په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٢\٢٠١٤

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە سینەماکانی وڵاتی سویسرا نمایشکرا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" لە سینەماکانی سەرتاسەری سویسرا و ھەروەھا لە بیست و چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "توسیس"ی ئەم وڵاتە نمایشکرا.


فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" کە بەرھەمی ساڵی ٢٠١٤ی ھەرێمی کوردستان و ئەڵمانیایە، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "شەوکەت ئەمین کورکی" و بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە سینەماکانی سەرتاسەری وڵاتی سویسرا، لەوانە: سینەماکانی شارەکانی زووریخ، بێرن، بادێن، باسێل، ھور، سورسێ، تۆسیس و چەندین شاری دیکەی ئەم وڵاتە چووە سەر پەردەی سینەماکان.


لە دوای نمایشی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە ھەر شارێک کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندیی فیلمەکە بەڕێوەدەچوو و "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەری ئەم فیلمانە بە وردی وڵامی پرسیاری بینەرانی سویسرای دایەوە.


ھەروەھا سێ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"، "پەڕینەوە لە غوبار" و "شوێنێک بۆ یاری" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی بیست و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "توسیس" لە وڵاتی سویسرا نمایشکران.


ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە دوو بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٤ تا ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ لە شارۆچکەی شاخاویی توسیس لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەچوو.


فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا کە لە ھەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" بۆ وەرگرتنی خەڵات کاندیدکرابوو، توانی خەڵاتی تایبەتی یۆنسکۆ بۆ ھاوبەشی بەرچاو و ھەروەھا پاراستنی جۆری کەلتوورەکان بەدەستبێنێت.


"شەوکەت ئەمین" دوای وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیایی لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەم خەڵاتە بە خۆڕاگری و خەباتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەرانبەر بە گرووپی تیرۆریستی داعێش پێشکەش دەکەم کە جارێکی دیکە لە بەرانبەر کارەسات و تراژیدیایەکی دیکەدا دوای جینایاتەکانی سەدام بەسەر ئەم نەتەوەیەدا، توانیویانە ھەروا بەردەوام لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستاون.


گوتیشی: ھەروەھا ئەم خەڵاتە پێشکەش دەکەم بە ھاوڕێی دێرینم خوالێخۆشبوو "تەھا کەریمی" دەرھێنەر فیلمی دیکۆمێنتی "ھەزار و یەک سێو" کە لە بەرھەمەکانیدا کۆمەڵکوژی کوردەکانی عێراق بە ناونیشانی ئەنفال بە دەستی ڕژێمی بەعسی لە ڕێگای وێنە و دیمەنی سینەماوە بە شارەزاییەوە نیشانی بینەردەدا.
ڕێوڕەسمی کۆتایی ھەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ لە شاری بریسبان لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەڕێوەچوو و تیایدا ھونەرمەندانی سەرکەوتووی ١٠ بەشی جۆراوجۆری خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیایی لە نێوان ٣٦ فیلم لە ٢١ وڵاتی ناوچەی ئاسیا پەسیفیک دەستنیشانکران.


فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە ئامادەبوونی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە ڕۆژانی ٧ و ١٢ی کانوونی یەکەمی لە سینەمای "کۆشکی باڕاکس" لە میانەی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بریسبانی "ئاسیا پەسیفیک" نمایشکرا. ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٨٠ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٢٩ی تشرینی دووەم تا ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ لە شاری بریسبان لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەڕێوەچوو.

بۆ زانیاریی پتر:

www.trigon-film.org/de/movies/Memories_on_Stone
 
www.filmpodium.ch/Programm/FilmDetails.aspx?t=1&f=15939 
www.kinokunstmuseum.ch/movie/2087 
www.cineman.ch/movie/2014/MemoriesOnStone
www.movies.ch/de/film/memoriesonstone
 


بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد".
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک