په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٤\٢٠١٣

فیلمی ''ھەزار و یەک سێو'' لە دیداری جینۆسایدی کورد نمایش دەکرێ.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی دیکۆمێنتی بڵندی "ھەزار و یەک سێو" لە دەرھێنانی تەھا کەریمی و لە بەرھەمێھنانی کۆمپانیای "ئاوا میدیا" لە رێوڕەسمی کۆتایی یەکەمین دیداری جینۆسایدی کورد بۆ کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری نمایش دەکرێت.


فیلمی دیکۆمێنتی سینەمایی بڵندی "ھەزار و یەک سێو" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد تەھا کەریمی و لە بەرھەمێھنانی کۆمپانیای "ئاوا میدیا" و تەھا کەریمی و ھەروەھا بە ھاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری گەرمیان و وەزراەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوایین قۆناغی مونتاژ و دەنگدانانی تەواو کرد و بە ئامادەبوونی ٦ دەربازبووی ناو گۆڕەبەکۆمەڵەکان لە رێوڕەسمی کۆتایی یەکەمین دیداری جینۆسایدی کورد بۆ کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە ٢١ نیسان / ئەپرێلی ٢٠١٣ لە ھۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی نمایش دەکرێت.


ناوی ئەم فیلمە لە سێوی مێخەک ڕێژەوە ھاتووە و ئەم سێوە ھێمای ئاشتی و خۆشەویستیی و ئەوینە و لە ڕابردوودا دڵدارەکان بۆ بۆنەی خۆشەویستی یەکترییەوە سێوی مێخەک ڕێژیان پێشکەش بە ئەوینەکەیان دەکرد.


ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە ناوەرۆکەکەی بابەتێکی گرینگ دەخاتەڕوو و چیرۆکی ڕزگاربوونی ٥ دەربازبووی پێکراو و برینداری ناو گۆڕەبەکۆمەڵەکانی ئەنفال بۆ بینەر دەگێڕێتەوە. لە تەواوی کۆمەڵکوژی ئەنفال کە ١٨٢٠٠٠ مرۆڤی کورد لە لایەن حیزبی بەعسی عێراق لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابانەکانی عێراقدا خرانە ژێرخاکەوە، تەنیا ١٣ کەس توانیان بە برینداری لە کاتێکدا شاھیدی ئەو تاوانە گەورەیە بوون، خۆیان ڕزگار بکەن. سێ کەس لەم ١٣ شاھیدە ئێستا لە ژیاندان نەماون و تەنیا ١٠ شاھید زیندوون. کە بە ئامادەبوونی ٦ دەربازبوو و شاھیدی ناو گۆڕەبەکۆمەڵەکان نوێترین فیلمی تەھا کەریمی نمایش دەکرێت.


ڕزگاربووانی گۆڕی بە کۆمەڵ کە تەنیا شەھیدانی زیندووی ناو گۆڕەبەکۆمەڵەکانن لەم فیلمەدا ھاوکات لەگەڵ گێڕانەوەی ڕووداوی گرتن، بردن، لە سێدارەدان و ... کۆی چیرۆکیان و خەباتی ئێستایان لە دوو خاڵە گرینگدا درێژە پێدەدەن.


لە ئێستاوە و بە بەردەوامی ژیانی داھاتوویان ھەوڵ دەدەن کارێک بکەن کە ھەموو بەکارھێنەرانی ئەنتەرنێت لە دنیا بانگھێشت بکەن بۆ جارێکیش بێت بۆ وشەی "ئەنفال" بگەڕێین و سەبارەت بەم وشەیە بخوێننەوە. ئەوان پێیان وایە ئەو رۆژە ئەرکیان تەواو دەبێت کە کۆی بەکارھێنەرانی ئەنتەرنێت لە دنیا ئەو وشەیەیان سێرچ کردبێت.


کاری دووھەمیان ئەوەیە کە ھەر ساڵێک، ھەزار و یەک سێوی مێخەکڕێژ بنێرن بۆ ئەو وڵاتانەی کە بەشداربوون لە تاوانی ئەنفالدا، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە بێدەنگبووان لە ئاست ئەو تاوانە گەورەیەی مرۆڤایەتیی.


ئەوان بۆ یەکەمجار و لەم فیلمەدا ھەزار و یەک سێو دەنێرن بۆ شاری ھەزار و یەک شەو واتە "شاری بەغدا" کە بڕیاری ئەو تاوانەی لێدرا و ... . وەک پەیامێک بۆ بیرنەچوونەوە و ئاشتی و دووبارە نەبوونەوەی.


عومەر محەمەد سەرنووسەری گۆڤاری ئەنفالەکان یەکێکە لەو چالاکانەی بواری ئەنفال کە ڕێکخەر و ھاوکاری ئەو ١٠ شەھیدە زیندووەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی ئەم دەربازبووانە ھەیانە.


ھونەرمەند سەیوان سەعیدیان لە زیندووکردنەوە و دووبارەنیشاندانەوی سێوی مێخەکڕێژ وەک ھیمای عەشق و ئاشتی دەوری سەرەکی ھەیە و لەم فیلمەدا لەگەڵ عومەر محەمەد یاوەر و ھاوکاری ئەم چالاکییەن.


فیلمی "ھەزار و یەک سێو" زیاتر لەوەی ڕووی لە ڕابردووی ئەم دەربازبووانە بێت کە ھەر کام بە چیرۆکێکی سەیر خۆیان لە مەرگ دەرباز کردووە، ڕووی لە ئێستا و داھاتوویانە.


ئەم ١٠ کەسە زیندووە کە تەنیا شەھیدی زیندووی تاوانی ئەنفال بوون، ئێستا پرسیاریان ئەوەیە کە ئەرکیان چییە وەک شەھید؟ دەبێت چی بکەن؟ ئەم ئەرکە چییە کە دەبێت بە ئەنجامی بگەیەنن؟


دەربازبووانی گۆڕی بەکۆمەڵ، بە ھەزار و یەک سێوی سوورەوە بە گەڵابەیەکی پڕ لە سێوی سوور و مێخەک، یەک بە یەک گوندەکانی گەرمیان تا بادینان دەگەڕێن و بە ژمارەی ئەنفالکراوانی ھەر بنەماڵەیەک، سێوی سوور و مێخەکیان پێی دەدەن بۆ ئەوەی چیرۆکی بنەماڵە و ئەنفالکراوەکان بە مێخەک لەسەر سێوەکە بنەخشێنن. ئەوان ھەزار و یەک چیرۆکی ئەنفال لەسەر ھەزار و یەک سێو دەگەڕێننەوە.

 
حیزبی بەعسی عێراق لە شاری ھەزار و یەک شەو، شاری بەغدا، بڕیاری ئەنفالیان دەرکرد، بڕیاری ڕوودانی ھەزار و یەک چیرۆک.


ستافی ئامادەکردنی فیلمی دیکۆمێنتی بڵندی "ھەزار و یەک سێو" بریتین لە: نووسین و دەرھێنان: تەھا کەریمی، وێنەگر: مێھدی ئازادی، دەنگھەڵگر: ئەرەستوو مەفاخری، مونتاژ: ھەردی قادر، دەنگدانەر: ئاڕش ڕەسافی، یاریدەدەری دەرھێنەر: کارزان کاردۆزی، بەڕێوەبەری بەرھەم: سەیوان سەعیدیان، فۆتۆگرافەر و یاریدەدەری بەرھەم: ئەوین شەریفی، راوێژکار: عومەر محەمەد، یاریدەدەری وێنەگر: گەیلان ئەحمەد، پووستەر: رووناک ڕەسووڵپوور، بە بەشداری دەربازبووانی ئەنفال: فەرەج، عەبدوالقادر، ھاشم، کەریم و ئەبابەکر، گێڕانەوە: فەرەجی تۆپخان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنیی گشتیی: مەنسوور جیھانی، بەرھەمھێنەر: کۆمپانیای "ئاوا میدیا" و تەھا کەریمی و بە ھاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری گەرمیان و وەزراەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان.
 


بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی "ھەزار و یەک سێو"

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک