١٣\٩\٢٠٢٤
فیلمەکەی ''ئارام
حەسەن''! لە دواین لاپەڕەی (بۆ پێشەوە)دا.

جەمال کۆشش
ماوەیەکە فیلمی ''The Goat life'' (بزنە
ژیان)، کە یەكێک لە فیلمە سینەماییـیە گرنگەکان بوو لەسەر ژان و
چەوسانەوەی کرێکارانی کۆچبەر لە سعودیە لە (نێتـفلێکس) پەخشکرا و بەو
هۆیەوە کۆیلایەتی و نامرۆڤانەتر لە سەردەمی کۆیلایەتی، ژیانی ئەو چەند
ملیۆن کرێکارە کۆچبەرەی لە وڵاتانی کەنداو هێنایەوە نێو مشتومڕی هزریی
و رامیاریی و کۆمەڵایەتی. منیش کە ئەو سەردێرەم لە ڕۆژنامەی (بۆپێشەوە)
بینی زۆر سەرنجی ڕاکێشام، بە تاسەوە خوێندمەوە، بەڵام چیم خوێندەوە:
(تەواوی خەبات و بزوتنەوەی سەدان ساڵەی کورد، ئەوەندەی دوو سەعات و٥١
دەقیقەی لە فیلمی (حياة الماعز) یان بزنە ژیان، کاریگەری و دەنگدانەوەی
نەبوو لەسەر ئاستی جیهان، خۆم لەقەرەی ئەو کارە سینەمایە زۆر باڵایە
نادەم)، (بەڵام بڕوانن کارێکی هونەری هیندیـیەکان چ واتەوات و
ژاوەژاوێکی ناوەتەوە لە جیهاندا)، (ئێمەی کورد ... تەنیا یەک فلمی
سینەمایی تۆکمەمان لە سەر خۆپیشاندانەکەی ٦ ئەیلولی ١٩٣٠ دەرهێنابا
ئیدی پێویستمان بە ڕیفراندۆمیش نەدەبوو...)، (ئێمەش لە باشوری کوردستان
تازە بەتازە زوڕنای ٣١ئاب و دەهۆڵی ١٦ ئۆکتۆبەر و نوزەنوزی نەبونی موچە
و ئاو و کارەبامانە). (بۆ پێشەوە)، دوالاپەڕە لە ژمارە (١٧٤)ی
(١-٩-٢٠٢٤).
ئارام حەسەن، بێ ویژدانانە و لە پشت کێوی لاشە و خوێنی ئەو کرێکارانەوە
دەیەوێت نێوبانگی ئەم فیلمە بۆ نابوودترین بۆچوونی ناسیۆنالیستی
بەکارببا. بە یەک وشەش نە لەسەر فیلمەکە و نە لەسەر کرێکارانی کۆچبەر و
نە لەسەر بابەتی فیلمەکە نەینووسیوە. کۆمەڵێک سووکایەتی بە خەڵکی
ناڕازیی و خۆپێشاندەری کوردستانی عێڕاق کردووە و داواکان و خەباتیانی
وەک "نوزەنوز" چواندووە. ئەم فیلمە تراژیدیای ژیانی کرێکارانی کۆچبەر
لە کوردستانیشی هێنایەوە بەر سەرنج بەتایبەت پاش ئەوەی بەرنامەیەکی
تەلەفزیۆنی (کەناڵی هیوا)ی لە لایەن هاوڕێ (شەماڵ عەلی)یەوە لەسەرئ
ئەنجامدرا. لە ڕاستیدا ئامانجی (ئارام) لە شاردنەوەی ناوەڕۆکی فیلمەکە
و سەرکوتی مەعنەوی ناڕەزایەتیـیەکان،خزمەت بە ڕیفراندۆمەکەی بارزانی
دەکات و لە نووسینەکەشدا هەر بە هەمان زمان و چەمک و واتا بەکارهێنراوە.
دەیەوێت بە دەرهێنانی فیلمێک لەسەر ئەم بابەتە جیهان بهەژێنێت. بەڵام
ئەمە کارەساتەکەیە و ئەمە ڕاوێژکار و ڕەخنەگرەکەیە، کە ئیدی ئەبێت ڕۆشن
بێت بۆ هونەری سینەمایی کوردیی ناتوانێت جیهان وەک چۆن هەیە ببینێت، بۆ
ناتوانێت لە نزیکەوە بە قووڵیی بچێتە نێو ئازاری خەڵک و ئاواتی
لەمێژینەیانەوە.
بۆ ئەم "واتەوات"ە لە ڕۆژنامەی (بۆ پێشەوە)دا بڵاوکراوەتەوە؟!
بەڕێز سەرنووسەر، ڕاوێژکاری سەرنووسەر و هاوکاری سەرنووسەر، ئایە هیچ
کامیان ئەم وتارەیان نەخوێندەوە؟
بەڕێزان ئامادەکارانی گۆشەی ئەدەب و هونەر، ئاگایان لەم فلمە هیندییە (نوکتەکە
نا - فیلمی ژیانە بزن) و ئەم نووسینەی (ئارام) نیـیە؟
بابەتەکەش هیچ پەیوەندیی بە ئازادیی نووسین و لێکدانەوەی جیاوازەوە
نیـیە. بابەتەکە هیچ لێکدانەوەیەکی لەسەر فیلم و سیناریۆ و دەرهێنان
نەکردووە. ئارام حەسەن، ژەهری لە شووشەی هەنگوینـدا پێشکەش کردووە.
ڕێگای پۆپۆلیستی بۆ نێو کۆمەڵانی کرێکاران و ئازادیخوازانتان نابات.
وەک دەبینین بۆ کوێی هێنان!
پێشتر لە ڕێگای چەند هاوڕێـیەکمەوە، لەسەر چەند بابەتێک سەرنجم بۆیان
ناردووە، بەڵام پێدەچێت، خودی ڕۆژنامەی (بۆ پێشەوە) ئیدی زۆر
دوورکەوتبێتەوە و پێویست بەوە هەبێت، چوپەکەی بۆ هەڵدەین ئیدی ئازادە
خۆی پێدەگرێتەوە یان نا؟!
ماڵپهڕی جهمال
کۆشش
|