په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٠

فەرەیدوون سامان:
ئەفراندنی شیعر پەیوەندیی ئۆرگانیکی بە جیهانبینی و خەیاڵی شاعیر هەیە.


دیمانە: رەسووڵ سوڵتانی


رەسووڵ سوڵتانی: پەشێوی شاعیر دەڵێ: شیعر وەک شۆخێکی دوو دڵ، یان بەدەگمەن سەردانم دەکات یان هەر نایەتە ژوانم، حەز دەکەین بزانین ژوانی فەرەیدون سامان و شیعر چۆنە؟


فەرەیدوون سامان: لەراستیدا لەدۆخە زۆر تایبەتەکانی نووسینی شیعردا کە پەیوەندی بە رەوشە دەروونی و رۆحییەکەی شاعیر هەیە، ئەوە نییە کە تۆ وەک عاشقێک شوێن و کات بۆ شۆخە خۆشەویستەکەت ( کە شیعرە) دیار بکەیت ، یان بەمەبەست بەرنامەیەکی بۆ دابڕێژی و بڵێی دەمەوێ رۆژانە یان شەوانە لە کاتێکی دیارکراودا ژوانێک لەگەڵ خانمی شیعردا دەگرم و گەرەکمە لەباوەشی خەیاڵ و ئەندێشەکانیدا بخەوم . پێموایە نووسینی شیعر پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی بەو رەوشە رۆحی ودەروونیەی شاعیر هەیە، کە سەرەنجام تەحەکوم بەجیهانبینی و خەیاڵی شاعیر دەکات، دواجار شیعرێک بەرهەم بێنی زادەی هزرو هەست و رۆحی خۆی بێت ، راستە بۆ شاعیر پێویستە وەک باگکراوەندێکی رۆشنبیری کە بەرەنجامی خوێندنەوەی دەیان دەقی دیوانی شاعیرانە، جا چ شیعری نوێ یان کلاسیک، شیعری کوردی یان بیانی ، بەڵام لەساتەوەختێکیشدا کە جیهان پڕبووە لەرووداو کارەسات و سەدان وێنەی تراژیدی بەبەرچاوتدا دێن و دەڕۆن، تۆی شاعیر سروشی شیعرێکت بۆ دێ وهەست وناخت دەوروژێنێت و لەو رەوشەدا تەنیا ئەرکی تۆی شاعیر ئەوەندەیە تێکستەکە لە وێنەوەیەکی خەیاڵیەوە بۆ سەر وشەکان بگوازیتەوە ، واتە لەسەر تابلۆی ناخەوە دەیگوازێتەوە سەر پەڕەی کاغەز، لەزمانە باوە سادەکەوە دەیکەیتەدەربڕینێکی هونەری ، دیارە من لەچەند وێستگەیەکی نووسینی شیعردا ئەزموونێکم هەیە، رەنگە لەساڵێکدا دەقێکی شیعری یان دوو دەقی شیعری بنووسم. هەڵبەت ئەمەش پەیوەندی بە کورتی و درێژیی شیعرەکەوە نییە کە بڵێم ئەوە چامەیەکە، یان کۆپڵەیەکە یان وێنەیەکە، گرنگ دەقێکی شیعرێک بەرهەم دێنم وەک جگەرگۆشەی خۆم مامەڵەی لەگەڵدا دەکەم . بۆیە هەرگیز نامەوێ لەژوانی شیعردا بتۆرێم و نەبادا بەها رۆحی و ئیستاتیەکان لەدەست بدەم .


رەسووڵ سوڵتانی: ئەو فاکتەرانەی کورتی و درێژیی شیعر دیاردەکەن چیین؟


فەرەیدوون سامان: ئەو فاکتەرانەش هەر پەیوەندییان بە دونیابینی و خەیاڵگەی شاعیرەوە هەیە. بەو شتانەی دەوروبەرەوە کە هەستی شاعیر دەورووژێنن. راستە شاعیر پێویستیی بە باکگراوەندێکی هزری و فەلسەفی و مێژوویی هەیە، واتە دەبێ شاعیر جگە لە ئاگایی لە کەلەپووری نەتەوەکەی خۆی بێت و گەرەکە ئاگای لەدونیای دەرەوە وشارستانیەت و مێژوو و ئەدەب و هونەری گەلانیش بێت، تا لە نووسینی هەر بەرهەمێکی ئەدەبیدا بەتایبەتیش لە شیعرێکی ئەفرێنراودا ئەم رۆشنبیرییە فەلسەفییە رەنگ بداتەوە، بۆیە بەرای من وێرای عەنبارە فیکری و کولتورییەکە لایەنی سایکۆلۆژی شاعیر گرینگە ، کە چۆن چۆنی مامەڵە لەگەڵ وشەوە وێنە شیعرییەکاندا دەکات تەنانەت بۆ نووسینی دەقێکی شانۆیی یان رۆمانیش پێموایە هەروادەبێ ،چونکە لەدەقی شیعریدا شاعیر دەبێ وێنە و کۆپڵە شیعرییەکان چڕ بکاتەوە. وەک چۆن زێڕینگەر مامەڵەیەکی هونەریی لەگەڵ خۆڵی زێڕدا دەکات و هونەرمەندانە دایدەڕێژێ و سەرەنجام ملوانکەیەک یان بازنێکی جوان و گرانبەهای لێ دەردەچێ ، شیعریش ئاوایە دەبێ شاعیر بزانێ چۆن مامەڵەیەکی فەنتازی لەگەڵ وێنە، خەیاڵ، رەمز، زمانە هونەرییەکە بکات، چۆن بەهای ئێستاتیکیی ئەو شیعرە دەپارێزی. ئەگینا دەقێکی خراپی لێ دەردەچێ. راستە ئەمڕۆ بە دەیان دەق بەناوی شیعری و کتێبی شیعر لە کتێبخانەکانی کوردستاندا هەن، بەڵام بە راستی بە هەموویان ناگوترێ شیعری هونەری ... لەوەش خۆشتر هەیانە بانگەشەی کۆمیدیایی بۆخۆیان دەکەن و بەخۆیان دەڵێن (داهێنەر ، نوێخواز، قوتابخانەو نازانم چی و چی ... بۆدەقی شیعرێک کە خەسڵەت ومەرجە هونەرییەکانی تێدابێت و ئەفرێنراوی خەیاڵگەی شاعیرەکە خۆی بێت ، مەگەر هەوڵی چەند دانە شاعێریکی باش نەبێت کە بەبەرهەمە جوانەکانیان لای هەموومان ناسراون ئیدی بە دەگمەنیش نەبێت لەو فەوزایەی ئەورۆی نێوەندی ئەدەبی کوردی کە هەر یارۆیە بانگەشەی داهێنانی شیعری دەکات لەبەردەم کامیراکاندا فرمێسک هەڵدەرێژێ و وەک بەدبەختێک خۆی بەخەڵک دەناسێنێتەوە.

 

رەسووڵ سوڵتانی: رەخنەی ئەدەبیی کوردی چەندەی ئاوڕ لە شیعر داوەتەوە و چەندە یارمەتیدەر بووە بۆ دەرخستنی ئەو لایە هونەرییانەی دەقی شیعری کوردی ؟


فەرەیدوون سامان: دیارە دەمێکە لێکۆڵینەوەی رەخنەیی هەیە لە سەر ئاستی رەخنەی ئاکادیمی لە زانکۆکانی کوردستاندا هەیە ، سەرباری تێبینیەکان ، زۆر و کەم باش و خەراپ هەوڵێکی باش بووە بۆ خزمەتکردنی هەندێک لە شاعیرانی کۆن و نوێ وهەروەها رەخنەی رۆژنامەوانیش هەیە کە بنەمایەکی زانستی نییە وزێتر دەچیچتە خانەی پەیوەندییە کەسێتیەکان ، هەندێ نووسینی رەخنەییش هەیە لەسەر ئاستی ناوچەگەری دایە وەک نووسەرانی دەڤەری بادینان سەبارەت بە نەشارەزاییان لە شێوەزاری سۆرانی دێن تەنها لەسەر شاعیرە بادینییەکان دەنووسن رەنگە ئەمە بۆ رەخنەگرانی لای ئێمەش هەرراست بێ کە جگە لەشێوەزارەکەی خۆی کە هی ناوچەی سلێمانییە ن وێڕا ەگات لەسەرشاعیری ناوچەیەکی دیکە بنووسێن مەزاجی، هێشتا رەخنەگرانی ئێمە بێلایەنانە لایان لە دەقی شیعریی داهێنراو نەکردۆتەوە. ئەگەر هەشبێ زۆر دەگمەنە.


رەسووڵ سوڵتانی: تۆ کەسێکیت کە هەم کۆپلە شیعری کورت دەنووسیت و هەمیش قەسیدەی درێژ، ئەم کورتی و درێژییە چەندە پەیوەندیی بە پشوودرێژیی شاعیر و زاڵبوونی شاعیر هەیە بەسەر زماندا؟


فەرەیدوون سامان: ئەمە پەیوەندیی بە ئاستی رۆشنبیری و ئەزموونی ئەو شاعیرەوە هەیە بۆ خوێندنەوەی ئەزموونی شاعیرانی دیکە. واتە ئەو شاعیرانەی کە زمانی دیکە دەزانن، وەک زمانەکانی فارسی و عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی ، بە راستی زێد و سەرچاوەی دنیای رەسەنی شیعر رۆژهەڵاتە . دیارە پشوودرێژیی شاعیر لەوەدا دەردەکەوێ کە خاوەنی باکگراوەندێکی رۆشنبیریی شیعرییە . ئەگینا ئەو شاعیرانەی کە جگە لە زمانی خۆیان و زاراوەی ناوچەکەی خۆیان زمانێکی دیکە نازانن و ئاگایان لە ئەزموونی گەلانی دیکە نییە و ئاگایان لە ئەزموونی شاعیرانی کلاسیک نییە، بڕوا ناکەم بتوانن لە شیعرێکی هاوچەرخ و نوێخوازیشدا بەسانایی حاڵی بن و لە نووسینی شیعرێکدا یان لە نووسینی چامەیەکدا پشوودرێژ بن. تەنانەت داهێنەریش نابن.


رەسووڵ سوڵتانی: تۆ باس لەوە دەکەیت شاعیر دەبێ ئاگای لە ئەزموونی شیعری گەلان هەبێت، ئەوەش دەمانباتەوە سەر تیۆرییەکەی باختین، کە باوەڕی بە نێوان دەقێتی هەیە، و پێیوایە دەقی سەربەخۆ نییە و هەمووی بە چەندین سەرەداوەوە بە دەقەکانی بەر لەخۆیانەوە گرێ دراونەتەوە..؟


فەرەیدوون سامان: بێ گومان باوەڕم بەو تیۆرە هەیە ، بەڵام دیسانیش بۆ شاعیری داهێنەر ئەوە گرینگە کە چۆن خەسڵەتە تایبەتییەکانی خۆی لە شیعرەکەیدا خۆیدا بەرجەستە بکات و مۆرکی خۆی لە شیعرەکە بدات. ئێمە ناتوانین بڵێین لە ژێر کاریگەریی شاعیرانی بەر لە خۆماندا نین، بەڵام کاریگەری و تەئسیر شتێکە و کۆپی کردن شتێکی دیکەیە کە هەندێ لە مامۆستاو بەناو شاعیری کورد دەیکەن دێن دەقێک دەدزن و سەروپۆتەلاکی دەشکێنن دواتر کە کەشفدەبن دەڵێن نا ئەمە تەناسە دزین نییە و دیارە داهێنان چەمکێکی دیکە ی هەیە. بەڵام گرینگە تۆ بزانیت تایبەتمەندی و خەسڵەتەکانی ئەو شاعیرە چین. کام دەق دەبێتە ناسنامەی داهێنانی ئەو شاعیرە.


رەسووڵ سوڵتانی: چەمکێک کە بەڕای من دیارترین رەگەزی نێوان دەقێتیی زۆربەی هەرە زۆری بەرهەمەکانە، چەمکی عیشق و پەژارەیە، لە شیعرەکانی تۆشدا زۆر دێنە بەرچاون ئەو دوو چەمکە بە درێژایی مێژووی ئەدەب بەردەوام دەگوترێنەوە و دادەڕێژرێنەوە، تۆ چۆن دەڕوانیتە چەمیکی عیشق لە شیعردا؟


فەرەیدوون سامان: لەپێناو ئەوەی ژیان بە ئاسودەیی و بە جوانی بەردەوام بێ و بۆ مرۆڤ بە گشتی و شاعیر بە تایبەتی پێویستە عاشق بێ. چونکە ئەگەر وا نەبێ ئەو مرۆڤە خۆی دەبێتە گیانەوەرێکی دڕندەی بێ هەست و نەست . یان دەبێتە مرۆڤێک کە رەشبینانە لە ژیان بڕوانێت. دواجار ببێتە هۆکاری خۆکوشتن یان کوشتنی ئەوانی دیکە ن بۆیە چەمکی عیشق بۆ مرۆڤی شاعیرو هونەرمەند نەک هەر دەبێ پیرۆز بێ ، بەلکو پێویستە بیکاتە پەیام و فەلسەفەی خۆی ، چونکە مرۆڤهەرچەندە بژی ن بەڵام لەچاو مێژووی سروشتدا کەم تەمەنە و زوو ماڵاوایی دەکات ، بۆیە عیشق هۆیەکە بۆ بەردەوامبوونی مرۆڤ لە داهێنان و خوڵقاندندا. ئەمن پێموایە ئەگەر شاعیرێک، موزیکژەنێک، پەیکەرتاشێک ، نیگارکێشێک ، ئەگەر وەک مرۆڤێکی عاشق لە ژیانی رۆژانەیدا پراکتیزەی عیشق نەکات ، جا ئەو عیشقە چ لەگەڵ ئافرەتێکدا بێت یان سرووشت یان نیشتیمان ، ئیدی نازانم چۆن دەژێت.


رەسووڵ سوڵتانی: واتە جەنابت، عیشق بە هەموو رەهەندەکانییەوە بە سەرچاوەیەکی ئیلهامدەر دەناسیت بۆ شیعرو داهێنان؟


فەرەیدوون سامان: بێ گومان بە یەکێک لە سەرچاوەکانی داهێنانی دەزانم ...


رەسووڵ سوڵتانی: شیعر لە نێوان ئیلهام و ئەفراندندا، لە نێوان ئیلهامێکی شاعیرانە و دروستکردنێکی زانیستیانەدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟


فەرەیدوون سامان: لەرووی دەروونی و رۆحییەوە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی ئەفراندنی شیعر ئیلهامە. بەڵام شیعر پێویستی بە کۆمەڵێک رەگەزی دیکەی داهێنان هەیە، وەک خوێندنەوەی ئەزموونی شاعیرانی دیکە، چ رابردووان و چ شاعیرانی سەردەمی خۆی، ئەوجا تۆ ناکرێ لە خوێندنەوەی دەقی شیعریدا بە دوای داهێنانی شاعیرانەی خۆتا بگەڕێیت، تۆ پێویستە لە هونەرەکانی دیکە بگەیت، بۆ وێنە تۆ تا چەند چێژ لە تابلۆیەکی هونەری وەردەگری؟ چێژ لە بیستنی پارچەیەک موسیقا وەردەگری؟ ئەوانە گرینگن بۆ ئەوەی تۆ بتوانیت دەقێکی شیعریی جوان بەرهەم بێنیت. دەکرێ ئێمە قسە لەسەر داهێنانی شیعرێک بکەین ، چەندان مەرج و خەسڵەتی هونەری هەیە کە دەبێ لە شیعرێکدا بەرجەستە بووبن،


رەسووڵ سوڵتانی: ئەو خەسڵەتانەی کە لە دەقێکی شیعریدا دەتوانین وەکوو داهێنان لەگەڵیدا بەرەوروو بینەوە، بۆ وێنە ئەگەر دوو دەقی شیعریت بدەنێ چۆن بەبێ پێناسەکردن دەتوانیت خەسڵەتی داهێنان لەو شیعرانەدا دیار بکەیت؟


فەرەیدوون سامان: خەسڵەتەکان زۆرن وەک وێنەی شیعری ، بەگەرخستنی سیمبۆل ، زمانە هونەرییەکە کە داهێنانی شاعیرێک لە شاعیرێکی دیکە جیا دەکاتەوە، لایەنی هونەریی زمانە شیعرییەکەیە کە دەبێ زمانێکی هونەریی و ناباو بێت، زمانێک نەبێ کە شاعیران هەموو وەک یەک پێی بنووسن و کۆپیی یەکتر بن، تۆ ئەگەر بێت و بە ستایلی عەباس عەبدوللا و ئەنوەر مەسفی یان هاشم سەراج بنووسیت یان هەر شاعیرێکی دیکە، ئیدی داهێنانەکەی تۆ لەکوێدایە، ئەمە لەرووی زمانەوە، وەک ئەزمونیش تۆ دەبێ زمانێکی هونەریی تایبەت بە خۆتت هەبێ، کە کۆدی نهێنیی تایبەتی لەو زمانەشیعرییەدا هەیە، هەروەها لەرووی تەکنیکی نووسینی شیعرەکەیشەوە کە لایەنی هونەریی و بیناسازی شیعرەکەیە، ئەوەشیان دەبێ جیاواز بێ لە ئەزموونی تەکنیکی شاعیرانی دیکە،دیسان بۆ وێنە ئەگەر ئێمە بیگەرێَینەوە سەر ئەزموونی شاعیرانی بیانیش وەک سۆهرابی سپێهری یان ئەدۆنیس و ئیلیەت بنووسین، لەهەمانکاتیشدا بانگەشە بۆ داهێنان بکەین کە لەو بوارەشدا زۆرلە شاعیرانی ئێمە بە جاردانی مانفیستی شیعری بانگەشەیان بۆ کرد بەڵام دواجار جگە لە وشە رێزکردن شتێکی دیکە نەبوو، داهێنانێکی جیاواز لە هی ئەوانی تر بە قسەی زل و ریکلام وپروپاگەندە نابێ . بەلکو بەو خەسڵەتانە دەبێ کەلەشیعرێکی هونەریدا بەرجەستە دەبن ، گرینگتر لەوەش ئەوەیە کە چەندە بەهای ئێستاتیکی لەدەقە شیعرییەکە دایە، هەروەها ئەو لایەنە دراماتیکییانەی کە تۆ لە شیعردا بەکاریان دێنی، مەسەلەی جێگۆرکی نێوان کات و شوێنە. مەسەلەی ئاستی رۆشنبیری شاعیرە کە تۆ شیعرێکی دەخوێنیتەوە دەزانیت ئەو شاعیرە چەندە ئاگای لەدنیای ناوەو دەرەوەی خۆی و ولاتەکەیی ە دو جیهان هەیە.
 

رەسووڵ سوڵتانی: باسی گرینگیی زمانی هونەری شیعریت کرد، لێرەوە با بزانین لە روانگەی تۆوە، زمان لە شیعردا چ جیاوازییەکی هەیە لەو زمانەی کە بۆ نووسینی دەقەکانی دیکەی وەکو رۆمان و چیرۆک و ژانرەکانی دیکە بەکار دەبردرێ؟


فەرەیدوون سامان: زمانی هونەری بریتییە لەو داهێنانە ئەدەبییەی کە لە دەقێکدا بەرجەستە دەبن. بەڵام تۆ لەوتارێکی سیاسیدا دەکرێ راستەوخۆ مەبەستی خۆت دەربڕیت و پێوسیتیت بە دەربڕینێکی هونەری نەبێت . بەڵام لە وتارێکی کۆمەڵایەتی یان وتارێکی سیاسیدا کەباسی بابەتێک دەکەیت وەک خۆی چۆنە ئاوای باس دەکەیت بەڵام ئەگەر بە زمانی هونەری باسی بکەیت،ئەوا دەقەکە دەبێت بە دەقێکی فانتازی وێنای بکەیت.


رەسووڵ سوڵتانی: واتە زمان بارگاوی دەکەیت بە واتای زۆر و لە زمانێکی تاکڕەهەندییەوە دەیکەیتە فرەڕەهەند؟


فەرەیدوون سامان: بەڵی نووسینەکە بە چەمکی زۆر بارگاویی دەکەیت ، بەهایەکی ئیستاتیکای پێدەبەخشی ، ئەوەشە جیاوازیی نێواندەقێکی ئەدەبی و نائەدەبی. زمان لە شیعردا چڕ دەبێتەوە تا ئەو شوێنەی کە تۆ دەتوانی لەوشەیەکدا یان لەکۆپلەیەکدا مەسەلەیەکی گەورەو بەربڵاو بدرکێنیتو بوروژێنیت. لەحاڵێکدا لە رۆماندا پانتاییەکی بەرفرەوان و هەراوت لەبەر دەستدایە بۆ ئەوەی باسی شتەکان بکەیت. بۆ ئەوەی باس لەمێژوویەک بکەی، باس لە رووداوێک بکەیت ، تەنانەت لە کورتە چیرۆکدا دەتوانی باسی رووداوێک بەدریژدادڕی بکەیت، وەلێ لەشیعرێکدا کە باسی بابەتێک دەکەیت، دەکرێ بە چەند وشەیەک یان وێنەیەک کۆتایی پێ بێنیت. بەڵام لە رۆماندا دەرفەتی دەربڕینی زۆرتر هەیە.


رەسووڵ سوڵتانی: لە نێو دەقە ئەدەبییەکاندا دەبینین زۆر جاران شیعر کەڵک لە تەکنیکەکانی چیرۆک وەردەگرێ وەکوو تەکنیکی گێڕانەوە، یان چیرۆک کەڵک لە زمانی چڕی شیعر وەردەگرێ...؟


فەرەیدوون سامان: بەڵێ، زۆر چیرۆکنووس و رۆماننووس هەن کە زمانی نووسینەکەیان شاعیرانەیە، بەڵام ناکرێ بڵێی ئەو دەقە دەقێکی شیعرییە.ئەوەی گرینگە بەڵام بە رای من ، ئەگەر شاعیرێک بیەوێ کەڵک لە تەکنیکەکانی چیرۆک یان شانۆنامەو رۆمان وەربگرێ ئەو دەقە سەدلە سەد نابێتە دەقێکی شیعریی تەواو.ناوێکی یکو هەڵدەگری َ وەک شیعری شانۆیی یان رۆمانە شیعر.


رەسووڵ سوڵتانی: من ئاماژە بە کتێبی (ملوانکە)ی شێرکۆ بێکەس دەکەم، ملوانکە گێڕانەوەیەکە وەک (شانۆ، چیرۆک و شیعر) و تێکەڵییەکە لە هەمووان...؟


فەرەیدوون سامان: بۆ ئەزموونی شێرکۆ بێکەس کە دەقی شیعری شانۆیی نووسیوە، رۆمانە شیعری نووسیوە، ئەو وەک ئەزموون یان لاسایی کردنەوەو خۆ سەلماندن کە رەنگە تائەندازەیەکیش تێیدا سەرکەوتوو بووبێت ، کاتی خۆی شاعیرانی عەرەبیش شتی بەلاسایی کردنەوەی شاعیرە ئەوروپییەکان ئەزموونی لاسلیی کردنەوەی وایان کردووە، ، دیارە شاعیرانی رۆژئاواش هەر بەکاریگەری ئەو دەقە شانۆییانەی کە لەسەردەمی گریکی کۆندا هەبەەن وەک ئەسخلیۆس و سۆفۆکلیس و یۆرپیی کە بە زمانی شیعر نووسراون،تەنانەت دەقی شانۆییەکانی شکسپیریش هەر بە زمانی شیعر نووسراون، بەڵام ئێستا باوی ئەوجۆرە دەقی شێعرییە نەماوە و فەشەلی هێناوە، شیعر زۆر چڕ و کورت بووەتەوە، بۆ نموونە با ئاماژە بە هایکۆکانی ژاپۆنییەکان بکەین کە لەدێرێک یان دوو دێڕ دایە، چامەیەک دەبینی کە یەکێک لە مەرجەکانی درێژ دادڕییە، بەڵام ئێستا لەچەند وشەیەکدا ، لە وێنەیەکدا کورت کراوەتەوە، تەنانەت رۆمانەکانی کۆن زۆر دوورودرێژ بوون هەزار و دوو هەزار لاپەڕە بوون،بەڵام ئێستا دەبینی چاکترین رۆمانی جیهانی پەنجا شێست لاپەڕەیە.


رەسووڵ سوڵتانی: ئەمن هەر لەوەڕا دێمە سەر باسێک کە هەنووکە لە نێو ئەدیباندا باوە، دەڵێن مرۆڤی ئێستا ئەوەندە سەرقاڵە نایپەرژێتە سەر خوێندنەوەی دەقی دوورودرێژ، کەواتە قەسیدە بۆ ئەو مرۆڤە سەرقاڵەی نێو ژیانی ئاڵۆزی ئەمڕۆ چ جێگە و پێگەیەکی هەیە؟


فەرەیدوون سامان: بەڵێ سەردەمی ئێستا کە جیهان بچوک بۆتەوە و زۆر جیاوازە لەگەڵ سەردەمی کۆچەری و خێلایەتی و کشتوکاڵی جاران مرۆڤەکان بێکاربوون ، وەلێ ئێستا دەرفەتەکانی ژیان کەم بوونەتەوە، ژیان خێرا بووەتەوە، گیانی رۆمانسیانە زۆر بە کەمی ماوە. هەڵبەت ئیدی ئەوەش بەو مانایە نییە کە ئیتر نابێ شیعر بمێنێت. لەبەر ئەوەی دنیا، دنیای تەکنۆلۆژیا و ئینتەرنێت هەژموونی راستەوخۆی بەسەر هۆش و خەیاڵی مرۆڤدا سەپاندووە. ئیدی بەراستی شیعر بەرهەمی شار نییە هەرگیزیش داهێنلنی ئەوروپاییەکان نەبووە . هەر لە کۆنیشدا شیعر چاوگەی بیرکردنەوەی ئەرووپییەکان نەبووە، چونکە زێدە رەسەنەکەی شیعر رۆژهەڵات بووە، تۆ وەرە لە ئاڤێستاوە بگرە تا ئاینەکانی تریش گشتیان بە زمانی شیعر نووسراون. گاتاکانی زەردەشت هەموویان بە زمانی شیعر نووسراون. شیعر وەک ئایین لێرەوەلە رۆژهەڵاتەوە چووەتە رۆژاوا.بەرامبەر بەوەش ئێمە لەرۆژاواوە رۆمان و چیرۆک و سینەمامان بۆ هاتووە. ئیتر ئەگەر رەخنەگرێکی بریتانی یان فەرەنسی یان ئیتالی دەڵێت شیعر باوی نەماوە، با بزانین ئەوە لە رۆژاوا باوی نەماوە نەک لە رۆژهەڵاـ. چونکە خەمەکان و کەڵکەڵە دەروونییەکان جیاوازن. مەسەلەکە پەیوەندیی بە رۆح و سایکۆلۆژیای مرۆڤی ئەو وڵاتانەوە هەیە. راستە ئێمە ئێستە لە شارە گەورەکاندا دەژین و شارە گەورەکانمان پڕن لە بینای بەرز و پارکی زۆرو ئامرازی تەکنۆلۆژیای زۆر ، بەڵام ئێمە پەروەردەیەکی رۆحیی هەزاران ساڵەمان هەیە کە ئەویش گرۆیی و ئینتیمایەکی دەروونییە بۆ خەمەکانی ئینسان و بۆ ژینگە و سرووشت.


رەسووڵ سوڵتانی: مرۆڤ بڵێی بتوانێ بەبێ شیعر بژیێت؟


فەرەیدوون سامان: ئەگەر عیشق نەماو کۆتایی هات ئیدی کۆتایی شیعریشە بۆیە نەخێر مەحاڵە مرۆڤ بێ شیعر بژیت، ئەگەرچی بە داخەوە هەندێک کەس هاتوون زیاد لە هەموو ژانرەکانی دیکە بەربینگیان بە شیعر گرتووە و دەڵێن شیعر باوی نەماوە. لە حاڵێکدا چاو دەپۆشن لەو هەمووە نووسین سەقەتانەی کەبەداخەوە بەناوی رۆمان و چیرۆک رۆژانە دێنە نێو کتێبخانەی کوردی ،لەلایەکیشەوە خوێنەرە ساویلکەکان شیعری چاک و خراپ لێک جوێ ناکەنەوە و هیچ پێوەرێکیان نییە بۆ داوەرییەکانیان و یەکسەر شیعر بە هەموو جۆرێکەوە وەبەر دەدەن و دەڵێن ئیدی باوی شیعر نەماوە. بەداخەوە هەندێ لەو ئاخێوەرانە بەحساب رۆشنبیری چاکیشن بەڵام رقیان لە ئەدەبیاتە و دنیا وەک سیاسەت و زانست دەبینن، دەی با بزانین ئەلتەرناتیڤی ئەو برادەرانە چییە؟ با بفەرموون ئەوان کتێبە فەلسەفی و مەعریفیەکانیا پێشکەش خوێنەوارانی کورد.


رەسووڵ سوڵتانی: ئەوان چۆن بتوانن چاک و خراپ لێک جوێ بکەنەوە؟ ئاخۆ ئەوکات تۆمەتی سانسۆریان نادرێتە پاڵ؟


فەرەیدوون سامان: راستە من باوەڕێکی قووڵم بەوە هەیە کە سانسۆر نەبێ، بەڵام مەسەلەی فیلتەر مەسەلەی چاودێریکردنی پسپۆڕان و شارەزایانە بەسەر ئەو بەرهەمانەدا کە چاپ دەکرێن. ئێمە ئەوەمان نیە. فیلتەر دەقە شیعری و هونەرییەکان هەڵدەسەەنگێنێت بۆ ئەوەی بزانێ چەندەی بایەخ و بەهای هونەری تێدایە، دوای ئەوەیە کە رێگەی چاپی پێ دەدرێت.


رەسووڵ سوڵتانی: زیانەکانی ئەو بێ فیلتەرییە چییە؟


فەرەیدوون سامان: دیارە ئەمڕۆ کە بە سەدان بەرهەمی بەناو ئەدەبی بێ سەرەوبەرە دێنە نێو کتێبخانەی کوردییەوە، دیارە تا ئەندازەیەک خوێنەر دەڕەوێتەوە.

 
رەسووڵ سوڵتانی: باسی زەمەنی جزیری و نالیت کرد، حەزدەکەین ئاماژە بەو رەمزە بکەیت کە لەو رەوتەدا شاعیرێکی وەک نالی بە نەمری دەهێڵێتەوە؟


فەرەیدوون سامان: ئەمن باسی زەمەن ناکەم چونکە زەمەنی شیعر بێ بێ کۆتاییە و جوگرافیاکەشی بێ سنوورە . وەلییێ ئەمن بۆ خۆم زۆر جاران نیگەران دەبم کە داخوا ئێمە بۆچی و بۆ کام خوێنەر دەنووسین؟ بەڵام نەمریی شاعیرانی وەک جزیری و نالی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشخانە مەعریفی و زانیارییەی کە سەرچاوەکەی چووەتەوە سەر ئەزموونی دەیان و بگرە سەدان شاعیری بەر لە خۆیان . نالی کەسێکی رۆشنبیر ئەوەندە بووە. ئاگای لە تەواوی ئەدەبیاتی کلاسیکی فارس و تورک و عەرەب هەبووە. بە چوار زمانیش شیعری نووسیوە. بەڵا م من ئەم پرسیارە لەتۆ دەکەم شاعیری ئەمڕۆ کە زۆرینەیان بانگەشەی گەورەیی و داهێنان دەکەن، کێهەیان لەدەربڕینی شێوەزمانە لۆکالییەکەی خۆی، تەنانەت شێوەزمانی شارو ناوچەکەی خۆیان بەو لاوە بە زەحمەت دەکارێ بە کوردییەکی ستاندارد یان زمانێکی دیکە بنووسێ. مەگەر تاک و تەرا ، ماوەیەک لەوە پێش سەردانی باکووری کوردستانم کرد، یەکێک لە خەمەکانی رووناکبیرانی کوردی باکوور ئەوەیە کە دەڵێن: دەوڵەتی تورک نالی و شێخ رەزا بە مولکی خۆیان دەزانن، بۆ؟ لەبەر ئەوەی ئەوان شیعریان بەو زمانە هۆنیوەتەوە زاڵ بوون بە سەر زمانی تورکیدا و تورکەکانیش دەقە شیعرە تورکییەکانی ئەوانیان وەکو دیوانێکی سەربەخۆ چاپ کردووە. دەی باشە با بزانین کام یەک لە شاعیرانی ئێستامان ئەو توانایەیان هەیە وێرای زمانەکەی خۆی کو کوردییە دەکارێ بەزمانێکی دیکە بنووسێ؟ خۆ ئەگەر هەشبێ ئەو شاعیرانە زۆر دەگمەنن. نالی و شێخ رەزا و مەحوی جگە لە کوردی بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکیشیان نووسیوە و لەگەڵ ئەوەشدا هەموو بەها ئیستاتیکییەکانیان لە تێکستە شیعرەکانیاندا پاراستووە. ئەتۆ چاو لەوە مەکە ئەوان لە چوارچێوەی شیعری عەرووزیدا نوسیویانە ، بەڵام هەموو مەرجێکی هونەرییان تێدا بووە.


رەسووڵ سوڵتانی: بۆ خوێندنەوەی دەقێکی شیعری چەندە پێویستە هەڵسەنگێنەر شارەزای ژیان یان ئەزموونی شاعیرەکە بێت؟


فەرەیدوون سامان: تێڕامان و خوێندنەوەی دەقێک لەخوێنەرێکی ئاسایی بۆ خوێنەرێکی نائاسایی جیاوازە. خوێنەرێکی نائاسایی وەک هەڵکۆڵەر بە دیدێکی رەخنەگرانەوە بەرهەمەکانی شاعیر دەخوێنێتەوە. هەربۆیەشە تۆ تا بزانیت باکگراوەندی ئەو چی بووە؟ دەبێ بزانیت وێستگەکانی ژیانی ، هەورازو نشێوییەکانی شکست و داهێنانەکانی هەروەها ئەزموونەکانی بەرایی لەنووسین و بەرهەمەکانی پێشووی بە چەند قۆناغ و وێستگەدا تێپەڕیون. هەروەها ئەو وتارو لێکۆڵینەوانەی بەباش و خراپەوەی لەسەری نووسراون و ئەو وتارو لێکۆلینەوانەش کە خۆی لەبارەی شیعرەوە نووسیویتی، چونکە شاعیر هەر ئەوە نییە چەند دەقی شیعری بەرهەم دەهێنێ، بەرای من شاعیر دەبێ شرۆڤە و خوێندنەوەی تایبەتی خۆی هەبێ بۆئەزموون و ژیانی خۆی و ژیانی شاعیرانی دیکەش.

 

ماڵپه‌ڕی فه‌ره‌یدون سامان