په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٩\٢٠١٤

فێمینزم چیە؟


تاڤگە سابیر      

- بەشی شەشەم (کۆتایی) -

ژنی کورد و فێمینزم.


سەرەتا دەبێت ئەو ڕاستییە بە خوێنەر بڵێم ئەوەی من لەم دوابەشەی ئەم نووسینەدا سەربارەت بە فێمینزمی کوردیی دەینوسم چەمد تێبینییەکی سەرەتاییە و هەوڵدانێکە بۆ دەسنیشانکردنی هەندێك تەورەی گشتی لەسەر مەسەلەی فێمینزم لە کوردستاندا ، بەو هیوایەی لە ئایندەدا بگەڕێمەوە سەر ئەم بابەتە.


یەکەمین خاڵێك لێوەی دەسپێ بکەم ئاشکراکردنی ئەو ڕاستییەیە ، کە زەحمەت بارودۆخی ژنی کورد لە مڕۆدا لە ژێر یەك ناونیشاندا کۆبکرێتەوە ، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان بارەدۆخی ژنی لادێ و ژنی شاردا ، لە نێوان ژنی خوێندەوار و ژنی نەخوێندەواردا ژنی خاوەن ئیش و ژنی بێئیشدا، ژنی چینە داراکان و ژنی چینە نەدارەکاندا ، ژنی سەر بە حیزب و بنەماڵە و خێزانە جیاوازەکاندا هەیە ، جگە لەمانەش ، لەسەرێکەوە، ئەو ماف و دەسکەوتانەی ژنان لە کوردستاندا لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا پێیگەیشتون زیاترە لە بڕێك لەو مافانەی شەپۆڵی یەکەمی فێمینیزم بەدرێژایی مێژووی خۆی بۆ ژنانی ئەوروپای بەدەستهێناوە ، ئەمەش لە مافی کارکردن و خوێندن و دەنگدان و خۆکاندیدکردن و مافی جیابوونەوە و مافی کەسایەتی یاساییدا بۆ ژنان بەرجەستەیە.


کەچی لەهەمانکاتدا بەشێکی گەورەی ژنانی کورد گیرۆدەی کۆمەڵێك کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی دیکەن ، کە هی قۆناغی بەر لە شەپۆلی یەکەمی فێمینزمە و لە سەدەی کۆنەکانەوە بۆ ناو هەناوی کۆمەڵگای کوردی ئەمڕۆکە پەڕیوەتەوە ، لەوانەش تۆڵەی شەرەف و کوشتنی ژن لە ژێر چەندان بەهانەی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی جیاجیادا. بەمانایەکی دیکە ژنانی کورد لە سەرێکەوە هەڵگری کۆمەڵێك مافن ، کە بەشێکن لە دەسکەوت و پێداویستییەکانی ژیانی هاوچەرخ و بەری تازەبوونەوەی لەسەخۆی کۆمەڵگا و کەلتوور و خەیاڵی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردییە لە سەدە و نیوی ڕابردوودا ، لە سەرێکی دیکەوە ژنان ڕووبەڕووی کۆمەڵێك کێشەن ، کە ڕەگوڕیشە و بنەما ئەخلاقی و کەلتوورییەکانیان لە ڕابردوویەکی دوورەوە هاتوون و وابەستەی خەیاڵ و عەقڵیەت و ئەخلاقیاتی سەدە کۆنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردییە. ئەم دۆخەش شتێکی گرنگ لەسەر کێشەی تازەبوونەوەی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا دەڵێن ، لە ڕاستیدا لە هیچ شوێنێکدا قەیرانی مۆدێرنە لە کوردستاندا بەو ئەندازەیە بەرجەستە نییە وەك لە مەسەلەی چۆنیەتی ماماڵەکردنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئەخلاقی ژناندا بەرجەستەیە ، یەکێك لە قەیرانە سەرەکییەکانی مۆدێرنە لە کوردستاندا شکستیەتی لە تازەکردنەوەی ئەو خەیاڵە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەدا ، کە دەستنیشانی وەزیفە و بەها و سنووری هەڵسوکەوتی ژنان دەکات، وردتر بدوێین مۆدێرنە تا ئێستاش لە بەردەم ئەرکی دەسکارییکردنێکی ڕادیکاڵی ئەو خەیاڵە کۆمەلایەتییە تەقلیدییەدا دەستەوەسانە ، کە بەهۆیەوە وێناکردنی کۆمەڵایەتی باڵادەست بۆ شوێنو جێی ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەرهەندەهێنرێت.


ئەو کورتهێنانەی مۆدێرنە وایکردوە بڕێکی گەورەی ئەو مافانەی ژنان بەدەستیناهێناوە تا ئێستاش لە ئاستی مافی یاساییدا بمێننەوە و نەبنە بەشێك لە هەڵسوکەوت و ئەخلاق و مامەڵەکردنی کۆمەڵایەتی ، بۆ نموونە فرەژنی وەك یاسا قەدەغەکراوە ، کوشتنی ژن لەسەر مەسەلەی شەرەف بە تاوانکراوە، ژنانی لە هەژدە ساڵ گەنجتر نابێت بدرێن بە شوو، بەڵام لە پراکتیکی ژیانی ڕۆژانەدا هەریەکێك لەم یاساغکراوانە ڕوودەدەن و یاساکان توانای پاراستنی ژنانەکانیان نییە . ڕاستە ژنان مافی کارکردنیان هەیە ، مافی خوێندنیان هەیە . مافی دەنگدانی سیاسی و خۆ کەندیدکردنیان هەیە ، بەڵام لەبەردەم پیادەکردنی هەریەکێك لەم مافانەدا چەندان ڕێگری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئەخلاقی هەیە ، کە دۆخی ژنانی کورد زەحمەت دەکەنگواستنەوەی مافەکان لە ئاستی یاسایسەر کاغەزەوە بۆ ناو پراکتیکی کۆمەڵایەتی یەکێك لەو تەحەدا گەورانەیە ، کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگای کوردی بەگشتی بزوتنەوەی ژنان بەتایبەتی دەبێتەوە.


کێشەیەکی دیکەی ژنان لە کوردستاندا ئەوەیە تا ئێستاش لە دەستی ئەو وێنە و ڕۆڵە ڕەمزییانە دەربازیان نەبووە ، کە ناسێونالیزمی کوردی بەدرێژایی مێژووی خۆی بۆی کێشاون، ناسێونالیزمی کوردی ، وەك زۆربەی ناسێونالیزمەکانی جیهان ، ژن دەکاتە ڕەمزی نیشتیمان و شەرەفی نەتەوەیی . لەشی ژن و لەشی نەتەوە ، سۆزی ژن و سۆزی نیشتیمانپەروەری ، ئەخلاقی ژن و ئەخلاقی ڕەسەنی نەتەوە بەیەکدی یەکساندەکات ، بێگومان یەکسانکردنی ژن بەم شتانە کۆمەڵێك وەزیفەی جیاواز ئەنجام ئەدەن ، یەکێك لەهەرە گرنگترینەکانیان کردنی ژنان بە بوونەوەرێکی بێ جنسی، ناسێونالیزم وەزیفە جیاوازەکانی جنسی بۆ دروستکردنی نەوە نوێکانی نەتەوە کورتدەکاتەوە.


وێنەی ژنێك کە سنکی لە تۆپۆگرافیایەکی جنسییەوە ببێتە " قەڵغانی گوللە لە هەڵمەتدا" وێنەی باڵادەستی ناسێونالیزمە بۆ ژن ، ئەم وێنەیەی پیرەمێرد بۆ سنگی ژنی کوردی دروست دەکات وێنەیەکە لای ناسێۆنالیزمی نەتەوەکانی دیکەش ئامادەن، جگە لەمە وێناکردنی داگیرکردنی نیشتیمان وەك وێناکردنی داگیرکردنی لەشی دایك وێناکردنی سەرەکی ناسیۆنالیزمە بۆ داگیرکردن ، لەڕێگای ئەم وێناکردنەوە ناسیۆنالیزم داگیرکردنە، کە لەجەوهەردا کردەیەکی سیاسییە دەگۆڕێت بۆ کردەیەکی جنسی ، یان وردتر بدوێین ناسیۆنالیزم ڕەهەندێکی جنسی بۆڕەهەندە سیاسییەکەی داگیرکردنی زیاد دەکات ، لە نێوان داگیرکردن و لەدەستدانی شەرەفدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ پێشنیار دەکات.


لادان لەم هێڵە وەزیفییە تایبەتەی جنس ، کە تیایدا ژن دەبێتە بوونەوەرێکی بێ جنس لادانە لە بەها و مانا و جەوهەری نەتەوە، لە زۆر دۆخیشدا ئەم جۆرە لادانە بە خیانەتێکی نەتەوەیی گەورەتر لە خیانەتی سیاسی لە قەڵەم ئەدرێت ، ئەم وێنانکردنە تایبەتەی وەزیفەی جنسە ئەوەمان بۆ ئاشکرادەکات بۆچی لەدوای ڕاپەینەوە جاش و موستەشار و کۆنە بەعسییەکان لێبوردنیان بۆ دەرچوو و بوونەوە بە بەشێك لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی ئێمە ، بەڵام ئەو ژنانەی ، کە لەگەڵ بەعسدا کاریان کردبوو یان ئەوانەی گوایە " سۆزانی" بوون بە کۆمەڵ کوژران.


کردنی ژن بە ڕەمزی بێجنسی بە لەشێکی داگیر کراو، بە "قەڵغانی گوللە" لەسەرێکەوە هەموو فەردیەتێك لە ژنان دەسێنێتەوە ، لە سەرێکی دیکەوە بارگاویان دەکات بە کۆمەڵێك وەزیفە و ئەرێکی کۆمەڵایەتی ، کە ڕێگرە لە بەردەم ئازادی ژناندا ، گۆڕانی ئەو زمان و وێناکردنی و وەزیفە ڕەمزییەی ناسیۆنالیزمی کوردی بە ژنانی ئەدات یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکانی بزوتنەوەی فێمینیستی لە کوردستاندا ، ئەم ئەرکە ئەمڕۆ لە هەموو کات گرنگتر و قورستریشە ، چونکە لە ٢٤ ساڵی ڕابردوودا وێناکردنەکانی ئیسلامی سیاسی هاتۆتە پاڵ ئەم وێناکردنە ناسیۆنالیستییەی ژنان . ئیسلامی سیاسی بڕی دیسپلین و کۆنترۆڵکردنی ژیانی و جەستەی ژنانی بە ئەندازەیەکی گەورە بەرزکردۆتەوە ، تێکەڵبوونی وێنەی " قەڵغانی گوللە" بە " حیجابی ئیسلامی" ڕادە و بڕی ئەو گوشارە مادی و ڕەمزییەی لەسەر ژنان هەیە بە دۆخێکی پڕوکێنەر گەیاندوە ، ئەم تێکەڵبوونە وێنە ناسیۆنالیستییەکانی بە وزەیەکی دینی بارگاویکردوە و بڕی فەردیەتی ژنانی بەڕادیەکی ترسناك کەمکردۆتەوە، باەگاویبوونی ئەو وێناکردنەی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆ ژنانی هەیە بە وێنە دینییەکانی ئیسلامی سیاسی بەرپرسی یەکەمی بەرزبوونەوەی ڕادەی بەکارهێنانی توندوتیژییە بەرامبەر بە ژن لە کۆمرڵگای ئێمەدا، ئەم تێکەڵبوونەیە وایکردوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لەسەر مەسەلەی " ئەخلاق" بکوژرێن ، کچانی تەمەن دوازدس و سێزدە ساڵی لەسەر نامەیەکی خۆشەویستی ببکوژرێن.


وەك لەسەرەتای ئەم ووتارەدا هێمامانپێکرد فێمینیزم لەیەککاتدا چالاکی فیکری و کاری پراکتیکییە بۆ گۆڕێن و باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی ژنان ، هەرەوەها ئەوەشمان ووت ، کە فێمینیزم بریتییە لە تەماشاکردنی جیهان و کۆمەڵگا و دیاردەکان لە دیدی ژنانەوە ، لەهەمانکاتیشدا پێدچوونەوەی ئەو زانیاری و مەعویفەیەشە ، کە غیابی ژناندا دەربارەی جیهان و کۆمەڵگا و دیاردەکان بەرهەمهاتووە.


بیبینی فێمینزم لەم دیدگایەوە وامان لێدەکات گومان لەوەبکەین ، کە شتێك بەناوی " فێمینیزمی کوردیی" ەوە بوونی هەبێت ڕاستە هەوڵی فێمینیستییانەی تاکە کەسی و ڕێکخراوەیی لەم لاو لا هەن ، بەڵام بەشی هەرە گەورەی دەزگاکانی ژن لە کوردستاندا دەزگای حیزبین و شوناسی سیاسیی حیزبیان زاڵە بەسەر شوناسی ژن بوونیاندا، لەڕاستیدا ئامادەگی ژنان لەمێژووی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی هاوچەرخی کۆمەڵگای کوردیدا بەشێوەیەکی گشتی ، ئامادەگییەکی حیزبی ئایدیۆلۆژییە ، ئەوان هەمیشە بەشێك بوون لەو دەزگا حیزبیانەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان دروستیناکردون لە ناو ئەو دەزگایانەشدا ئەو ڕۆڵەیان گێڕاوە، کە کاری سیاسی ئەو حیزبە خوازیاریبووە.


لێرەوە ئەو نەخوشیانەی کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئێمە بەدەستییەوە دەناڵێنن ڕاستەوخۆ بوونەتە نەخۆشی ئەو دەزگایانەی ژنان لەناو ئەو کایانەدا تێیدا کاریانکردوە و چالاك بوون ، دابەشبوونە سیاسییەکان بوونەتە هۆی دابەشبوونی ژنان ، ناکۆکی نێوان شار و لادێ بۆتە ناکۆکی نێوان ژنانی شار و ژنانی لادێ ، لاوازی ئاستی مەعریفی و تیوری کایەی فەرهەنگ و کەلتووری لە کوردستاندا بوونەتە لاوازی ئاستی تیوریزەکردن و خوێندنەوەی ژن بۆ هەلومەرجی ژیان و بوونی خۆیان لە کوردستاندا ، ئەگەر کەمەکێك دڵڕەقانرتر قسەبکەم دەکرێت بڵێم ژنانی کورد نەیانتوانیوە جیهانی خۆیان بە وردی بخوێنەوە و تیوریزەبکەن ، دروشمی لێدروستبکەن و ڕیشەکانی چەوساندنەوەی ژن لە کۆمەڵگای کوردا دەستنیشان بکەن، ئەگەر بزوتنەوەی فێمینزم لە ئاستێکیدا بزوتنەوەیەکی فیکری بێت و جۆرێکی تایبەت لە زانیاری و مەعریفە بەرهەمبهێنێت ئەوا ژنان لە کوردستاندا لەم ئاستەدا ، جگە لە کۆمەڵێك دەقی ئەدەبی خاوەنی شتێکی ئەوتۆ شایانی باسکردن نین ، ژنان تا ئێستاش نەیانتوانیوە ژن بکەنە مەقولەیەکی فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ، نەیانتوانیوە ژن بوون تەرجەمە بکەن بۆ جۆرێك لە هەڵسوێست لە سیاسەت لە فەرهەنگ لە کۆمەڵگا و لە مەعریفە.


گومانی تیا نییە لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە ژنان لە ئاستی دەزگایی و کاری پراکتیکیدا کۆمەڵێك کاری گرنگیان ئەنجامداوە، چەندان ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان دروستبکەن و هەوڵی تایبەت بدەن بۆ بەدەمەوەچوونی ئەو ژنانەی ، کە ژیانیان لەژێر هەڕەشە و مەترسی کوشتندایە ، هەروەها لە ڕێگای کۆکردنەوەی ئیمزا و خۆپیشاندانەوە توانیان هەندێك بەندی یاسای ئەحواڵی شەخسی بگۆڕن ، بوونەتە خاوەنی میدیای تایبەت و لەم میدیایەدا توانیویانە تیشك بخەنە سەر هەندێك ڕووی تاریکی ژیانی ژن لە کوردستاندا، بەڵام ئەم کارە پراکتیکییانە هاوشاننە بوون بە بەرهەمهێنانی فیکریی و تیوریی ، واتە ژن نەبۆتە بوونەوەرێکی بەرهەمهێن بۆ مەعریفەیەکی تیوری و زانستی لەسەر دۆخی خۆی و دۆخی ئەو کۆمەڵگا و ئەو جیهانەی تێیدا دەژی ، ئەوەی لەم ئاستەدا بڵاودەکرێتەوە دەنووسرێت لە دۆخی بەر لە بوون بە مەعریفەیەکی تیوریدا دەژی.

بەکورتی ئەگەرچی لە نەوەدەکانی سەدەی بیستەم تا ئەمڕۆ کۆمەڵێك گۆڕانکاری گرنگ بەسەر چالاکی و بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ژنان لە ناوەوە ودەرەوەی کوردستاندا هاتووە ، بەڵام لە ڕاستییدا زەحمەت تا ئیستاش باس لە بوونی بزوتنەوەیەکی سەربەخۆی ژنان لە کوردستاندا بکەین، ژن بوون نەبۆتە چوارچێوەی شوناسێك زاڵ بەسەر شوناسە سیاسی و حیزبی ناوچەییەکاندا، کۆی دابەشبوونە سیاسی و ئایدیۆلۆژی و حیزبییەکان لە ناو کارو بیرکردنەوە و دەزگا و ڕێکخراوەکانی ژناندا ڕەنگیداوەتەوە و بەهەمان گوتاری سیاسی و ئایدیۆلۆژی کار دەکەن.


بێگومان لەگەڵ ئەو کورتهێنان و لاوازیانەشدا ، کە باسم کرد بزوتنەوەی ژنان هێشتا لە کوردستاندا دەتوانێت کاری گەورە ئەنجامبدات ، ژیانی ژنانی کورد لەزۆر ئاستدا پێویستی بەگۆڕان و پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەیی هەیە. ئەو پانتاییانەی ژیانی ژنان لە کوردستاندا بۆ گۆڕان دەقریشکێنن هەمەلایەنن، ژیانی ناو خێزان و چوارچێوەکانی ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان مێ و نێر لە خێزاندا وێنەی ژن لە ناو دید و فیکری دینیدا ، وێنەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی دەربارەی ژنان، شوێن و جێی ژنان لە ستراکتوری دەسەڵاتدا ، شوێن و جێی ژنان لە بازاڕی کاردا ، پێداچوونەوەی سیستمی پەروەردە و فێرکردن و بڵاوکرنەوەی ئەو بەهایانەی، کە ژنان و پیاو وەك یەك تەماشادەکات، پاکژکردنەوەی زمان لەو ووشە و دەستەواژانەی دژە ژنن ، مەسەلەی دابڕینی ژنان لە بوارە گشتییەکان لە شارەکانی کوردستاندا... هتد کۆمەڵێك ئاستی ، کە پێویستیان بە خوێندنەوەی فێمینیستی و داڕشتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی نوێ هەیە.

____________________________________

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/femenizimciye5.htm 

بەشی چوارەم: www.emrro.com/femenizimciye4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/femenizimciye3.htm  

بەشی دووەم: www.emrro.com/femenizimciye2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/femenizimciye.htm

 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک