١٢\٣\٢٠١٣
فێمێنیزم و مافی
یەکسانییخوازیی؟

عوسمان رەحمانی
بەرزکردنەوەی دروشمی "یەکسانیی" لە لایان رێکخراوە فێمێنیستیەکانەوە
دەمانێکە لە ئارا دایە و بووەتە وێردی سەر زمانان. لە کۆڕ و
کۆبوونەوەکان، سمینار و کونفرانسەکان، بۆنەکانی ٨ی مارس و یەکی مای و
ڕێپێوانەکانی ژناندا بەردەوام دەوترێتەوە. ئەوەی لەم نیوانەدا هێشتا ون
و ناڕوشنە، دیار نەبوونی ناوەرۆکی ئەم یەکسانییەیە کە داوا دەکرێ.
هێچکام لەم ڕەوت و ڕێکخراو و کەسایەتییە فێمێنیستی و یەکسانییخوازانە
روونیان نەکروەتەوە و تا ئێستا شیکارییان بۆ ئەم دروشمە نەکردوە کە
خەڵک بە گشتی و بەتایبەتی ژنان مافی یەکسانییان لە چیدا دەبینن؟ چی
جۆرە یەکسانییەکیان لەگەڵ پیاوان مەبەستە؟
خواستەکانی ڕێکخراوە فێمێنیستەکان و ژنانی ناو حیزبە ناسیونالیست و
دینییەکان تا رادەێەک روون و ئاشکراێە. ئەمانە لە چوارچیوەی سیستەمی
سەرماێەداریی و پیاوسالارییدا داوای مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان دەکەن.
یانی ئەوانیش وەک پیاوان بتوانن ببنە سەرمایەدار، ببنە سەرۆک وەزیر و
سەرکۆمار، ببنە وەزیر و فەرماندەی سوپا، ببنە پارلەمانتار و دادوەر،
ببنە قەشە و مەلا و خەتیب، ببنە وەزیری ئەوقاف و لە هەمو دامودەزگاکانی
سیستەمی بورژوازییدا بەشدار و یەکسان بن. یانی دابەشکردنی دەسەڵاتی
چەوسێنەرانەی هەبوو لە نیوان ژن و پیاودا بە شێوەی یەکسان.
ئەم خواستەی فێمێنیستەکان هەر ئێستا لە چەندین وڵاتی دونیا تا ئاستێک
دەستەبەر بووە و گەشتون بەم مافی یەکسانیی. لە بەشێکی وڵاتانی جیهاندا
سەرکۆمار و سەرۆک وەزیران ژنن، ژنانی پۆلیس و فەرماندە هەیە، ژنانی
دادوەر و پارێزەر و بەرپرسی پۆستی باڵا هەێە. بەڵام تەنها شتێک کە هیچ
گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتوە، ئازادیی تاک و مافی مرۆیی چینی چەوساوە و
ژنانە کە بەردەوام پێشێل دەکرێ، دەسەڵاتی ئابووریی لە دەست کەمایەتیەکی
سەرماێەداردا داێە و زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵانی خەڵک لە ژێر ستەم و
نادادیی، ژنان دیسان وەک کالای سێکسیی و رێکلامی فرۆشتنی ئۆتۆمۆبیل و
کەلوپەلی ماڵ و پلە دوو حەسابیان بۆ دەکرێ، ژنان بووکەشووشەی پشت
ویتینی فرۆشگاکانی جل فرۆشیی و سالۆنەکانی نمایشی مودێلن بۆ گەرمکردنی
بازاڕی جل و بەرگی سەرمایەدارنی کۆنەپەرست و چەوسێنەر.
وەک ئاگادارین و دەبینین، ژنان بە گشتی و بە تایبەتی ژنە فێمێنیستەکان
دەێان ساڵە خەباتی فێمێنیستی دەکەن، ڕێپێوان دەکەن و ڕاپورت دەنووسن
لەسەر توندوتیژیی لەسەر ژنان، سروودی نەتەوایەتیان پی دەڵێن، ئالای
وڵات دەکەن بە بەلایاندا، بەهەشت دەخەنە ژێر پیان، لە کانالەکانی
راگەێاندنەوە وتووێژ دەکەن، خۆیان روت دەکەنەوە وەک نارەزایەتی
بەرانبەر بە ستەمی پیاوسالاریی و دینی، کە چی نەێانتوانیوە یەک هەنگاوی
کاریگەر بۆ کۆتایی هاتن بە هەڵاواردنی رەگەزی و نادادیی کۆمەڵاێەتی،
لانی کەم کەمکردنەوەی کوشتار و توندوتیژیی لە دژی ژنان بنێن. لە زۆر
بارەوە ڕێکخراوە فێمێنیستییەکان بوونەتە داردەستی پیاوسالاریی مودێڕن و
تەنانەت لە لاێان حیزبە ناسیونالیست و ئاینییەکانەوە بەکار دەهێنرێن بۆ
شەڕی ناسیونالیستیی و ئاینیی و بە دەسەڵات گەشتنی پیاوسالاران و
کۆنەپەرستانی نەتەوەیی و ئاینیی.
ئەم شێوە خەباتەی ژنان چ بە شیوەی فێمێنیستی و چ بە شێوەی ریفورمیستیی،
ناتوانێ هیج ئەنجامێکی هەبێ ژنان لەم بارودۆخە ژێر دەستی و پەستی و
کالابوونە ڕزگار بکا. هەوڵدان بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی ژنان لە
چوارچیوەی سیستەمی سەرمایەداریی پیاوسالارییدا، تەنانەت بۆ بەشە
دەسەڵات لە ناو دەوڵەتان و لەوانە دەوڵەتانی دینی و نەتەوەییدا،
خۆفریودان و سەرکوتانە لە بەردی سەخت، تەنها بە فێڕودانی هێز و
تواناییەکانی خۆیانە. هەروەها خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ
بەدەستهێنانی مافە مرۆییەکانیان و بەهەرمەندبوون لە ژیانێکی مرۆیی
دادپەروەر و یەکسانیی مرۆیی، دیسان ئاو بە ئاشی سیستەمی دژەمرۆیی
سەرمایەداریی و بورژوازییدا دەکەن و بە بێ هودە هیز و ئیرادەی
شۆڕشگێرانەیان دەخرێتە خزمەتی سەرمایەدارنی چەوسێنەر.
ژنان تەنها لە رێزی چیناێەتییدا و بە هاوپشتی هاوچینەکانیان کە پێک
هاتوون لە کرێکاران و زەحمەتکێشانی بەرهەمهێنەر و بێکارانی ژن و پیاو
دەتوانن بە مافە مرۆییەکانیان بگەن. یەکسانیی کاتێک واتا دەدا کە مرۆیی
بێ، نەک دابەشکردنی یەکسانیی ستەم لە نێوان ژنان و پیاوانی
دەسەڵاتداردا. دەبی فێمێنیستەکان و کۆمۆنیستەکان و تێکڕای
یەکسانییخوازان روونی بکەنەوە کە مەبەستیان لە یەکسانیی چیە و
یەکسانییبوونی هەمووان و ژنان و پیاوان لە چیدا دەبینین؟
osman_r@hotmail.no
|