په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٥\٢٠٢١

فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ!!

 

عەبدولستار

 
لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داھاتووە کە مرۆڤ شایانی ڕێزە نەک بەزەیی.


دوای بڕیارە شوومەکەی دادگای پێداچوونەوە، کە چەند لایەن و زۆرێک لە رێکخراوی مەدەنی و ھەندێک لە پەرلەمانتاران و چەند کەسایەتیەک، ئومێدیان لەسەر ھەڵچنیبوو، ئومێدەکەیان وەک بەفری بەھار توانای گەرمە تینی دادگاحزبییەکانی ھەرێمی نەگرت و ھەر زوو تواوەو بووە ئاو و ڕۆچووە نێو ئەو ڕوبارە دوور و درێژەی نائومێدی، کە سی ساڵە بەردەوامی ھەیە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پێوەی دەناڵێت. بڕیارە شومەکە پێچەوانەی خواست و ئومێدی ئەو خەڵکە، سزاکەی بەسەر چالاکونی بادینان پشتڕاستکردەوەو تاوانی سیخوڕی و تێکدەری بەسەریاندا سەپاند و کەسایەتی چالاکونانی لکەدارکرد.

بەم بڕیارە پەڵەیەکی ڕەشی تری لە ستەمکاری، بۆگەنی، نادادی دادگاو پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤی لکان بەتەوێڵی دادوەری لە و ھەرێمە بچوکە دووئیدارەییەدا کە دەسەڵاتی دزوجەردە، گەندەڵ و مافیاگەرایی بنەماڵەیی بەڕێوەی دەبەن. بەبێ گوێدانە یاسا و عورفی دادوەری ناوخۆیی و جیھانی، ڕای گشتی ووڵاتانی دۆست و نێودەوڵەتی. ھەروەک کاری ڕابوردوویان ھیچ ھەژمارێکیان بۆ یاسا جیھانیەکانی مافی ئازادی ڕادەربڕین نەکردو ویستیان بەبنەمای یاسای خێلەکی ئەم پرسە بەھەوەس وقازانجی خۆیان تیپەڕێنن.

لە دوای بڕیارە حزبی و سیاسیەکەی دادگای پێداچوونەوە. لێرەو لەوێ گوێمان لە کاردانەوەو ڕای جیاواز لە لایەن مەکتەبی سیاسی ھەندێک حزب ، سەرکردە، دادوەری پێشوو، ھەندێک پەرلەمانتار، ڕێکخراوی مەدەنی، ڕۆشەنبیر، چالاکون و کەسایەتی دەبێت، بەڕاستی مرۆڤ شەرم لە مرۆڤبوونی خۆیدەکات و دەڵێت ئایا ڕاستە ئێمە لەسەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و سەدەی بیست و یەکدا دەژین کە ئەم ھەمووە بەم جۆرە بیردەکەنەوە؟ وەک بڵێیت ئێستا زەمەنی ٦٠٠ ی زایینیە و میللەتی نەخوێندەوار و ووڵات لەلایەن پاشایەکی نەخوێندەوارەوە بەڕێوەدەچێت، وە میللەت کڕنوشی بۆ دەبەن و دەڵێن فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ. دەنوزێینەوەو دەپاڕێینەوە بۆ ئەوەی لێبوردن بۆ چەن کەسێک دەربکات.

لەم دەڤەرەی ئێمەدا، مرۆڤیان والێکردووە کە نەک ھەر بایەخی خۆی نەزانێت بەڵکو لەدەستیشیبدات. چونکە ھەموو تاکێکی ئەم میللەتەیان فێرە پاڕانەوە و نوزانەوە و دەستپانکردنەوە کردووە کاتێک داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن. کە دەڵێم تاک واتە ھەموو کەسێک دەگرێتەوە، بە خەڵکە گشتیەکە و ئەندام پەرلەمان( ببورن ئەندام دیوەخان)، وەزیر، دادوەر، چالاکوان، ڕۆشەنبیر، ڕۆژنامەنووس و کەسایەتییەکانیش. کەواتە خەڵکی ئەم دەڤەرە نەک ھەر مافی خوراوە بەڵکو شکۆ و ڕێزیشی لەسایەی ئەم دەسەڵاتە خێڵەکییە لەدەستداوە.

ڕۆژ نییە ژن و پیاوی گەنج و پیر و پێشمەرگە و کەم ئەندام، لەسەر جادەو ناو پاڕک و پێش دادگاکان و پەرلەمان( دیوەخان) و شوێنە گشتییەکان نەبینین کە چۆن نزاو سکاڵای خۆیان بەپاڕانەوەو کروزانەوەو دەستپانکردنەوە لە دەسەڵات دەکەن بۆ بەدیھێنانی مافەڕەواکانی خۆیان. یەکێک لە دادوەرەکانی پێشوو، کە ھەمیشە خاوەنی ھەڵوێستی بوێرەانەی خۆیبووە و ئەم ناداییەی قبوڵ نییە. دەڵێت: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی سەرۆکی ھەرێمە و دەبێت دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربێنێت و لێبووردن بۆ ئەم شەش چالاکوانە دەربکات. ئەندام پەرلەمانێک( دیوەخان) کە ھەردەم ڕای تایبەتی خۆی ھەبووە لە زۆربەی پرسەکان دەڵێت: دەبێت سەرۆکی ھەرێم بەزەیی پێیان بێتەوە و لێبووردنیان بۆ دەرکات چۆن کاتی خۆی لێبووردنیان بۆ سەرۆک جاشەکان دەرکرد، کە کوردیان کوشت و ئەنفالکرد. یاخود یەکێکی تر دەڵێت ئەمانە خاوەن ماڵ و منداڵن دەبێت بەزەییمان پێیان بێتەوە، بەم ڕەمەزان و جەژنە، با بچنەوە ناو ماڵ و منداڵیان. بۆ خاتری خوا سەرۆکی ھەرێم.

سەیرکەن چ سەیرێکە! سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کونسولخانەکانی ئەمەریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، کەنەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، یەکێتی ئەوڕوپا، ڕێکخراوەکانی مەدەنی جیھانی وەک ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانی بێسنور و.. ھتد ھەموویان ھاتنە سەر‌ھێڵ و بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەویان بە ناڕەوا ناوزەنگکرد. کەچی ئەوانەی خۆمان کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکردوون، ھەر دەپاڕێنەوەو تکا دەکەن کە خاوەن شکۆ دڵی نەرمبێت و چاوی بەزەیی پێیان بێتەوە و لێیان ببورێت.

ھەمیشە لێبووردن بۆ کەسێکە یان کۆمەڵەکەسێکە کە تاوانباربن و تاوانیان ئەنجامدابێت. لێبوردن بۆکەمکردنەوەی سزا یان لابردنی سزا لە کاتێکدایە کە کەسەکە دانی ناوە بەتاوانەکە و تۆبەی کردووە کە جارێکیدی تاوان نەکات و بە شەرت و مەرجی تایبەتی و لەڕوانگەی بەزیی بە بارودۆخی ئازادەکرێت. کە واتە ئەوانەی دەباڕێنەوە تکا دەکەن دەنوزێنەوە لە دەسەڵات بۆ ئەوەی ئەو شەش چالاکوانە بکەونە بەر چاوی بەزەیی خاوەن شکۆ و دڵی نەرمبێت لێیان ببورێت، ئەمە خۆی لە خۆیدا تاوانە دژ بە مافی سزادراوان. چونکە ئەمە ئەبێتە ھۆی ڕەواییدان بە سزاکەو چەسپاندنی تاوانەکە بەسەریاندا و ھەتاھەتایە لە ئەرشیفی پەڕاوگەی دادگا دەمینێتەوە کە ئەمانە سیخوڕ و خۆفرۆشن و حوکمی دادگاش دادپەروەرانەبووە، بەڵام ئەمانە بەر رەحمەتی دڵی بەزەیی خاوەن شکۆ کەوتوون.

پێویستە چێ بکرێت:


ئەگەر لە ڕوانگەی مرۆڤایەتی و یاساکانی مافی مرۆڤ سەیری ئە کەیسە بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم چالاکوانانە، شکۆ، بەھا، ڕێزیان و مافیان پێشێلکراوە. چونکە بە دید و بۆچونی زۆربەی شارەزایانی بواری یاسایی کە بەڵگەکان شایستەی ئەوە نین کە ئەمانەی پێ تاوانبار بکرێت. ھەروەھا لە دەزگای ئاسایش ئەمانە بێسەرو شوێنکراون بۆ ماوەیەکی زۆر لە وێدا ماونەتەوەو بێئەوەی کەس وکاریان پێیان بزانن. لە لایەکی ترەوە ئەم شەش چالاکوانە لە ئاسایش بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر و لە ژێر ھەرەشەی نامووس و ئازاردانی فیزیکی و دەروونی ووتەیان لێوەرگیراوە و ئەم تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵیان ئەمە لکەدارکردن و ناوزڕاندنێکی بەڵگە نەویستە. ھەروەھا پێشێلی یاساییش لە ھە ھەموو گەنگاوەکاندا کراوە. بەبەڵگەش یەکێک لەو پێنج دادوەرە بە نایاسایی لە پۆستەکەی ماوەتەوە.

کەواتە دەبێت ئەم چالاکوانانە، بەبێ ھیچ بەند و مەرجێک ئازادبکرێن و دەسەڵات و دادگا بەداوای لێبووردن و قەرەبووی مادی مۆراڵییان، ڕێز و شکۆمەندیان بۆ بگەڕێنێتەوە. ھەروەھا ئەوانەی کەم ترخەم و یاساشکێن بوون بدرێنە دادگا. نەک پاڕانەوەو بڵێن فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ.
 

 

١٤\٥\٢٠٢١ - نەرویج
shwany88@hotmail.com
 
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک