په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٢\٢٠١٤

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"

خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیایی لە ئوستوراڵیا بەدەستھێنا.

 

مەنسوور جیهانی

 

سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" بە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیایی بەدەستھێنا و خەڵاتەکەی پێشکەش بە خۆڕاگریی و خەباتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەرانبەر بە گرووپی تیرۆریستی داعش کرد.


فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" کە بەرھەمی ساڵی ٢٠١٤ی ھەرێمی کوردستان و ئەڵمانیایە، کە لە بەشەکانی باشترین فیلم و باشترین سیناریۆ لە نووسینی ھاوبەشی "شەوکەت ئەمین کورکی" و "مەممەد ئەکتاش" لە ھەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" بۆ وەرگرتنی خەڵات کاندیدکرابوو، توانی خەڵاتی تایبەتی یۆنسکۆ بۆ ھاوبەشی بەرچاو و ھەروەھا پاراستنی جۆری کەلتوورەکان بەدەستبێنێت.


"شەوکەت ئەمین کورکی" دوای وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیایی لە وتەیەکی کورتدا گوتی: ئەم خەڵاتە بە خۆڕاگری و خەباتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەرانبەر بە گرووپی تیرۆریستی داعش پێشکەش دەکەم کە جارێکی دیکە لە بەرانبەر کارەسات و تراژیدیایەکی دیکەدا دوای جینایاتەکانی سەدام بەسەر ئەم نەتەوەیەدا، توانیویانە ھەروا بەردەوام لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستاون.


گوتیشی: ھەروەھا ئەم خەڵاتە پێشکەش دەکەم بە ھاوڕێی دێرینم خوالێخۆشبوو "تەھا کەریمی" دەرھێنەر فیلمی دیکۆمێنتی "ھەزار و یەک سێو" کە لە بەرھەمەکانیدا کۆمەڵکوژی کوردەکانی عێراق بە ناونیشانی ئەنفال بە دەستی ڕژێمی بەعسی لە ڕێگای وێنە و دیمەنی سینەماوە بە شارەزاییەوە نیشانی بینەردەدا.
ھەر لە ڕێوڕەسمی کۆتایی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک"ـدا خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاری خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیایی بە فیلمی دیکۆمێنتی بڵندیی "ھەزار و یەک سێو" لە دەرھێنانی سینەماکاری کۆچکردووی کورد "تەھا کەریمی" بەخشرا، کە "ھاوڕێی کەریمی" برای ئەم سینەماکارە کوردە خەڵاتەکەی لە دەستی ئەندامانی لێژنەی دادوەران وەرگرت.


ڕێوڕەسمی کۆتایی ھەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" شەوی پێنجشەمە ١١ کانوونی یەکەمەم / دیسەمبەری ٢٠١٤ لە شاری بریسبان لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەڕێوەچوو و تیایدا ھونەرمەندانی سەرکەوتووی ١٠ بەشی جۆراوجۆری خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیایی لە نێوان ٣٦ فیلم لە ٢١ وڵاتی ناوچەی ئاسیا پەسیفیک دەستنیشانکران.


ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی نێودەوڵەتیی ھەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" کە بریتی بوون لە: "ئەسغەر فەرھادی"ـ ھەڵگری خەڵاتی ئۆسکار و خەڵاتە گرینگە سینەماییەکانی جیھان لە وڵاتی ئێران، خاتوو "ھیام عەبباس"ـ ئەکتەر لە وڵاتی فەلەستین، "لۆ ییۆ"ـ بەڕێوەبەری وێنەگرتن لە وڵاتی چین، "راجیت کاپوور"ـ ئەکتەر، دەرھێنەر و بەرھەمھێنەر لە وڵاتی ھیندستان، "ئانتۆنی چێن"ـ دەرھێنەر لە وڵاتی سەنگاپوور و "ماکیج ستۆ"ـ بە نوێنەرایەتیی لە یەکێتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" و ئاکادیمیای فیلمی ئەورووپا، سەرکەوتووانی بەشە جۆراوجۆرەکانیان دیاریکرد، لەوانە: باشترین فیلم، باشترین دەرھێنان، باشترین وێنەگرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیکۆمێنتی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن، باشترین سیناریۆ، باشترین ئەکتەری پیاو، باشترین ئەکتەری ئافرەت و ھەروەھا خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران.


سیناریۆی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" کە لە لایەن "شەوکەت ئەمین" و "مەممەد ئەکتاش" نووسراوە، پێش لە قۆناغی وێنەگرتن، خەڵاتی باشترین سیناریۆی لە ئاکادیمیای خەڵاتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" لە ساڵی ٢٠١١ بەدەستھێنابوو.


فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە ئامادەبوونی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە ڕۆژانی ٧ و ١٢ی کانوونی یەکەم لە سینەمای "کۆشکی باڕاکس" لە میانەی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بریسبانی "ئاسیا پەسیفیک" نمایشکرا. ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٨٠ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٢٩ تشرینی دووەم تا ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ لە شاری بریسبان لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوراڵیا بەڕێوەچوو.

_______________________________

کورتەیەکی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد":

 

 

بۆ زانیاریی پتر:

www.asiapacificscreenacademy.com/2014/12/8th-annual-asia-pacific-screen-award-winners/#.VIzQSWAcTIV


بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد".
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک