێستە لە ئێستادا لە نزیکەوە دەبینم، جیهانی سەرمایەداریش لەمە دەترسێ و پێشبینى روودانیشى دەکات، چونکە ئەم شۆرشە گەرانەوەیە بۆ یاسا سروشتیەکان لە زۆر حاڵەتدا، ئەمەش رەورەوە قەبەکەى سەرمایەدارى دەخاتە لەرزەوە، لە راستیدا جیهان زۆر لە مێژینەیە بەدواى سیستەمێکى بەم شێوەیە وێڵ بووە، لەگەڵ ئەوەم بوو کە جیهان سیستەمى چارەسەرى بۆ پرسى ژن ون کردووە. ئەم شۆرشە دەچێتە ناو عەقڵى مرۆڤەوە کار لەسەر عەقڵى مێژووش دەکات، بێگومان کاتێکى زۆرى پێویستە، بەڵام لە کات پێویست تر ئەوەیە کە دەست پێبکات.


 

Peywendkurdi@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک