په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٥\٢٠١٥

فیلمەکەی "شوان عەتووف"

لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کان نمایشکرا.


مەنسوور جیهانی


کورتە فیلمی کوردیی "ماڵ و کلیل" بە ئامادەبوونی "شوان عەتووف" لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی ٦٨مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" لە فەڕەنسا نمایشکرا.


کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" لە نووسین و دەرھێنانی "شوان عەتووف" لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە و بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان، رۆژی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٥ لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "شۆرت فیلم کۆڕنێر" لە میانەی شەست و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" لە شاری بەندەری کان لە باشووری وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا.


بەشی "شۆرت فیلم کۆڕنێر" لە ساڵی ٢٠٠٤ و بە مەبەستیی ناساندنیی بەھرەمەندە لاوەکان، بەڕێوەبردنی ڤۆرکشۆپی فێرکاریی بۆ فیلمسازەکان بە وانە گوتنەوە لە لایەن سینەماکارانی بەرچاوی جیھان، کردنەوەی بازاڕ بۆ فرۆشی کورتە فیلمەکان و ھەروەھا بەدەستھێنانی سەرمایە بۆ پرۆژەکانی داھاتووی فیلمسازە لاوەکان دامەزراوە.


فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" کە بە گرینگترین، گەورەترین و ناودارترین رووداوی سینەمای جیھان ناسراوە، بە ئامادەبوونی ئەستێرە ناودارەکانی سینەمای جیھان، بە نمایشی فیلمی سینەمایی "سەرت ھەڵێنە" لە دەرھێنانی سینەماکاری فەڕەنسی "ئێمانۆئێل بەرکووت" رۆژی ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٥ دەستی پێکردووە و بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام دەبێت و بە فیلمی دیکۆمێنتی "سەھۆڵ و ئاسمان" لە دەرھێنانی "لووک ژاکێت" ھەڵگری خەڵاتی ئۆسکار کۆتایی پێیدێت.

 
شەست و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی"، بەشی پێشبڕکێی "جۆرێک روانین"، بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی رەخنەگران"، بەشی پێشبڕکێی "سینە فۆنداسیۆن" و بەشی "کورتە فیلم"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "فیلمە کلاسیکییەکان"، بەشی "سەدەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ئێنگرید برێگمان"، بەشی "سینەمای جیھان لە کان" و چەندین بەشی دیکە و ھەروەھا رێزلێنان لە چەندین سینەماکارانی ناوداری جیھان، لەوانە: پێشکەش کردنی خەڵاتی "چڵەبەڕووی کان" بە دەرھێنەر، ئەکتەر، وێنەگر و نووسەری فەڕەسنی خاتوو "ئانیس واردا"، پێشکەش کردنی خەڵاتی "کالیسکەی زێڕین" بە دەرھێنەری ناوداری چینی "جیا ژانگ کە" و ھەروەھا رێزلێنان لە دەرھێنەری ناوداری پورتوگالی "مانۆئێل دی ئۆلیڤییەرا" لە رۆژانی ١٤ تا ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٥ لە شاری بەندەری کان لە باشووری وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت.


کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی جیھانیدا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و ١٠ خەڵاتی گرینگیی بەدەستھێناوە، بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی و لە لایەن کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە.

 

 

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل"

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک