٨\١١\٢٠١٧
فەرزین لە ئیتاڵیا
گۆڕغەریب بوو.

شوان سدیق
کەسوکاری:
بە دوو حکومەت نەیانتوانی تەرمەکەی بگەڕێننەوە کوردستان.
ھیچ شتێک فەرزینی بە کوردستانەوە نەدەبەستەوە تەنیا قاچەکانی نەبێ،
بۆیە ئەویش وەکو سەتان گەنجی ئەو وڵاتە بڕیار دەدات زێدی خۆی بەجێبھێڵێ،
بەو ئومێدەی لە تاراوگە دوای خەونەکانی بکەوێ، بەڵام لە ئیتاڵیا
گۆڕغەریب بوو.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، خێزانەکەی فەرزین مزەفەری تەمەن ٢٣ ساڵ،
کە دانیشتووی شاری سلێمانین، بڕیار دەدەن کوردستان جێبھێڵن و روو لە
وڵاتێکی ئەوروپی بکەن. سەرەتا بەشێوەیەکی فەرمی دەچنە تورکیا و ماوەی
٢٠ رۆژ لەوێ دەمێننەوە، دواتر لەگەڵ قاچاخچی رێکدەکەون بۆ ئەوەی
بیانگەیەنێتە ئیتاڵیا، بەڵام لە رێگا بەرەوڕووی چارەنووسێکی نادیار
بوونەوە و فەرزینی تێداچوو.
جەعفەر کە ھاوسەفەری فەرزین بووە و ئێستا لە ئەڵمانیایە، بە (رووداو)ی
گوت: "من و دایکم و باوکم و فەرزینی برام لە تورکیا بەڕێکەوتین، بەڵام
بەھۆی سەختیی رێگاکە و ترسی دەستگیرکردن لە یەکدی دابڕاین، دواتر من و
فەرزین یەکدیمان دۆزییەوە و بە رێگای ئاویدا خۆمان گەیاندە ئیتاڵیا".
باری تەندروستی تێکدەچێ.
فەرزین و جەعفەری برای رۆژی ٢٣/٦/٢٠١٧ دەگەنە ئیتاڵیا و لە شاری
کرۆتۆنیی پایتەختی ھەرێمی کەلابریا نیشتەجێ دەبن، بەڵام دوای چەند
رۆژێک، فەرزین باری تەندروستی تێکدەچێ و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێ.
جەعفەر چیرۆکی گیانلەدەستدانی براکەی بۆ (رووداو) گێڕایەوە و گوتی: "لەگەڵ
فەرزینی برام لە تورکیا لە باوک و دایکمان دابڕاین، پاشان ئێمە بەڕێگای
ئاوی ھاتینە ئیتاڵیا، ھەتا گەیشتینە ئیتاڵیاش براکەم ھیچ کێشەیەکی
تەندروستی نەبوو، پاش چەند رۆژێک نەخۆشکەوت لە نەخۆشخانەی شاری کرۆتۆنی
داخڵیان کرد".
بە گوتەی جەعفەر، کارەساتەکە لە نەخۆشخانەکە دەستیپێکرد، جەعفەر گوتی "براکەم
لەبەر ئازاری پشتی بەردەوام دەیناڵاند، بەڵام ئەوان باوەڕیان پێنەدەکرد،
چونکە ئێمە پەنابەر بووین ، ھیچ گرنگییان پێنەداین".
جەعفەر کە لەسەرەتاوە تاوەکو رۆژی مردنی لەگەڵ براکەی بووە، دەڵێت
براکەی لە کوردستان نەخۆشیی دڵی ھەبوو، بەڵام چارەسەری کردبوو. سەبارەت
بە ھۆکاری نەخۆشکەوتنیشی لە ئیتاڵیا، جەعفەر گوتی "براکەم لە رێگا زۆر
ھیلاک بوو بۆیە وای لێھات، قاچاخچییەکان ژمارەیەکی زۆر کۆچبەریان
خستبووە نێو بەلەمێکەوە، ئەویش پێشتر نەخۆشیی دڵی ھەبوو، پێموایە ھەر
بەھۆی سەختیی رێگاکە وای لێھات".
بەگوتەی جەعفەر، براکەی دوای ئەوەی نەخۆشکەوتووە، ھەر لە سەرەتاوە
پشتگوێخراوە و چارەسەری پێویست نەکراوە، تەنانەت سەرەتا بردوویانەتە
نەخۆشخانەیەک کە تایبەت بووە بەو بەساڵاچووانەی رەوشی دەروونییان تەواو
نییە، پاشان کە زانیویانە باری تەندروستی زۆر ناجێگیرە، ئینجا رەوانەی
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شاری کرۆتۆنییان کردووە.
فەرزین ماوەی نزیکەی سێ مانگ لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە تا دواجار لە
رۆژی ٢/١٠/٢٠١٧ لە نەخۆشخانەی گشتیی کرۆتۆنی گیانی دەردەچێ، بەڵام
چیرۆکەکەی لەگەڵ مردنەکەی کۆتایی نایەت و زیاتر لە ١٠ رۆژ لە نەخۆشخانە
دەمێنێتەوە، چونکە کەسوکارەکەی دەیانویست تەرمەکەی ببەنەوە کوردستان و
لەوێ بینێژن، بەڵام پارەی گەڕاندنەوەی تەرمەکەیان نەبوو. ھەروەھا لە
ئیتاڵیاش داوای پارەیەکی زۆریان دەکرد بۆ دابینکردنی زەویی گۆڕەکەی و
ناشتنی تەرمەکەی.
جەعفەر کە پاش بەخاکسپاردرنی تەرمی براکەی چووەتە ئەڵمانیا، لەوبارەوە
دەڵێت "سەرەتا حەزمانکرد تەرمی فەرزینی برام بنێرینەوە کوردستان، بەڵام
زیاتر لە ١٠ ھەزار یورۆی دەویست، ئێمەش ئەو پارەیەمان نەبوو، دواتر
ویستمان لە ئیتاڵیا بەخاکی بسپێرین، لەوێش داوای پارەیان دەکرد، ئێمەش
گوتمان ئەو پارەیەی ئێوە داوای دەکەن نیمانە، کاتێک زانییان رەوشی
ئابووریمان خراپە و پارەمان نییە، دوای ١٠ رۆژ تەرمەکەیان داینەوە و لە
گۆڕستانێک لە کرۆتۆنی بەخاکمان سپارد".
جەعفەر گلەیی لە باڵیۆزخانەی عێراق و کونسوڵخانەی ھەرێمی کوردستان لە
رۆما دەکات و دەڵێت: "بەداخەوە کە براکەم نەخۆش بوو ھیچ ھاوکارییان
نەکردین، کاتێکیش کۆچی دوایی کرد داوامان لێکردن ھاوکاریمان بکەن بۆ
گەڕاندنەوەی تەرمەکەی، بەڵام بەدەنگمانەوە نەھاتن".
پاش کۆچی دوایی کوڕەکەیان، کەسوکاری فەرزین لە ئەڵمانیا
یەکیانگرتووەتەوە، جەعفەریش ئیتاڵیای بەجێھێشتووە، چونکە بە گوتەی خۆی
"ئیتاڵیا بە کەڵکی ئەو نایەت، چونکە ھیچ رێز لە پەنابەر ناگرن، جگە
لەوەش ئێستا بە دەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێ و ناتوانێ کۆمەکی
کۆچبەران بکات".
سەبارەت بە گیانلەدەستدانی کوڕەکەی، مزەفەر جەعفەری باوکی فەرزین گوتی:
"بەداخەوە کوڕەکەم بەھۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی تەندروستیی ئیتاڵیاوە
مرد، چونکە ھیچیان بۆ نەکرد. بەداخەوە کە دەڵێن لێرە مافی مرۆڤ ھەیە،
ئەگەر ئەوە راست بێ دەبێ لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری مردنی کوڕەکەم بکرێ".
٦٠٠٠ کۆچبەر لە دەریادا خنکاون.
قوربانییەکانی گەڕان بەدوای "ژیانێکی باشتر" بەردەوامە، کۆچبەرانی
ئاسیا و ئەفریقا لە رووی قوربانییەوە ژمارەی پێوانەییان تێپەڕاندووە.
ماڵپەڕی "کۆڕیئێرێ"ی ئیتاڵی بڵاوی کردەوە کە ساڵی رابردوو ٥٠٠٠ کۆچبەر
لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون. ھاوکات ماڵپەڕی "ریپوبلیکا"ی ئیتاڵی
راپۆرتێکی بەناونیشانی "پەنابەران و ئەو رووداوانەی چاوەڕوانیان دەکات"
بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە کە ئەمساڵ ١٠٨٩ کۆچبەر لە دەریای
ناوەڕاستدا خنکاون، لەگەڵ ١٠٠٢ رووداوی مردنی دیکە لە نێوان ئەفریقا و
ئەوروپا بەپشتبەستن بەئاماری رێکخراوی نێونەتەوەیی بۆ کاروباری
کۆچبەران.
ماڵپهڕی شوان سدیق
|