١١\٤\٢٠١٣
فێستیڤاڵی فیلمی
کوردی لە لەندەن.

1 Thorpe Close,London,
W10 5XL
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە
لەندەن (LKFF) بە خۆشییەوە ئاگادارتان
دەکاتەوە کە گوێزاومانەتەوە بۆ نووسینگەی نوێی خۆمان لە نێوان
Portobello Road و
Ladbroke Grove، لە ڕۆژئاوای لەندەن، ناوچەی ١٠، کە بە
ناوەندی سەرەکیی لەندەنی هونەری دادەنرێت. ئەم نووسینگهیە میوانداریی
دەستەی کارگێڕ و دەستەی خۆبەخشان دەکەن و کەرەسەیەکی زۆریشمان لە
بەردەستدا دادەنێن بۆ کارئاسانیی کار و چالاکییەکانمان لە داهاتوودا.
ئێمە زۆر بەم هەنگاوە دڵخۆشین و هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا لەوێ
پێشوازی لە ئێوە بکەین.
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن، لە ساڵی 2001ەوە، کە ساڵی
دەستپێکردنی کارەکانمان بوو، تا ئێستا زۆر کاری ئەنجام داوە. حەوت
فێستیڤاڵی سەرکەوتوومان بە جێ گەیاندووە، کە نەک بە تەنیا بوون بە
دەستپێکی کارێکی نوێ لە بوارەکەدا، بەڵکو بوویشن بە ڕێنوێن بۆ زۆر
فێستیڤاڵی هاوشێوە کە لە زۆر جێی دنیادا ڕێکخراون. ئێمە لە ماوەی 12
ساڵی ڕابوردوودا وابەستەی ئەو کەسانە بووین کە کۆمەک و یارمەتیی دارایی
پێ کردووین و ئەوانەیش کە خۆبەخش هاوکارییان کردووین تا بتوانین هێندەی
لە وزە و توانستماندا بووە ڕێکخراوەکەمان بەرەوپێش ببەین و بەم جێیەی
ئێستای بگەیەنین، ئەمەیش گوڕوتینێکی تایبەتی پێ بەخشیوین و هەر
هەموویشمان شانازی بەوەوە دەکەین. ئەم نووسینگهیەی ئێستایش دەبێت بە
یارمەتیدەری ئێمە بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکەمان و شێوازی فێستیڤاڵەکەمان
بەرەو ئاستێکی باڵاتر ببەین و گوڕوتینێکی نوێی پێ ببەخشین.
دەمانەوێت، لێرەدا، سوپاسی بێپایانی خۆمان بە هەموو ئەوانە ڕابگەیەنین
کە لە هەوڵ و کۆششی خۆیاندا بەشێکی زۆر لە کاتی خۆیان بۆ سەرکەوتن و
بەجێگەیاندنی فێستیڤاڵەکانمان تەرخان کردبوو. هەروەها سوپاسی ئەو کەس و
لایەنانە دەکەین کە کۆمەکی داراییان پێکردوون و لەو ڕێیەوە کاری
بەڕێوەبردنی ئەم فێستیڤاڵانەیان بۆ ئاسان کردووین و هەلی پێشکەشکردنی
ئەفراندن و بەرهەمی هونەری کوردییان لە سەرانسەری دنیاوە بە کوردانی
نیشتەجێی لەندەن وخەڵکی تری نیشتەجێی لەندەن بۆ ئاسان کردووین.
فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن، هەروەها، لەسەرڕا و بە جۆرێکی تر خۆی
ڕێکخستووەتەوە و ئەمەیش گوڕوتینێکی نوێی پێ بەخشیوە و کۆڕێک لە کەسانی
لێزان و کارامەی لێ کۆ کردووەتەوە کە هەم بە شێوەیەکی تایبەت
پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی کوردانی نیشتەجێی
لەندەنەوە هەیە و هەم بە شێوەیەکی گشتیش بە سەرجەمی ئەو کەسانەوە کە لە
بواری سینەمادا کاران. ئێمە، لە ئێستادا بە پلاندانانی هەشتەمین
فێستیڤاڵی فیلمی کوردییەوە خەریکین کە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەموو کەس
و لایەنێکی لێ ئاگادار دەکەینەوە.دەمانەوێت داوا لە هەموو دەرهێنەران،
بەرهەمێنەران و پەخشکارانی فیلم، کە بەرهەمەکانیان لەگەڵ داواکانی
فێستیڤاڵی ئێمەدا دەگونجێن، چ بە فیلمی درێژ، فیلمی کورت، فیلمی
دۆکیومێنتەری یا ئەنیمەیشن بێت، بە زووترین کات، پێوەندیمان پێوە بکەن.
سەرنجیشتان بۆ ئەوە ڕادەکێشین کە مستەفا گوندۆگدو چیی تر لە
کاروبارەکانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەندا کارا نییە و
دەیشمانەوێت سوپاسی بکەین بۆ هەر کۆمەکێک کە لە ساڵانی ڕابوردوودا
پێشکەشی کردووە بە فێستیڤاڵەکانمان. لە ئێستاوە دەتوانن بەرهەمەکانی
خۆتانمان بۆ بنێرن و بۆ هەر پرسێکی پێوەست بە فێستیڤاڵیشەوە ڕاستەوخۆ
پێوەندی بە نووسینگە نوێیەکهمانەوە بکەن. هەروەها دەیشتوانن لە ڕێی
ماڵپەڕەی ئاسایی و ئیمەیلی ئێمەوە کە لە خوارەوە دەیبینن پەیوەندیمان
لەگەڵ بگرن.
کارگێڕانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن چاوەڕوانی پێشنیاز و
تێبینییەکانتانن و سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە ڕێ بۆ بەجێگەیاندنی
فێستیڤاڵێکی تریش خۆش دەکەن و تێیدا بەشدار دەبن.
ناونیشانی نوێی ئێمە:
London Kurdish Film Festival - LKFF
1 Thorpe Close
London
W10 5XL
www.lkff.co.uk
info@lkff.co.uk
|