٢٠\٨\٢٠١٠
فێرگەی فڕین..
تا حەرفە وەریوەکانی خەیاڵ.

رۆژ هەڵەبجەیى
-1-
کە تاریکی دەفڕێ،
ئاسمان
بەئەسپایی دەڵێ:
چەند گەوجە فڕین
ئەگەر تاریکی تۆزێک لەداری مەعریفە بناسێ
ئەوا ئەو بۆ هەمیشە لەسەر،
پشتی رووناکی دەلەرزێ،
نەک هەڵوەدای فڕین..!!
-2-
کەدارەکان دەمرن بێحیکمەتن..
چڵەکانیان فێردەبن قەفەس چێبکەن
لقەکانیان دەبنە گۆچانی دواسەفەر
جەستەشیان دەم و لێوی ئاگرو
هەنگاویان دروێنەی دووکەڵ..!
-3-
کەگوڵێک بۆنی پڕدەبێ لەخەم،
لەیەخەی فرین چۆڵ دەبێ و
دەچێتە بیمارخانە
هەنگ و پەپوولەش،
دەچنە باخچەیەک،
کەئاسمانی ئاوەدانە،
بەباڵی عەدەم..!
-4-
کەشینە شاهۆیەک
لەپشتوێنی جۆگەیەک
ئاو دەخواتەوە
پێچاوپێچ لەگیرفانی باڵەکانیا،
تیشکی خۆر دائەپۆشێ و
لەخەرمانەی خەیاڵیشەوە،
خەم، خەم خۆزگەیەکی خەت، خەت
بەدەنووک دەپێچێتەوە..!
-5-
لەپایزدا کە گەڵایەک نوێژدەکاو
بەنەرمە نزایەکەوە دەگری
با بەپێکەنینەوە چاوەڕوانە،
لەفری فڕینێکا
ببێتە قیبلەو بەرماڵی..!!
-6-
لەخۆرئاوابوونداو لەسەر
خەتی خەیاڵ
چەند چڕدەبێتەوە تێڕامان
ئەو کاتەی خۆر بەنەعلە سوورەکانیەوە،
هەنگاو دەخاتە سەرشانی
دەچینە بەهەشتێک،
لەدرۆکانی رۆمانسی
وادەزانین ئاسۆی دڵمان وەریوە،
بۆیە پۆشاکی تاریکی دەپۆشین!
-7-
دوو وێنەی چەند دژیەکن
دەزوولەی ئەم هەموو دووکەڵە،
لەناو پێخەفی ئاسماندا خەوتوون،
بێ ئاگر
پشکۆی ئەم هەموو گریانە،
لەناو دڵما مەشخەڵ،
بێ دووکەڵ..!!
-8-
کە باڵندە لەکازیوەدا ئاسمان،
بەفەرشێکی رۆشن رادەخەن،
ئەوە لەبولێڵدا،
پێکە ئەستێرەیان هەڵداوە!!
-9-
پێ مەنێن بەسەر گژوگیادا
تاوێک بەحەرفە وەریوەکانی خەیاڵ،
بێدەنگی ئاشت بکەنەوە
کێ دەڵێ ئەوە دڵێک نییە،
لەژێر خاک بۆتە گژوگیا..!!
-10-
کە شەڕ دێ کەمانچە بەفرینێکی
شەلەوە،
دەگەڕێتەوە ناودەستی درەخت،
دەست و پلی درەختیش،
هەتا گوزەردەکا،
بۆ حەرفە وەریوەکانی خەیاڵ و
هەتا بەئاگا دێتەوە،
دەبێتە قۆناخە تفەنگ..!!
-11-
چەند بۆ یەک دۆستن
کەچرا دەستی شەو لەتاریکی پاک دەکاتەوە
دەگاتە فێرگەی فڕین
کەشەویش ملوانکەی خۆی،
دەکاتە ملی چرا،
ئەمیش بەعیشقەوە فڕین..!!
-12-
قودرەتی قوڵایی پەنجەکانی نەگەستووم،
ئەمەیان فڕینە بۆ،
حەرفە وەریوەکانی خەیاڵ..
چونکە هێشتا نەمامی خۆشەویستی،
رواندنی لەدارستانی قژمدایەو
نەگەیشتۆتە جریوەی کەمەری کراسەکەم..!!
-13-
کەچاوی مناڵان پڕدەبێ لەئاسمان،
خۆیان ناونووس دەکەن بۆ،
فێرگەی فڕین
ئەوکات جەستەیان،
بەقاقایەک دەبەستن و
رۆحیان ئەستێرە لێ دەخوڕێ و
مانگیش دەکەنە کۆلارە..!!
-14-
کەعیشق دێ..
نەویتە، ویتی پرسیار لەدەمی پێنووس و
نەپیاسەی وەڵامێکی شپرزەو
نەقوڵپی زەنگی دەرگاو
نەقریوەی مۆبایلی درەخت و
نەسەوزبوونی رووباری خەون و
نەشتڵی حەسرەتێکی عەیار
نەفێرگەی فڕین و
نەحەرفە وەریوەکانی خەیاڵ
هیچ لەمانە ناچێتە ژێر،
چاوەڕوانیەکی چاڵ و چۆڵەوە
ئەوە عیشقە کەدێ،
هیچ لەمانە ناناسێ..!!
-15-
لەوڵاتی دەرگا داخراوەکاندا،
هەموو شتێک دەبێتە وێردی سەفەر
کەشیعر سەفەر دەکا
شەو ماڵێکی دەداتێ،
تەنیایی تیا داگیرسێنێ
باران دوو پێکەنین لەنمەنم،
دەخاتە باخەڵی
هەور لەجنسی خۆی،
دوو باڵ چێدەکا،
بۆ فڕینی خەیاڵى
مۆسیقا دوو نەغمە لەتەمەنی،
موتوربە دەکا، بۆ لۆکەی رۆحی
کە کۆترێکیش لەقەڵبەزەی فڕینا
گمەیەکی دەداتێ،
لەقۆپچەی کراسەکەیدا،
دەبێتە کاتژمێری ملی..!!
ماڵپهڕی رۆژ ههڵهبجهیی
|