١\٤\٢٠١٤
فەیسبووکە
چیرۆک - ٦ -.
دۆڵابی ژمارە(
٢٥٢).

فەتاح حەسەن
خۆی دابووە بەر دوشێک و منداڵەکەشی لەبەر دوشەکەی تەنیشتی پەیتا پەیتا
یاری بە ئاوەکە دەکرد، ناو بەناوێک دەمی دەکردەوە بۆ ئاوی دوشەکە، وتم
ئەوە تینوتە بە بێ ئەوەی وەڵام بداتەوە هەر بەدەمداچەقاوی، چاوی
بەرامبەر ئاوی دوشەکە دەکردەوەو دایدەخست. باوکی بە تەنها سەرێکی بۆ
هەڵبڕیم و هیچی تر، خاولیەکەم لە سنگەکە کردەوەو بەدەم خۆ وشککردنەوە
وە کشام بۆ بەردەم دۆڵابی جلەکانم، لە خۆ گۆڕیندا بوم باوک و کورە
دۆڵابەکەی تەنیشت منیان کردەوە، جلەکانیان دەرهێنا . منداڵەی وشک
کردەوەو گۆڕی پێش ئەوەی کڵاوەکەی بکاتە سەر دوو گوێبیست ( سماعە) ی
کردە گوێی ، ئاخێکم هەڵکیشا و بە دەنگی بەرز وتم خەجاڵەت خۆم بۆ ئەو
پرسیارەم لێکرد ، باوکە وتی دەڵێیت چی ؟! ، وتم داوای لێبوردن دەکەم کە
ئەو پرسیارەم لە منداڵەکەت کرد ، وتی: نا .. ئەوە ئاساییە، پێویست
بەداوی لێبوردن ناکات، منیش، بۆیە وەڵامم نەدایتەوە چونکە پرسیارەکەت
ئاراستەی من نەکردبو، نەشمدەزانی منداڵەکەم تینوی بوو یا هەر وەک
خویەکی منداڵانە یاری بە ئاوی دوشەکە دەکرد. لەو رۆژەوە بڕیارمدا، هەر
کاتێک بچم بۆ ئەو مەلەوانگەیە جلەکانم نەخەمە دۆڵابی ژمارە (٢٥٢).
تابلۆیەکی شکاو.
بۆ پاراستنی ژینگەو دەستکەوتی ئابووری، خاشاک لە کانتینی جیاوازدا
فڕێدەدرێت، بەرماوەی خۆراک لە عەلاگەی دەمبەستراودا دەخرێتە کانتینی
تایبەت بەخۆی. کاغەز و مقەبا، هەریەکەیان کانتینی خۆیان هەیە، بۆ
جارێکی دیکە دەکرێنەوە بە کاغەزو مقەبا و سەرلەنوێ دەخرێنەوە بازاڕ.*
سەرباری ئەوانە، کانتینێکی تاراددەیەک گەورە لەنزیک ئاپارتمانەکانەوە
هەیە، کەتایبەتە بە شمەکی ناوماڵ.
دانیمارکییەکان و هەندێک بییانی، واڕاهاتوون ئەو شمەکانەی بەکەڵکی
بەکارهێنان بێت، وەک کەلوپەلی کارەبایی، سی دی، دی ڤی دی، شوشەوات ..
تد، لەنزیک کانتینە گەورەکە دایدەنێن، وایەری کەلوپەلی کارەبایی
لەکارکەوتوو دەقرتێنن. هەروەک کەلوپەلی بێکەڵک دەیخەنە کانتینە
گەورەکەوە.
ئوتویەکی لەکارکەوتوومان هەبو، وایەرەکەیم قرتاندو بەڕێکەوتم بۆ
فڕیدانی، لەڕێگادا پیاوێکی رەشتاڵەم بینی تابلۆیەکی تا بڵێی جوانی
بەدەستەوە بوو، بەبینینی مرخم لێخۆشکرد، لەبەرخۆمەوە وتم هەرداینێت
دەنیشمەسەری.
بەگەیشتنمان بە شوێنی کانتینە گەورەکە، کابرا سەیرێکی منی کردو تاهێزی
تیادابوو فڕێیدایە کانتینەکەوە، ئاخێکم بۆ هەڵکێشا و بەدوایدا ئوتوەکەم
خستە کانتینەکەو بەدەستی بەتاڵ گەڕامەوە شوقەکەم.
_____________________________
*
ئەو ئۆتۆمبیلانەی کاغەز و مقەبا دەبەن بۆ وەبەرهێنانەوە لەسەریان
نووسراوە (وەبەرهێنانەوە زێڕە).
بزە و قاقا.
رۆژێکی خۆرەتاوی بەهار بوو،لە گۆڕەپانی (غۆد هوس پلاس)*
لەسەر کورسیەکی درێژ دانیشتبوم ، هێندەی نەبرد، گەنجێک بە قوتویەک بیرە
و رۆژنامەیەکەوە زۆر بەهێواشی وەک بڵێیت بڕوای بە توندوتۆڵی کورسییەکە
نەبێت لەوسەری کورسییەکەوە دانیشت.
حەزمکرد جگەرەیەک بکێشم یەک دوو هەنگاو لە کورسییەکە دورکەوتمەوە و
جگەرەیەکم پێکرد، ئاوڕێکم لەکورسییەکە دایەوە بۆ ئەوەی بزانم جێگەکەم
نەگیراوە، چاوم کەوتە سەر گەنجەکە، بزەیەکی بۆ کردم، منیش بزەکەم بۆ
سەندەوە. لە دڵی خۆمدا وتم، باشمکرد لەسەر کورسییەکە جگەرەکەم نەکێشا،
لەوانەبو بە دوکەڵەکەی قاڵس بوایە، جگەرەکەم تەواوکرد، گەڕامەوە بۆ
جێگەکەی خۆم، دانیشتم و دانەنیشتم، گەنجەکە چروتێکی دەرهێناو
بەقاقایەکەوە پێیکرد.
_____________________________
* غۆدهوس
پلاس گۆڕەپانێکە لەبەردەم (کۆبنهاونس غۆد هوس - ئەنجومەنی شارەوانی
کۆبنهاون) روبەرەکەی (٢٩،٣٠٠ مەتر دوجایە) لەپەنجاکانی سەدەی هەژدەدا
دروستکراوە.
تێبینیی:
بۆ زیاتر ئاشنابوون بە
تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکە چیرۆک، دەتوانیت
کرتە لەسەر ئەو لینکانەی خوارەوە بکەی:
بەشی پێنجەم:
www.emrro.com/feysbukecirok5.htm
بەشی چوارەم:
www.emrro.com/feysbukecirok4.htm
بەشی سێیەم:
www.emrro.com/feysbukecirok3.htm
بەشی دووەم:
www.emrro.com/feysbukecirok2.htm
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/feysbukecirok1.htm
•
فەیسبووکە چیرۆکەکانم، بە
زۆریی زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکیین.
دانیمارک - ڤالبی
- ٢٠١٣
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|