١٢\٤\٢٠١٢
فراکسیۆنی
گۆڕان ١٥ پێشێلکاری یاسایی لە پرۆسەی نەوت ئاشکرا دەکا.
لە رێگەی نوسراوێکەوە فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان چەندین
پێشلکاری ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات و ھاوکات رێگە چارەشی بۆ
دەست نیشانکردوون.
فراکسیۆنەکە ئەمرۆ چوار شەممە بە نوسراوێک سەرۆکایەتی پەرلەمانی
ئاگادارکردۆتەوە لە پێشلکاری پرۆسەی نەوت کە خۆیان لە جێبەجێنەکردنی
یاسای نەوت و گاز و یاسای وەزارەتی سامانە سروشیتەکان دەبینەوە.
ئەمەش نوسراوەکە:
بەڕێزان/ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان.
بابەت/ بەشێک لە کێشەکانی پرۆسەی نەوت و داواکاری چارەسەرکردنی.
پرۆسەی نەوت لە ھەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەکی خێرا و بەرفراوان ئەنجام
ئەدرێ، کۆمپانیاکانی بواری نەوت و غاز لە ڕوبەرێکی زۆری ھەرێمی
کوردستاندا کار دەکەن، بەشێک لەوان لە قۆناغی گەڕان و دۆزینەوە و
پەرپێدانن، بەشێکی دیکەیان چەند ساڵێکە گەیشتونەتە قۆناغی بەرھەمھێنان،
لەمەدا ئەوەی مایەی ھەڵوەستە لە سەر کردنە ھیچ پلانێکی ئاشکرا لەو
بوارەدا بە دی ناکرێ، ھاوکات بەشێکی زۆر لە مادە و برگەکانی (یاسای
ژمارە ٢٢ی ٢٠٠٧ی یاسای نەوت و گاز) جێبەجێ نەکراون، بە شێوەیکی گشتی
پرۆسەی نەوت بە ناڕۆشنی و بێ ئاگاداری پەرلەمان و دوور لە چاودێری
بەڕێوە دەبرێت.
لێرەدا بە کورتی بەشێک لە کێشەکانی بواری نەوت دەخەیەنە ڕوو..
١. بەشێکی زۆر لە ماددەکانی یاسای نەوت و گاز جێبەجێنەکراون بە تایبەت
ئەو مادانەی کە پەیوەندیان ھەیە بە دامەزراندنی کۆمپانیای کوردستان بۆ
دۆزینەوەو بەرھەمھێنانی نەوت، کۆمپانیای کوردستانی نیشتمانی نەوت،
کۆمپانیای کوردستان بۆ بە بازاڕکردنی نەوت، کۆمپانیای کوردستان بۆ
پاڵاوتن و پاشکۆکانی، سندوقی کوردستان بۆ داھاتە نەوتیەکان، ئەو
مادانەی پەیوەنیدان بە وەرگرتنی باجەوە ھەیە لە کۆمپانیاکان، سندوقی
ژینگە، ھەروەھا مادەکانی ٥٨،٥٧ چەندین بڕگەو ماددەی دیکە.
٢. لە کاتێکدا حکومەتی ھەرێم گرێبەستی بەشداری بەرھەمی کردووە لە گەڵ
کۆمپانیاکانی نەوتی، بەڵام بەشێک لەو کێڵگانە پێشتر قۆناکانی کەشف و
بیرلێدان و پەرپێدانیان تەواو بووەو ئامادەی بەرھەمھێنان بوون، کەواتە
لەم جۆرە کێڵگانەدا چ پێویست دەکات گرێبەستی جۆری بەشداری بەرھەم
ئەنجام بدرێت لە کاتێکدا ھیچ ڕیسکێک نەبووە؟ بۆ تەنھا جۆرێک لە گرێبەست
لە ھەرێمدا ئەنجام بدرێت لە کاتێکدا جۆری باشتر ھەیە؟
٣. کۆمیتەکانی ھەماھەنگی و بەڕێوەبردنی نێوان وەزارەتی سامانە
سروشتیەکان و کۆمپانیاکان کە پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی نەوت و غاز لە
ئەستۆ دەگرن بە جۆرێک دانراون ھەست دەکرێت مۆرکی حزبیان لە سەرە و لە
ئاستی ئەرکەکانیاندا نین.
٤. نازانرێت بڕی بەرھەمھێنانی ڕاستەقیەنەی نەوت لە کێڵگەکاندا چەندە؟
بەرھەمەکانی دیکەی وەکو (LPG) بەرھەم دێت، نازانرێت بڕەکەی چەندە؟ بە چ
نرخێک و بەکێ دەفرۆشرێن؟ ھەروەک پرۆسەی گواستنەوەو فرۆشتنی نەوت و
میکانیزم و شێوازی بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی ئەو بوارە ڕۆشن نیە.
٥. ڕۆژانە سەدان تەنکەر نەوت ڕەوانەی پاڵاوگە گەورە و بچوکەکانی ناوخۆی
ھەرێم و لە ڕێگەی خاڵە سنوریەکانی ئێرانەوە ڕەوانەی دەرەوە دەکرێن، لە
بەرامبەردا داھاتی نەوت و ئەوەی ھاتوەتە پەرلەمان زۆر لەوە کەمترە کە
چاوەڕێ دەکرێت و لە زاری بەرپرسانی بوارەکەوە بیستراوە و زانراوە.
٦. لە کاتێکدا بە پێی بریاڕی سەرۆکی ئەنجومەنی ھەرێمی دەبوو کۆی ئەو
داھاتانەی نەوت کە لە بانکەکانی دەرەوە دانراون بھێنرێنەوە بانکەکانی
ناوخۆی ھەرێم، تا ئێستا ئەمە نەکراوە، چەندین حسابی بانکی کراونەتەوە
لە بانەکەکانی کوردستاندا، بەڵام لە تازەترین سەردانماندا بۆلای بەڕێز
وەزیری دارایی باسی ئەوەی کرد وەکو پێویست ئاگای لە داھاتی نەوت و بڕی
دانراو نیە لەو حسابانەدا.
٧. پرۆسەی نەوت نەبووەتە ھۆی چارەسەری کێشەی کەمی و گرانی سوتەمەنی لە
ناوخۆدا، ھەروەک ڕۆڵێکی نەبووە لە ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان، لە
بەرامبەردا ژینگە و ڕێگا و بانەکان و زەویە کشتیوەکاڵیەکان ڕوبەڕوی
تێکدان بونەتەوە.
٨. دەیان پاڵاوگەی نەوتی لە ھەرێمدا دامەزراون، نازانرێت لە لایەن کێوە
مۆڵەتیان پێ دراوە و بە پێی چ یاسایەک؟ بەرھەمەکانیان چین؟ کوالێتیان
چۆنە؟ لە کوێدا دەفروشرێن و بە چ نرخێک؟ چ کاریگەریەکیان ھەبووە بە
ئاڕاستەی چارەسەری کێشەی سوتمەنی لە ناوخۆدا؟ کاریگەری پاشماوە و
دوکەڵیان لە سەر ژینگە چیە؟ نازانرێت کێن ئەوانەی کاریان تێدا دەکەن؟
چەندە سەلامەتی کرێکارەکانیان پارێزراوە؟ لە کاتێکدا ئەمانە نەوتی خاو
لە کێڵگەکانی ھەرێم وەر دەگرن.
٩. لە چەندین شوێنی گوماناویدا خەزنی نەوتی دروستکراون و پرۆسەی پڕکردن
و بەتاڵکردنی نەوت ئەنجام دەدرێ، ڕۆژانە سەدان تەنکەر نەوت ھاتوچۆی ئەو
شوێنانە دەکەن نازانرێت یاساو ڕێساکانی مامەڵەو پەیوەندی لەو شوێنانەدا
چین و کامانەن؟
١٠. دەکرا وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ھانی وەبەرھێنەرانی ناوخۆ بدات
بۆ ئەوەی پاڵاوگەی نەوتی پێشکەوت و دابمەزرێنن، بێگومان بەمەش دەتوانرا
لانی کەم کێشەی سوتەمنی ناوخۆ چارەسەر بکرێت، ئەو پارەیەی کە بۆ کڕینی
گازوایل خەرج دەکرێت لە دەرەوەی ھەرێم لە ناوخۆدا دەمایەوە و بڕێکی
زۆریشی بۆ خزێنەی گشتی دەگەڕایەوە، بەڵام کەسانێک داوای مۆڵەتی
دامەزراندنی پاڵاوگەی گەورەو پێشکەوتویان کردووە، لایەنی پەیوەندیدار
ھاوکاری نەکردوون و رێگەی پێ نەداون.
١١. ھەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی ھاوڵاتیان بۆ پرۆسەکانی نەوت کاریان
تێدا دەکرێت، ئەمانە یان قەرەبوو نەکراونەتەوە یان ئەو قەرەبوویان
وەرنەگرتوە لە ئاستی پێویستدا نیە.
١٢. بە پێی یاسای نەوت و غاز پێویستە لە پرۆسەکانی نەوتدا ئەولەویەتی
کارکردن بۆ ھاوڵاتیانی کوردستان بێت بە تایبەتە ئەو شوێنانەی کە پرۆسەی
نەوتیان تێدا ئەنجام دەدرێ، بەڵام ئەوەی دەبینرێت پرۆسەی نەوت
نەیتوانیەوە وەکو پێویست دەرفەتی کار بۆ ئەو ھاوڵاتیانە بڕخسێنێت.
١٣. یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٧ یاسای وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، وەکو
پێویست جێ بەجێ نەکراوە، بۆ نمونە بەڕیوەبەراتی گشتی کاروباری ئابوری و
گرێبەستەکان ھێشتا دروست نەبووە و ئەو وەزارەتە لە سەرتای دروستبونیەوە
ھیچ کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری وەزارەتی ئەنجام نەداوە، زۆرینەی
ئیش و کاری وەزارەتەکە لە لایەن چەند کەسێکی دیاری کراوەوە بەڕێوە
دەبرێن و زۆربەی بەرێوەبەرە گشتیەکان دەسەڵاتیان پێ نەدراوە و وەکو
پێویست ئاگاداری کاروباری ڕۆژانەی وەزارەت نین.
١٤. ھیچ چاودێریەک لە سەر ژمارە و جۆرو چۆنیەتی و نرخی ئەو ئامێرو
کەلوپەلانە نیە کە لە لایەن کۆمپانیاکانی بواری نەوتەوە دەھێنرێنە
ھەرێم بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکانی نەوتی، بە جۆرێک وەزارەتی سامانە
سروشتیەکان ئامارێکی لەو بارەوە لا نیە، لە کاتێکدا لە ماوەی
بەرھەمھێنانی نەوتدا پارەی ئەو ئامێرو کەلوپەلانە لە داھاتی نەوتی
ھەرێم دەدرێتەوە بە کۆمپانیاکان.
١٥. بە پێی یاسای نەوت و گاز پێویستە پێدانی مۆڵەتی کارکردن بە
کۆمپانیاکانی بواری نەوتی لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە بە
ڕاگەیاندنی گشتی و ئاشکرا ئەنجام بدرێت لە ڕێگەی کەناڵەکانی
ڕاگەیاندنەوە بۆ ئەوەی زۆرترین کۆمپانیا بەشداربن و کێبەرکێ ھەبێت،
بەڵام لە گرێبەستەکانی ھەرێمدا ئەمە نەبینراوەو نەبیستراوە.
لە سەر ئەو کێشانەی سەرەوە و زۆری دیکە لە ڕابردودا چ لە ڕێگەی
یاداشتەوە یا پرسیاری ئەندامانی پەرلەمانەوە یان لە ڕێگەی نوسراوی
لیژنەی پیشەسازی و وزەو سەرچاوە سروشتیەکانەوە داوای زانیاری لە
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کراوە،بەڵام لایەنی پەیوەندیدار وەڵامی
نوسراو پرسیار و یاداشتەکان نەداوەتەوە یان وەڵامەکان جێگەی باوەڕ
نەبوون، بۆیە داواکارین ھەرچی زووە ئەم ڕێکاری و ھەنگاوانە بگیرێتە
بەر:
١. ئەنجومەنی ھەرێمی پلانی ستراتیجی خۆی لە بارەی نەوت و غازەوە
ڕەوانەی پەرلەمان بکات، سودە ئابوری و سیاسیەکانی گرێبەستە نەوتیەکان
ڕون بکاتەوە.
٢. کۆی ئەو مادانەی کە پەیوەندیان بە دروستکردنی دامەزراوەکانی نەوتەوە
ھەیە جێبەجی بکرێن، لەو بارەوە ئەو پرۆژە یاسایانەی بۆ ئەو مەبەسەتە
پێویستن لە ڕێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێن.
٣. ھەرچی زووە پرۆژەی یاسای سندوقی داھاتە نەوتیەکان و پرۆژە یاسایی
وەرگرتنی باج لە کۆمپانیامانی نەوت ڕەوانەی پەرلەمان بکرێن بە مەبەستی
گفتوگۆو پەسەندکردنی.
٤. یاسای بەرنگاربونەوەی قاچاخچێتی بە نەوت و بەرھەمەکانی، ژمارە ٤١ی
ساڵی ٢٠٠٨ و یاسای وەبەرھێنانی تایبەت لە بواری پاڵاوتنی نەوت، ژمارە
٦٤ ساڵی ٢٠٠٧ی کە پەرلەمانی عێراق پەسەندی کردوون لە پەرلەمانی
کوردستان ئینفاز بکرێن.
٥. کۆی ئەو داھاتانەی کە لە ڕابردودا لە کۆمپانیاکانی نەوتی وەرگیراون
بەو شێوەیەی کە لە بڕگی ٣٠ مادەی (١) یاسای نەوت و گازدا ھاتووە،
ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت، ھەروەھا ئەو پرۆژانەی لە سەر داھاتی نەوت
ئەنجام دراون و ناونیشانی تەواویان ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.
٦. مانگانە ڕاپۆت و زانیاری تەواو لە سەر بڕی نەوتی بەرھەم ھاتوو
ڕەوانەی لیژنەی پەیوەندیدار بکرێت ، ھەروەھا بڕی ئەو نەوتەی بە پاڵاوگە
ناوخۆیەکان دەفرۆشرێت و ئەوی ڕەوانەی عێراق دەکرێت، ئەوەی بۆ سوتەمەنی
وێستگەکانی کارەبا بە کار دەھێنرێت.
٧. زانیاری لە بارەی بڕو بەرھەمەکانی دیکەی نمونەی (CONDENSATE، LPG) و
ھەر بەرھەمێکی دیکە کە لە پرۆسەکانی نەوتی بەدەست دێن و نرخی فرۆشتنی و
بڕی داھاتەکانی.
٨. کۆی ئەو ڕێنمایانەی کە بە پێی یاسای نەوت و گاز لە لایەن وەزارەتی
سامانە سروشتیەکانەوە دەرچووە، لە گەڵ کۆنوسی کۆبونەوکانی ئەنجومەنی
ھەرێمی ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.
٩. لێژنەی پێشەسازی و وزەو سەرچاوە سروشتیەکانی پەرلەمان، دەسەڵاتی
تەواویان پێ بدرێت بە مەبەستی لێکۆڵێنەوە و بەدوداچونی ھەموو ئەو
ھەواڵانەی کە باس لە دیار نەمانی دەیان ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم دەکەن.
١٠. وێنەیەک لە ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی لە سەر کاروباری
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.
نەوت و گاز سامانێکی نیشتیمانیە و پێویستە بە چاودێری و ئاگاداری
تەواوی پەرلەمان بەڕێوە ببرێ، وە بۆ ئەوەی دڵنیایی لە سەر پرۆسەی نەوت
بەدی بێت پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ھاوکاری و ھەماھەنگی
تەواو لە گەڵ پەرلەمان و لیژنەی پەیوەندیدار بکات لە پێدانی زانیاری و
ڕاپۆرتی پێویست، ھەر ئەمەشە دەتوانێت کۆ دەنگی نیشتیمانی لە سەر
شەرعەیەت و دروستی پرۆسەی نەوت بەدی بێنێت و ھەرێمی کوردستان لە
بەرامبەر بەغدا بەھێز بکات.
فراکسیۆنی گۆڕان
١١\٤\٢٠١٢
awarahamed@gorran.org
|