٢٠\٩\٢٠١٤
فیلمە نوێیەکەی
پووران درەخشەندە
لە زانکۆی بێرکلی
ئەمەریکا نمایش دەکرێ.
مەنسوور جیهانی
فیلمی سینەمایی "بێدەنگ کچەکان ناقیژێنن" لە
دەرهێنانی سینەماکاری کورد خاتوو "پووران درەخشەندە" لە زانکۆی بێرکلی
ئەمەریکا نمایش دەکرێت.
فیلمی سینەمایی "بێدەنگ کچەکان ناقیژێنن" بە ئامادەبوونی خانمە
سینەماکاری کورد "پووران درەخشەندە" کاتژمێر ٧ی ئێوارێی ڕۆژی پێنجشەمە
١٨ی ئەیلوولی ٢٠١٤ لە بەشی "ئافرەتان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە هۆڵی
ستێفان لە دێپاڕتمانی خوێندنەوەکانی ئافرەتان لە زانکۆی بێرکلی لە
ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا دەچێتە سەر پەردەی سینەما و
پاشان کۆڕی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنیی ئەم فیلمە بە ئامادەبوونی
دەرهێنەرەکەی لە هۆڵی کۆنفڕانسی سوڵتان لە ناوەندیی ڕۆژهەڵاتناسی ئەم
زانکۆیە بەڕێوەدەچێت و ئەم فیلمسازە کرماشانییە وڵامی پرسیارەکانی
قوتابیانی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی جیهان و بینەرانی ئامادەبوو دەداتەوە.
ئەم فیلمە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە ئامادەبوونی خاتوو "پووران
درەخشەندە" لە چەندین زانکۆی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و ناوەندە
کەلتوورییەکان نمایشکراوە، لەوانە: زانکۆی تەکنیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی
ئەنکەرا لە تورکیا، زانکۆی یو.سی.ال.ای لە ئەمەریکا، زانکۆی زانستی
پزیشکی تاران، زانکۆی شیراز، کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی
عەلامە تەباتەبایی تاران، زانکۆی زانستی پزیشکی تەورێز، کۆلێژی
دەروونناسی زانکۆی تاران، زانکۆی زانستی پزیشکی کوردستان، زانکۆی
بابولسەر و زانکۆی ئازادی کەرەج.
فیلمی سینەمایی "بێدەنگ کچەکان ناقیژێنن" تا ئێستا لە فیستیڤاڵی
جۆراوجۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و هەروەها لە سینەماکانی وڵاتانی
کەنەدا و ئەمەریکا نمایشکراوە و چەندین خەڵاتیشی بەدەستهێناوە، لەوانە:
خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین فیلمی ٣١ەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی
فیلمی فەجر لە ئێران لە ڕوانینی بینەرانەوە، خەڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ
"پووران درەخشەندە"، لەوحەی فەخری باشترین فیلمی بەشی پێشبڕکێی فیلمە
بڵندە چیرۆکییەکان و هەروەها خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئافرەت بۆ "تەناز
تەباتەبایی" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەربەخۆی ئافرەتان لە
ئەمەریکا، خەڵاتی تایبەتی باشترین فیلم لە ڕوانینی بینەرانەوە لە
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارواین لە ئەمەریکا، خەڵاتی باشترین
دەرهێنان لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆلکە زێڕینە لە بەریتانیا،
خەڵاتی باشترین فیلمی سینەمایی لە چوارەمین فیستیڤاڵی فیلمە
ئێرانییەکانی لەندەن لە بەریتانیا، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بۆ "بابەک
حەمیدییان" لە جەژنی ئەنجومەنی ڕەخنەگران و نووسەرانی سینەمای ئێران لە
ساڵی ٢٠١٣ و تەندیسی حافز و لەوحەی فەخری باشترین سیناریۆ بۆ "پووران
درەخشەندە" و هەروەها و تەندیسی حافز و لەوحەی فەخری باشترین ئەکتەری
پیاو بۆ "بابەک حەمیدییان" لە ١٤ەمین جەژنی حافز لە ئێران.
"بێدەنگ کچەکان ناقیژێنن" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی
تایبەت بە فیلمە ئێرانییەکان لە میانەی ١٧ەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی ئێلهام لە شاری پێرت لە ناوەندیی ویلایەتیی ڕۆژئاوای
ئوستوڕاڵیا نمایشکرا. ئەم فیستیڤاڵە لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی
پێشبڕکێی و هەروەها بەشی تایبەت بە سینەمای ئێران لە ڕۆژانی ٣ تا ١٣ی
تەمووزی ٢٠١٤ لە شاری پێرت لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی
سینەمایی "بێدەنگ کچەکان ناقیژێنن"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|