په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٨\٢٠٢١

فەرەنسا و کورد.

هەڵۆ محەمەد      


فەرەنسا، دەوڵەتێکی زلھێزی جیھانییە و مێژووی کۆلۆنیالیشی لە جیھان دا بە تایبەت لە ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوین و ئەفەریقادا ھەس.. دیارە ستەم و ستەمکاری زۆری کردووە.

 

لەگەڵ ئەم ھەموو ڕاستییانەدا، فەرەنسا دیوێکی تریشی ھەیە، کە ناکرێ فەرامۆش بکرێ.. لایەنی ئازادیخوازی و داکۆکی لێکردنی. ئەم خاڵەش فەڕەنسیییەکان بە تەواوی جیا دەکاتەوە لە (ئینگلیز و ئەمەریکی و رووس و ئەڵمان). ھەر بۆیە فەرەنسا لە جیھان دا، ھێشتا سیمبۆلی ئازادیخوازییە.. ئاخر فەرەنسییەکان ئازادیخواز و پشتیوانی ئازادیخوازانن.


لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسیدا بیرمەندێ دەڵێ: «ئەی ئاسمان ! نرخی ئازادی چەند خوێن و فرمێسکی فەرەنسییەکانی دەوێت!».....دیبلۆماتکارێکی فەڕەنسیش ھەر لەو دەمەدا دەڵێ: «بە ئەڵمانەکان بڵێن: گەر واز لە دژایەتی فەرەنسا نەھێنن، ئێمە ئاگر و ئاسنیان بۆ ھەڵناگرین، بەڵکوو ئازادی دەبەین بۆیان».

• فەرەنسا فاکتی ھەرە گردەبڕی سەرکەوتنی شۆڕشی سەربەخۆیی ئەمەریکا بوو لە ساڵی ١٧٧٦ دا.


• فەرەنسا وڵاتی گەورەترین و کاریگەرترین شۆڕشی جیھانە لە ١٧٨٩دا . بە ھەڵگرتنی دروشمەکانی « ئازادی، یەکسانی، برایەتی»یەوە ئەوروپای بێدار و وشیار کردەوە و تەواو گۆڕی و جیھانیشی ھەژاند.

• بە پێی ڕێکەوتنامەی سایکس - پیکۆ ئینگلیزی ڕکەبەری فەرەنسا، کاتی خۆی گۆڵی لە فەرەنسا کردووە و فێڵی لێکردووە، فەرەنسا دەیەوێ گۆڵ بکاتەوە، چونکە ئینگلیز ڕۆڵی بەرەو لاوازبوون دەچێت.


• فەرەنساییەکان ھێندە ئازادیخوازن، لەسەردەمی شەڕی رزگاری جەزائیردا زۆر لە ڕۆشنبیران و فەیلەسووفانی فەڕەنسی وەک « جۆن پۆل سارتەر» و... ھتد دژی وڵاتی خۆیان دەجەنگان بۆ پشتیوانی لە جەزائیر... ئەم نموونەش کەم وێنەیە لە جیھاندا.

• چەپ و کۆمۆنیستەکانی فەرەنسا، یەکەم دەستە و تاقم بوون سەربەخۆیی و ئازادی خۆیان ڕاگەیاند و لەژێر کاریگەرێتی پارتی کۆمۆنیستی شوورەوی ھاتنە دەرێ و کۆمۆنیزمی ئەوروپاییان دامەزراند.

• فەرەنسا لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە دۆستایەتییەکی بەھێزی بزاڤە ئازادیخوازەکانی کوردی ھەر چوار پارچەکەی کوردستان کردووە. لە سەردەمی پارتی « خۆیبوون» و بنەماڵەی بەدرخانییەکان / کامەران بەدرخان و تا ئیمڕۆ. کە بڕیاری ٦٨٨ دیاری میتران و مادام میتران/ دایکی کورد ، ژنەکەیەتی بۆ پشتیوانی لە کورد. ڕەوانشادی گەشمردە «قاسملۆ» ڕۆڵی گەورەی لە پەرەپێدانی ئەم دۆستایەتییەدا گێڕاوە...

• فەرەنسا شەڕی تورکیا دەکات و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دەخاتە مەترسییەوە، لەپێناوی داکۆکی لە رۆژئاوای کوردستان، ٣٠ ساڵی ڕەبەقیشە باشووری کوردستان لە جۆرەھا ھەڕەشەو گوڕەشە و دوژمنی دڕندەی وەک« داعش» دەپارێزێ...

• لە بڕیاری ڕیفەراندۆمی ٢٠١٧ کوردستان دا، دەستەیەک لە دەستەبژێری فەرەنسایی ڕاوێژکار و پشتیوانکاری سەربەخۆیی کوردستان بوون.

• ھاتنی دوو سەرۆکی فەرەنسا بۆ کوردستان «ئۆلاند» و ئێستای « ماکرۆن» بەشێکی تری ئەو پرۆژە و ئامانجە بەدیار دەخات کە فەرەنسامان پێ دەناسێنێ.

• لە ئێستادا فەرەنسا کەموزۆر و بە ئاشکرا و نھێنی دۆستی کورد و حیزبەکانی ھەر چوار بەشەکەی کوردستانە. دەبێت ئەوە ڕوون بێت، دۆستایەتی کورد، سەرەڕۆیی کردنە بە بەرژەوەندی ئابووری و پەیوەندی دیبلۆماسی، کە زۆر وڵات و لایەن بەلایانەوە بڤەیە. کەواتە: سڵاو لە فەرەنسا، ماکرۆن بەخێر بێت بۆ کوردستان..

دەمێنێتەوە سەرانی کورد!! بەڕێزان: ڕۆڵی ئێوە دەکەوێتە ژێر پرسیاری گەورەوە: پێویستە لەسەرتان بە ئەقڵ و ئاوەز و بەرنامە و یەکڕیزی ، ئەسپەشێ مێژوو بگرن و سواری بن، بەرژەوەندی جیھان ھاتۆتە بەردەرگای ماڵی کورد، ئێوەش بچنە نێو ھاوکێشەکەیەوە مێژوویی سەروەریی تۆمار بکەن و ئەم میللەتە بگەیەننە مەنزڵگای «ئازادی و سەربەخۆیی».


دەنا باش بزانن، گەر وا نەکەن و ئەم دەرفەتە گرنگانەتان لەدەست دەردەچێ و دواجار قسە پڤ ھەڵدراوەکانتان و میواندارییەکانتان شەرمەزاری مێژووی لێ دەتکێ. سڵاو لە یەکێتی و یەکڕیزی کورد، کە بەرھەمھێنی ھێز و سەرکەوتن و مێژووی شانازی نەتەوەییە.
 

٢٨\٨\٢٠٢١
ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک