په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠١٢

فیدراسیۆنی پەنابەران کۆمەک و هاوکاریی دەگەێنێتە چادرگای پەنابەرانی سێڵینگن لە هۆڵەندە.

 


لەم چەند مانگەی دوایدا، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی هۆڵەندە و وەزیرەکەی ''Gert Leers'' و پۆلیسی هۆڵەندی دەستدرێژی و پەلامارەکانیان بۆ سەر پەنابەران چڕ کردۆتەوە. هەفتەی ڕابردوو دوای ئەوەی پۆلیس پەلاماری ئاپۆرەی پەنابەرانی مانگرتوانیان لەبەردەم باڵەخانەی کۆچ و کۆچبەران لە شاری زڤۆڵە دەستپێکردو بۆ بڵاوەپێکردن و بێدەنگ هێشتنەوەی پەنابەران لە سەر خواستوداواکاریەکانیان ، رێگای زەبرو زەنگیان بەکاربرد تا نارەزایەتیەکانی پەنابەران خامۆش بکەنەوە.


دوای کۆتایی هاتنی هەڵمەتی پۆلیس و و ڕەوانە کردنی مانگرتوان بۆ ئۆفیسی پۆلیس و پەنجەمۆر وەرگرتنیان، توانرا مانگرتنەکە کۆتایی پێنهێنری و پەنابەران لەو شارە دوربخرێنەوەو پەڕاگەندەی شارو گوندەکان بکرێن. جێی باسە هەر دوای کۆتایی پێهێنانی مانگرتنەکە کۆمەڵێک لە پەنابەران لەبەر نەبونی شوێنی گوزەران و خەوتن پەنایان بردە بەر پارچە زەوییەکی ئاواڵەو کراو لە گوندی '' سێڵینگن'' لە نزیک سنوری ئەڵمانیا، تا هەر چۆنێک بێت تێیدا چەند هەفتەو ڕۆژانێک ژیان بەسەر بەرن.


هەر لە ڕۆژی یەکەمدا دوای ئەوەی ئەو چەند پەنابەرە بەدەستی بەتاڵ ڕودەکەنە ئەو زەوییە ڕوت و خامۆشە و لە سادەترین پێویستیەکانی ژیان و گوزەران بێبەشن، خێرا پۆلیس هەڵدەکوتێتە سەریان و پێیان ڕادەگەیەنێت کە دەبێ ئەو زەوییەی لەسەری دادەنیشن جێبهێڵن چونکە مۆڵەتی مانەوەتان لەسەر ئەم پارچە زەویە نیە! بەڵام پەنابەران لەسەر مانەوەی خۆیان لەو شوێنەدا پێداگری دەکەن و پۆلیس ناچاردەکەن لە بڕیارەکەی خۆی پاشگەزبێتەوە. دواتر پەنابەران توانیان شارەوانی ئەو گوندە قایلکەن بە مانەوەیان و هەندێک چادرو کەلوپەل خواردن و پێویستیەکانی تری ژیان بەدەستبێنن.


شایەنی باسە ژیانی پەنابەران بەمەندە کۆتایی نایەت، ئێستا پەنابەران لەژێر ئەو چادرانەدا لە گوزەرانێکی زۆر خراپ و نەشیاودان، ئەو چادرانەی کە هەڵیانداوە تەنها بەشی سوکە هەڵمەتێکی باو بۆرانی ئەم پایزە دەکات، پێویستیەکی زۆریان بە ڕاخەرو بەتانی و پێخەف هەیە، شەوانەی پەنابەران لە ژێر چادرەکاندا زۆر سارد دەرباز دەبێ و چادرەکان بەرگەی سەرما ناگرن و گەرمکەرەوەیان نیە، ئەو چادرانەی کە لەوێ دانراون ژمارەیان زۆر کەمەو بەشی ٣٠ تا ٣٥ کەس زیاتر ناکات و پێیشیان ڕاگەیەنراوە کە لەو زەویەدا نابێت لە ٦٠ کەس زیاتر بمێنێتەوە لە کاتێکدا ئەو پەنابەران گەر بۆیان هەبێت لەو شوێنەدا کۆببنەوە ، ئەوا ژمارەیان چەند جار لەوەی ئێستا زیاتر دەبێ، ئێستا ئەو پەنابەرانەی کە مافی سۆشیالیان لێسەندراوەتەوەو لە کەمپەکان دەرکراون بە شارەکاندا پەرشو بڵاو بونەتەوەو ناتوانن هەمویان لە شوێنێکدا کۆببنەوە، مافی چارەسەری پزیشکی و سەردانی نەخۆشخانەیان نیە، پێویستیەکی زۆریان بە کۆمەکی مالی هەیە، هەر لەناو گوندەکەدا هۆڵێکی گەورە هەیە کە چۆڵە و لەوە دەچێ بۆ کاری خێرخوازی دروستکرابێ و بەشی هەموو ئەو پەنابەرانە دەکات و لەسەرماو باو بۆرانی ئەم پایزە ڕزگاریان دەکات ئەگەر پێیان بدرێت! بەڵام شارەوانی ئەو داوایەشی ڕەتکردنەوە بۆ ئەوەی وەڕس بن و زوو چۆڵی کەن، شوێنەکەیان زۆر دوورە دەستەو بەئاسانی دەستی کۆمەک و هاوکاری نایانگاتێ، بەداخەوە هەتا ئێستا کەمترین ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکان چ کوردی و عێراق و هۆڵەندی بەسەری کردونەتەوە و لەمانەش هەموو ناهەموار تر ئەوەیە کە مۆڵەتی مانەوەی ئەو پەنابەرانە لەسەر ئەو زەویە تا ١٥ی مانگی سێپتێمبەرە و دوای ئەو ڕۆژە چادرگاکەیان دەپێچرێتەوە.


فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە هۆڵەندە هەر دوای ئاگادار بونی هەواڵی مانگرتنەکەی شاری زڤۆڵە، خێراو بەپەلە توانی پەیوەندی لەگەڵ ئەو پەنابەرانەدا دروستکات تا بتوانێت دەستی کۆمەک و هاوکاریان بۆ درێژکات لە کێشەکانیان ئاگادار بێت. لەو پێناوەشدا فیدراسیۆنی پەنابەران دەستی کرد بە هەڵمەتێکی خواردن و خواردنەوەو ئیمکانێت کۆکردنەوە بۆ پەنابەرانی چادرگاکە.


بە سوپاسێکی زۆرەوە چەندین ڕیستۆرانت و دوکان و سوپەرمارکێت و کەسی مرۆڤ دۆست لە شاری لاهای بە هانای داواکاریەکەمانەوە هاتن چ بە خواردن و یان کۆمەکی مالیان پێشکەش کرد ، پاشان وەفدێکی فیدراسیۆن ڕۆژی یەکشەممە لە سەردانێکیدا بۆ چادرگاکە پێشکەشی پەنابەرانی کرد. بەڵام کێشەکە لەوەدایە بڕی ئەو کۆمەک و پێداویستیانەی تا ئێستا بە پەنابەران گەیشتوە زۆر کەمترە لە ئاستی داخوازی و پێویستیەکانیان و بەشیان ناکات.


بۆیە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی لە هۆڵەندە کەمپەینەیەکی کاتی بەمەبەستی راکێشانی پشتیوانی و گیڕانەوەی مافەکانیان راگەیاندوە بانگەوازی ڕێکخراوەئینسانی و پەنابەری و کەسایەتی و ڕۆشنبیران و هەموو ڕەوەندی کوردی دانیشتوی هۆڵەندە و دەرەوەی دەکات بۆ:


١- گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری زیاتر لە جۆری خواردەمەنی و پێخەف و چادر، وەیان کۆمەکی مالی بۆ ئەو پەنابەرانە تا پیداویستیەکانیان دابین بکەن.
٢- راکێشانی پشتگیری بۆ کەیسەکانی ئەو پەنابەرانە لە ڕێگەی پەیوەندی کردن بە ڕێکخراوەئینسانی وپەنابەریەکان ، حزبە سیاسیەکان، پەرلەمانتارویەکیتی کریکاریەکان،کەسایەتیەکان تا ناوەندو ڕاگەیاندنەکانی هۆڵەندە بە تایبەتی و کوردستان بەگشتی و وروژاندنی کێشەکانیان.
٣- فشار بخەینە سەر حکومەتی هۆڵەندە بۆ وەڵام دانەوە بە داواکاریەکانی پەنابەران لە دانی مافی پەنابەری بۆیانو مافی گیرانەوەی تەواوی خزمەتگوزاریەکان لە پێدانەوەی مافی سۆشیالو شۆینی نیشتە جێبون بۆیان مسۆگەر بکەین.


لەو بارەیەوە هەر جۆرە هاوکاریکردنێکتان مایەی خزمەتێکی گەورە یە بە پەنابەران وداوا رەواکانیان، هیوادارین هەموان لە ئاست ئەو کارە مرۆڤ دۆستانەیەدا بین.

بۆ هەر هاوکاریی و کۆمەکێکتان دەتوانن پەیوەندیی بەم ژمارە تەلەفونانەوە بکەن:
ڕزگار ساڵح / بەرپرسی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە هۆڵەندە 0703697124 ، 0684446880
زانا / سەرپەرشتیاری چادرگەکە 0687391816
 

 

٤\٩\٢٠١٢ - ھۆڵەندە

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

___________________________________________
IFIR:PO.BOX1575، ILFORD، IG1 3BZ، LONDON
ifir@hotmail.co.uk ،00447856032991

www.federationifir.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک