په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٣\٢٠١٢

فره‌ژنیی (مەلهە)ی تایبەتیی ئیسلامە بۆ پیاوانی موسوڵمان!


بەهار نەسرەدین


وشەکانم لێ ونن یان خۆیان ون دەکەن و شەرمەزارن لەوەی کە ئابڕووبه‌ریی نابووتکرنی ژنێک نمایش بکەن کە یەکێکە لە قوربانییه‌کانی یاسا دژه مرۆییه‌کانی ئیسلام کە یاسای فرەژنییه‌، ژنێک کە سەر بە هەوێ مێرد دەکات. ئەم ژنە لە پاش مێردکردنیشی هەر وەکو ئەوەی کە مێردی نەکردبێت بەردەوام لە ماڵی باوکی دەژی و هەموو پێداویستییه‌کانی هەر لەوێ دەبن، ملکەچانە چاوەڕوانی سەری حەفتەکان دەکا بۆ ئەوەی بڕواتەوە بۆ ماڵی مێردەکەی، چونکە هەموو سەری هەفتەیەک سەرەی ئەوە کە لەگەڵی بخەوێت.


ئیسلام و حکومەتی پیاوسالار و مەلاکان بە فەرمانی (اللە) و یاسا بەناو ئاسمانییه‌کان توانیویانە خەڵکی چەواشە بکەن و ئەم بارە نامرۆییانه‌ بەسەر کۆمەڵگاکان و بە تایبەتی کۆمەڵگای کوردیدا بسەپێنن، هه‌روا فره‌ژنیی بە ناوی هاوسەرگیریی لە (زیهن)ی موسوڵماناندا بچەسپێنن و ئاسایی بکەنەوە. دیاردەی فره‌ژنیی لە راستیدا هیچ پەیوەندییه‌کی بە واتا و پێوەرەکانی هاوسه‌رگیرییەوە نییه‌. دیاردەیەکی ئاوەها قێزەون و دزێو نەک تەنها سووکایەتییه‌ بە بوون و بە کەرامەتی مرۆڤی ژن، بەڵکو سووکایه‌تییه‌ بە خودی پیاوانیش کە قه‌بوڵیانە خوشک و کچیان وەکو کۆێلەیەکی سێکسیی چاوی لێ بکرێت و بەکار بهێنرێن بە ناوی هاوسه‌رگیریی.


هاوسه‌رگیریی لە روانگه‌ مرۆییه‌که‌وه‌ پەیوەندییه‌کی سروشتییه‌ لە نێوان ژنێک و پیاوێکدا بە مەبەستی پێکەوە ژیان و پێکهێنانی خێزان. وشەی (زەواج) لە (زەوج)ەوە هاتوە کە بە واتای پێکهاتنی دوو کەس واتە ژن و پیاوێک. پێ زیادبوونی کەسی سێهەم وشەکە واتاکەی خۆی لە دەست دەدات، چونکە ئیتر جووت نییه‌ و بووە بە سێ. هاتنی کەسی سێهەم بۆ ناو ئەو پەیوەندییه‌، ئیتر گرفت و خۆشییه‌کانیش دابەش دەبێت و بەرژەوەند و داهاتووشیان تێک دەچێت واتای (زەواج)ەکە لە ناو دەبات. هەر وەکو لە قورئاندا هاتوە دەبێتە پەیوەندییه‌کی دیکە کە هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی بە بنەماکانی هاوسه‌رگیرییەوە نییە و دەبیتە تەنها پەیوەندییەکی سێکسیی و هیچی تر.


ئیسلام بە دوو شێوەی جیاواز هاوسه‌رگیریی و فره‌ژنیی پێناسە دەکا. بۆ نموونە، لە (ئایەتی ٢١ ی سورەتی الروم) دا دەڵێ:

وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ.


ئەم ئایەتە باس لە پێکەوەژیان و خۆشەویستی و (رەحم) لە نێوان ژن و مێرددا دەکات. بەڵام لە ئایەتی فرەژنییدا ئەم ڕێز و خۆشەویستیانەی نێوان ژن و مێرد نابینرێت و بە شێوەیەکی دیکە باسی دەکا و هیچ واتای خۆشەویستی و پێکەوە ژیانی تێدا نییه‌. تەنها جه‌خت لە سەر هۆکاری سەرەکی پەیوەندییه‌کە دەکات کە ئەویش سێکسە. چونکە تەنها لەبەر سێکسە کە پیاو بە دوای فرەژنییه‌وەیە. ئەمەش بە روونیی لە (ئایەتی ٣ی سورەتی النساء)دا دەردەکەوێ کاتێک (الله) لە قورئان دا بە موسوڵمانان دەڵێت:
وَإِنْ خِفْتُمْ أَلاَّ تُقْسِطُواْ فِي الْيَتَامَى فَانكِحُواْ مَا طَابَ لَكُم مِّنَ النِّسَاء مَثْنَى وَثُلاَثَ وَرُبَاعَ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلاَّ تَعْدِلُواْ فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ ذَلِكَ أَدْنَى أَلاَّ تَعُولُواْ.


ئەگەر ئەم ئایەتە بە بێ جوانکاریی و وەکو خۆی وه‌ربگێڕدرێ بە کوردی، دەبینین کە (الله) لە باری فرەژنییدا وشەی (زەوج) بە کار ناهێنێت، بەڵکو وشەی (نیکاح) بە کار دێنێت و دەڵێت (فانکحوا). (زەواج) و (نیکاح) دوو وشەی زۆر جیاوازن و دوو واتای جیاوازیان هەیە. وشەی (نیکاح) واتە سێکس کردن یان بە زمانی پەتیی کوردی واتە گانکردن. (فانکحوا) واتا بیگێن. کەواتە (الله) بە موسوڵمانان دەڵێ: هەر چەندە ژن و کامەتان پێ خۆشە بگێن، دوو، سێ و چوار.


بەکارهێنانی وشەیەکی سووکی وەک (فانکحوا) کە باسمان کرد واتا سێکسکردن، بۆ ره‌وایی پێدان بە فره‌ژنیی، ناوەرۆکی بێ ره‌وشتیی و دڕنده‌یی دیاردەکە و ئاستی بێ ڕەوشتیی پەیڕەوانی دەخاتەڕوو کە هیچ جێگای سەرسورمان نییه‌، چونکە پەیوەندیی فره‌ژنیی بریتییه‌ لە هەمان وشەی (فانکحوا).


کورد بە هۆی ئەوەی کە زمانی عەرەبی نەزانیوە هیچ کات لە قورئان تێنەگەشتوە و بێ ئاگایانە پەرستویانە و پەیرەویان کردوە. بۆ وەڵامی هەر پرسیارێکی ئایینی رویان لە مەلاکان کردوە. مەلاکان ئەم خاڵەیان قۆستۆتەوە بۆ بەرژەوەند و دەسەڵاتی خۆیان. بەردەوام تا رۆژی ئەمڕۆ بەکاریان هێناوە بۆ شاردنەوەی ناوەڕۆکی نامرۆیی و جوانکردنی رووی ئیسلام. چونکە تێگەشتن لە واتای وشەکان و ئایەتەکانی قورئان وەکو خۆی، دەبێتە هۆی لە ناوچوونی رێز و ترسی خەڵک بەرانبەر بە قورئان و لە دەستدانی دەسەڵاتی سەران و رێبەرانی ئیسلام.


لە (ئایەتی ٣ی سورەتی النساء)دا، (الله) هیچ روونکردنەوەیەکی لە بابەت هۆکار و سوودی یاسای فره‌ژنیی باس نەکردوە. بەڵام موسوڵمانان مەسەلەی فره‌ژنیی بە یەکێک لە (موعجیزە)کانی ئاینی ئیسلام ناودەبەن وەک رێگا چارەیەکی لە ناوبردنی یەکێک لە کێشە کۆمەڵایەتییه‌کان پاساو دەکەن کە بریتییه‌ لە کێشەی ژنان و منداڵانی بێ سەرپه‌رشت. بانگه‌شه‌ی ئەوە دەکەن کە گوایە پیاوان ژنانی بێ مێرد دەهێنن و ئاگایان لێ دەبن و خەرجی خۆیان و منداڵیان دەکێشن. ئەم بانگه‌شه‌یه‌ زۆر دوورە لە راستییه‌وە، کار و کرداری ئەوانەی کە سوودمەندن لەم یاسایە پێچەوانەکەی دەسەڵمێنن. هەر وەکو (الله) ئاماژەی پێ کردوە کە سێکس ئەساسی پەیوەندیی فره‌ژنییە. ژنانی بە تەمەن و خاوەن منداڵ گرفتاری کۆمەڵێک کێشەن کە بەهۆی ئەم کێشانەوە پێیان ناکرێت هەمیشە لە خزمەتی فرمانه‌کانی پیاو دا بن. ناتوانن بە شێوەیەکی پێویست حەزەکانی پیاوان پڕبکەنەوە. پیاوانی خۆپەرست کە لە پێناو بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان و نوێکردنەوەی ژیانی سێکسییان دا، نەک هەر حەوسەڵە و خەمی منداڵی خەڵکیان نییه‌ بەڵکو ژن و منداڵی خۆشیان پشتگوێ دەخەن و بە دوای حەزەکانی خۆیان دەکەون. پیاوانی دەوڵەمه‌ند و کاربەدەست کە بە زەبری پارە سوودمەند دەبن لە یاسای فره‌ژنیی و بە زەبری پارە دەتوانن سێ تا چوار ژن بێنن، کاتێک بریاری هێنانی ژنی دیکە دەدەن بێ گومان کچانی گەنج و جوان دەهێنن کە حەز و نیازە سێکسییه‌کانیان پڕبکاتەوە، نەک ژنانێک کە کێشە و سەرئێشەی زیاتریان بۆ دروست بکات.


پێناسەکردنی ژنان بە کێڵگەی پیاوان، دروستبوونی ژن لە پەراسووی پیاو، ناوهێنان و دانانیان لە ریزی ئاژەڵ و مەڕوماڵات لە قورئاندا، هۆکاری لە گۆرنانی ویژدانی پیاوانە و برواهێنانی ئەوان بە ئەوەیکە رەگەزی ژن تەنها ئامێرێکی سێکسیی بێ هەست و کەرامەتە بۆ رابواردن و خۆشی ئەوانە. ئەمە وای کردوە کە پیاوان بە بێ هیچ بەزەییەک و بە کەڵک وەرگرتن هەم لە یاسای فره‌ژنیی و هەم لە تەڵاق کە ئەویش بەدەستی ئەوانە، دەتوانن هەمیشە چوار ژنیان هەبێت و بەردەوام ژنی دیکەش بهێننەوە. ئەمە لە بارێکدایه‌ کە موسوڵمانان دەڵێن، ئیسلام تەنها ئایینێکە کە کەرامەتی ژن دەپارێزێ و کۆمەڵگا دوور دەخاتەوە لە کاری (فەحشا) و بێ ره‌وشتیی. بێگومان مەبەستیان لە کاری (فەحشا) و بێ ره‌وشتیی تەنها خۆشەویستی و پەیوەندیی دڵخوازی نیوان ژن و پیاوە بە بێ (فانکحوا). یاسایەکی وەکو یاسای فره‌ژنیی کە لە قورئاندا هاتوە و حەڵالە، لە خۆیدا هەم هۆکاری بێ سنوورکردنی حەزە چڵێسیەکانی پیاوانی هەوەسبازە و هەم زاڵبوونی (شەهوەت)ە بە سەر هۆش و بیر و ویژدانیاندا.


یاسا ئاسمانییەکان بە پێی رووداوەکان و پێویستیەکانی سەردەمی خۆی داڕێژراوە. ئیسلام هیچ بەرنامەیەکی نەبووە بۆ چارەسەرکردن و لەناوبردنی کێشە و دیارەدە نامرۆییه‌کانی ناو کۆمەڵگا و هیچ بایەخێکی پێ نەداون. کێشەکانیی منداڵ بە شوودان، کۆیلە و بەکارهێنانی ژنانی کۆیلە بۆ سێکس، ئاڵوگۆرکردنی ژنان و فره‌ژنیی و... هتد، نەک چارەسەری نەکردون، بەڵکو بە زیادیشەوە وەک ئامرازێک لە پێناو بەرژەوەند و ئامانجی سەرەکی ئیسلام کە داگیرکردن و تاڵانکردنی وڵاتان بووە، بەکاری هێناونەتەوە. بایەخی سەرەکیی و گەورەی ئیسلام دراوە بە شەڕ و پیاوانی شەڕکەر. بە پێچەوانەوەی بانگه‌شه‌ی موسوڵمانان، ئیسلام ژنان و کچانی منداڵی وەکو دەستکەوت و پاداشت بۆ پیاوانی شەڕکەری موسوڵمان داناوە. هەموو ئەو تاوانە بەڕبەڕییانەی کە لە لەو سەردەمەدا دژ بە کچان و ژنان دەکرا، حەڵاڵی کرد و بوو بە شەریعەتی ئیسلام و سەپێندرا بەسەر کۆمەڵگادا.


حەڵاڵکردنی ئەو دیاردانە لە لایەن ئیسلامەوە هیچ لە نامرۆییبوونیان ناگۆڕێت و نەفس نزمیی پەیرەوانی ناشارێتەوە و هیچ لە گەورەیی تاوانەکان کەم ناکاتەوە. بۆ نموونە، بە کار و کردەوە چی جیاوازییەک هەیە لە نێوان فره‌ژنیی و خەوتنی پیاوێکی دیکەی ناموسوڵمان لەگەڵ چوار ژنی جۆراوجۆر لە دەرەوەی هاوسه‌رگیریی بەرانبەر بە پارە لە خانەی لەشفرۆشییدا؟ بێگومان وەکو کردەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نییه‌. لە هەردوو باردا مەبەستی سەرەکی لە چوونی پیاو بۆ لای ئەو هەموو ژنە تەنها بۆ پرکردنەوەی حەزە و خەوتنە لەگەڵیان. بە هیچ شێوەیەک واتای خۆشەویستی و (رەحم) و پێکەوەژیانی تێدا نییه‌ و لە هەردوو باردا قوربانییه‌کان هەر ژنانن کە پیاوان بە زەبری پارە دەیانکڕن بە تایبەتی ژنانی گەنج و جوان. ئەگەر جیاوازییەک هەبێت، ئەوەیە کە پیاوی موسوڵمان بە فرمانی (الله) و پشتبه‌ستن بە شەریعەتی ئیسلام، بە بێ کۆنترۆلی دکتور و بەکارهێنانی هۆیه‌کانیپاراستن لە نەخۆشیی دەچێتە لای ژنەکانی و دەبێتە هۆی هەڵگری میکرۆبی ئەو نەخۆشییانەی کە ژنەکانی جاروبار تووشی دەبن و دەیگوازێتەوە بۆ ئەوانیتر.


ئەگەر کۆمەڵگا خەوتنی پیاوێک لە گەڵ زیاتر لە یەک ژنی قه‌بوڵ نییه‌ و نەفرەت لە پیاوانێک دەکەن کە لەگەڵ ژنانی زۆر دا دەبن، کاری لەم جۆرەیان پێ (فەحشا)یە و مەحکومی دەکەن، دەبێ بە هەمان شێوە گۆرینی ژنان و خەوتنی پیاوێکی موسوڵمان لەگەڵ چوار ژن بە ناوی فرەژنییه‌وە، کە لە خۆیدا (مەلهەیەکی تایبەتیی ئیسلامە بۆ پیاوانی موسوڵمان) بە (فەحشا) بزانێت و مەحکومی بکات. چونکە خەوتنی پیاوێک لەگەڵ چوار ژن چی بە حەڵاڵی یان بە حەرامی بێت، هەمان کارە و هەمان کاریگەریی هەیە لەسەر خەڵک و کۆمەڵگا. فره‌ژنیی هۆکاری دابەزاندنی ڕەوشتی خەڵک، تێکدانی شیرازەی پرانسیپ و ره‌وشتی کۆمەڵایەتی، سەرلێشێوااندنی منداڵان و سووکایەتی و بە کۆیلەکردنی زیاتری ژنانە.


مەرجدارکردنی فره‌ژنیی لە کوردستاندا هیچ ڕێگرێک لە ژنهێنانه‌وه‌ی دووهه‌م و سێهه‌می پیاو ناکات و ناتوانێ کۆنترۆڵی ئەو دیاردەیە بکات. چونکە مەرجدارکردنی یاساکە قەدەغەکردنی دیاردەکە نییه‌، بەڵکو لە باری قانونییه‌وە ئەنجامدەرانی هیچ سزایەکیان بۆ دیاری نەکراوە. ئیتر پیاوان دەتوانن بە ئاسانیی و بە پشتوانیی خودی یاسای فره‌ژنیی، بچن بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق و لەوێ ژن مارە بکەن. لە لایەکی دیکەوە مەرجی رەزامەندیی ژنی یەکه‌م یان ژنانی پێشوو مایەی گاڵتەجارییە. چونکە ئەگەر ژن ئازاد بێت و خاوەنی خۆی بێت لە هیچ بارێکدا و بە هیچ شێوەیەک پێی خۆش نییە و قه‌بوڵی ناکات هاوسەرەکەی خۆشەویستی لەگەڵ ژنێکی دیکەدا بکات. ژن هەرچی لەدەستی بێ و تابتوانێ ڕێگا نادات شەریکێکی دیکەی بۆ پەیدا بێت. هەروەها ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا نامۆ و سەرگەردان و بێ وڵاتن. هەمو مافێکیان لێ سەندراوەتەوە و هیچ دەسەڵاتێکیان نییه‌. تەنانەت خاوەنی لەشی خۆشیان نین و ناتوانن بریاری لەسەر بدەن. کاتێک پیاو بریاری ژن هێناوە دەدات، بە ئاسانیی دەتوانێ رەزامەندیی ژنی یەکەم یان ژنانی پێشوو بەدەست بێنی. چونکە پێشوەخت دەزانێ کە خێزان و کۆمەڵگا و یاسا دوژمن و جەلادی ئەوانن و دڵنیایە لەوەی کە هیچ شوێنێک نییە رووی لێ بکەن و هیچ لایەن و یاسایه‌ک نییه‌ به‌رگرییان لێ بکات یان بیانپارێزێت.


نووسەری بەناو بانگی میسر (دکتۆر تەها حوسێن) لە وتەیەکیدا دەڵێ: قورئان باشترین ئاوێنەیە کە ژیانی به‌ربه‌ریی و جاهیلیی دەنوێنێت. ئەگەر قورئان ژیانی ودڕندانه‌ی ١٤٠٠ ساڵەی پێش ئێستا و نامرۆیی کۆمەڵگایەک پەرش دەکاتەوە کە شوێن و جێگای سەرهەڵدان و دروستبوونی دینی ئیسلامە، لە دونیای ئەمڕۆدا کۆمەڵگای کورد لە سایەی حکومەتی کوردی و شەریعەتی ئیسلام دا، بە سووکایەتی و لێدان و کوشتاری ژنان، خەتەنەی کچان، خەوتنی پیاوان لەگەڵ چوار ژن لە خانەی سێکسیی تایبەتی ئیسلامیدا بە ناوی فرەژنییه‌وە، بووە بە ئاوێنەیەک و ژیانی دڕنده‌یی و ناشارستانیی ئەم سەردەمە ده‌نوێنێت بۆ جیهان. شەرمەزارییه‌ میللەتی کورد بە ژنکوژ بناسرێت و کۆمەڵگای کوردی نموونەی ژیانی به‌ربه‌ریی بێت لەم سەردەمەدا. ئیسلام گەورەترین کارەساتێکە کە تووشی میللەتان هاتوە و شەریعەتی ئیسلام دڕندەترین یاسایە دژ بە مرۆڤایەتی. پەیڕەوکردن لە شەریعەتی ئیسلام گەورەترین تاوانە دژ بە میللەتی کورد و کولتووری کوردەواری.


مەرجدارکردنی یاسای فره‌ژنیی لە لایەن حکومەتی کوردستانەوە، لە خۆیدا دانپێدانانە بە نامرۆیی و ناعەدالەتی و ناتەندروستیی دیاردەکە. بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەم ناعەدالەتییە دەبێ یاسای فره‌ژنیی لە بنەڕەتەوە هەڵبوەشێتەوە و هەمو رێگایەک لە هەوەسپەرستانی نەفس نزم و پەرەپێدەرانی بەڕبەڕییەت بگیرێ. چیتر رێگا نەدرێت بە شەریعەتی ئیسلام و یاسای فره‌ژنیی میللەتی کورد چەواشە بکرێن و سووکایەتی و بێ کەرامەتی قه‌بوڵ بکەن و رێگا بدەن کە ژنان بە سێ و چوار لە تەلارەکاندا (مەلهە)ی تایبەتی ئیسلامی بۆ پیاوانی موسوڵمان پێک بێنن.
 

٢٨\٣\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی به‌هار نه‌سره‌دین

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک