په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٤\٢٠٢٥

فەتوای کۆشکەکان.


ئەرسەلان مەحمود      


- جیهادی سانا لە بورجە نا ساناکانی دوحاوە:


د. عەلی قەرەداغی و یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان لە "دوحا"وە فەتوای جیهادیان دژ بە ئیسرائیل واجبکردووەتە سەر هەر موسڵمانێکی 'بەتوانا'. بەڵام ئایا زانایانی فەتوادەر خۆشیان لەو "بەتوانایانە"ن یان تەنها هەر ئەهلی فەتوا و لە ریزی موسڵمانە "بێ توانا"کانن؟

- تەماشاکردنی جەنگ لە ژێر ئەییرکۆندیشنەوە:


دڵنیام ئەم زانا بلیمەتانەی رێکخراوەکە، لە کۆشکە بەرزە فێنکەکانی قەتەرەوە، بە چەکی داڕێژراو لە دۆلاراتی نەوتی خلیجی جیهاد دەکەن - لە کاتێکدا کە غەززە بە تەنیا، بێ پشتیوانی، لەگەڵ دوژمنێکی نامرۆڤانە دەجەنگێت. ئەوان لە ژوورە نەرمەکانیانەوە پەیامی گوڕ و تین بۆ جیهان دەنێرن، بەڵام پێیەکانی خۆیان لە زەوییە گەرم و ئاگراوییەکانی غەززە گیرناکەن.

- سەرنجێک بۆ پەیمانەکانی ئاشتی: کارەکتەری دوو روو:


ئەوان داوا دەکەن وڵاتانی عەرەبی چاو بە پەیمانەکانی ئاشتیدا بخشێنەوە، بەڵام کەس ناپرسێت: ئایا قەتەر خۆی ئامادەیە گازی خۆی لە ئیسرائیلی "دۆست" ببڕێت؟ یان ئەوە تەنها دەرسێکی دیکەیە لە زنجیرە دراماکانی خلیج، کە تەماشاکەرەکانی لە عەرەبی ناوەراستەوە تا ئەمریکا دەگرێتەوە؟ لە رۆژێکدا میلیاردەها دۆلار لە قەتەرەوە بۆ ئیسرائیل دەڕوات، بەڵام بە زمان داوای رووخاندنی دەکەن.

- گەمارۆی بێ کەشتی و فڕۆکە:


ئەوان داوای گەمارۆی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی دەکەن، بەڵام ئایا فڕۆکە و کەشتیگەلی یەکێتیەکە لە کوێن، خەریکی چین؟ توانایان چەندە؟ یان تەنها هەر ئامرازەکانی راگەیاندن بەکاردێنن بۆ بانگەشەیەک کە هیچ کەس لێی بەرپرسیار نیە.

- ترەمپ و وانەی جوگرافیا:


داوا لە موسڵمانانی نیشتەجێی ئەمریکا دەکەن فشار بخەنە سەر ترەمپ - ئەو سورە پیاوەی پارە نەبێ زەحمەت دەزانێ غەززە لە کوێیە، بوارەکانی سەر زەوی چین - بەڵام ئەگەر جیهاد یەکێک لە واجبەکانە، بۆچی سەرەتا داوا لە خۆیان ناکەن کە شەقاماتی وڵاتە دۆلارپاڵێوەکانی خۆیان پاک بکەنەوە؟ ئەوان بەرپرسیارێتی لەسەر شانی خەڵکانی دیکە دادەنێن، کەچی خۆیان ئامادە نین تەنها یەک هەنگاوی کرداری هەڵبگرن.

- چیرۆکی هاوپەیمانێتییەکی خەیاڵی:


فەتواکە وەک پلانێکی گەورە دەردەکەوێت بۆ دروستکردنی 'هاوپەیمانییەکی سەربازی ئیسلامی'، بەڵام لە ڕاستیدا زیاتر بانگەشەیەکی تەلەفزیۆنی و نمایشییە بۆ بەرهەمێک کە کەس نایکڕێ، چونکە کڕیارەکان زۆر باش دەزانن بەرهەمەکە تەنها لە سەر کاغەزە و لە دنیای واقیعدا بوونی نیە.

ئەم فەتوایە تەنها یەک ئامانجی هەیە: دەشێت سابوونێکی مەعنەوی بێت بۆ شوشتنی ویژدانی ئەو دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامیانەی کە لە پشت پەردەوە بەردەوامن لە مامەڵەی ئاسایی لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام لە بەردەم کامێراکاندا دژی دەوەستنەوە.

- سەرەتاش، کۆتاییش: پرسیار بۆ کەسی فەتوادەر:


ئەگەر جیهاد بۆ ئازادکردنی غەززە واجبی شەرعییە، ئایا د. قەرەداغی و هاوکارەکانی ئامادەن بڕیاری سەفەرکردن بۆ جیهاد بدەن و لە سنوری میسرەوە بچنە ناو غەززەوە؟ ئایا ئەوان ئامادەن جیهادەکەی خۆیان لە فەیسبووک و سەتەلایتەوە بگوازنەوە بۆ مەیدانی راستەقینەی شەڕ، یان تەنها ئەوە واجبە کە خەڵکانی دیکە بڕۆن و ئەوان فەتوا بدەن؟

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک