٥\٤\٢٠١٦
فیدرالیزمەکەی
رۆژئاوا، ھەنگاوێک بۆ دواوە!!

عەبدوڵا ساڵح
ڕۆژی ١٧/٣/٢٠١٦ لە کۆنگرەیەکدا لە شارۆچکەی ڕۆمیلان لە حەسەکەی سوریا
بە بەشداری چەندین لایەنی سیاسی و نوێنەری ھەرسێک لە کانتۆنەکانی
کوبانی و عەفرین و جەزیرە، سیستمی (فیدرالیزمی دیموکراتی لە " ڕۆژئاوا
- باکوری سوریا ") ڕاگەیەنرا.
(پەیەدە)، وەک ھێزی سەرەکی لەو ناوچەیە و لە نێو ھێزەکانی سوریای
دیموکرات، بەشداریەک و ڕۆلێکی بەرچاوی ھەبوو چ لە کۆنگرەکە و چ
لەدەرئەنجامەکانی . ڕاگەیاندنەکە ھاوکات بوو لەگەڵ وەلا خستنی ئەو ھێزە
سەرەکیە کوردە لە گفتۆگۆکانی جنێڤ دەربارەی چارەنوس و ئایندەی سوریا
ئەویش لە ژێر فشاری توندی دەوڵەتە ئیسلامیەکەی ئەردۆگان لە تورکیا.
شک لەوەدا نیە خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی ھێزێکی دڕندەی وەک داعش
لەلایەن شەڕڤانانی (یەپەژە و یەپەگە) و سەرکەوتنە یەک لەدوای
یەکەکانیان لە مەیدانی شەڕدا دژی ئەو ھێزە دڕندەیە کە بە ھەموو شێوەیەک
لە لایەن دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە (تورکیا ، سعودیە و قەتەر)
پشتیوانی لێدەکرێ، دەسکەوتی یەکجار گەورەو بەرچاون ، ھەر ئەوەشە وای
کردوە تورکیا ھەموو ھێز و توانای خۆی بخاتە گەر بۆ پوچەڵکردنەوەی ھەر
نەخشەو پلانێک ، سیاسی یا سەربازی، کە لە لایەن پەیەدە وە دادەڕێژرێ.
پێکھێنانی سێ کانتۆنی (کوبانی ، جەزیرە ، عەفرین) و دانانی دەستوری
مەدەنی تیایاندا بە جۆرێک کە دەوڵەت و دین لێکجیاکراونەتەوە ، یەکسانی
تەواوی ژن و پیاو لە ھەموو بوارەکانی ئیداری و سیاسی و ئابووری و
سەربازی، نەک تەنیا دەسکەوتێک بوو بۆ ھەموو دانیشتوانی ناوچەکە ، بگرە
دڕکێکیش بوو بۆ چاوی ھەموو ھێزە کۆنەپەرستەکان ، بە ناوخۆیی و
دەرەکیەوە .ئەم مودێلە لە حوکمڕانی ھەنگاوێکی دڵخۆشکەربوو ئەم ھێزەی
لەھێزە تەقلیدیە کوردەکان جیاکردەوە.
ئا لەم ھەل و مەرجەدا و لە جەنگەی ئەو سەرکەوتنە سیاسی و سەربازیانەدا
پرسیارەکە ئەوەیە: ئاخۆ " فیدرالیزم" بارتەقای ئەم ھەموو پێشڕەویانەیە؟
سیستیمی فیدراڵی ، بمانەوێ و نەمانەوێ مرۆڤەکان جیا دەکاتەوە لەسەر
بنەمای نەتەوەیی ، ئایینی یا مەزھەبی ، زەقکردنەوەی شوناسی نەتەوەیی بۆ
بەشێک لە دانشتوانی سوریا ، وە بەتایبەت لە ھەل و مەرجی ئەمڕۆدا و لە
بەر ڕۆشنایی ئەم ھەموو دەسکەوتانەدا ، بێشک ھەنگاوێکە بۆ دواوە .
ئەگەرچی لە ڕاگەیاندنەکەدا مۆرکی قەومی بە فیدرالیزمەکەوە دیار نیە ،بەڵام
بەگوێرەی ئەندازەی پێکھاتە نەتەوەیەکان و ڕۆڵی سەرەکی پەیەدە ھەر بەلای
کوردا دەشکێتەوە.
ئەم مودێلە لە حوکمڕانی کە بەشێک لە حیزبە کوردیەکان (پارتی و یەکیەتی)
لە عێراق ئاڵا ھەڵگری بوون و بەم دوایانەش حیزبی دیموکراتی کوردستان لە
ئێران ، زۆر ئاشکرا فەشەلی ھێنا . یە پە گە ، چەندین ھەنگاو لە پێش ئەم
حیزبە تەقلیدیانەوە وەستاوە بۆیە ئەم ھەنگاوەی پآشەکشەیە نەک پێشڕەوی ،
ھێزە چەپ و ئازادیخوازەکان کە پیشتیوانی خۆیان بۆ ھەموو ئەو
سەرکەوتنانەو دەستکەوتانەی لە کوردستانی سوریا بەدەست ھاتوون
ڕاگەیاندوە و بەپەرۆشەوە چاوەڕێ دەسکەوتی زیاتر بوون، بەم ھەنگاوەی ئەم
دواییە ناکرێ نیگەران نەبن!
پەرەپێدانی ئەو تاقیکردنەوە سەرکەوتوانەی کانتۆنەکان بەرەو
یەکگرتنەوەیان لە ژێر دەسەڵاتێکی مەرکەزیدا و ھێنانە کایەی سیستمێکی
سکولاری غەیرە قەومی لەبری فیدرالیزم ، دەتوانی وەڵامدەرەوەی ئەم بارو
دۆخەی ناھەموارو ترسناکەی ئێستای کوردستانی سوریا بێت بەتایبەت کە
دەوڵەتی تورکیا لەسەنگەردایە دژی ھەر پێشڕەویەک لەو ناوچەیە و مەترسی
داعش ئێستاش بە توندی لەئارادا ماوە.
٢\٤\٢٠١٦
a_salih11@hotmail.com
|