په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٠\٢٠١٥

فەیسبووکە چیرۆک - ١٢ -.

دزێکی نیشتیمانپەروەر.

فەتاح حەسەن    

 

هەموو کەسێك نیشتیمانی خۆی لە نیشتیمانی کەسانی تر خۆشتر دەوێت و بەجوانتریشی دەزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی بەردەوامن لە گەشتوگوزار بۆ وڵاتانی تر بێ گوێدانە دورو نزیکی. خێزانێکی کەنەدایی ژن و پێاوێك و کچ و کوڕەکەیان پشوی هاوینەیان لە چەند وڵاتێکی ئوروپی بەسەربردبوو، دوا وێستگەی گەشتەکەیان دانیمارك بو، هەریەکەیان بە ئایفۆن یا ئایپاد وێنە و دیمەنی ناوازەیان دەگرت ، لە هەمویان زیاتر پیاوەکە (رۆبرت) تامزرۆی گرتنی وێنە بوو، کە سەیرت دەکرد واهەستت دەکرد خۆی ئامادەدەکات بۆ کردنەوەی پێشانگایەکی فۆتۆگرافیی لە {(تۆرۆنتۆ).. کە گەورەترین شاری کەنەدایە و پایتەختی هەرێمی (ئۆنتاریۆ)یە}، زۆر بەوریایی و بە ئاگاوە وەك شتێکی نزیك لە خودی خۆی مامەڵەی لەگەڵ کامێرەکەیدا دەکرد، ناوبەناو هاوێنەکەی پاك دەکردەوە و بەهێواشی دەیخستە کۆڵەپشتەکەیەوە، بەرلەگەڕانەوەیان بە سێ رۆژ لە شانۆگەرییەکی کراوەی یەکێك لە باخچەکانی کۆبنهاون گەنجێکی دانیمارکی مرخ لە کامێراکەی خۆشدەکات لەدەرفەتێکدا سوک وباریك لێیدەماشێتەوە. تا گەڕانەوەیان بۆ هۆتێل دەمیان لێك نەدەنا هەریەکەیان قسەیەکی دەکرد. بیرۆکەیەکی گونجاو بەبیری کچەکەیاندا هات، دەڵێن چی ئاگادارییەك لە رۆژنامەی (mx)دا* بڵاوبکەینەوە ؟! ژن و پیاوەکە وتیان هیچمان لەکیس ناچێت بۆنا ؟!


کوڕەکەیان وتی ئەو کارە بەمن بسپێرن .. خۆم دەزانم چۆنی دەنوسم!!
ئاگاداری:
ئێمە خێزانێکی کەنەدایین چوار رۆژە بە گەشت لە دانیمارکین، ئەم وڵاتە بەوە ناسراوە کە هەرچەندە بچوکە بەڵام دانیشتوانەکەی دڵیان گەورەیە ، وڵاتێکی رەنگینە تەژییە لە مۆزەخانە ، لانکەی ناودارترین نوسەری چیرۆکی ئەفسانەییە کە (هۆسی ئەندرسن)ە**، لەم گەشتەماندا چەندین وێنەی جوان و ناوازەمان گرتوە ، جێگەی داخە سێ رۆژ لەمەوبەر کامێراکەمان بزرکردووە .. ئێمە زۆر تامزرۆی وێنەکانین ، تکایە کامێرەکەمان لای هەرکەسێکە ( میمۆری کارت) ە کەمان بۆ بنێرێتەوە بۆ هۆتێلی .... ژوری ژمارە .. کامێراکەش وەك دیارییەك پێشکەش بەخۆی بێت، لەگەڵ رێز و پێزانین دا.


پاش تێپەڕبونی رۆژێك بەسەر ئاگادارییەکەدا، لە پرسگەی هۆتێلەکەوە ئاگادار کرانەوە گەنجێك لە پرسگەیە خوازیارە یەکێکیان ببینێت .. رۆبرت ریشی دەتاشی لە گەرماوەکەوە هاواری کرد هەبێت و نەبێت دەربارەی کامێراکەیە خۆم دەچم. لەکاتی هاتنەخوارەوەیدا بەقادرمەکان دا، کە، کامێراکەی بەدەستی گەنجێکەوە بینی کە لە هۆڵەکەدا دانیشتبو، وەك گوڵ گەشایەوە،یەکسەر بەدەم زەردەخەنەوە بەرەوروی چوو، گەنجەکەش زەردەخەنەکەی بۆ سەندەوە و خۆی پێناساند، لە راستیدا کاتێك ئاگادارنامەکەتانم خوێندەوە زۆر کاریگەر بو وە خۆم بە شەرمەزار هاتە پێش چاو بەرامبەر بە وڵاتەکەم، هەرئەمەش بو وایلێکردم نەك بەتەنها مێمۆرییەکە بەڵکو کامێرا گرانبەهاکەشتان بۆ بگێڕمەوە و وێژدانی خۆم ئاسودە بکەم هیوادارم ئێوەش لێمببورن. رۆبرت دەستی خستە سەر شانی و وتی دڵنیابە نەك هەر لێتاندەبورم بەڵکو بەگەڕانەوەمان لە تیڤی شارەکەمانەوە ئەم بەسەرهاتە دەگێڕمەوە ..
_____________________________
* (Metroxpress): رۆژنامەیەکەی خۆڕاییە لە ( ٣ ی ئەیلولی ٢٠٠١ ) ەوە، رۆژانی هەفتە بێجگە لە شەممە و یەکشەممە لە دانیمارك دەردەچێت.

** هۆسی ئەندرسن نوسەرو شاعیرێکی ناوداری دانیمارکییە، بەهۆی چیرۆکە ئەفسانەییەکانییەوە لە جیهاندا ناوبانگی دەرکردووە، لە ٢١٨٠٥/٤/٢ دالە ( ئۆدنسە) لەدایك بووە لە ١٨٧٥/٨/٤ دا کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی (نۆربغٶ) لە کۆبنهاون نێژراوە.
 

کەوڵ.


گەنجێکی باڵابەرزی چاو و برۆ رەش، لەناو کەسوکارەکەیدا هەر بە (کوڕی قۆز) ناویان دەبرد، سێ ساڵ بوو کۆلێژی .. تەواوکردبو، خەمی گەورەی ئەوەبو لە شوێنێك دابمەزرێت، خەون و خەیاڵەکانی بێنێتەدی. هێندە بەدوای کاردا گەڕابوو ئارام و ئۆقرەی لەبەر هەڵگیرابوو، رۆژێك لە باخچەی ئاژەڵان هەواڵی کاری پرسی خاوەن باخچەکە وتی: بەڵێ دەتوانیت لێرە کاربکەیت، شێرمان نییە پێویستمان بە کەسێکی وەك تۆیە ئەگەر پێتخۆشبێت کەوڵی شێرت لەبەر دەکەین وەك ئاژەڵەکانی دیکە لە تەلبەندێکدا، وەك شێر رەفتار بکە و میوانان دڵخۆش بکە، ناچاری سەری رەزامەندی بە کوڕی قۆز لەقاند. چەند رۆژێکی پێچو لانە تەلبەندەکەیان کردەوە و شێرێکیان کردە هاودەمی، زریکەی کرد هاواری گەیشتە کەشکەلانی فەلەك، کارگوزارێکی باخچەکە هاواری لێکرد مەترسە.. مە، هەموو ئاژەڵانی ئەم باخچەیە مرۆڤن وەك تۆ!! پاش ئەوەی ئاهێکی پیاداهاتەوە کەوتنە سەرنجدانی یەکتر. پاش دوو سی رۆژ، کوڕی قۆز لە مەیموونی پرسی مووچەی تۆ چەندە؟ بە بیستنی سەرێکی بادا و بە کلکەلەقێ چوو بۆ لای خاوەن باخچەکە، پێمخۆشە لەمەودوا مەیموون بم نەك شێر.

_______________________________

تێبینیی: بۆ زیاتر ئاشنابوون بە تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکە چیرۆک، دەتوانیت کرتە لەسەر ئەو لینکانەی خوارەوە بکەی:

بەشی یازدەم: www.emrro.com/feysbukecirok11.htm

بەشی دەیەم: www.emrro.com/feysbukecirok10.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/feysbukecirok9.htm

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/feysbukecirok8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/feysbukecirok7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/feysbukecirok6.htm  

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/feysbukecirok5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/feysbukecirok4.htm  

بەشی سێیەم: www.emrro.com/feysbukecirok3.htm 

بەشی دووەم: www.emrro.com/feysbukecirok2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/feysbukecirok1.htm  

فەیسبووکە چیرۆکەکانم، بە زۆریی زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکیین.

 

دانیمارک - ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک