په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١٠\٢٠١٣

فەیسبووکە چیرۆک - ٤ -.

کۆچی ئاوەژوو.

فەتاح حەسەن     

 

نەوەدەکانی سەدەی رابردوو خەڵکانێکی زۆر بەتایبەتی لە باشووری کوردستانەوە هەریەکەو لەبەر هۆکارێک، بە سەروسامانی رێگەی هەندەرانی دەگرتەبەر.


ئەو ساڵانە دۆلار لە وڵاتی خۆماندا بە بەراورد لەگەڵ ئێستادا زۆر گرانبوو، هەرکەسێکیش ئەو رێگایەی بگرتایەتەبەر، دەبوایە دۆلارێکی زۆری هەبوایە، زۆریش بوونە خۆراکی دەریا، لەسەرما رەق هەڵاتن ، یا لە برسا مردن.


ئەوەی گەیشت گەیشت، ئەوی بۆخۆی ژیا، بنکە و بنەی بۆخۆی پێکهینا، ئەوانەش کە بۆ کەسووکار و خەڵکی ژیان ئێستا بەو ئاواتەوە دەژین باری ئابورییان وەک جارانی لێبێتەوە.


ئەمڕۆش ئەگەر پێتوابێت لێرە پارەپەیداکردن ئاسانە، ئەوە هەڵەی هاورێ.


ئێستا لێرە، ئەو ئیشەی بۆ خۆیان گرانە و حەزی پێناکەن بۆ ئێمەمانانی بەجێدەهێلن، کە پاش دانی باج ئەوەندەت بۆ دەمێنێتەوە کە تەنها پێیبژیت، ئەگەر لەدەمی خۆتی نەگریتەوە.


دووساڵ جاریکیش ناتوانیت سەردانێکی زێدی باوو باپیرت بکەیت.


پیاوێکی گەنمرەنگ دەناسم لە پیناوی پارەپەیداکردندا خۆی کردووە بە عەموود، لەسەرسوچی کۆلانێکدا ئاراستەی شوێنی رێستۆرانتیکیان بە ملیدا هەڵواسییوە.
ئەوانەی بنەیەکیان هەیە و باخەڵیان گەرمە و خۆیان لە هەندەران بە نامۆ دەزانن کۆچدەکەنەوە بەرەو کوردستان، ئەوی خۆشی لە وڵاتی خۆی بە نامۆتر دەزانێت ، بنەی هەبێت یان .. نا، دەبێت لەم وڵات و ئەو وڵات بە ناسۆریی نامۆییەوە سەربنێتەوە.


سواڵی مۆدێرن.


بەکارهێنانی کۆمپیوتەر لە کتێبخانە خۆشییەکی تایبەتی هەیە و زیاتر پێی ئاسوودە دەبم، هەربۆیە ناوبەناو بە شەمەندەفەر و پاس دەچم بۆ ( کۆبنهاون - پایتەختی دانیمارک).


لە شەمەندەفەردا دانیشتبووم، پیاوێک وەک دەستی بە ساجدا سوتابێت، بە خێرایی، بەمبەر و ئەوبەری کورسییەکاندا پارچەکاغەزی سەوزی دادەنا، بەخەتێکی درشت لەسەری نووسرابوو:


تکایە پاش خوێندنەوەی فڕێی مەدە. دوو کوڕم هەیە کۆرسی زمانی دانیمارکییان هەیە، کەم دەرامەتم، پێویستم بە یارمەتی ئێوەیە هەزار جار سوپاس.
(باوترین جۆری سوپاسە لە دانیمارک).


لە خوێندنەوەی تەواوبوم، دوو کوڕی دوانزە سیانزە ساڵان یەکی جانتایەکیان لەپشت بەستبوو، بەمبەرو ئەوبەری کورسییەکاندا کەوتنە کۆکردنەوەی پارە و کاغەزەکان، کچێکی گەنچ و ژنێکی بەتەمەن، لە بەرامبەرم دانیشتبوون، کچەکە (بیست کرۆنییەک)، کەدەکاتە نزیکەی سێ دۆلارو نیو، دەدات بە کوڕێکیان.


پاش رۆیشتنی کوڕەکان، ژنە بەتەمەنەکە بە کچە گەنجەکەی وت کارێکی باشت نەکرد، بەوشێوەیە تۆ هانیدەدەیت کەلەسەر ئەو کارە نابەجێیە بەردەوام بێت!!
کچەش کەوتە تەقاندنی پەنجەکانی و بنێشتێکی خستە دەمی.

___________________________________

تێبینیی: بۆ زیاتر ئاشنابوون بە تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکە چیرۆک، دەتوانیت کرتە لەسەر ئەو لینکانەی خوارەوە بکەی:

بەشی سێیەم: www.emrro.com/feysbukecirok3.htm 

بەشی دووەم: www.emrro.com/feysbukecirok2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/feysbukecirok1.htm  

فەیسبووکە چیرۆکەکانم، بە زۆریی زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکیین.

 

 

دانیمارک - ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک