٢٤\٦\٢٠١٥
فەیسبووکە
چیرۆک - ١١ -.
شەوی سپی.
فەتاح حەسەن
هەرچی کلیلی دەرگای خۆشییەکانی ژیان بو کەوتبوە دەستی، بە دوو مانگ
جارێك بۆ ئەو شوێنەی دڵی دەیگرت گەشتێکی حەوت رۆژیی بۆ دەکرد، کەم
جێگەی ئەم سەرزەمینە مابوو چاوی پێ زاخاو نەدابێت، ئارەزوی خۆی لەگەڵ
جۆرەها ئافرەتدا، ئوروپایی، ئاسیایی .. دادەمرکاندەوە. خاوەنی دوو
پیزەری و سێ کیۆسك بوو، برا و خزمەکانی بۆیان بەڕێوەدەبرد، زستانان لە
شوقە های لۆکسوسەکەی و هاوینان لە خانوە هاوینەییەکەیدا
(ڤێلایەك، دوو سەد مەترێك دوور لە کەناری دەریا) ژیانی
دەگوزەراند، ژنێکی تایلاندی هەفتەی دوو جار شوقە و ڤێللاکەی بۆ
پاکدەکردەوە.. لە تەڕ دەیخوارد و لە وشك دەنیشت، تا ئەو رۆژەی فێری
(گازینۆ - قومارخانە) بوو، گیرفانیان هەڵتەکاند، سەرباری ئەوەش
فێری خەتلێدان بوو {شێوەی بەکارهێنانی
(کۆکاین)ە، کە ماددەیەکی هۆشبەری ترسناکە}، شەوانی خەتلێدانی بە (شەوی
سپی) ناو دەبرد. ئەو شەوانەی کە دەگەیشتە حاڵی جاو- و هاوڕێکانی
دەیانهێنایەوە تا ژوری نوستنەکەی، بەڵێنی بەخۆی دەدا، کە بەخۆیدا
بچێتەوە ونەهێڵێت لەوە زیاتر حاڵی شڕببێت، کە رۆژ دەبوەوە وەك نەبای
دیبێت نەباران. بەربەیانێك بە تاکسی لە ساڵڕۆژی لەدایکبونی برادەرێکی
دەهاتەوە،کە بۆ ئەو شەوێکی سپیش بوو، ماوەیەك لەسەر قەنەفەی هۆڵەکەی
راکشا، سەرخەوێکی بۆ شکاند، ژانەسەر بەخەبەری هێنا، دوو شڵپ ئاویدا بە
دەمووچاویدا، بەپەلەپڕوزێ قاوەیەکی کرد و هاتەوە سەر قەنەفەکە،
دەستیکرد بەبەرباخەڵی چاکەتەکەیدا ئەو بڕە کۆکاینەی مابوی کردیە سەر
مێزەشووشەکەی بەردەمی، بەکارتی بانقەکەی شێوەی خەتێکی پێدا، بۆی
کەوتەسەر ئەژنۆ بە دۆشاومژەی پەنجەی راستی کونەلووتی راستی گرت و
بەکونەلووتی چەپی هەڵیمژی، پاڵیدایەوە بەقەنەکەوە، فریای ئەوە نەکەوت
کونەلووتی چەپی بگرێت ملی لاربۆیەوە بۆ سەرمێزەکە. لەدوای دوو رۆژ، ژنە
تایلاندییەکە هات ماڵەکەی بۆ پاکبکاتەوە، بەکردنەوەی دەرگای شوقەکە
قیژەیەکی کرد و دەستی نا بە دەمیەوە، بەخێرایی مۆبایلەکەی دەرهێنا و
زەنگی لێدا بۆ ژمارە١١٢.
کاسکێت.
چاوی بە دەوروبەرەکەیدا دەگێڕا، پاش تەواو بونی هەر ئاوازێك، دەمی بۆ
دەسڕی و بەردەوام دەبوو لەسەر ژەنینی کلارنێتەکەی. پێتوانەبێت ئەمە لە
باڕێکی کەنار دەریا رویدابێت، نا ، نا ئەوە لە گۆگادەی کۆبنهاون*
رویدا، ناوبەناوێك کاسکێتەکەی دادەگرت و روەو ئاپۆرەی خەڵکەکەکەی دەکرد
بۆ وەرگرتنی پارە، گەیشتە بەردم من ، پارەکەیم ژمارد، وتم دوو ئەوەندەت
دەدەمێ و کاسکێتەکەم بدەرێ.. سەری راوەشاند، وتی نا، هەر سەرەو کاسکێتی
خۆی هەیە ، نا، من کاسکێتی خۆم بە هەمو پارەی دنیا نادەم.
_______________________________
*
شەقامی پیادەڕەوی کۆبنهاون:
گۆ گادەی کۆبنهاون لە (کۆبنهاونس غۆدهوس - ئەنجومەنی شارەوانی
کۆبنهاون)ەوە دەست پێدەکات، تا (کۆنگ نی تۆرڤ)، لە (نۆڤەمبەری ١٩٦٢)
بنیات نراوە، درێژترین گۆگادەیە لە ئەوروپادا، درێژییەکەی (١.١ کم)ە.
لە هاویندا، لە رۆژێکدا نزیکەی (٢٥٠ هەزار) کەسی پیادا تێپەڕ دەبێت، لە
زستاندا، لە رۆژێکدا نزیکەی (١٢٠ هەزار) کەسی پیادا تێپەڕ دەبێت.
_______________________________
تێبینیی:
بۆ زیاتر ئاشنابوون بە
تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکە چیرۆک، دەتوانیت
کرتە لەسەر ئەو لینکانەی خوارەوە بکەی:
بەشی دەیەم:
www.emrro.com/feysbukecirok10.htm
بەشی نۆیەم:
www.emrro.com/feysbukecirok9.htm
بەشی هەشتەم:
www.emrro.com/feysbukecirok8.htm
بەشی هەفتەم:
www.emrro.com/feysbukecirok7.htm
بەشی شەشەم:
www.emrro.com/feysbukecirok6.htm
بەشی پێنجەم:
www.emrro.com/feysbukecirok5.htm
بەشی چوارەم:
www.emrro.com/feysbukecirok4.htm
بەشی سێیەم:
www.emrro.com/feysbukecirok3.htm
بەشی دووەم:
www.emrro.com/feysbukecirok2.htm
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/feysbukecirok1.htm
•
فەیسبووکە چیرۆکەکانم، بە
زۆریی زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکیین.
دانیمارک - ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|