په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٨\٢٠٢٢

فەقێ کە نەبوو بە مەلا، لە حوجرەدا دەمێنێتەوە!
- وەڵامێک بۆ ئیرەجی فەرزاد -


کامیل ئەحمەد      


"شەهید سامان ئەم کاتەت باش، بەڕاستی دوای تیرئەندازییەکەی ئیرەجی فەرزاد، تۆمان لە دەستچوو، بەداخەوە. ئەرێ بە ڕاست هەواڵی ئەو دونیا چییە؟ بەهەشت، دۆزەخ، حورییەکان و ....؟ ئەڵێم لە بیری نەکەیت کە بە و برادەرە بڵێیت جیهانی نا مادی هیچی ڕاست نییە و خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت و دوای شتی میتافیزیکی و سەروو سروشتی نەکەوێت. نا هەر ئەوەندەو بەس. کاتێکی خۆش".


بەڕاستی من لە دەستپێکی ئەم وەڵامە کورتەمدا دەمەوێت بە ئیرەجی فەرزاد بڵێم هەتا دەکرێت و دواکەوتوویی هەبێت، دواکەوتووە. لە سەروو واقیع و کۆمەڵگەوەیە و پای لە کەشکەلانی فەلەک دەخوولێتەوە. من وەڵامی ڕق و کینە و فەرهەنگە دواکەوتوو و ناسیۆنالیستانەکەی ئەو نادەمەوە. ناسیۆنالیزمێک کە خۆی بە ژێردەستە دەبینێت و خەو بە سەربەخۆیی یەوە دەبینێت، بێ ئاگا لەوەی مێژوو سەربەخۆیی لەگەڵ خۆی بردووە.


ئیرەجی فەرزاد لە وەڵامەکەیدا دەیەوێت شتێکی پایەیی بە ئێمە بڵێت ئەویش ئەوەیە کە فیکر و پراتیکی مەنسور حیکمەت دوو شتی جیاوازن. پێمان دەڵیت "بە نظر من...... برای اعلام برائت از مبانی کمونیسم کارگری آویزان نشود" بۆچی؟! . مەسەلەکەی ئەوەیە کە خوداو پەیامبەرەکان دەبێت لە زمینەی مادی و سروشتی دووربخرێنەوە، ئەگەر نا تیۆری غەیبی چەسپی پێکەوەلکانی خۆی لە دەست دەدات. دەیەوێت مەنسور حیکمەت وەکو "خوا" نیشان بدات و وەک کەسێکی موقەدەس لە شوێنێکدا دایبنێت کە هیچ کەس بۆی نییە ڕەخنەی لێبگرێت. لە سەروو ئەحزابی کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە، لە حالێکدا خۆی حزبەکانی دروستکردووە و ١١ ساڵی ڕەبەق بەرپرسی یەکەمی هەموو کار و سیاسەتەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران بووە.


ئیرەجی فەرزاد لەم هەوڵەی دا نەک هەر سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکو دەقاودەق ئەو ڕەخنانەی ئێمە دەسەلمێنێت. ئەو بە بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت دووچاری ئەو تەناقوزە گەورەیە بووە کە دەیەوێت کەﻟلەکە لە پاکە جیابکاتەوە. دیارە ئیرەجی فەرزاد بیری چووە کە جگە لەوەی مەنسور حیکمەت خۆی دامەزرێنەری کۆمۆنیزمی کرێکاریی یە، بەڵکو وەک ڕابەری ئەو ڕەوتەش زیاتر لە ١١ ساڵ بە عەمەلی خەریکی بردنەپێشەوەی ئەو جۆرە لە بۆچوونەکانی خۆی بووە و بە هەموو شێوازێکیش هەوڵی داوە کە فیکر و عەمەلی خۆی جووت بکات و ئەوەی بیری لێدەکاتەوە لە مەیدانی عەمەلیشدا جێبەجێی بکات. پێدەچێت تۆ بیرت چووبێتەوە کە یەکێک لە ڕابەرانی بردنەپێشەوەی ئەم خەتە فیکرییە بوویت و هەوڵیشتداوە کە بە عەمەلی دەریبهێنیت لە پاڵ مەنسور حیکمەت دا؟! بە مانەیەکی تر تۆ دەتەوێت لە هەوڵێکی نەزۆکانەدا پراکتیک و تیۆر لە یەک جیابکەیتەوە. کەواتە ئەگەر ڕەخنەیەک هەبێت بەر لەهەر کەس و حزبێک لە "کەﻟلەکەیە" نەک لە "پاکە" و بەم مانایەش لە مەنسور حیکمەتە. کێشەکە لە خودی ئەم بیرکرنەوە و تیۆری حزبیەکەدایە کە ئەو پراتیکانەی بە شوێن خۆیدا هێناوە، نەک بە پێچەوانەوە گوایە شوێنکەوتووانی نازانن پراکتیک بکەن. ئەی باشە ئەو ١١ ساڵەی کە هاوڕێ مەنسور حیکمەت خۆی کەسی یەکەمی حزب بووـ چی لێهات؟!. سەرنج دان لە مانیفێستی کۆمۆنیست و لە جیاوازی نێوان ئەحزابی کۆمۆنیستی و پڕۆلیتاری دەتوانێت بە ڕۆشنی ئەوەمان نیشانبدات کە حزب پایەیەکی کۆمەڵایەتی یەو جیاکراوە نییە لە چینی کرێکار. ئەمە ئەو هەڵەیەیە کە تۆ تێیکەوتوویت. مارکس و ئەنگلز لە مانیفێستدا دەڵێن:


"كۆمۆنیستەكان، حزبێكی جیاواز بەرانبەر باقی حزبەكانی چینی كرێكار پێك ناهێنن. ئەوان، هیچ بەرژەوەندییەكی تایبەتی و جیاواز لە بەرژوەندی كارگەرانیان نییە. ئەوان لە خۆوە هیچ چەشنە شێوازێكی گرووپی ناهێننە كایەوە كە بزووتنەوەی كارگەری پێ بخەنە قاڵبەوە. جیاوازی كۆمۆنیستەكان، لەباقی حزبەكانی چینی كرێكار تەنیا لەوەدایە كە:


١- لە خەباتی نەتەوەیی پرۆلیتاریای وڵاتانی جۆراوجۆردا، ئەوان، لە هەر نەتەوەیەك بن، بەرژەوەندی هاوبەشی هەموو چینی كرێكار دەبینن و دەیخەنە پێشچاو.


٢- لەو پلە جۆراوجۆرانەی پێشڕەوی و هەڵداندا كە خەباتی چینی كرێكار دژی بۆرژوازی دەبێت لێی تێپەڕبێت، ئەوان هەمیشەو لە هەر شوێن قازانج و مەسڵەحەتی سەرتاپای بزووتنەوەكە بە تێكڕا، دەخەنە بەرچاو."


بۆیە ئەگەر ڕەخنەیەک هەبێت، ئەوا ڕووی ڕەخنەکە لە مەنسور حیکمەتە بەر لە هەر کەسێکی تر و بەر لەو حزبانەی سەر بەو بزووتنەوەیەن. ئەو ڕابەر و دامەزرێنەر و خەتدەر و هەوڵدەربوو بۆ بە پراکتیک دەرهێنانی ئەو جۆرە لە حزب کە حزب لە شوێنێکە و پڕۆلیتاریا و چینی کرێکار لە شوێنێکی تر و دەیویست بزووتنەوەی کرێکاری بخاتە ئەو جۆرە لە قاڵبەوە و بە بێ ئەوەی پڕۆلیتاریا و ڕابەرانی لە مەیداندابن حزبیان بۆ پێکدەهێنرێت و دواتر بانگەواز دەکرێن کە ئەم خەتە قبووڵ بکەن. ئەمە دەقاو دەق پێچەوانەی مانیفێست و بۆچوونی مارکسە بۆ بنیاتنانی حزبی پڕۆلیتاریا.


ئیرەجی فەرزاد لە خەڵوەتدایە و هێشتا ناتوانێت لەوە تێبگات کە ئەگەر ئەو حزبە پڕۆلیتێری بوایە و هەڵقوڵاوی ناو کێشمەکێش و نەبەردە چینایەتیەکانی کرێکاران بوایە و حزبێکی کۆمەڵایەتی بوایە و جیاکراوە نەبوایە لە چینی کرێکار، ئەوە بە دڵنیاییەوە هەموو ئەو ئینشقاق و جیابوونەوانەی کە ئاوها بە ئاسانی ڕوویاندا، بە ڕۆشتنی خۆشتەوە، ئاوها بە ئاسانی ڕوویان نەدەدا. پڕۆلیتاریا هەزار و یەک حساب دەکات لە هێزهاوسەنگی و لە یەکلاکردنەوەی نەبەردە چینایەتییەکانی خۆیدا و بە ئاسانی دەستبەرداری نە حزب و نە خەباتەکەی خۆی نابێت.


لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە بە دڵنیایی یەوە هیچ بارانێک بێ هەور نییە. ئەوە تۆی کە ئاگات لێ نییە. بڕۆ تێزەکان بخوێنەرەوە و باسە پایەیی یەکانی ئێمە بخوێنەرەوە، ئەو کات دەزانیت ئێمە چی دەڵێین. هەرکەس دەیەوێت ئاڕاستە و مێتۆدی بیرکردنەوە و پراکتیکی ئێمە بزانێت ئەوا دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ باسەکانی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ، بڕۆ تێزەکان بخوێنەرەوە. تۆ لە حوجرەدا نایەیتە دەرەوە خەتای ئێمە چیە؟!


لە ڕاستیدا مەوقعیەتی تۆ چییە کە ئەم ڕەخنانە دەگریت؟! ئەوە تۆی کە دەبێت لە ئاسمانەوە بێیتە سەر زەوی نەک ئێمە. نموونەی بێ پرەنسیپی و بێ فەرهەنگی سیاسی و دواکەوتوویی تۆی کە نازانیت پلیمیکی سیاسیش بکەیت. ئەوە تۆی کە بێ پەروا دەتەوێت فیکر و پراتیکی مەنسور حیکمەت لەیەکتر جیابکەیتەوە و بڵێیت کە تۆ هەڵگری فیکری ئەویت. ئەوە بزانە فیکر و پراتیکی مەنسورحیکمەت لەیەک جیاناکرێتەوە و ئاوێتەی یەکترن. ناکرێت حەرەکەتەکە نامارکسیستی وناپرۆلیتێری بێت و فیکرەکە تەواو بێت. ئەوەی تۆ دەیکەیت تەنها ئایدۆلۆژیەتە و تۆ خۆت کردووە بە نوێنەری مەنسور حیکمەت و لە هیچ شوێنێکیشەوە دیار نیت! بمبەخشە کە پێت بڵێم تۆ وەک ئەو فەقێیەت بەسەرهاتووە کە ناتوانێت ببێت بە مەلا و بۆ هەتا هەتایی بە فەقێیی دەمێنێتەوە لە حوجرەدا.

 


٣٠\٧\٢٠٢٢

kamil.ahmed.f@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک