٥\١٠\٢٠١٩ فەلسەفە و فەیسبووک یان فەلسەفەی فەیسبووک.
لەو سۆنگەیەشەوە، یەکێک لە دیارترین ئەو پەرتووکانەی کە لە بارەی فەیسبووک و کاریگەریەکانی بەسەر ژیانی ڕۆژانەی ئێمە دەدوێت پەرتووکی (فەلسە و فەیسبووک یان فەلسەفەی فەیسبووک)ە کە پەرتووکێکی گرنگە. بایەخی ئەم پەرتووکیە ھەر تەنھا لەوەدانییە کە لە بارەی دیاردەیەکی تەکنەلۆژییەوە دەدوێت کە ئەویش فەیسبووکە، بەڵکو لەوە زیاتر ئەوەیە کە پەرتووکەکە وێرای ئەوەی دیدێکی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیی قووڵە بۆ بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام بەزمانێکی سادە، پاراو و ڕەوان نووسراوە کە بشێ ھەمووان بیخوێننەوە و لە ناوەڕۆکی بگەن. کە ئەمەش بۆ خوێنەری کورد، کە زۆرینەیان خوێنەرێکی میللییە وبژاردەیی نییە، میتۆدێکی باشە بۆ خوێنەوەی پەرتووک. ئەم پەرتووکە، لە چەند بەشێکی سەرەکی پێکھاتووە و لە ھەریەک لەو بەشانەش، نووسەر ھەوڵیداوە بە پوختی لە بارەی کاریگەریەتی فەیسبووک لە ژیانی ئێمەوە بدوێت.
نووسەر لەدەسپێکی باسەکاندا، ئاماژە بەوە دەکات کە مرۆڤی کورد بەگشتی،لەبەرکەوتن و کۆنتاک دایە لە گەڵ تەکنەلۆژیای سەردەم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەکاربەرێکی ئەکتیڤی ئەو بوارەیە، بەڵام ئەو پەیوەندییە، نەبۆتە ھۆی دروستکردنی مرۆڤێکی بیرکەرەوە، پرسیار دروستکەر. بە پێچەوانەوە، تەنھا لە خۆخافڵاندن و سەرقاڵکردن و کۆمێنتی بێ مانادا کورتی کردۆتەوە. بە بڕوای نووسەر، مرۆڤی کورد زۆربەی ھەرە زۆریان فەیسبووک وەک پانتییەک بۆ خۆدەرخستن و نەرجسیەت و نماییشی جەستەیی و ڕوالەتی دەبینن. ئەوان فەیسبووک، وەک ئامرازێکی گۆڕینەوەی بیروڕا، گەنگەشە و دیالۆک،گەڕان بە دوای مەعریفە و زانستدا نابینن. بەڵکو تەنھا وەک ڕۆتینێکی ژیانی ڕۆژانەیان تەماشای دەکەن. پەیوەندی ئەوان لەگەڵ ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەدا،تەنھا پەیوەندییەکی ڕووکەشی و لاساییکەرەوەیە. بۆیەشە فەیسبووک لە نێو ئێمەدا، نەبۆتە ھۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ھوشیاریی و ئاگایی مرۆڤەکان. بە پێچەوانەوە، ھێندەی خوانێکی ڕازاوە دەبێتە جێی سەرنج و گۆڕینەوەی بیروڕای بەکاربەرانی، ھێندە پرسیارو بۆچوونێکی فەلسەفی نابێتە جێگەی لە سەروەستان.
بابەتێکی دیکە کە نووسەر تیشکی دەخاتە سەرو ڕەخنەی دەکات ئەوەیە، کە تێگەیشتنێکی ھزریی و میللی لە کۆمەڵی ئێمەدا دروست بووە کە ھەموو بوونێک دەبەستێتەوە بە فەیسبووک و ھەموو پەیوەندییەک لەوئامرازەدا کۆدەکاتەوە. واتا ئەگەر فەیسبووکت ھەبوو، ئەوە تۆ ھەیت و بە پێچەوانەوەش. لە ڕاستیدا، ئەو بۆچوونەی نووسەر نەک ھەر لۆژیکی و ڕاست و لە جێی خۆیە، بەڵکو بە ئەرگۆمێنتیش دەرکەوتووە. بۆنموونە:شاعیرێک لە فەیسبووکی خۆی، ڕەخنەی ئەوەی لە من گرتبوو،کەچۆن دەبێت من نووسەربم و وتاربنووسم، بەڵام فەیسبووکم نەبێت؟ ئەمە دەرخەری ڕاستی بۆچوونی نووسەری پەرتووکەکەیە، کە کەسانێک چەند ساویلکانە بیردەکەنەوە و چۆن بوونی مرۆڤ لە بوونی پەیوەندییەکی نازیندوو، بێ ڕوح و بێ چێژ، کورت دەکەنەوە. ئەمە ئەگەر بۆچوونی شاعیرێک بێت کە شاعیران، دەبێ پاشخانێکی ڕۆشنبیریان ھەبێت، ئاخۆ بەکار بەرانی ئاسایی فەیسبووک، چەند تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دڵخوازی خۆیان دەبینن؟ ھەربۆیە بە بڕوای نووسەری پەرتووکەکە، یەکسانکردنی بوونی مرۆڤەکان بە بوونی نێو فەیسبووک و بەستنەوەیان بەیەکتری، نەک ھەر بۆچوونێکی نالۆژیکییە، بەڵکو نەزانییەکی دیاریشە. چونکە ھەڵەیە ئەگەر پێمان وابێت، ئەو تۆڕە ھەمەلایەنە وبەستراو بە ھەموو دنیاوە، دەبێتە شوێنگرەوەی پەیوەندییە ڕاستەقینە و ڕوحیەکانی ئێمە. چونکە مرۆڤەکان لە نێو فەیسبووکدا، بوونێکی ئەندێشەییان ھەیە نەک واقیعی. بەو مانایە لە بەریەککەوتن دابن لەگەڵ واقیع. لێرەوەش نموونەی ئەوە دێنێتەوە، کە سەدان دروشم و ھوتاف و بانگەواز لە فەیسبووکەوە دەکرێن، بەڵام چەند لەو بەکاربەرانە ئامادەن بە پراکتیکی لە واقیعدا ئەو ڕۆڵە ببینن و دروشمەکانیان بکەنە کردار؟ ھەموومان لە فەیسبووک قسە دەکەین، بیروڕا دەگۆڕینەوە، وەلێ ھەموو ئەو دیالۆگانە تا ئەو کاتە بڕدەکەن کە لە نێو فەیسبووکداین، لەوە بەدواوە، ھەرکەسە و بەدوای کاری خۆیدا دەڕوات. ھەر بۆیەشە نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوە فەیسبووک نییە ھاتۆتە نێو ژیانی ئێمەوە، بەڵکو ئەوە ئێمەین بووینەتە کۆیلەی فەیسبووک، بەبێ ئەوەی زۆربەی ھەرە زۆرمان توانای پرسیارو گەڕان بە دوای مەعریفەمان ھەبێت.
خاڵێکی دیکەی گرنگ کە نووسەر لە پەرتووکەکەیدا تیشکی دەخاتە سەر ئەوەیە، کە ئەگەر پێوەرەکانی پێشکەوتن و فراوانبوونی دنیای زانینی مرۆڤەکان، بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەیسبووک بووایە، دەبوو ئێستا ئێمە کۆمەلگایەکی زۆر پێشکەوتوومان ھەبووایە. کەچی بە بڕوای ئەو، ھیچ کاتێک ھێندەی ئێستا، مرۆڤی سادە، بیرنەکەرەوە،ھیچ نەزان و گەمژە، بوونییان نییە. چونکە لە فەیسبووکدا، ھەموو کەسێک دەتوانێت قسە بکات و خۆی نماییش بکات.لە فەیلەسوفێکەوە بۆ نەزانێک، لە پڕۆفیسۆرێکەوە بۆ نەخوێندەوارێک. فەیسبووک فلتەرێکی نییە کە تیایدا ئەو گەمژەیە دوور بخاتەوە لە بۆچوونی مەعریفی و زانستی. بۆیە دەبینین، وێرای ئەو ھەموو ئامرازە پێشکەوتوو، دوا مۆدێلانەی سەردەم، کەچی زۆر بەدەگمەن، فەیسبووک وەک سەکۆیەکی مەعریفی و دڵکارای گۆڕینەوەی بیرو ڕاکان دەبینرێت. تەنانەت ئەوەندەی(مەنجەڵێک دۆڵمە!) دەبێتە جێی کۆمێنت، لایک و شەیرکردن، ئەوەندە بۆچوونێکی فۆکۆ، یان شیعرێکی بێکەس نابێتە مایەی دروستکردنی پرسیار لای مرۆڤی کورد. کەواتە بەو شێوە پەیوەندیی و بەیەکەوەبەستنە، دەتوانرێت مرۆڤێکی پرسیار دروستکەرو گومانکەر بێتە ئاراوە؟
خاڵێکی دیکە کە نووسەر باسی دەکات ئەوەیە، کە دەبێ نووسینی نێو فەیسبووک،کورت، ڕاگوزەرو وێنەیی بن، تاکو بخوێنرێنەوە. واتە ئەگەر نووسین و کۆمێتێک بچووک و کورت نەبێت، بەکاربەرانی فەیسبووک دەیخەنە دواوە. چونکە ئەوان زۆرتر لە گەڵ وێنە لە پەیوەندیدان، نەک خوێنەوە. بۆیە دەبێ نووسینەکان خێراو ئاسان خۆیان بدەن بەدەستەوە دەنا پشتگوێ دەخرێن. کەواتە ئەوستایلە لەنووسین، دەتوانێ وا لەمرۆڤ بکات بیربکاتەوە وبچێتە قووڵایی نووسین و مانا؟ دواجار نووسەر بۆچوونی وایە، ئەوە فەیسبووکە ئێمە بەکاردێنیت وکردوومانی بە ڕۆبۆت، نەک ئێمە فەیسبووک بەکاربێنین.ئەمانە و زۆر بابەتی دیکەش لە پەرتووکەکەدا ھەن.
لە ڕاستیدا، دوور لە ھەموو جۆرە سازش و پێدا
ھەڵگوتنێک دەڵێم: ئەم پەرتووکە، یەکێکە لە دیارترین ئەو پەرتووکانەی
شایستەی ئەوەیە ھەموو کەسێک، نەک خوێنەران بە تەنھا بیخوێننەوە. چونکە
پەرتووکێکە، لە بارەی دیاردەیەکی سەردەمەوە دەدوێت، کە وەک ھەناسەدان،
بە داخەوە بۆتە بەشێک لە بوون و ژیانی ئێمە، بەبێ ئەوەی زۆربەی ھەرە
زۆرمان، بزانین چییە وچۆن بەکاربەرێکی فەیسبووکین کە ئەمەش گرنگە بۆ
ئەو قۆناغەی ئێستامان.دوای خوێنەوەی پەرتووکەکە، خوێنەر پرسیارو سەرنجی
زۆری لادروست دەبێت بە ئاراستەی ئەوەی چۆن ببێتە بەکاربەرێکی دیکەی
فەیسبووک. بۆیە دەستخۆشانە لە نووسەری پەرتووکەکە دەکەم و ھیوای
بەردەوامیش بۆ ناوەندی ڕەھەند دەخوازم، کە ئەگەرچی ماوەیەکی کەمە
دەستییان بەوەشان کردووە، بەڵام لەوماوە کەمەدا، چەندین پەرتووکی
نایابی ئەدەبی و زمانەوانی و فیکریان خستۆتە بەر دیدەی خوێنەران.
|