٨\١٢\٢٠١٠
فیدراسیۆنێک بۆ
زیندانیانى سیاسى چوارپارچەى کوردستان.
لە میانەى کۆنفرانسێک کە لەشارى کەرکوک سازکرا (فیدراسیونى زیندانیانى
سیاسى کوردستان) دامەزرا.
رۆژى
(3/12) لە شاری کەرکوک کۆنفرانسێک بۆ دامەزراندنی (فیدراسیۆنی
زیندانیانی سیاسی کوردستان) بە بەشدارى نزیکەی (60) زیندانی سیاسی و
کەسایەتى چالاک لە بوارى مافەکانى مرۆڤ ء رێکخراوەکانی کۆمەڵگەى مەدەنى
لەهەر چوار پارچەی کوردستان بەرێوەچوو.
کۆنفرانسەکە بە دەقەیەک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد،
دواتر وتاری دەستەی ئامادەکارى کۆنفرانس خوێندرایەوە، هەروەها چەندین
لایەن وەک (پەرلەمانتارانی ئەڵمانی، ناوەندی چاک، رێکخراوی بەرگری
نێونەتەوەیی و ...هتد) لە کۆنفرانسەکە پەیامەکانیان خوێندرایەوە و
پشتگیرى خۆیان بۆ دامەزراندنى فیدراسیۆنەکە راگەیاند.
شایانى باسە لە کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆ لەسەر پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆیى
فیدراسیۆن کرا، کە لەلایەن دەستەی ئامادەکارى کۆنفرانسەوە ئامادەکرابوو،
دوای پێداچوونەوە و گفتوگۆکردن بڕیارى لەسەردرا کە تا یەکەمین
کۆنفرانسی فەرمی فیدراسیۆن، لە هەر پارچەیەکی کوردستان و بە پێى
تایبەتمەندییەکانی ئەو پارچەیە پەیوەندی دروستبکرێ لەگەڵ هەموو لایەنە
جیاوازەکان، هەروەها هەوڵ بۆ کۆکردنەوەى زانیارى باوەڕپێکراو لەسەر
زیندانیانى سیاسى هەر چوار پارچەى کوردستان بدرێت.
هەروەها لەکۆنفرانسەکەدا زیندانیانى سیاسى هەر چوار پارچەى کوردستان
بەشدار بوون و بەگوێرەى ئەوەش بۆ هەر پارچەیەک چەند کەسێک بە شێوەیەکى
کاتى دەستنیشان کران بۆ بەڕێوەبەردنى ئەو ئەرکانەى دەکەوێتە ئەستۆیان.
هەرلەوکۆنفرانسەدا بڕیاردرا، کە بە زووترین کات ماڵپەڕێکى فەرمی بۆ
فیدراسیۆن دروست بکرێ، بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانەى کە پەیوەندى بە
پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ئەو ئەشکەنجە و سزایانەى بەرامبەر بە
هاوڵاتیانى کورد بەڕێوەدەچێ و ئاگادارکردنەوەى راى گشتى لە
پێشێلکاریییەکان.
بۆ زانیاریی پتر
پەیوەندیی بکەن بە:
FKPP2010@gmail.com
|