په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٣\٢٠١٤

فەیسبووک؛ وەک شوێنی خۆڕووتکردنەوە!


توانا ئەمیـن      


دڵ لە دڵ نەیەن.. ئەوەیان ناڵێم؛ کە ڕووتبوونەوە کردنەوەی زنجیری پانتۆڵ و ترازانی ستیانە لە شان و خزانی دەرپێکورتە بۆ ئەژنۆ.. نـا لە ڕاستیدا ڕووتبوونەوە پێچەوانەی خۆداپۆشین نییە، بەڵکو پۆشین فۆرمێکی تری ڕووتییە، پۆشین ڕاکردنە لە شوناس، ڕووتی دروستکردنی ئایدێنتییەکی ترە لەسەر خۆمان..


سروشت خۆی ڕووتە.. ئەو هەموو ئاژەڵ و باڵندە و ماسییە هیچیان لەبەردا نییە.. دۆلفین بە پێستێکی پریسکەدارەوە ڕووت و قووتە.. پۆشین؛ لە هونەرە تازەکانی ئەو دواییانەی مرۆڤە، کە ئێستا بە پێچەوانەوە و هێواش هێواش دەمانەوەی جلکانمان داکەنین و هەرجارە و پارچەیەکیان فڕێ بدەین.. وەک ئەوە بمانەوێ بگەڕێنەوە بۆ سەرەتا.. سەرەتای خۆمی خۆمان!


لەسەر کراسەوە ڕەشە تەنکەکەتەوە تاتۆ دەکەیت.. بەجلەوە خۆت دەشۆیت و سووریت لەسەر ئەوەی بە پۆشتەیی بچیتە هۆڵی سەوزی نەشتەرگەری، وەک ئێرانی جبە و سێدارە، ناچاریت بە عەباوە لەدەریادا مەلە بکەیت... بەڵام تۆ هەر ڕووتی.. تۆ لەفەیسبووکدا هەر هێجگار ڕووتی..!


ڕووتییەکەی ئێرەت؛ فیگەری ڕوونی بەرچاوی کۆلێکتیڤە؛ تۆ وا دەزانی پۆشتەیەکی پریڤاتی کەچی ڕووتێکی پەبلیکی.. کردنەوەی ئەکاونتێک لە فەیسبووک ئەندامێتی نییە لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی، بەڵکو لە تۆڕکەوتنێکی کۆمەڵایەتییە بە ڕووتیی.. دڵت دانەچڵەکێ؛ دانیشتنت لەبەردەم شاشەی کۆمپیوتەرەکەتدا بۆ ئێمەی تەماشکار ڕووتبوونەیەکی سێکشواڵی نییە.. تۆ ئێستا کە ڕووتی وەک ژنێک ڕووت نیت، ئێمە لەبەرانبەر تۆدا لەبەردەم پیاوێکی تووکندا نین.. ئێمە نازانین ژێندەری تۆ چییە.. بۆ ئێمەی لاپرەسەن ئێستا تەنیا ڕووتی شوناسی تۆیە.


بەڕای چکۆلانەی من؛ هاتن بۆ فەیسبووک، کردنەوەی پەنجەرەی ژووری نووستنە، ڕووتبوونەوەیەکی پریڤاتە.. وەک ئەوە تۆ لەسەردەم بە جلی خەوەوە ڕاکشابیت و غەریبەیەکی و ئێسکقورسی چاوحیز سەیرت بکات.. ترازانی حەرەمە بەدەستی سپی خۆت، وەک ئەوەی لەماڵەکەی خۆتدا بەڕووتیی سەرخەوێک بشکێنی و چاوبکەیتەوە و ببینی هەموو عالەم لەسەر سەرت خڕبوونەتەوە و لە بەرانبەر تۆ دا چاویان لە کالانە ترازاوە.. وەک ئەوەی لەژێر دوشەکەتدا ئێمەشی لێ بین..!


ڕووتبوونەوە لەفەیسبووکدا پرۆتوستۆکردنی تەنیایی نییە وەک بارێکی ڕۆحیی.. ئەوەندەی مەحکومکردنی ناوەوەتە بەخۆت لە دژی خۆت! فەیسبووک ڕێگای خۆڵاوی چەند سەدەیەکی کورتکردەوە بۆ سکرینێک.. مارک زوکەربێرگ {دامەزرێنەری فەیسبووک} وەک جادووکەرێکی زیرەک جلەکان نــا، پەنهانی پێ داکەندین.. ئەوەی ئەو کردی هیچ ئاین و ئایدۆلۆژیا و قوتابخانەیەکی فیکری پێی نەکراوە، هیچ ڕەوتێک لە مێژوودا نەیتوانیووە لە ماوەی ١٠ ساڵدا؛ یەک لەسەر حەوتی هەموو مرۆڤایەتی بخاتە بازنەکەی خۆیەوە و بیانکات بە هەوادار، کەچی زوکەربێرگ کردی.. ئەو پیاوە بزنسمانێک نییە تەنیا سەروکاری لەگەڵ پشک و دراودا هەبێت.. نــــا.. ئەو پیاوێکە بە غرورێکی شاهانەوە؛ لەبەردەم بازاڕێکی گەورەی بە مۆدێلکردن و فرۆشتن و گۆڕێنی ئەخلاقی ئێمەدا، بە پێکەنییە وەستاوە..!


لە جیهانی فەیسبووکدا تۆ ئازاد نیت.. تۆ لە تۆڕێکدایت لەبەرانبەر هەرشتێکدا لە سێ بژاردە زیاترت نییە، یان بەدڵتە (لایک)ی دەکەیت، یان زیاتر بەدڵتەوە ئەتەوێ ئەوانیتریش ئەم پۆستە دڵخوازەی تۆ ببین (شێر)ی دەکەیت، وەیانی کۆتایی بۆت هەیە (کۆمێنت) سەرنجێک بنووسی..!


ئێمە ئەوڕۆ لەڕێی سکرینەکەتەوە لە فەیسبووک دەزانین چیت خواردووە، لەگەڵ کێ بوویت و لە کوێ بوون، ئەمشەو چی دەکەن، بەرنامەی سبەینێتان چییە.. ئەمڕا لەم سکرینەوە دەزانین چەند گرامێک چاوت نیشتووە، لە چاو مانگی پێشوو بڕێ قەڵەو تر بوویت.. لە باکگراوندی وێنەکانتەوە، هەموو میوە نایلۆنەکانت دەبینین، وێنەکەی پشتی سەرتان لە ژووری نووستن؛ کە نیوە ڕووت باوەشت کردووە بە هاوەسەرەکەتدا.. مۆمدانە قاوەییەکە.. توێژێک لە تۆزی سەر گوڵەکانت  - کە بەهۆی ئێرەوە بیرت چووە بیانسڕیتەوە - جا ئێمە کوێی یەکتر نابینین..؟! ئەگەر لات وایە پۆشتەی.. پۆشتیەکی ڕووت و قووتی.. ئەوەتا من لەبەرانبەرت دانیشتووم و بەکەماڵی دڵ؛ بەڕووتی دەتبینم.. شاشەکەت داخە..!
 

ماڵپەڕی توانا ئەمین

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک