په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٩\٢٠١٠

فیلمی سینەمایی ''ماندوو'' لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی تۆرێنتۆ وەرگیرا.

 

 

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی ''ماندوو''

 

فیلمی سینەمایی "ماندوو" لە دەرهێنانی "ئیبراهیم سەعیدی" کە بەرهەمی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە بەشی "کەشف" لە سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تۆرێنتۆ" لە وڵاتی کەنەدا وەرگیرا. ئەم بەشە لە فیستیڤاڵی "تۆرێنتۆ" بەو فیلمانە تەرخانکراوە کە خوڵقاندنێکی تازەیان تێدابێت.


بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی "ماندوو" لە تاران، 35مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تۆرێنتۆ" لە چەندین بەشی جۆراوجۆردا لە رۆژانی 9 تا 19ی سێپتەمبەری 2010 لە شاری تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا بەڕێوەدەچێت.


فیلمی سینەمایی "ماندوو" لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان، لە بەشی کێبڕکێی رەسمی "فیلمسازە خولقێنەر و نوێخوازەکانی هاوچەرخ" لە میانەی 63مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "لۆکارنۆ" نمایشکرا.


ئەم فیستیڤاڵە لە رۆژانی 4 تا 14ی ئۆگۆستی 2010 بە بەشداری کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی سەرانسەری جیهان لە شاری لۆکارنۆ لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەچوو.


سینەماکاری مەهابادی ئیبراهیم سەعیدی دەرچووی بەکالۆریۆسی سینەمایە لە لقی مونتاژدا لە کۆلێژی سینەما تیئاتر لە زانکۆی هونەری تاران و لە ساڵەکانی ڕابردوودا مونتاژی بۆ چەندین فیلمی سینەمایی لە ئێران و هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، لەوانە: فیلمی سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین"، فیلمی سینەمایی "باز هم سیب داری؟" واتە "دیسان سێوت هەیە؟" لە دەرهێنانی "بایرام فەزلی"، فیلمی سینەمایی "انتهای زمین" واتە "کۆتایی زەوی" لە دەرهێنانی "ئەبوالفەزل سەفاری" و فیلمی سینەمایی "دم سبح" واتە "سپێدە" لە دەرهێنانی "حەمید رەحمانیان".


سەعیدی مونتاژ و وێنەگرتنی بۆ زیاتر لە سەد کورتە فیلمی چیرۆکی، دیکۆمێنتی و کۆمەڵە بەرنامەی تەلەفیزیۆنی ئەنجامداوە. ئەم سینەماکارە کوردە پێش سازکردنی فیلمی سینەمایی "ماندوو"، فیلمی بڵندی دیکۆمێنتی "دایکانی من"ی دەرهێنەری کردووە کە سەبارەت بە کۆمەڵکوژی کوردەکانی عێراقە بە دەستی ڕژیمی سەدام حوسێن.


ئیبراهیم سەعیدی پێش سازکردنی فیلمی دیکۆمێنتی "دایکانی من"، کورتە فیلمەکانی چیرۆکی "ژوان" و "ژیلەمۆ" و فیلمە دیکۆمێنتییەکانی "مەرسیە پریشانی" واتە "شینگێڕی پەرێشانی" و "رۆژگیران" بە هاوبەشی لەگەڵ سینەماکاری ئێرانی مێهرداد ئۆسکوویی سازکردووە و بەم کورتە فیلمانە و هەروەها ئەو فیلمانەی کە مۆنتاژی کردووە، خەڵاتی جۆراوجۆر و پڕبایخی لە فیستیڤاڵەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بەدەستهێناوە، لەوانە:


خەڵاتی پڵاکی نوقرە لە فیستیڤاڵی نەتەوەکان لە وڵاتی نەمسا، بۆ فیلمی دیکۆمێنتی کوردی "رۆژگیران" لە ساڵی 2003.
ـ باشترین فیلمی دیکۆمێنتی بەشی نێونەتەوەیی و باشترین فیلمی میراتی فەرهەنگی لە حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، بۆ فیلمی "رۆژگیران".
دیپڵۆمای فەخری بۆ باشترین فیلمی چیرۆکی لە نۆزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، بۆ کورتە فیلمی کوردی "ژوان".
خەڵاتی باشترین مونتاژ لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گرانادا" لە وڵاتی ئیسپانیا لە ساڵی 2003 بۆ کورتە فیلمی "چاە" واتە "بیری ئاو".
ـ خەڵاتی باشترین مونتاژ لە ئەنجومەنی مونتاژگەرانی ماڵی سینەما ئێران لە هەژدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، بۆ کورتە فیلمی "چاە".
خەڵاتی باشترین مونتاژ لە فیستیڤاڵی فیلمی "تەوار" لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2004 بۆ کورتە فیلمی کوردی "رۆژگیران".
دیپڵۆمای فەخری و دوو سکەی زێڕی بەهاری ئازادی لە بەشی کێبڕکێی نەتەوەیی لە دووەمین خولی فیستیڤاڵی سینەما حەقیقەت لە تاران، بۆ فیلمی دیکۆمێنتی "دایکانی من".
خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوان لە بەشی کێبڕکێی نێونەتەوەیی کە بریتی بوو لە تەندیسی فیستیڤاڵ، دیپڵۆمای فەخری و بڕی پارەی سێ هەزار یۆرۆیی لە دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی سینەما حەقیقەت لە تاران، بۆ فیلمی کوردی "دایکانی من".
دیپڵۆمای فەخری بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی لە بیست و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، بۆ کورتە فیلمی دیکۆمێنتی کوردی "ئەفسوون".
________________________________
بۆ زانیاریی پتر:

http://www.tiff.net/press/pressreleases/2010/27-debuts-from-around-the-world-in-tiffs-discovery-programme



mansourjahani@gmail.com