٢٨\٢\٢٠١٧
فەلسەفەی زمان.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
''ئێمە ناتوانین بیر
بکەینەوە تەنھا لە نێو وشەکاندا نەبێت''.
(ھیگل).
زمان کۆمەڵێک دەرگا بۆ چوونە ژوورەوە دەکاتەوە و کۆمەڵێک دەرگا بۆ
ھاتنە دەرەوە دروست دەکات، لە سالۆنی ئیمپراتۆرەکان و لە کۆمیتی
دبلۆماسییەکان و لە کۆڵانی ھەژاراندا زێتر لە زمانێک بەکار دەھێنرێت،
زمانی زیادە... زمان دەبێتە ڤیزە و کارتی پێناسەکردنی فرە جۆر! ئەوە
زمانە دابەشمان دەکات، ھونەری قسەکردن، ھونەری نواندنی زمانە بە ئاست و
شێوەی جیاواز و لە شوێنی جۆراوجۆردا... دەشێ ھەموو ئەوانە بکەونە نێو
فەلسەفەی زمانەوە، بەڵام زمان چەمکێک نییە لە چەمکەکانی فەلسەفە،
بوارێک نییە لە بوارەکانی زانست... فەلسەفەی زمان بە دوای سروشتی زمان
و پەیوەندی زمان بە جیھاندا دەگەڕێت، لە وێناکردنی زمان بۆ جیھان
دەکۆڵێتەوە، بە وێناکردنی فەلسەفەکاران بۆ زمان دەڕوانێ، فەلسەفەی زمان
پرسیار لەوە دەکات زمان چۆن نوێنەرایەتی دنیا دەکات، پەیوەندی ناونان
بە ناوەوە چییە، چۆن لە لۆجیکی تێگەیشتنی بیرکردنەوە نزیک دەبینەوە،
ئایا زمانێک ھەیە لە دەرەوەی بیرکردنەوە، تێگەیشتن چییە، قسە چۆن
دەگاتە ئەویدیکە، پەیوەندی نێوان قسەکەر بە ئەویدیکەوە چییە، مانا
چییە، ئایا مانا لە سەری قسەکەران دایە یان لە زماندا، زمانی بێ مانا،
بێ بنەما بوونی ھەیە؟
بە شێوەیەکی گشتی زمان خۆی لە نێوان دوو مەسەلەدا ھەڵدەگرێتەوە،
یەکەمیان سیستمە و دووەمیان جیاوازییە، یەکەمیان سروشتی دەلالەت و
دووەمیان ھەمەکیی زمانە، یەکەمیان پەیوەندی بەو قەوارەیەوە ھەیە کە
وشە، یان رستە دەلالەتی لێدەکات، دووەمیان چۆنیەتی تێگەیشتن و سروشتی
بیرکردنەوە دەگەیەنێت، یەکەمیان دەرەکییە و دووەمیان ناوەکییە... لە
لایەک دەتوانین زمان لە ناونانی شتەکانەوە ھەڵگرینەوە، لەلایەکی دیکە
بوونی شتەکان لە چوونە نێو زماندا ناس بکەین!! یەکەمیان سیستمێکی
دیاریکراو بەڕێوەی دەبات، دووەمیان لەسەر جیاوازی وەستاوە! کەواتە وەک
چۆن (بێکۆتاییبوون) کلیلی بیرکارییە، (ھەمەکییبوون) کلیلی زانستەکانی
زمانە، ھەڵبەتە بە جیاوازی نێوانیانەوە! ئەوە ھەر جیاوازیشە (کارڵ
کراوس ١٨٧٤-١٩٣٦)ی زمانناس وا لێدەکات وەک ئەوەی قسان لە لەشفرۆشێک
بکات، قسان لەبارەی زمانی دایکەوە دەکات و پێیوایە زمان لە رێگای
بەکارھێنانێکی دیکە بۆ ئەو مانایەی، کە دایک دایھێناوە پێشدەکەوێت،
نوسەر لەسەر دایکی دەنوسێ و بەدژی ئەو ھەڵدەسێ، بۆ ئەوەی لە نیگەرانی
کاریگەرییانەی دایک رزگاری بێت.١ زمان لە نێوان دوو ژیاندا ھەست و
نەست، خود و حەزە چەپێنراوەکان.. پارچە پارچە کراوە، لە بوونی (پڕ)
دوورخراوەتەوە بۆ دنیای (بەتاڵ)، لە سکی پڕی دایک بۆ دنیای بەتاڵی
کۆرپەلە، زمان بەتاڵە لەبەر ئەوەی زمان بریتییە لە پرۆسەیەکی بێکۆتایی
جیاوازی و نەبوونی... دەق لەبەر زمان نابێتە خاوەن، بۆیە لە دالێکەوە
بۆ دالێکی دیکە ھەنگاو دەنێ، لە دەقی داھێنەرانەدا ھەر دالێک گەیەنەری
دالێکی دیکەیە، ئەو دالەش درێژبوونەوەی دالێکی دیکەیە.. (ژاک لاکان
١٩٠١-١٩٨١) دەڵێ زمان ئەو شتەیە کە بوون لە حەز و ئارەزوو بەتاڵ
دەکاتەوە. زمان تەواوی دنیای خەیاڵ دابەش و پارچە پارچە دەکات. بە
بڕوای لاکان نەست بەرھەمی تایبەتی زمانە، ھەروەھا ئەو لەسەر ھەمان
بیرکردنەوەی کراوس و منداڵی بەر ئاوێنە، دەڵێ من ناتوانم لە یەک کاتدا
ھەم "مانا ببەخشم" و ھەم "مانا"ش بم، (ھەم منداڵی بەر ئاوێنە بم - واتە
مانای خۆم بم- ھەم لە ئاوێنەدا - باوک بم - واتە وێنەی مانابەخشی باوک
بم) لاکان بۆ روونکردنەوەی ئەو بابەتە چاونەترسانە رستە بەناوبانگەکەی
دیکارت (من بیر دەکەمەوە، کەواتە ھەم) دووبارە دەنوسێتەوە "من لەو
شوێنە نیم کە بیر دەکەمەوە، من بیر دەکەمەوە لە شوێنێ کە نیم".
کێ بیر دەکاتەوە زمان یان من، زمان لە مندا بیر دەکاتەوە یان من لە
زماندا بیر دەکەمەوە؟ ئەو کاتەی بیر دەکەمەوە ئەوە لە بیرکردنەوەمدا
جگە لە کۆپیکەرێک شتێکی دیکە نیم، ھەرگیز رێگایەکی نوێم بۆ بیرکردنەوە
نییە، بەڵکو یەکێکی دیکە رێگای بیرکردنەوەی پێبەخشیووم، من دەبێ ملکەچی
ئەو بم. ئەو یەکەی لە بری (فیتگنشتاین ١٨٨٩-١٩٥١)٢ بیر دەکاتەوە، ئەو
یەکەی ئەو ملکەچی دەبێ جگە لە زمان ھیچی دیکە نییە، ئێمە ھەموومان
میراتگری (وارسی) فۆرمەلەکەرێکی نادیاریین، بەڵام (کەس) قسان ناکات،
قسەکەر لە چوارچێوەی سیستمێکدایە چ لە دەرەوە بێ، چ لە ناوەوە. منی
قسەکەر تەنھا چارەسەری ئەو مانایە دەکات، کە دەیەوێت گوزارشتی لێبکات،
ئەویش لە رێگای شیانەی گوزارشتکردنێک، کە زمان ملکەچی دەبێت! بەڵام
ناتوانین بڵێین زمان پەیوەندی بە دایک و بنەما و ماناوە نییە... ئەوەش
پەیوەندی بە دوو پرۆسە لە پرۆسەکانی بەکارھێنانی زمانەوە دەکات،
یەکەمیان دەرەکییە و خۆی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاماژەکاندا دەبینێتەوە،
دووەمیان ناوەکییە، لە تێگەیشتنی ئاماژە ناوبراوەکانەوە دێتە بەرھەم،
(دایک، بنەما، مانا) ھەمیشە لای کراوس خیانەتی لێدەکرێت، لای لاکان
دەکەوێتە نێو دڵەڕاوکێی منداڵی بەر ئاوێنە و لەلایەن فیتگنشتاین
دەکەوێتە نێو فەلسەفەی زمانەوە بەو مانایەی کە فەلسەفە رزگارکردنی
زمانە لە خراپ بەکارھێنان و گێڕانەوەیەتی بۆ پێورە دروستەکەی لە ژیانی
رۆژانەدا، بەو مانایەی کە روونکردنەوەی لۆجیکییانەی بیرۆکەکانە، بەو
مانایەی کە چالاکی تەئویلکردنی گەمە زمانییەکانە، بەو مانایەی کە
ھیرمینۆتیکایە نەک گەیاندنی حەقیقەت. لە کتێبی (تراکتاتوس- tractatus-
پەیامی لۆجیکی فەلسەفی، کە ساڵی ١٩٢١ بڵاوبۆتەوە) فیتگنشتاین ئەوە روون
دەکاتەوە کە فەلسەفە چارەسەری بیرکردنەوە دەکات و کۆی فەلسەفەش
رەخنەگرتنە لە زمان، زمانیش وێنەگرتنی جیھانی گەردیلەکانە، جیھانیش
ھەمووی ئەوەیە کە بە دەست دێت، یان کۆمەڵێک فاکتە نەک کۆمەڵێک شت،
پێوانەی فاکتیش مانایە، پێوانەی راستی و دروستی ماناش دەکەوێتە
بەرانبەر رستەی زمانەوانی مانادارەوە، رستەیەک کە ھەمیشە فاکت
دەگەیەنێت و وەسفی فاکت دەکات. کەواتە لێرەدا ھەرگیز مەسەلە، یان
دۆزێکی فەلسەفی نییە ھەڵە بێت، بەڵکو ھەندێ مەسەلە و دۆز ھەن مانایان
نییە، لەوێوە بێ مانان کە لە لۆجیکی زمان تێنەگەیشتوون.٣
بێگومان پەیوەندی فەلسەفە و لۆجیک بە واقیعەوە لەسەر راستی و درۆ
ناوەستێ، بەڵکو بایەخ بە یاسا و رێساکانی زمان و دووری و نزیکییان لە
زانستی دەلالەتەکان دەدات، بایەخ بە مەسەلەی مانا و بێ مانایی دەدات.
مادام جیھان ئەوە بێت، کە زمانی ئێمە توانای دەربڕینی ھەیە، ئەوە
پێوەری بوونی جیھانیش زمانە، سنوری زمانم سنوری جیھانەکەمە.٤ فەلسەفەی
زمان پێش ھەموو شتێک بەرگری لەو سیحرە دەکات، کە شێوەکانی تەعبیرکردن
یان گوزارەکردن دەیخەنەوە، ئەوەش پەیوەندی بە تاکە میتۆدێکی دیاریکراوی
فەلسەفەوە نییە، چونکە فەلسەفە یەک میتۆد بەڕێوەی نابات، بەڵکو فەلسەفە
لە کۆمەڵێک میتۆد پێکھاتووە، فەلسەفە رێگای جۆراوجۆری ھەیە، فەلسەفەی
زمان جگە لە رێگای بەدواداگەڕان شتێکی دیکە نییە، بڕوابوون بە یەک
تیۆریی، جگە لە داخستنی ئاسۆکان شتێکمان پێناڵێت، مەرجی بیرکردنەوەی
ئازاد بە کرانەوەی ئاسۆکانەوە بەندە، کرانەوەش رۆحی فەلسەفەیە، ھەمیشە
لە نێوان میتۆد و بابەت کۆمەڵێ جیاوازی ھەیە، بەڵام رێگای بە
دواداگەڕانی ئەو جیاوازییانە لە پرسەوە سەرچاوە دەگرێت، وەڵامی فەلسەفە
ھەمیشە لە رێگای خستنە رووی پرسیارێکی دیکەوەیە.٥
زمان لای فیتگنشتاین رێگایە بەرەو مەعریفە، ھۆیەکە بۆ تێگەیشتن لە
دروستبوونی مانا لە نێو گوتاردا، بەپێی ئەو پەیوەندییە ناوەکییە یان بە
ھۆی ئەو ھاوسەنگییەی نێوان زمان و بیرکردنەوە، ھیچ بیرکردنەوە و
مەعریفەیەک ناکەوێتە دەرەوەی زمانەوە، ھیچ زمانێک نییە بکەوێتە دەرەوەی
بیرکردنەوە و مەعریفەوە، کەواتە ھەموو شتێک لە ناو زماندا روو دەدات!
بەڵام (جۆن سیرل)٦ بیرکردنەوەیەکی دیکەی ھەیە و پێیوایە تێگەیشتنی زمان
ھەر دەبێ یەکەمجار بە تێگەیشتنی عەقڵدا بڕوات، ئەو بڕوایە بەرەو
ئەوەمان دەبات، کە عەقڵ بخەینە پێش زمانەوە! ئەوەش تەواو پێچەوانەی
لاکان و کراوس و فیتگنشتاینە، چونکە جۆن سیرل پێیوایە ناشێ تەنھا بەو
شێوە سادەیە سەیری زمان بکەین، کە فیکرەیە و لە رێگای وشەوە بە
ئەویدیکە دەگات، چونکە دەشێ بەبێ وشەش بڕوا بە ھەندێ شت بھێنین، بۆ
نموونە برسێتی یان ھەستکردن... لێرەدا وەڵامی پرسیاری زمان چۆن بە
واقیعەوە پەیوەست دەبێت، ئەوە نییە کە لە رێگای نواندنەوە بە ئەنجام
دەگات، بەڵکو ئەوەیە کە زمان بە ھۆی ماناوە بە واقیعەوە دەلکێ، ئەو
پەیوەستبوونەش عەقڵی نیازخواز بەسەر دەنگ و ئاماژە دەیسەپێنێ.٧ ھەر
لەسەر ئەو بنەمایەش مانا شێوەیەکی نیازئامێزی ھەڵێنجراوە، واتە کۆدی
تێگەیشتنی مانا ئەوەیە کە نیازخوازی ئەسڵی یان ناوەکی لە فیکری
قسەکەردا بۆ وشە و ئاماژە و رەمز دەگۆڕێت. نیازخوازی واتە ئەوە منم
قسان بە زمان دەکەم، زمان نیازی من دەگەیەنێت، من زمان ئاراستە
دەکەم... کەواتە وەک چۆن دەشێ قسەکەر نیازی خۆی لە قسەکردندا ھەبێت،
لەپاڵ ئەوەشدا دەشێ ئەو نیازە تەقلیدییەش بەکار بھێنێ کە لە وشەکان و
رستەکانی نێو زمانێکی (دیاریکراو)دا ھەیە.٨ بەمجۆرەش کردەیەکی
نیازئامێز(من قسان بە زمان دەکەم) بەجێدەھێنێ و کۆی ئەو تێگەیشتنەش بە
پڕبوونی ماناوە بەندە. بە مانایەکی دیکە بەرھەمی دەنگەکان لە زماندا
بەشێکە لە مەرجی تێربوونی ئەو نیازەی کە لە دروستکردنی گوتراودایە،
واتە کاتێک قسەکەر گوتراوێکی واتادار دروست دەکات، ئەو کاتەیە کە مەرجی
پڕبوون دەخاتە سەر دەنگ و ئاماژەکان. لێرەدا بە قسەی (جۆن سیرل)
دەکەوینە نێوان دوو مەرجی تێربوون.. یەکەم مەرجی تێربوونی گوتراوە،
دووەم مەرجی تێربوونی دەنگ و ئاماژەیە. بەو مانایەش گوتراوی واتادار
ئەوەیە کە مەرجی تێربوون بەسەر مەرجی تێربووندا دەسەپێنێت، بۆ نموونە
رستەی: باران دەبارێت. ھەڵگری مەرجی تێربوونی جۆراوجۆرە، یەکەمیان
ئەوەیە کە نیازی قسەکەر بەجێدەھێنێت و ئەو گوتنەش مەرجی بەشێک لە
رستەکە تێر دەکات، دووەم لەبەر ئەوەی ھەر تەنھا مەبەست قسەکردن نییە،
واتە لەبەر ئەوەی کردەی (بارین) لەخۆ دەگرێت، کەواتە ئەو گوتنە مەرجی
تایبەت بەخۆیشی ھەیە و ئەو تێربوونەش تەواو نابێت ھەتا باران نەبارێت،
ئەگەر باران باری کەواتە مەرجی تێربوونی گوتراو حەقیقییە، بەڵام ئەگەر
نەبارێت درۆ دەردەچێت.
_________________________________
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
١- (جان جاك لوسركل، عنف
اللغة، ترجمة و تقديم: د. محمد بدوي، المنظمة العربية للترجمة، بيروت-
لينان، ط ٢ ايلول ٢٠٠٦. ص ٤١٣).
٢- (تحقيقات فلسفية. لودفيك
فتغنشتاين. توزيع: مركز دراسات الوحدة العربية. ط/ ٢٠٠٧، المترجم: د.
عبدالرزاق بنّور).
٣- دۆز یان مەسەلە (القضیة - theorem)
دەکرێ راست بێت و دەکرێ ناڕاست بێت، دەکرێ پۆزەتیف بێت و دەکرێ نێگەتیف
بێت... دۆز دەربڕینێکە کە بشێ بە دروست یان نادروست وەسف بکرێ، گوتنێکی
واتا بەخشە شیمانەی دروست یان نادروست لەخۆ دەگرێ).
٤- شرۆڤەی لۆجیکی بۆ زمان، ئارام قادر، دەزگای توێژینەوە و
بڵاوکردنەوەی موکریانی، چ١، ٢٠١٠، ل٧٤.
٥- گادامێر پێیوایە میتۆد - و تیۆری مەعریفە بە گشتی- پەرچەکردارە لە
بەرانبەر نائاشنابوون/نامۆبوونی خود لە دنیا -
fremdheit - وھەوڵدانە بۆ تەجاوزکردنی ئەو نامۆبوونە. بە
ھەمان شێوەش ھیرمینۆتیکا لەو ئەسڵەوە ھەڵقوڵاوە، کەواتە ھەردووکیان
پەرچەکردارن بەرانبەر بە نامۆبوون، بەڵام لێرە لەو پەرچەکردارەدا
جیاوازییەکی جەوھەری لە نێوانیاندا ھەیە: چونکە کاتێک ھیرمینۆتیکا لە
میانی کردەی راڤەکردن و تێگەیشتنەوە ھەوڵی بەجێھێنانی ئاشنایی مرۆڤ و
دنیا دەدات، ئەوە میتۆد نامۆبوون بە نامۆبوون وەڵام دەداتەوە وەک ئەوەی
لە میانی لێکجیابوونەوە یان دوو لەتبوونی نێوان خود و بابەتدا خۆی
بنوێنێت. بڕوانە کتێبی: (في ماهية اللغة وفلسفة التأويل، د. شعيد
توفيق، ط ٢٠٠٢، الناشر مجد- بيروت، ص ٩١).
٦- جۆن سیرل دەڵێت: فەلسەفەی زمان ھەوڵی راڤەکردنی فەلسەفی بە ھەندێ لە
خەسڵەتە گشتییەکانی زمان دەبەخشێ، وەک دەلالەت، راستگۆی مانا و
پێویستییەکان.
٧- (جون سيرل، العقل
و اللغة و الواقع (الفلسفة في العالم الواقعي) ترجمة: سعيد الغانمي،
الدار العربية للعلوم-منشورات الاختلاف، الجزائر، ظ١ ٢٠٠٦. ل٢٠٥).
٨- (ه.س.ث، ل٢٠٨).
٢١\٣\٢٠١٦
- ھەولێر
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|