١٠\١\٢٠١٣
فیل.

سلاڤ
میر مرژۆک
لە فارسییەوە: ئازاد نەجم
بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵان، سەلماندی کە کەسێکی تازە پیاکەوتو و
دەستپێوەگرە ، دەیویست لەڕێگای ئاژەڵەکانەوە پلە و پایەی خۆی
بەرزکاتەوە. بەڵام سەبارەت بە گرینگیدان بە ئاژەڵەکان ، جیاوازی
لەنێواندا نەدەکردن. لەباخچەکەدا زەڕافەیەکی مل کورت و گۆڕهەڵکەنەیەکی
بێ لمۆزی هەبو. توتیە زیقنەکان ، هەمو هەست و نەستێکیان لەدەستدابو و
بێ دەنگ و ئارام بون. ئەگەر هاتبا و بەدەگمەن زیقە زیقێکیشیان کردبا ،
ئەوا زۆر بەبێ مەیلیەوە دەیانکرد.
ئەم کەموکوڕیانە بۆ باخچەکە باش نەبون ، بەتایبەتیش لەو سەروبەندەدا کە
بڕیاربو چەند دەستەیەک لە منداڵە قوتابیەکانی شار ، بۆ بینینی
گیانلەبەرەکان ، بێن بۆ باخچەکە.
ئەم باخچەیە ، کەوتبوە یەکێک لەشارۆچکەکانەوە.
جێگای هەندێک لەگیانلەبەرە گرینگەکان - بۆ نمونە فیل - لەم باخچەیەدا
خاڵی بو. کە نەدەکرا جێگاکەی بە سێ هەزار کەروێشکیش پڕ بکرێتەوە. وڵات
،پێشڤەچونێکی بەرچاوی بەخۆوە دیبو ، نەدەکرا چاوپۆشی لە هەندێک
کەموکوڕی لەو شێوەیە بکرێت. دەکرا ئەو کەموکوڕیانە بەپلانی باش و
گونجاو چارەسەر بکرێن و کاریان بۆبکرێت. هەواڵ بڵاو بۆوە کە گوایا
باخچەی ئاژەڵان بەبۆنەی ٢٢ی ژوئیەی ساڵوەگەڕی ئازادی وڵات ، فیلێک
دەهێننە باخچەکە. هەمو کارمەندانی باخچەکە خۆبەخشانە خۆیان بۆ کارەکان
تەرخان کردبو. زۆر خۆشحاڵ بون ، کاتێ بیستیان کە بەڕێوەبەری باخچەکەیان
هەواڵنامەیەکی ڕەوانەی وارشۆ کردوە و تیایدا داوای پارە و بودجەی
نەکردوە ، بەڵکو بەپێچەوانەوە پێشنیاری کردوە کە دەتوانێ بەساناترین و
سادەترین ڕێگا فیلەکە پەیدا بکات ، خۆشحاڵتر بون.
لەنامەکەی بەڕێوەبەردا هاتبو: ((من و هاوکارانم باش لەوە تێدەگەین کە
کڕینی فیلێک چ بارێکی قوس دەخاتە سەر شانی کانزاکاران و کرێکارانی
تواندنەوەی ئاسنی پۆڵەندای وڵاتمانەوە ، بەهۆی کەمی ئاستی داهاتەوە ...
من پێشنیار دەکەم : لەجیاتی کڕینی ئەو فیلەی کە ئێوە لەنوسراوەکەتاندا
ئاماژەتان پێدابوو، دەکرێ سود لە توانا و بەرهەمە خۆماڵیەکانی خۆمان
وەرگرین و دەتوانین فیلێکی لاستیکی دروست بکەین و بەئەندازەی فیلێکی
ڕاستەقینە هەوای تێبکەین و لە پشت پەرژینە ئاسنەکەوە دایبنێین و
بەشێوەیەکی وا ڕەنگی بکەین لە فیلێکی ڕاستەقینە جیا نەکرێتەوە.
لەبەرئەوەی فیل هەر بە سروشتی خۆی ئاژەڵێکی تەوەزەلە و بزێو نیە ،
دەکرێ یاداشتێک بەپەرژینەکەوە بلکێنین و لێی بنوسین: " ئەم فیلە زۆر
تەوەزەلە و نابزوێ ". ئەو بڕە پارەیەش کە لە کڕینی فیلێکی ڕاستەقینە
دەمێنێتەوە ، دەکرێ لە کڕینی فڕۆکەی (جێت) و پاراستنی باڵەخانەی کلیسا
و شوێنەوارە دێرینەکاندا ، سودی لێ وەربگرین. هەروەک بۆ خۆشتان
ئاگادارن ئەمە بیرۆکەی خۆمە و لەپێناو شۆڕش و ئامانجی هاوبەش و هتد....)).
دەبوایا ئەم نامەیە بگاتە دەستی بەرپرسێک کەتەنیا کەمبونی هەزێنە و
پارەی تەرخانکراو لەلای ئەو گرینگ بوایا و لەدید و ڕوانگەیەکی دیوان
سالاری ڕوتەوە سەیری شتەکانی کردبا.
سەرەنجام بیرۆکە و پێشنیارەکەی بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵانیان پەسند کرد
و دوابەدوای دەرچونی بڕیاری وەزارەت ، بەڕێوەبەر فەرمانی دروست کردنی
فیلە لاستیکیەکەی دەرکرد.
بڕیاربو دو کەس ، لە دولاوە فوی تێبکەن. بۆ ئەوەی کارەکەیان بە
ڕێکوپێکی و بەجوانی و بەنهێنی بێت ، تەنیا شەوانە کاریان تێدا دەکرد.
خەڵکی شارۆچکەکەش ، کە بیستبویان بڕیارە فیلێک بێننە باخچەی شارەکەیان
، زۆر بەتاسەوە چاوەڕوانی گەیشتنیان دەکرد.
کاکی بەڕێوەبەریش زۆر بەپەلە بو لە زوو ڕاییکردنی کارەکە و دەیویست
هەرچی زوە کارەکە تێپەڕێنێ. چونکە هەم پاداشتی تێدابو هەم دەبوە هۆکاری
بەرزبونەوەی پلەکەی.
دو پاسەوان ، لەباخچەکەدا کەوتنە فو تێکردنی فیلەکە ... دوای تێپەڕبونی
نزیکەی دو کاژێر سەیریان کرد هەروا بەئاستەم لەزەوی جیا بۆتەوە و هیچ
شێوەشی لە فیل ناچێت.
شەو درێژ بو ، لەدەرەوەش وردە وردە دەنگەکان خامۆش دەبون و تەنیا جار
جار دەنگی ئاژەڵەکانی باخچەکە دەهات و بێدەنگی شەوی دەشڵەقاند.
دوای ئەوەی کە هەردو پاسەوانەکە دڵنیا بون لەوەی کە ئەو هەوایەی لە
فیلەکەیان کردوە بەتاڵ نابێتەوە ، هەردوکیان ماندوو و شەکەت ، وازیان
هێنا. ئیدی هەردوکیان پیر ببون و تەمەنی لاویەتیان تێپەراِندبو و ئەو
گوڕوتینەی جارانیان نەمابو. جگە لەوەش ئەوە کاری ئەوان نەبوو.
یەکێکیان گوتی: گەر بەم شێوەیە کاربکەین دەبێ ئەمشەو تا بەیانی هەر
خەریکی فو تێکردن بین ... ئەی دوایی چی بەژنەکەم بڵێم؟ ئەگەر بڵێم
ئەمشەو تابەیانی خەریکبوم فیلم فو داوە! پێتوایە بڕوام پێبکات؟
پاسەوانی دوەم گوتی: قسەکەت ڕاستە ، ئەمە کاری ئێمە نیە! هەمو ئەمانە
تاوانی ئەو بەڕێوەبەرە چەپڕەوەیە.
یەکەمیان گوتی: تا دێت ناشیرنتر دەبێ.
دوەمیان وەڵامی دایەوە: بەڵێ کارێکی سەختە ، وەرە با دانیشین و پشویەک
بدەین.
لەکاتی پشودا ، یەکەمیان چاوی بە سۆندەی غازەکە کەوت. ڕوی کردە
هاوکارەکەی و گوتی: باشە ناکرێ بەغاز هەوای تێبکەین؟
بیریان کردەوە و بڕیاریاندا تاقی بکەنەوە. سۆندەی غازەکەیان لە فیلەکە
بەست و قفڵەکەیان کردەوە. لەماوەی چەند خولەکێکدا گیانلەبەرێکی زل و
زەبەلاح لەبەردەمیاندا قوت بوەوە.
زۆر کەیفخۆش بون. دەتگوت فیلی ڕاستەقینەیە ، گوێچکەکانی زل! قاچەکانی
ئەستور دەتگوت کاریتەی خانون.
بەدڵنیاییەوە دەکرا بڵێی بەڕێوەبەر فیلێکی هێناوەتە باخچەکە.
ئەوپاسەوانەی کە بیرۆکەی سۆندەی غازەکەی بەمێشکدا هاتبو ، گوتی: پێویست
بە قسە ناکات ، هەستە وەڕێکەوە بابڕۆینەوە ماڵێ.
ڕۆژی دواتر ، فیلەکەیان بردە نێو قەفەسە تایبەتیەکەی خۆی و لە
ناوەڕاستی باخچەکە و لە نزیک مەیمونەکان و بەتەنیشت سەگێکی زل و کەتەوە
دایاننا. زۆر بەشکۆ و گەورە دەهاتە بەرچاوان. یاداشتێکی گەورەش بە
قەفەسەکەیەوە لکێنرابو و لێی نووسرابوو: (ئەم فیلە زۆر تەوەزەلە و
ناجوڵێتەوە).
یەکەمین دەستەی میوان و دیدەنکاران ، بریتی بون لە منداڵە قوتابیەکانی
ناوچەکە.
مامۆستاکەیان ، دەیەویست وانەیەکی ڕاستەوخۆ و زیندو لەبارەی فیلەوە
بداتە قوتابیەکانی. یەک یەک قوتابیەکانی لەبەردەم قەفەسی فیلەکە ڕیز
کرد و ڕوی تێکردن و گوتی: ( فیل ، یەکێکە لە گیانلەبەرە شیردەرە
گیاخۆرەکان. ئەم گیانلەبەرە ، بەیارمەتی خەرتومە درێژەکەی ، دەتوانێ
درەخت و لقی دارەکان بشکێنێ و گەڵاکانیان بخوات).
منداڵەکان ، بەسەرسوڕمانەوە سەیری ئەو ئاژەڵە زلەیان دەکرد و چاوەڕوان
بون درەختێک لەڕەگەوە هەڵکێشێ َ و گەڵاکانی بخوات.
بەڵام فیلەکە لەنێو قەفەسەکەیدا جمە و حوڵەی نەبو!
: (فیل ، لە تیرەی ماموتە لەنێوچوەکانە. هیچ جێگای سەسوڕمان نیە کە لە
ئێستادا بەگەورەترین ئاژەڵی وشکانی دێتە ئەژمار).
قوتابیە زرینگ و زیرەکەکان ، یەکسەر وتەکانی مامۆستایان لای خۆیان
دەنوسی.
: (تەنیا (ڤاڵ) لە فیل قورسترە. بەڵام ڤاڵ لە دەریادا دەژی. دەکرێ
بەدڵنیاییەوە بڵێیین فیل سوڵتانی بێ ڕکابەری وشکانیە).
شنەبایەکی ئارام ، گەڵای دارەکانی بەجوڵەخست.
:(کێشی فیلێکی کامڵ ، لەنێوان چوار تا شەش تەن دایە).
لەناکاو فیلەکە جوڵەیەکی کرد و لەزەوی جیابۆوە. چەند ساتێک دواتر با
لەسەر درەختەکان دەیهێنا و دەیبرد. سەرەنجام ڕەشەبایەکی توند هەڵیکرد و
بەرەو تاقی ئاسمان هەڵیگرت. تەنیا سێبەرەکەی بەدی دەکرا. تا ماوەیەک
خەڵکی لەخوارێڕا تەنیا ناو لەپەکانی و ورگی و قاچەکانیان دەبینی.
دوای ماوەیەکی کەم ، بایەکی تر هەڵیکرد و ئیدی بەیەکجاری لەچاوان ونی
کرد.
مەیمونەکان ، حەپەساو و سەراسیمە ، تاماوەیەک دواتریش هەر سەیری
ئاسمانیان دەکرد.
دواتر ، فیلەکەیان لە باخچەی فەرمانگەی گیاناسی ، بەسەر درەختێکی
کالیپتۆسەوە دۆزیەوە. پێستە لاستیکیەکەی کون ببوو.
منداڵە قوتابیەکانیش ، کە ئەو ڕوداوەیان لە باخچەی ئاژەڵاندا بەچاوی
خۆیان دیتبو ، ئیدی وازیان لە خوێندن و قوتابخانە هێنا و دواتریش
دەیانگوت گوایا کەوتونەتە هار وهاجی و شوشەی پەنجەرەی ماڵان دەشکێنن.
ئیدی لەوەبەدوا هیچ بڕوا و متمانەیەکیان بە فیل نەمابوو.
_______________________________________
سەرچاوە:
داستان ناگهان/ مجموعە داستانهای کوتاه جهان/ ترجمە اسدللە امرایی/ نشر
سالی ١٣٨١.
ماڵپەڕی ئازاد
نەجم
|