په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠٢١

فەرهاد دەیەوێ مرۆڤ بێ.


هۆشەنگ محەمەد    

- ١ -

ناوەڕۆکی ئەم پەرتووکە.


ئەو نووسینانەی لێرە دەیانخوێنینەوە، هی کەسێکن، یاخی، ژیاندۆست و ڤیندۆست، مرۆڤدۆست و زمان درێژ! لە یەکەم بابەت تا دوا بەرهەمیش، بەردەوام پرسیارێکمان لێ دەکات: (مرۆڤ چییە؟)
ئەمڕۆ، لەم سەردەمە ماددییەدا، چۆن پێناسەی مرۆڤ بکەینەوە؟ مرۆڤی ئێستا، دەکرێت چی بێت و چی نەبێت؟ چۆن باس لە ناوەڕۆکی مرۆڤ بکەین؟ کە سستەم و تەکنیک و دین و سیاسەت و کۆمەلگە و رۆشەنبیریش داوای لێ دەکەن، رووکەش و رووالەتی و سادە و بێ قووڵایی بێت؟
چۆن پێناسەی ئەم مرۆڤە بکەین کە دەیەوێ، وەک (مرۆڤ) بژیێ؟ وەک هەموو (مرۆڤەکان) هەیبێت؟ گشت مافێکی بۆ دابین بکرێت و ئەمەندە (بەرز) ببێتەوە، تا هەموو شتێک لە (ژێر) کۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت؟ هەموو شتێک بکات، کە ئەو پێی (راستە)، کە لە (بەرژەوەندی) ئەو دایە؟! چۆن لەم مرۆڤە بگەین کە دەیەوێت، هەموو کەسێک و هەموو شتێک لە خزمەتی ئەودا بن و لە پرۆژەی (خۆشگوزەرانی)دا، ببێتە (مرۆڤێکی کامل)؟!
مرۆڤی ئەمڕۆ، بێ ئەوەی مرۆڤبوونی لە نێودا بێت، بێ ئەوەی مرۆڤبوون، وەک هێزی چاکە، لە رەوانی و دەروونی مرۆڤدا حزووری هەبێت، دەیەوێت ببێتە خودای جیهان،کۆنتڕۆڵی هەموو سەرچاوەگەلی ماددی و دارایی و سامانەکان بکات. مرۆڤێک لە رێی ماددەوە خۆی بسەلمێنێت. خۆی فەرز بکات.
ئەم هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنە، لە چاوی فەرهاد کەریمەوە، سیمای سەرەکی مرۆڤی بێ ناوەڕۆکی ئەمڕۆکەیە، کە لە راستیدا، ئەم هەوڵدانە، بە زمانی فەرهاد خۆی لە (گووخواردنێک و گووگردنێک) پتر نییە!
فەرهاد کەریم، لە دژی ئەو مرۆڤە، ناوەڕۆکێکی دی، بە بەرهەمەکانی دەدات. بە ئاشکرایی و رەوانی، قسەی دڵی خۆی دەکات، ئەو دڵەی لەم گەمار و پیسی و پۆخڵەواتەی سستەمەکانی نوێی دنیای پاراستووە. بە روونی دەڵێت، من گوو بەم پێناسە نوێیە بۆ مرۆڤ دەکەم! گوو بەم جیهانەشدا دەکەم کە ئەو مرۆڤە نوێیە پەیدای دەکات!
سەراپای جیهان، بە پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیا و ماددە و بازرگانی و پارەپەیداکردنەوە مەستە! ئەم مەستبوونە چەند مرۆڤ لە رووە ماددییەکەی پێش دەخات، ئەوەندەش مرۆڤایەتی پاش دەخات! بۆیە فەرهاد کەریم، بە نووسین، گوو بەو کەس و دەستەڵاتدا ر و رژێمانەدا دەکات، کە مرۆڤبوونی ئێمە، لە پێناو دەستەلات و پارە و گوزەراندا، دەسڕنەوە!
ئێستا چەمکی مرۆڤ، واتای ئەو کەسە ناگەیەنێت، کە دەیەوێت لە ڕێی نوور و بەهاگەلی موقەدەسی ناخی مرۆڤ خۆیدا ببێت، ئەزموونی جیهان و ژیان بە بێگەردی و رۆشنایی دەروونێکی باڵا و بەرز بکات.
مرۆڤ، ئەمڕۆ بریتییە لە کەسێک کە هەیبێت بریتییە لە شتێک، دەیەوێت لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی ئەوانی تر کۆنتڕۆڵی بکات، ئەگەر پێویستیش بکات، بیانشێلێت و بیانکوژێت و لەنێویان ببات! کەسێکە ئەوەی پێ راستە کە لەبەرژەوەندی ئەو دایە، پڕنسیب و بەهاگەلی مرۆیی وەک زبڵ فڕێ دەدات! کەسێکە نە دینی هەیە، نە خوای هەیە، نە بنەمایەکی هزری و ئەخلاقی هەیە، نە ویژدان و ویجدانی هەیە.
فەرهاد دێت و بە وشە گوو بەو مرۆڤە دەکات، پێی دەڵێت: هەستە خەت!


- ٢ -


شێوازی ئەم پەرتووکە.
فەرهاد کەریم، زمانێکی تایبەتی هەیە. زمانێکی سوریالی، هەموو وشەیەک بە ئازادی گۆ دەکات و دەست لە هیچ ناپارێزێت! بیرکردنەوە سوریالییەکانی فەرهاد کەریم، ئەگەر بەو شێوازە خۆیان مانیفێست نەکەن، تەواو و کامل نابن. بیرۆکەکان و جۆریی بیرکردنەوەی فەرهاد لەبەرابەر، خودا و جیهان و مرۆڤدا، سێ یەکەی سەرەکییەکەی بوون، ئەگەر بە زمانێکی قووڵ نەبێت ناکرێت خۆیان ئاشکرا بکەن.
بە شێوەیەکی گشتی، کە مرۆڤ بیەوێت باس لە یەکەکانی سەرەکی بوون بکات، دەبێت یان بە زمانێکی فەلسەفی، یان بە زمانێک بنووسێت کە لەیەک ساتدا، هەم قووڵ بێت و هەم نزم بێت. کە ئەوەش بە راستی زمانێکی تایبەتە و من لە شێوازی ئەم پەرتووکەدا دەیبینمەوە.
با تۆزێک ئەو تێزە، زمانی (قووڵ و نزم) پێکەوە روون بکەینەوە:
بۆ ئەوەی مرۆڤ، ئەمڕۆ بتوانێت دەربڕین لە شکەست و دۆڕان و بەزینی مرۆڤ لەنێو ماددە و جیهاندا بکات. دەبێت لەو زمانەش دەربازی ببێت، کە زمانی گشت ئەو مرۆڤانەیە، لە رێی زمانەوە کۆنتڕۆلێ جیهان و مرۆڤ دەکەن، هەر بەم زمانەش پێناسە و پێوانەی دەکەن، بەم شێوەیەش بەکاری دێنن کە خۆیان دەیانەوێت. جا بۆ ئەوەی لە دەستەڵاتی واتایەکانی ئەم زمانە کۆنتڕۆلکارە دەرباز ببین، دەبێت لە سستمە ماددییەکە دەرباز بین، لەم مەستییە دەرچین، کە تێیدا ژیانێک، بێ ئاگا و بێ هۆشمەندی، بێ (لۆگۆس) ئەزموون دەکەین.
کە بێ وشیاری ئەزموونی ژیان دەکەین، بێ وشیاریش بیری لێ دەکەینەوە و بێ وشیاریش دەربڕینی لێ دەکەین. بوونەوەرێکی ناهوشیار، بیرکردنەوەیەکی ناهوشیار، زمانێکی ناهوشیار!
بۆ دەرچوون لەم سێکوچکەی ناهوشیاری و مەستبوونە، پێویستمان بە قووڵبوونەوەیە بە نێو لۆگۆس و هوشیاریدا، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت، لەو زمانە باڵا و بەرزەی سستەم و دەوڵەت و وتارەکانی دین و سیاسەت و کۆمەڵگە دابەزین. تا ئاستی ئەوەی زمانێکی دوور، قووڵ، بنەڕەتی و رەسەن، لە ناوەخۆماندا بدۆزینەوە، کە هی دەروون و رەوانی ئێمە خۆمانە.
ئەو زمانە قووڵ و نزمە ناوەکییە، لە وشیارییەکی بنەڕەتی بە بوون و بیرکردنەوە لە بوون و لەم زمانە دێت، کە بتوانێت دەربڕین لەم مرۆڤە بکات، کە لە نێو جیهاندا بە ماددە و دەستەلات و پارە مەست نییە! لەو شکۆ و گەورەیی و بەرزییەی مرۆڤی پاوانخواز و بەرژەوەندخواز ئازادە، کە لەنێو بازنەی مەستیدا بە هێمای باڵایی دایدەنێت.
زمانی نزم و قووڵ، ئەو زمانەیە، لە ناوەوە دێتە دەرەوە، نەوەک بە پێچەوانەوە! زمانی مرۆڤی هونەرمەند و ئەو کەسە رەسەنەیە کە شارستانی ئێستای ماددی پیسی نەکردووە!
ئەو زمانە هی چینی خوارەوەی کۆمەڵگەیە، کە زمانی خۆی لە زمانی هێز و دەستەڵاتی زمانی فەرمی و راگەیاندن دەپارێزێت. بە زمانێکی راشکاوانەتر، ئەو زمانە هی ئەو خەڵکەیە، کە لەسەرەوە دەستەڵاتی رۆشەنبیری، پێش سیاسی و دینی، پێی دەڵێت (گەجەر و گوجەر)! بەڵێ لە دیدی رۆشەنبیران و سیاسی و دینداراندا، زمانی نزم، زمانی (گەجەر و گوجەر)ە. کە نابێت تێکەڵ بە جیهانی نووسین و بیرکردنەوە و وتارەکانی کۆمەڵگە بێت و کاریگەری لەسەر وشیاری گشتی دابنێت!
بەڵام لە راستیدا، زمانی (گەجەر و گوجەر)، ئەو زمانە رەسەن و بنەڕەتییەی مرۆڤە، کە خۆی لە مەستبوونی ماددە و دەستەڵات و سەرەوە پاراستووە. مرۆڤێکە ئەساڵەتی خۆی، سرووشتیبوونی خۆی، بنەڕەتیبوونی خۆی لە جیهان و بووندا بەدەوام دەنوێنێتەوە. بەم واتایە ئەم زمانە نزمە، قووڵە! هی بنەوەیە، بۆ ئەو جیهانە درۆزن و شکستخواردوەی رۆشەنبیران و هونەرمەندان و سیاسیان و دیندارانی درۆزن بەرز نەبۆتەوە، تا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی پەتێک بخاتە ملی مرۆڤ و زمانەکەی!
ئەم زمانە، ئەگەر تێگەیشتنێکی فەلسەفی و بیرکردنەوەیەکی قووڵی مرۆڤانەی لە پشت نەبێت، پەیدا نابێت و لە نێو دنیای نووسیندا جێی خۆی ناکاتەوە. نابێتە دەربڕینێکی راست و هەقانی لەبارەی بوون و جیهان و ژیانەوە.


- ٣ -


فەرهاد کەریم، لەم بەرهەمەدا، لەرێی ناوەڕۆک و شێوازە سوریالییەکەی، هونەریانە، وێنەی ئەو ئەزموونەی ئێمە دەکێشێت لەنێو جیهاندا. کە ئەزموونێکی شکستخواردوو، ناهونەری، پڕە لە دۆڕان و ئازار، یان وەک فەرهاد کەریم دەڵێ: (پڕە لە جڕت و فڕین و تڕین، فشە فش و وڕێنە، قەلۆشبوون، گوو خواردن، و هتد...،) لە پەرتووکەکەدا دەیان و سەدان دەربڕینی وا دەبینییەوە.
بەڵام لە کۆتایی زۆربەی بابەتەکان و کۆتایی بەرهەمەکەدا تێدەگەی فەرهاد لە کوێی ئازار و هەستکردن بە ژیانێکی تاڵ و حەسرەت و سوێبوونەوە بۆ مرۆڤ لەدەست مرۆڤ دەنووسێت، کە دەڵێت: (شەرم بتگرێ مردن، شەرم بتگرێ ئازادی، شەرم بتگرێ مرۆڤی سووک، گەورە بە لە پێناوی گەورەیی مرۆڤ، پیرۆز بە لە پێناوی پیرۆزی مرۆڤ، ئەمرۆت جوان کە، هیچ شتێک لە تۆ پیرۆزتر نییه‌ مرۆڤ).
ئیدی لێرەدا نامەوێت، پتر بنووسم. بە هیوای خوێندنەوەیەکی، قووڵ، نزم، تا رادەی ئەوەی بەردەبینەوە نێو سرووشتی رەسەنیی مرۆڤبوونی خۆمانەوە و لەم کەلتوورە درۆزن و فریودەرە ئازاد دەبین!


دەی هاورێی دڕنده.. با سه‌رمان بگۆڕینه‌وه!


١٧\٨\٢٠٢١ - هەولێر

ماڵپه‌ڕی هۆشه‌نگ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک