په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٥\٢٠١١

فیلمی سینەمایی ''سرتە لەگەڵ با'' لە زانکۆی تاران نمایش دەکرێ.

 

مه‌نسور جیهانی


فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد شەهرام عەلیدی و بە هاوکاری ئەنجوومەنی زانستی سینەمای زانکۆی تاران، کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەمە 31ی ئایار/ مەی لە هۆڵی ئاوینی لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران نمایش دەکرێ.


بە پێی راپۆڕتی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتی کۆمپانیای "تاو فیلم"، بینینی فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" لە بەرنامەی سینەمایی "ئەنجوومەنی زانستی سینەمای زانکۆی تاران" بۆ هەمووان ئازادە و دانیشتنی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانە بە ئامادەبوونی شانۆکاری ناوداری کورد دکتۆر قوتبەدین سادقی وەکوو کارناس و رخنەگر و بە بەشداری سینەماکاری سنەیی شەهرام عەلیدی و هەروەها ئەکتەری ناوداری کوردستان و ئێران خاتوو مریەم بووبانی بەڕێوەدەچێت.


فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا سێ خەڵاتی سەرەکی لە بەشی پێشبڕکێی بەشی هەفتەی رەخنەگرانی شەست و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی 2009 لە وڵاتی فەرەنسا بەدەستهێنا و لە درێژەدا بە بەشداری لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری فیلم لە سەرتاسەری جیهان، کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی بۆ هەرێمی کوردستان بەدەستهێنا، لەوانە:


ـ خەڵاتی رەخنەگرانی لاوی هیندستان یا خەڵاتی "دەروازەی زێوی هیند" لە بەشی کێبڕکێی یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "مۆمبای" لە هیندستان.
ـ خەڵات و مەدالیای شانازی زانکۆکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمە مێژووییەکانی "پساک" لە وڵاتی فەرەنسا.
ـ خەڵاتی تایبەتی لێژنەی ناوبژیوانی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئامازۆن" لە وڵاتی بەرازیل.
ـ خەڵاتی باشترین فیلم لە لایەن لێژنەی ناوبژیوانی زانکۆکانی براتیسلاوا لە یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "براتیسلاوا" لە وڵاتی ئیسلۆڤاکیا.
ـ خەڵاتی "دۆن کیشۆت" لە بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ترۆمسۆ" لە وڵاتی نەرویج.
ـ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم بۆ شەهرام عەلیدی و خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی بۆ ئەکتەری ناوداری سینەمای کوردستان عومەر چاوشین لە هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئۆرۆعەڕەب" (ئێمال) Amal لە ئیسپانیا.
ـ خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بۆ هونەرمەندی کرماشانی توورەج ئەسڵانی و باشترین ئەکتەر بۆ عومەر چاوشین لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "بەغدا" لە وڵاتی عێراق.


فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا رۆژی 26ی ئەپریل، بە ئامادەبوونی شەهرام عەلیدی، لە بەشی پێشبڕکێی سینەمای ئێران لە میانەی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کیش لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی نێونەتەوەیی دوورگەی کیش نمایشکرا.

 


بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتی کۆمپانیای "تاو فیلم".
ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک