فهرهاد پیرباڵ و
ژینۆسایدی ئهدهبیی.

فەرشید شەریفی
لە سەردەمێکدا کە قسە لەسەر دیموکراسیی و ئازادیی رادەربڕین و هەندێ
چەمکی تری پەیوەست بەمانەوە دەکرێت،لە سەردەمێکدا کە کۆمەڵگا مرۆییەکان
هەوڵی گۆڕانی زیاتر و پێشکەوتنی زیاتر دەدەن،لە سەردەمێکدا کە.... زۆر
شتی تریش!!!
لە هەموو ئەم سەردەمانەدا،گوێمان لە هەواڵی سووتاندنی کتێب دەبێت.تۆ
بڵێی1000ساڵ بەرەو دوا نەگەڕابیتنەوە و خۆمان ئاگامان لێ نەبێت؟تۆ بڵێی
ئەم هەموو پێشکەوتنە،وەهمێک بوە و بە خۆمان نەزانیوە؟!!
لەناو هەموو ئەو هەواڵە خۆش و ناخۆشانەی لەم سەردەمە پڕ جەنجاڵەدا،ئەو
هەواڵەی کە بەرگوێ کەوت و بەڕاستیی دڵتەزێن بوو،هەواڵی سووتاندنی
کتێبەکانی فەرهاد پیرباڵ بوو کە پێم وانییە ئەوەی تۆزقاڵێک ویژدانی
هەبێت و دڵی بۆ ئازادیی و دیموکراسیی و پێشکەوتنی نەتەوەکەی لێ
بدات،بتوانێت ئارامیی خۆی رابگرێت و هیچ نەڵێت.ئەم نووسینە لایەنگری
نەک لە فەرهاد پیرباڵ و کتێبەکانی ناکات بەڵکوو لایەنگریی لە هیچ کام
لەو لایەنانەش ناکات کەُ بوونەتە هۆی ئەو رووداوە،هەروەها لەو روەوە
هیچ هەڵوێستێکی سیاسیش وەر ناگرێت،بەڵکوو تەنها مەبەستی رەتکردنەوەی
نەفسی ئەو کارە دزێوەیە.رەنگە دەردی کتێب دزران و کتێب سووتان وەکوو
یەک وابێت.من خۆم یەکێک لەوانە بوومە کە چەند کتێبم لێ دزرا و بە ناوی
کەسی ترەوە چاپ کران و تەنانەت یەکێک لەوانەش کە نامەم بۆ نارد و داوای
هەڵوێستم لێ کرد فەرهاد پیرباڵ بوو.بەڵام دەنگ لە بەرد هات و لە فەرهاد
نا!!!!!! ئەمەشم بۆ ئەوە باس کرد کە بڵێم
هیچ سۆزێک لە نێوان من و مامۆستا پیرباڵدا نییە.بەڵام من بە ئەرکی
سەرشانی خۆمی دەزانم لە بەرانبەر کارێکی وەها دزێوو نەشیاودا هەڵوێستی
خۆمم هەبێت و بێ دەنگ نەبم.تۆ بڵێی گەلانی تر بە بیستنی هەواڵی ئاوها
چی بڵێن؟تۆ بڵێی ئەوانەی دەستیان داوەتە ئەو کارە ناشایستە،ئێستا چۆن
لەو کردەوەی خۆیان دەڕوانن؟ئایا بڵێی هێشتا خۆیان بە سەربەرز بزانن و
بە کارێکی پیرۆزی بزانن؟ ئایا ئەو کارە بە بەشێک لەو گۆڕانە دەزانن کە
دەیانویست بیهێننە ئاراوە؟ هیوادارم وا نەبێت و وا بیر نەکەنەوە و
هێشتا فرسەت بۆ قەرەبوو کردنەوە هەیە.
baran1356@gmail.com
|