په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠١٤

فێمینزم چیە؟


تاڤگە سابیر       

- بەشی یەکەم -


فێمینیزم بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی فرەڕەنگە ، کە خۆی بەکێشە و گرفتەکانی ژیان ژنانەوە خەریکدەکات ، بزوتنەوەیەکە لە دیدی ژنانەوە لە جیهان و کۆمەڵگا و دیارەکات دەڕوانێت و لە هەمان دیدەوە لەو مەعریفەیەش دەڕوانێت کە لەسەر جیهان و کۆمەڵگا و دیاردەکان بەرهەمهاتووە.


فێمینزم لەهەمانکاتدا بزوتنەوەیەکە بەدوای دۆزینەوەی چارەسەری پراکتیکییانەدا دەگەڕێت بۆ ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە.


بزوتنەوەی فێمینزم بزوتنەوەیەکی فرە باڵ و فرە بۆچوون و فرە دیدە هەڵگری زیاد لە ڕێباز و قوتابخانە و متۆدێکی فیکرییە ، لە یەك کاتدا هەم لەئاستی خوێندنەوەی فیکری و مەعریفی و تیوریدا ئامادەیە و هەم لە ئاستی کار و پرۆژەی پراکتیکیدا ، هەم خاوەنی کتێب و بەرخوردی تیوری و میتۆدییە ، هەم خاوەنی ئۆرگان و ڕێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵەی تایبەت بۆ بەرگریکردنی پراکتیکیانە لە ژنان و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانیان.


فێمینیزم هەم جیهانبینی فیکری و مەعریفی و هونەرییە ، هەم پرۆژەی پراکتیکی سەرلەنوێ بنیادنانەوە و داڕشتنەوەی جیهان ، لە هەردوو دۆخەکەشدا خاڵی دەسیپێکردن و خاڵی بەرخوردکرن شتگەلێکن دەربارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و باشترکردنی شوێن و جێی کۆمەڵایەتی ئەوان.


سەرەتاکانی بزوتنەوەی فێمینیستی دەگەرێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم ، لەوکاتەوە تا ئێستا ئەم بزوتنەوەیە بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە لەهەر قۆناغێکدا داواکاری جیاوازی هەبووە وێناکردنی تایبەتیشی هەبووە بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژن لە کۆمەڵگا هاوچەخەکاندا. ئەمڕۆش ئەم بزوتنەوەیە چەندان باڵ و ڕێباز و قوبخانەی جیاواز و ناکۆك و سەربەخۆی گرتۆتەخۆی ، کە لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاوازیان هەیە بۆ کێشەکانی ژن، بەڵام سەرباری جیاوازییەکان باڵەکانی ئەم بزوتنەوەیە لەسەر دوو خاڵ یان دوو گریمانە ڕێکن کە بریتین لە:


یەکەمیان: پێداگرتن لەسەر ئەو بۆ چوونەی ، کە ژن لە پرۆسەیەکی مێژوویدا کراوەتە ژێردەستەی پیاو و پاشکۆ و پەراوێز و بندەست کراوە.
دووهەمیان: پێداگرتن لەسەر ئەوەی ، کە دەبێت کار بۆ ئەوە بکرێت ئەم ژێردەستەیی و پەراوێزیی و پاشکۆییە کۆتایی پێبهێنرێت.


بەمانایەکی دیکە بزوتنەوەی فێمینیزم ، سەرەڕای هەموو جیاوازییە ناوەکییەکانیان ، هەڵگری دیدێکی هاوبەشن ، کە باس لەوەدەکات ژن لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا ڕووبەڕووی نایەکسانییەکی سیستماتیزەکراو بۆتەوە و بەبەردەوامیش دەچەوسێنرێتەوە، لە هەمانکاتدا جەغت لەوەشدەکات ، کە پێویستە کۆتایی بەم هەلومەرجە نایەکسان و نالەبارە بهێنرێت و دۆخێکی مێژوویی دروستبکرێت ، کە تیایدا ئەگەرەکانی گەشە و پێشکەوتنی ژنان یەکسان بن بە ئەگەرەکانی پیاو ، دەستەواژەی " نایەکسانی سیستماتیزەکراو " لەو ڕستەیەی سەرەوەدا پەنجە بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەکێشێت ، کە چەوساندنەوەی ژنان ڕێکەوتێکی ناخوش دروستینەکردوە ، بەڵکو کارێکی ڕێکخراو و پلان بۆ دانراو و وشیارانەیە ، کە بەهۆیەوە ژنان ڕووبەڕووی نایەکسانییەکی گەورە بوونەتەوە ، هەروەها سیفەتی سیستماتیکبوونی ئەم نایەکسانییە وایلێدەکات ، کە کاراکتەرێکی بونیادیانەی هەبێت و لە ئاستی کار و ڕۆڵ و دابەشکردن و شکڵبەندی کۆمەڵایەتیدا ئامادەبێت ، هەندێك فێمینزم تەنانەت لە خوێندنەوەیاندا بۆ چۆنیەتی نەخشەکێشانی فەزای گشتی خانوبەرە و دەسنیشانکردنی شوێنە گرنگەکانی ناو ماڵ دەرکەوتی ئەم نایەکسانییە ئەدۆزنەوە.


بۆ نموونە چێشخانە ، کە کراوەتە شوێنی سەرەکی ژنان شوێنێکە لە ژووری دانیشتن کەمنرخترە ، کە بەشێوەیەکی گشتی ، شوێنی پیاوانە یان لەناو ژورەکاندا لای سەرەوەی ژورەکان هی پیاوانە و لای خوارەوەی هی ژنانە.


بەکورتی بزوتنەوەی فێمینزم بزوتنەوەیەکی دوولایەنە: لایەنێکیان خوێندنەوە و لێکۆڵێن و جێیەکی پلەدوو و لاواز و پشگوێخراو ، کە تێدا ژن وەك بوونەوەرێکی کەم مافی و چەوساوە مامەڵەدەکرێت. دووهەمیان کارکردنە.


بۆ بیرکردنەوەیە سەبارەت بە چۆنیەتی لابردن و دەسکاریکردن و گۆڕینی ئەو دۆخە نالەنارە ڕووە و دۆخێکی باشتر.


ئەمەش مانەی ئەوەی فێمینیزم لە سەرێکەوە فیکرە لەسەرێکی دیکەوە پراکتیکە، ئەزموونی تیوری و مەعریفی و میتۆدییە لەپاڵ ئەزموونی حەیاتی و خەباتی پراکتیکی ڕۆژانەدا ، چەند لێکدانەوە و خوێندنەوە و لێکوڵینەوەی فەلسەف و سیاسی و کولتوورییە ئەوەندەش ئەنجامدانی کار و هەوڵ و تێکۆشانی پراکتیکیە ، لەهەردوو دۆخەکەشدا مەبەستی سەرەکی ئەم بزوتیەوەیە گۆڕینی هەلومەرجی ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسی ژنانە بە ئاراستەی کردنی بە هەلومەرجێك ، کە تێیدا ژن وەك بوونەوەرێکی یەکسان و خاوەن تایبەتمەندێتی مامەڵەبکرێت، بەڵام کامانەن کێشە سەرەکییەکانی ژن ؟ سەرچاوەکانی چەوساندنەوە و پەراێزکردنی ژنان لە کوێدان؟ ئەلتەرناتیڤی ئەو دۆخە نایەکسانەی ئێستا چییە؟ چۆن و بەچ شێوەیەك هەلومەرجی ژنان بەرەو باشطر بگۆڕدرێت؟ بەشۆڕشی کۆمەڵایەتی و گۆڕانی ڕیشەیی یان بەکاری هێمن و لەسەرخۆ؟ نەفیتەواوەتی دەزگا باڵادەستەکان بکرێت و بە کۆمەڵێك دەزگای نوێ جێیان بگیرێتەوە ، یان لە چواچێوەی هەمان پێکهاتەی دەزگایدا ڕیفۆرم ئەنجامبدرێت و دەزگاکان بەرەو کرانەوەی زیاتر بەڕووی بەشداری چالاکی ژناندا لە بەڕێوەبردن و ڕاپەڕاندنی کارەکانیاندا ببرێن؟


وەڵامی فێمینیستەکان بەم پرسیارانە جیاوازن و زۆرجارش بەیەکدی ناکۆکن ، من دواتر باس لە گرنگترینی ئەو قوتابخانە فیکرییانەی فێمینیزم دەکەم ، کە هەریەکێکیان وەڵامی تایبە بەم پرسیارانە دەداتەوە.


هەرلێرەشدا دەبێت ئەو خاڵە لای خوێنەر ئاشکرابێت ئەوەی من لە ووتاردا باسدەکەم مێژووی کار و خەبات و کۆششی ژنان بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ژیانیان بەشێوەیەکی گشتی نییە ، بەڵکو باس لە " بزوتنەوەی فێمینیستی " ەوك بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆ دەکەم ، وەك بزوتنەوەك ، کە ژنان تێیدا بۆ یەکەمین جار خۆیان وەك " گروپێکی کۆمەڵایەتی " ڕێکدەخەن و خۆیان سەرکردایەتی بزوتنەوەکە دەگرنەدەست.


شارەزویانی بوار فێمینیزم مێژووی فێمینیزم بەسەر دوو شەپۆلدا دابەشدەکەن یەکەمیان دەبەنەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم و دووهەمیشیان بۆ شەستەکانی سەدەی بیستەم ، ئەو دۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کۆلتووری و ئەخلاقییەی فێمینستەکانی شەپۆلی یەکەم بەرەنگاری دەبنەوە ئەو دۆخەیە ، کە ژنان لەدوای شۆڕشی پیشەسازییەوە دروستدەبێت.


دۆخێك کە تێیدا ژنان دەچەوسێنرێنەوە و مامەڵەیەکی نایەکسانیان بەرامبەر دەکرێت ، بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونە سادانەوە ، کە پێیانوایە شوڕشی پیشەسازی لەهەموو بوارەکاندا هەنگاوێك بووە بۆ بەرەوپێشەوە لەپەیوەندیدا بە دۆخی ژنانەوە ئەم شۆڕشە بۆ ماوەیەکی درێژ کاریگەرییەکی خراپی لەسەر دۆخی ژنانەوە هەبووە ، ئاشکرایە یەکێك لە ئاکارە سەرەکییەکانی شۆڕشی پیشەسازی ، وەك ئادەم سمیس دەڵێت جیاکردنەوەی شوێنی کارکردنە لە شوێنی ژیان واتە جیاکردنەوەی کارخانەیە لە ماڵ، بەر لە شۆڕشی پیشەسازی شوێنی ژیان و شوێنی کارکردن یەکشوێن بووە، کارخانەکان لە ناو ماڵەکان خۆیاندا بوون و هەموو ئەندامانی خێزان بەشداربوون لە وەگەڕخستن و ئەنجامدانی کارەکانی ئەو کارخانانەدا.


واتە خێزان وەك گشتێك بە نێر و مێییەوە بەشداربوون لە بەشداربوون لە پرۆسەی کارکردن و بەرهەمهێناندا ، بەڵام کە شوێنی کارکردن لە شوێنی ژیان جیادەکرێتەوە ، کە کارخانەکان دەبرێنە دەرەوەی ماڵەکانەوە گۆڕانێکی گەورە لە دابەشکردنی کار و شوێن و بەرهەمهێناندا دروستدەبێت، ڕاستە جیاکردنەوەی شوێنی ژیان لە شوێنی کارکردن لە ئاستی دووردا بە قازانجی سیستمی پیشەسازی و بە پرۆفێشنالکردنی بەرهەمهێنان دەکەوێتەوە، بەڵام دەرەنجامە ڕاستەوخۆکانی بۆ ژیانی ژنان زۆر نالەبار دەبێت.


بەرلەم جیاکردنەوەی ماڵ و شوێنی کار لەیەکدی بەشێکی زۆری بەرهەم لە ماڵدا بەرهەمدەهات لەو کارخانە – ماڵەدا ژن وەك پیاو کاریدەکرد ئەوەی پەیدادەکرا بەرهەم کاری هەردووکیان بوو، بەڵام کە شۆڕشی پیشەسازی ماڵ لە شوێنی کار جیادەکاتەوە ، کە کارخانەکان دەبرێنە دەرەوەی ماڵەکان ، ئەوکات پیاوان بۆکارکردن ماڵ بەجێدەهێڵن و ژنان بێکار لەماڵدا دەمێننەوە، ئەو ئیشەی کە ژن لە ماڵدا دەیکات وەك کار مامەڵە ناکرێت و دەبێتە کارێکی بێبەرامبەر ، ئەخلاقی باڵادەستی ڕۆژگاری شۆڕشی پیشەسازی ئەخلاقێکی کۆنەپارێزە و دژی کارکردنی ژننە لە دەرەوەی ماڵدا ، ئەمانە وادەکەن ژن لە ماڵدا گیربخوات و سنووری گەشەکردنی تەسکببێتەوە بۆ سنووری ئەو ژورانەی شەو ڕۆژەکانی تێدا دەباتە پاشکۆیی ژن بۆ پیاو بەهێزتر و هەمەلایەنترببێت و بەزۆرمانا ژن دەبێتە شتێك لە شتەکانی پیاو.


بەکورتی لەسەرەتاکانی شۆڕشی پیشەسازیدا پیاو لە یەککاتدا دەبێتە خاوەنی ژن و خێزان مناڵ و مڵکیەت و داهاتەکان ، لە ڕووی یاساییەوە ژن مافی ئیمزاکردنی هیچ کۆنترکتێکی نابێت و لە ڕووی یاساییەوە وەك منداڵ مامەڵەدەکێت ، لە ڕووی سیاسیشەوە بێماف دەبێت و بۆیان نابێت کاری حکومی بکەن ، دەنگبدەن ، لە هەڵبژاردنەکاندا خۆیان کاندیدبکەن ، تەنانەت جۆری خوێندنی کچان لە کوڕان جیاوازبووە بە جۆرێك زۆرجار ئاستی خوێندنی کچان زۆر لە ئاستی خوێندنی کوڕان نزمتربووە ، دوای خوێندنی سەرەتاییش کچان مافی خوێندنی ناوەندی و باڵایان نەبووە.

 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک